شنبه، 8 اردیبهشت 1403
روژان پرس » اسلایدر » هەمزاغای حەمیدی

زەریایەک لە تاسەو حەز و کاو بۆ نیشتمان؛

هەمزاغای حەمیدی

0
کد خبر: 950

هەمزاغای حەمیدی

ناوچەی بۆکان مەڵبەندێکی ڕەنگامەیە لە موکوریان کە بۆلای ڕۆژهەڵات لەگەڵ ناوچەی فەیزوڵڵابەگی و هەوشار، بۆلای باشوور و ڕۆژاوا لەگەڵ گەورکایەتی سەرا نسۆیەتی و دووچۆمی بە خوڕی تەتەهۆ«سیمینە ڕوود»و جەغە توو«زەڕینە ڕوود» وەک دوو برای خاس ناوچەی بەرینی بۆکانیان ئاوەدان کردۆتەوە، بۆکان لە دەوروزەمان زۆر ڕووداوی بە خۆیەوە دیوە هەڵگری گوتاری تایبەتە.
زەریایەک لە تاسەو حەز و کاو بۆ نیشتمان
ناوچەی بۆکان مەڵبەندێکی ڕەنگامەیە لە موکوریان کە بۆلای ڕۆژهەڵات لەگەڵ ناوچەی فەیزوڵڵابەگی و هەوشار، بۆلای باشوور و ڕۆژاوا لەگەڵ گەورکایەتی سەرا نسۆیەتی و دووچۆمی بە خوڕی تەتەهۆ«سیمینە ڕوود»و جەغە توو«زەڕینە ڕوود» وەک دوو برای خاس ناوچەی بەرینی بۆکانیان ئاوەدان کردۆتەوە، بۆکان لە دەوروزەمان زۆر ڕووداوی بە خۆیەوە دیوە هەڵگری گوتاری تایبەتە. زۆر هاتوون  و چوون ،زۆر میوان و لێقەوماو ڕوویان تێکردووە. بەڵام ئاسمانی ساوو بێ خەوشی ئەو ناوچەیە قەت ڕووگرژ و نێوچاوان تاڵ نەبووە. ئەو کاتەی کە شۆڕشی جووتیارانی ناوچەی چۆمی مەجیدخان و فەیزوڵڵابەگی دوای ڕووخانی دەسەڵاتی دوکتۆر موسەددیق، هەزاران جووت بەندە و ڕەشایی لە ماڵ و حاڵ تەرە دەکرێن و بە زستانی تووش لێقەوماو دەبن لە ئامێزی ئەو مەڵبەندە دەگیرسێنەوە، هەتا وڵات هێور دەبێتەوە و لە قاتوقڕی 1327ی هەتاوی لە ئازەربایجان ڕا بە هەزاران مرۆڤی تورک لە ئازەربایجان ڕوودەکەنە ئەو ناوچەیە و باوەشیان بۆ دەکرێتەوە و لە مردن ڕزگار دەکرێن. مێژوو بێ لایەنە شایەد تورکەکان وەسەر خۆیان نەهێنن!
لەو مەڵبەندە گەورە پیاوانی زانا و نیشتمانپەروەر زۆر هەڵکەوتوون. یەک لەو گەورە پیاوانە هەمزاغای حەمیدییە کە لەو وتارە دا باسی دەکەین.
هەرچەن بەرەو پیری دەڕۆم، بەڵام هەروا بزۆز و لە هاتوچۆدام. نامەوێ بە خەیاڵ بەرەو ڕابردوو بگەڕێمەوە. هەرچەن لەگەڵ تێپەڕبوونی زەمان شتەکان گۆڕاون و ئاڵوگۆڕ بە سەر شار و ئاوەدانیان دا هاتووە، بەڵام چۆنیەتی ئاوەدانییەک، تەنانەت کانییەکی پڕ ئاو، مەزرایەکی ئاوەدان و هەڵسوکەوتی مرۆڤەکان، لە دونیای پڕ لە زرمە و هەرای ئەو ڕۆدا ڕادەچڵەکێنێ و لەگەڵی دەکەوێتە ڕاوێژوقسە. پێتان چۆنە بە شەقامی شار دا پیاسەیەک بکەین، پێکەوە لە دەلاقەی زەمانەوە نا! نا! زۆر دوور نەڕۆین، سەراسۆیەکی ڕابردوویەکی نە زۆر دوور بدەین ئێرە بۆکانە!
حەوزەکەی بۆکان قووڵ و بێبنە
دووماسی تێدا خاڵ لە گردنە.
جیا لەوە کە چۆمی بە خوڕی«تەتەهوو»لە بن پێی شاردا هەر هاژەی دەهات و بۆ دوور دەیڕوانی، کە هەتاکوو ناوچەی چۆمی مەجیدخان و ئەولاتر سەدان ئاوایی گەورە و بچووک لە ئامێزی دا دەحەسانەوە؛ ئاوە دانیی شاریشی پێوە دیار بوو. داوێنی شار بە قۆپی و دارستان تەندرابوو. حەوزە گەورەی بۆکان وەک نەقیمێک لە نێوەڕاستی شار؛ شەقەی جۆگەی پڕ ئاوی شاری لە ئامێز دەگرت و لەولاشەوە هاڕەی ئاوی ئاشی خانم و سەوزیخانەی باغی میراوا. ژیان بەردەوامە بەرەو تۆنێلی دووری مێژوو نابینەوە. بە شەقامی شاردا وەڕێدەکەوین. لە دەواخانەی میرزا ئەحمەدی وەیسی دەوا فرۆش کە دیلمانج و هاوکاری دوکتۆر فەریدڕیشی ئوتریشی بوو، ئیستێک دەکەین و هەستێک ڕادەگرین، هەتاکوو دەگەینە قەپانی قاسم ئاغا. کڕیار و فرۆشیار بارە گەنم و جۆ و دانەوێڵە بە قەپانی گەورە دەکێشرێن. لە قاوەخانەکەی قەپان، تەتەر و کرێبارچی، کڕیار و فرۆشیار بە دەم خواردنی بەر چایی لە هەمووشتێک دەدوێن. بە شەقامدا باوی هەنگاوەکانمان خۆش دەکەین، دەگەینە شوێنی تەبابەتی«دوکتور شێخی و هەمزاغای حەمیدی» لە سەرووی دووکانەکانی«حاجی ڕەشیدی وسوو». هەتاوی سەخی شۆڕاوگەی خستۆتە سەر شار. بە دیتنی تابڵۆکەیان دەهارووژێم. ئەوە هەمزاغایە! زۆر حەکایەتی تاڵ و مزری لە سینە‌دایە، کە گوێگرتن لە هەر کامەیان بۆن و بەرامەی ئەو نەتەوەیە کە فەداکاری، دڵسۆزی، شکان و هەستانەوەی پێوە دیارە.
پاییزی ١٣٦٧ی هەتاوی، بۆکان: ماڵی حاجی سەی ئەنوەری هاشمی زەنبیل: لە ڕاس بۆ چەپ
1- مەلا نەجمەی کەریمی جەوان ٢-مستەفا ئیلخانی زادە ٣-مامۆستا حەقیقی ٤- هەمزاغای حەمیدی ٥-مامۆستا هەژار
٦- حاجی سەید ئەنوەر هاشمی ٧- سەید ئەمیر ٨- ئیلخانی‌زادە ٩- محەممەد ڕۆستەم زادە 10- حاجی محەممەد ڕوستەمی 11- سەعید نەجاڕی
با بێین ئاوڕێک لە کەسایەتی و ئاوڕێک لە جوانیەکان بدەینەوە، کە بەشێکن لە وەبیرهێنانەوەی نەتەوەیی کە شاڵاوی فەرامووشی، ژەنگ و تۆزی بێ موبالاتی ژیان و سەربردە و ڕابوردوومان دانەپۆشی. فەرامۆشی ژیان و ڕابردووی کەسایەتیەکان هەڕەشەیە لە سەر ژیان و ڕابردووی نەتەوەکەمان. لە ڕەهەندی زەمان دا کەسانێک هەن کە چۆنیەتی بیر کردنەوە و هەڵوێست بە کردار و زانایی، سنوورێک بۆ وان دەکا کە لە هەناوی مێژوو جوغڕافیای نەتەوەیی ئەستەمە لە یاد بچێ؛ ئەوەیە ڕازی مانەوە.
ڕابێعە خانم ئیسماعیل‌سورخ، هاوژینی هەمزاغا کە تاڵی ژاری ڕەنج و نەهامەتیەکانی بە گیان کڕی لە پێناو نیشتمان.
هیچ گۆشەیەکی ژیانی هەمزاغا نەبوە کە فیداکاری ڕابێعە خانمی تێدا بەدی نەکەی
لە تروپکی بێهیوایی نەتەوەکەیان ڕۆچنەیەک بوون بۆ هیوا و سەربەستی. چاو نەترسی لە دونیای پڕ لە ژانی گەلەکەی خۆشەویستی و متمانەی خەڵکی کردبوو بە دروشمی «پشتکردن لە ژیان بۆ سەروەریی نیشتمان، جگەرگۆشەکەی بە چاوی ئاواڵە» ئەنجامی ئەو وەفادارییە بوو بۆ خاک و ئاو.
هەمزاغا لە بنەماڵەیەکی دەوڵەمەندی بەڕە‌چەڵەک ئاغا و کوڕی سڵەماناغای حەمیدی بوو. لە ساڵی 1301 هەتاوی لە دێی تازە‌قەڵای ناوچەی بۆکان لە دایک دەبێ. 6برا و خوشکێکی بوو. بەڵام وەک مرۆڤێکی نەجیب لە ژیانیدا پێوەری ئاغایەتی ناکاتە ئامانج. ژیانی هێندە ئارام بوو، بڕوات نەدەکرد هەوراز و نشیوەکانی ژیان ئارامیی ژیانی تێکدابێ. هەمزاغا وەک حەقیقەتێک وەک تەوژمێک لە ئەمەکداریی بەردەوام بۆ نیشتمان و خزمەت بە خەڵک گەیشتۆتە ئاستی سەرپڕی و لێواولێوی. ئەزمونێکی گەورە لە خەبات و وێژمانی خاک و نیشتمان. وەک دۆست و هاوڕێی نزیکی مامۆستا هەژار لە سەردەمی کۆماری کوردستان لە بۆکان بەچەمکێکی جوانی ناسانە خاوەنی دەنگێکی بە سۆز و خۆش کە کاتی خۆی چەند گۆرانی (لێمۆ هه‌ی لێمۆ، سەوزە و...) لە ئیزگەی کرماشان لە ساڵەکانی 1339-1340 هەتاوی لێتۆمار کراوە هەتاکوو ژیانی پزیشکی نزیک بە سی ساڵ (لە نەخۆشخانەی بۆکان) و کار کردنی لەگەڵ دوکتۆر فرید ڕیشی ئوتریشی لە ساڵەکانی 1330 بەولاوە و دوکتۆر یارمحەممەدی (دوکتۆرە شێتە) لە ساڵەکانی 1340 بەولاوە و دوکتۆر شێخی (کوڕی مامۆستا مەلا شێخ حەسەن) ئەزموونێکی گەورە لە زانستی پزیشکی کەسایەتیەکی وەهای لێ دەخوڵقێنێ کە بە لای خەڵکەوە پێیان وابوو وەکوو پەنجەی دەستی عیسای مەسیح مردوو زیندوو دەکاتەوە وەک گەنمی بەهاروو وابوو کە نانی لێدەهات.
١٣٤٠ی هەتاوی: هەمزاغای حەمیدی لە گەڵ دوکتور یارمحەممەدی، لە وەتاغی عەمەل
دڵاوایی هەڵسووکەوت لەگەڵ خەڵکی فەقیر و بێنه‌وا. بزوێنی خۆشی ژیانی ئەو بوو. مرۆڤێکی لەبەر دڵان و تەڕ پووش کە بۆ هەموو چین‎وتوێژەکانی کۆمەڵگا جێی متمانە بوو. شارێک جوان و ڕازاوەیە کە مرۆڤێکی جوان و باشی تێدابێ. بۆکان شارێکی چەق بەستوو لەسەر بیر و فەرهەنگی بەرتەسکی عەشایری نەبوو. شارێکی کراوە بە ئەدەب و جوانی و هونەر و دەنگی خۆش بوو کە خەڵک ئازایەتی و برایەتییان بە نان نەدەگۆڕییەوە. کۆمەڵگای شار وەها بەرز بوو کە هەڵگری هیچ ڕووحێکی نزم نەبوو. هەمزاغا کۆڵەکەی قەڵافەتی ئەو شارە بوو کە لە هەناوی‎دا تێکەڵاوێک لە ماریفەت و کەسایەتی و زانیاریی لە کاری خۆی دابوو کە شێوەی بیر کردنەوە و بێژە کردن و داهێنان بە هەڵسوکەوت و بنەماڵەیەکی سەنگین و گران‎ و بەهێز و... شەپۆلێکی سیحراوی لە هەناوی دا ڕەنگی دەداوە. بە تایبەت لە ژیانی هاوبەش لەگەڵ ڕابیعە خانمی ئیسماعیل سورخ خوشکی بابم چاوگەی سروشتی ژیانیان تاموچێژێکی دیکە بە خۆوە دەگرێت کە کاتێک ڕەشەبای خەم لکوپۆپی خۆشی داپڕوزقاندن. چاونمین و دڵ بە خەم بۆ نەمانی ڕۆڵەکەیان، قەت لە ژیان بێواز نەبوون. دڵنیا بۆ چیرۆکی داهاتووی نەتەوەکەیان. ئەگەر سەرنج بدەینە ژیانی هەمزاغای حەمیدی بە دوو قۆناغ دابەش دەبێ. ژیانی هەڕەتی لاوی، کە پێوەندیی لەگەڵ سروشت و گڕوتینی لاوی و سەرهەڵدانی شنەی ئازادی دوای نەمانی دەسەڵاتی ڕەزاشا و هاتنە گۆڕی گوتاری تایبەت بە کۆماری کوردستان کە بەشداریی چالاکانەی تێدا دەبێ و یەکێک دەبێ هەڵسووڕاوانی دەسەڵاتی کۆماری کوردستان لە ناوچەی بۆکان بە تایبەت لەگەڵ مامۆستا هەژار، قازی کاکە حەمەی قزڵجی، مەلا حەسەن قزڵجی و مەلا عەبدوڵڵای حەسار. وەها ئەو پێوەندیی دۆستایەتییە وەک باوەڕی بەرز هەر بەرز دەمێنێتەوە. تەنانەت مامۆستا هەژار وەها هەمزاغای خۆش ویستووە کە لە چەندین جێی بیرەوەرییەکانی کتێبی (چێشتی مجێور) باسی هەمزاغای ڕەفێقی  کردوە: «ڕۆژانە من و هەمزە بە تفەنگێکی تاپڕی شێخەوە دەچووینە ڕاو. سوێسکە و کۆتر و کەومان ڕاو دەکرد. قزڵجی لە ماڵەوە کتێبی دەخوێندەوە. شەو حاسڵی ڕاومان دەخوارد و گوێمان لە قزڵجی دەگرت. ڕۆژێک لەگەڵ هەمزە لەسەر گردێکەوە بەرازێکمان لە قامیشەڵانێکدا بەدی کرد (چێشتی مجێور لاپەڕەی 104). کاک هەمزەی کۆنە هەواڵم هات گوتی وەرە لە ماڵی من بخەوە. هەمزە گوتی من بەڵێن دەدەم کە سبەینێ بیهێنمەوە لای تۆ و ئەگەر وانەبوو با من ئێعدام کەن (چێشتی مجێور لاپەڕەی 85)».
لۆی شێرپەنجە(غده سرطانی) لە وەتاغی عەمەل دەریان هێناوە. هەمزاغا و دوکتور حەبیب زادە
دوای هەرەس هێنانی کۆماری کوردستان ڕوو لە کوردستانی گەرمێن دەکەن و ئەم شکانە ئازارێکی گەورەیە‍؛ بەڵام بێزار لە ژیان نابن دەستی ناهومێدی بەرنادەنەوە. دوبارە ئۆقرە دەگرن و کەیلی تاسە و ئاواتن. لە ژیانی تاراوگە شان وەبەر کار دەنێن. ژیانێکی بە کوێرەوەری بەڵام پڕ لە شانازی بۆ خۆیان دابین دەکەن. مامۆستا هەژار نازناوی «باجە ڕەحمە»ی ئێرانی بۆ ڕابێعە خانم هەڵدەبژێرێ و بۆ هەمزاغاش «مینە ئێرانی» دیاری دەکا. مەلا عەبدوڵڵای حەسار خێزانی (دادە نازەنین) و منداڵەکانی محەممەد و گەلاوێژیشی لەگەڵ دەبێ کە لە گەڕەکی «سابوونکەران»ی سلێمانی نیشتەجێ دەبن. «باجە ڕەحمە» بە دروستکردنی سەروێنی ژنان و هۆنینەوەی دۆڵاخ و پووزەوانە و گوڵینگی پشتوێنی ژنان و پیاوان و پێچ و ئاغا بانوو و فرۆشتنیان، ژیان سووڕێکی دیکە بە خۆوە دەبینێ. دەستونەخشی «باجە ڕەحمە» نێو و نێوبانگێک پەیدا دەکا. دوو ساڵ و دوو مانگ لە کوردستانی گەرمێن دەمێننەوە.
ساڵەکان تێدەپەڕن و هیوایە کە لە دڵدا هەر بەردەوامە و جێگەی خۆی کردۆتەوە. ئەو کانیاوە لەبن نایە. 
لە تاراوگە بەهۆی کەسایەتی بەرز؛ بە کار و کردەوە دەبنە خاوەنی ئەو بەهایانە کە لەلای جەماوەر زۆر جێی ڕێز دەبن. بەهۆی گۆڕانکارییەکان. کۆمەڵگای کوردستان دوای هەرەس هێنانی کۆمار دەسەڵاتی ناوەندی ئەو تاراندن و زرموکوتەی جارانی نەمابوو. مەیلی خاک و ئاو و نیشتمان وەک هێمایەک لە ڕۆشنایی، دڵیان ڕوون دەکاتەوە. دەگەڕێنەوە بۆ بۆکان.
بیمارستانی شێروخۆرشیدی بۆکان 1326ی هەتاوی، دوکتور فرێدریشی ئوتریشی لە گەڵ میرزا ئەحمەد وەیسی و خەڵکی نەخۆش لە دەور و بەری
بیمارستانی شێروخۆرشیدی بۆکان1345ی هەتاوی، هەمزاغای حەمیدی لە گەڵ فریشتە سپی پۆشەکانی وەتاغی عەمەڵ
گەڕانەوە بۆ بۆکان لە ساڵەکانی 1328ی هەتاوی بە خۆداهاتنەوەیەکە. هونەر هەر وەڕێکەوتن نییە. بەڵکوو ئەزموونەکانی دوای کەوتن، هەستانەوەیە کە قۆناغی دووهەمی ژیانی هەمزاغا پێک دێنێ. وەک مرۆڤێکی مەدەنی بەستێنی ژیانیان هەڵگری گوتارێکی دیکەیە. وەک «فریشتەیەکی سپی پۆش» بە هۆی خوێندەواری و زانایی وەک پسپۆڕی بێهۆشی و دەستیار لە وەتاغی عەمەل لە نەخۆشخانەی شاری بۆکان دەسبەکار دەبێ. زۆر زوو دەبێتە کەسایەتیەکی زۆر شارەزا. بە هەڵسوکەوت لەگەڵ خەڵکی نەخۆش و هەژارو نەدار لە دڵی خەڵکدا زۆرتر پەرەدەستێنێ و ژیانیان زۆر سەقامگیر دەکا و چێژبەخش دەبێ. هەر ئەو دەمانە دوکتۆر فریدڕیشی ئوتریشی کە پزیشک و نەشتەرگەرێکی لێهاتووە و لە نەخۆشخانەی «شیر و خورشید»ی بۆکان نزیک بە دە ساڵ سەرچاوەی زۆر خزمەتی پزیشکی مرۆڤایەتی بوو کە کارەکانی -وەک موعجیزە دەچوو- هەمزاغا زۆر شتی لێ فێردەبێ وەک مرۆڤێکی بە بەهرە ئەو ساڵانە گەورەترین زانست و خزمەتی پزیشکی بەڕێوە دەچێ کە وەک بیرەوەری بە نرخ زۆر شتی لێ وەرگیراوە و با بە ئاسۆی دڵمان بیڕوێنین بە دوو بیرەوەری تۆزی خەم لادەین و بزەی شادی بێنە سەر لێوان. وەک هەمزاغا کوتی: بۆ ساڵەکانی 1330 دەگەڕێتەوە. ڕێگاوبان زۆر خراپ بوو هاتوچۆ بە چاروا و ئەسپ دەکرا، وردە مالیکێکی ناوچەی بۆکان بە نێوی «شێخ ئاغا» خێزانی زۆر بە زەحمەت لە منداڵ دەبۆوە. هەموو ساڵی ئەو ژنە بە دووگیانی کە لە منداڵ نەدەبۆوە بە سواری چاروا دەیانهێنا بۆلای فریدریش، ئەو ژنە چارەڕەشە هەزار جار دەمرد و زیندوو دەبۆوە و دوکتور بە هاوارییەوە دەهات. دوکتور فریدریش زۆری پێ تێکدەچوو. جارێکیان ساڵی تێوەرنەسووڕا و دووبارە ئەو ژنەیان بە دووگیانی هێناوە بۆلای دوکتۆر. دوکتۆر بە شێخ ئاغای کوت: بۆ وا لەو ژنە دەکەی با حامیلە نەبێ! ئاوا ڕۆژێک دەمرێ. شێخ ئاغا کوتی: دوکتۆر ئێمە خوردە مالیکین بۆشکەشی دەبەر بگرین هەر حامیلە دەبێ! دوکتۆر فریدریش تێیڕوانی و بە خێسەوە پێیکوت: «بریز تو دسمال، بریز تو دسمال»
1330ی هەتاوی، دوکتور فرێدریشی ئوتریشی لە گەڵ بنەماڵەکەی لە بۆکان
لە ڕوانگەیەکی مرۆڤانە بیرەوەرییەکی «دوکتۆر فریدریش» ئاوا باس دەکا: ساڵەکانی 1330 بەولاوە بوو، بەهارێکی تەڕەساڵ بوو، چۆمی تەتەهوو هاژەی دەهات و پەڕینەوە لە چۆم زۆر ئەستەم بوو. ئەودەم پردێک بۆ پەڕینەوە لە چۆم ساز نەکرابوو. «برایم ئاغای عەمبار» نەخۆش کەوتبوو. بە نۆکەرێکی‎دا ناردبوویە شوێن دوکتۆر «فریدریش» چاروایەکیشی بۆ دوکتۆر ناردبوو سواری بێ. کە هاتینە دەم چۆم، چۆم بواری نەدەدا. چارواکان دەترسان لە ئاوەکە بدەن. دوکتۆر جلەکانی داکەند و لەگەڵ شتوومەکی پزیشکی لەسەر زینەکە دایبەست. پێمانکوت دوکتۆر بۆ سواری چارواکە نابی!؟ دوکتور کوتی:« اسب کمک خواست، اسب کمک خواست!» و بە مەلە لە چۆمی بە خوڕی تەتەهوو پەڕییەوە. هەلی زەمان ژیان بە ئاڕاستەیەکی دیکەدا دەبا. کۆشکی شا کەوتە لەرین، زەمان تێدەپەڕی. دونیا دەورێکی دیکەی بە خۆیەوە دەبینی. ژیان قۆرتی تێدەکەوێ. شۆڕش و گۆڕانکاریی سیاسی و کۆمەڵایەتی، ناسەقامگیری، دۆخی نامۆ و نادابینکراو تەمبازایی دەخاتە سەر جادە و ڕێی ژیانی هەمزاغا. 
5ی هەتاوی، باکۆ: خوێندکارانی کورد لە زانکۆی ئەفسەری باکۆ کە لە لایەن کۆماری کوردستان ناردرابوون. 
دانیشتوو هەوەڵ کەس لە ڕاست بۆ چەپ قادر ئاغای حەمیدی برای هەمزاغا، دوای هەرەس هێنانی کۆماری کوردستان گەڕاوە بۆکان و تا دوایین کاتەکانی ژیانی یەکێک لە مامۆستایانی دڵسۆزی قوتابخانەکانی ئەو شارە بوو
قادر ئاغای حەمیدی برای هەمزاغا
ئەو بەشەی قۆناغی ژیانی زۆر پڕ ئەستەمی هەمزاغا بە ڕێوەیە و هەموو ئارەزوو و ئاواتەکانە بە دەم ڕەشەبا دا. ڕەشەبای خەم و خەفەت لەوێش میوان دەبێ. سێدارەی فرمێسک و خوێن لە ئەبووبەکری کوڕی میوان دەبێ، کە زۆر گورچووبڕە و ئاوێنەی ڕووناکی تەمەنی جەعفەری زاوای لێڵ دەکەن و بزەی شادی تێدا دەکوژرێ. بەڵام هەمزاغا ڕازییە بە ڕەزای خودا. «عومەریش» ئۆغر دەکا بۆ ئەوسەری دونیا؛ بەم جۆرە ئەزموونێکی دیکەیە لە ژیان، ئەویش دابڕان... شوێن و کات، جیابوونەوەی دەروون و دەرەوە بۆ قافڵەی نەوەستاوی ژیان، هەمزاغا دەستەوستان نییە. دوای شەکەتبوون، هێوەر بوونەوە و ڕەها بوونی بە دوادا دێ. ئەو ماڵە گەرموگوڕە بۆشاییەکی تێدەکەوێ. بەڵام ئەوینی خۆشەویستیی بەلای خەڵکی ئەمەگناس بنیادنانەوەی ژیانێکی دیکەیە، کە دووبارە هێزێکی دیکە لە هەناویدا بڵێسە دەستێنێ. نەوەکانی لە دەوری خۆی کۆدەکاتەوە بۆ دەستەبەر کردنی ژیان و دەرس و دەوریان لەگەڵ «ڕابێعە خانم»ی خێزانی زۆر لە حەول و تەقەللادا دەبن. تەبابەت و خزمەت بە نەخۆشان وەها ڕۆژگاری پڕ لە چەمەری و کوێرەوەری، خەم و خەفەتیان لێ‎سووک دەکا، جاری وایە خەون و خەیاڵ نهێنییەکانی ژیانیان لەبیردەباتەوە. ئەو دەور و قۆناغە لە ژیان زرینگانەوەی هەست و لەش و بیرە. داخی گرانم لە ئاخر و ئۆخری ژیانی کە نەخۆشی «ئالزایمێر، ڕووحی لە بن نەهاتووی هەمزاغا دادەچڵەکێنێ کە مردنی وەبیر دەهێنێتەوە. دێوەزمەی ژیان بە نەخۆشی «فەرامۆشی» نزیک بوونەوەی مردنی پێ ڕادەگەیێنێ. جاری وابووە ئەوەندە نەخۆش و پڕ مەینەت و بە ئازار بووە کە مردنی بە ئاسانی بە ڕزگاربوون زانیوە. بەوجۆرە لە دوای تەمەنێک تاسە و حەزوکاو بۆ نیشتمان؛ بەهاری ساڵی 1377 هەتاوی مەرگ جەستەی زیندووی لە باوەش دەگرێت و لە دونیای پڕ لە ژان ماڵاوایی دەکا و زێد و ئاواتەکانی بە هەزار خۆزگە و بریا بۆ نەوەکانی داهاتوو بەجێدێڵێ. لە بستە خاکێکی ئەو کوردستانە لە گۆڕستانی شاری بۆکان ئەسپاردەی خاک و نیشتمان دەکرێتەوە. یادی پیرۆز و ڕێگای پڕ ڕێبوار.
وڵاتە خەمینەکەم
خەم بە لەشمەوە نووساوە
فرمێسک وەک شەونمی بەیان
لەسەر ڕوومەتم قەتیسە
شیعرەکانم وەهانکەهانک هاتوون
قەڵەمەکەم شەکەتە
بەڵام شەپۆلی خەیاڵ
بەرۆکم بەر ناداو
بەملاوئەملامیدا دەدا
ئارەزوو دەکەم تا باران و باڕن ببێ
تا ئەستێرە و ئەستێر ببێ
ئەستێری ڕووناکی ئەو پەڕی لەشت
ڕێبواری ماندوو بحەسێنەوە
ئارەزوو دەکەم
منارەی دەنگت پیرۆز
ڕوانگەت جوان وبەرین
شەقاوی خەیاڵت بێ‎سنوور
عومەر سوڵتانی (وەفا)

ژیدەر:
هەمزاغا دەنگێکی زۆرخۆشی بوو کە زایەڵەی دەنگی یادگاری شەپۆلەکانی، چۆمی بە خوڕی تەتەهوو و حەوزە گەورەی بۆکانە. کە چەند گۆرانیی ڕەسەنی مێلۆدیای کۆن و فۆلکورییەکانی کوردستان وەک:(لیمۆ های لیمۆ- کراس زەردێ و-) لە ساڵەکانی 1339-1340 هەتاوی لە ئێزگەی ڕادیۆی کرماشان لێ تۆمار کراوە و لە لایەن خەڵکەوە زۆر پێشوازیی لە گۆرانییەکانی کراوە و لە ئیزگەی ڕادیۆ تەورێزیش بڵاو دەبۆوە. دوای شۆڕشی ساڵی1357، نەیاران (وەک ئاسیمیلاسیۆن)ی فەرهەنگی ئارشیوی بەنرخ و گرانی ڕادیۆ کرماشانیان تێدابرد و ئەو گۆرانیانەش بەو دەردەوە چوون.
وەک لە کچی هەمزاغا (دادە نەسرین)م بیستووە چەن نەواری کاسێت لە گۆرانییەکانی کاک هەمزە لەلای کاک هەمزەی موهتەدی ماون.
* ڕوون کردنەوەیەک لەسەر ئەو وێنەیەی مامۆستا هەژار و هەمزاغای حەمیدی. پایزی 1367هەتاوی کە مامۆستا هەژار بۆ دیتنی هەواڵانی زەمانی کۆماری کوردستان سەردانی بۆکان دەکا. ((ڕابیعە خانم ئیسماعیل‌سورخ)) گێڕایەوە کە بۆ یەکەم جار لەڕێوە هاتە ماڵی ئێمە. زۆر بیرەوەرییان لە ڕۆژگارە خۆش و ناخۆشەکانیان لەگەڵ هەمزاغا باس کرد. بە دیتنی زۆر شاد بووین. شەو لەماڵی حاجی سەید ئەنوەری زەمبیل میوان دەبن. هەمزاغا،مەلاعەبدوڵڵای حەسار، سەید کامیل ئیمامی(مامۆستا ئاوات)، کاک مستەفا ئێلخانی‌زادە، مامۆستا حەقیقی، کاک سەعید نەججاڕی (ئاسۆ)، کاک محەممەد ڕۆستەم‌زادە، حاجی‌سەید ئەنوەر و... بەختەوەرانە تەواو وتووێژی ئەو شەوە لەسەر کاسێت (شریت) لەلایەن کاک سەعید تۆمار کراوە وەک یادگارێکی بەنرخ داوام لێکرد و منیش لێم تۆمار کرد. مامۆستا زۆر بیرەوەریی لەگەڵ کاک هەمزە باس دەکا. بەتایبەت بیرەوەرییەکی پێش کۆمار کە شەریکە موعامەلەبوون. کە چۆن بە لۆڕی گەنم دەبەن  بۆ تەورێز و ئەوشەوە چۆن زایەڵەی دەنگی هەمزاغا تەورێز ئەستێرە باران دەکا و خاوەن هوتێل لە خۆشی بیستنی ئەو دەنگە بە سۆزە دەڵێ پۆڵم ناوێ.ئەو شەوە مامۆستا هەژار داوا لە هەمزاغا دەکا بەیادی جاران دەنگ هەڵێنێ و خەم بتارێنێ و بە هەوا خۆشەکانی دڵ ئاوپڕژێن بکا. هەمزاغا دەڵێ مامۆستا جەرگ سووتاوم، گۆرانیم بۆ ناکوترێ. بەڵام چۆن دەکرێ دەستی مامۆستا ڕەدکرێتەوە! هەمزاغا تامەزرۆ وەک سەمفۆنییەکی ڕەوان و بەتوانا دەنگ هەڵدێنێ.
خەجێ و خەجێ و خەزێنە
بەفراوی دم تەزێنە
زەردە لیمۆم بۆ بێنە
پێ بنێ وە بان گلینە
ئەو ئاوازە ئەوندە خۆش و لەبەر دڵانە کە نازانی ئەو دەنگە لە قوڕگی پیاوێکی 65 ساڵە دێتە دەرێ کە گەرای خۆشەویستی و ئاواتەکانە و حاجی سەید ئەنوەری زەمبیل بۆی دەگێڕێتەوە و گۆرانی لەگەڵ دەڵێ.
ئەو شەوە لە خۆشی مامۆستا هەژار هەوا خۆشەکان دەڵێتەوە و زۆر شێعر و شتی خۆش دەکوترێ. ئاواز و شێعرەکانی ئەو شەوە تۆمار کراوە و ئەو شریتە بەلای منەوە هەیە و کەسانێک گەرەکیان‌بێ؛ داخوازەکەیان لەسەر چاوم دادەنێم و پێشکەشیان دەکەم لێی هەڵگرنەوە.
سه‌لام ئیسماعیل سورخ
سه‌رچاوه: روژنامه‌ی روژان ژماره 718
تبلیغ

نظر شما

  • نظرات ارسال شده شما، پس از بررسی و تأیید در وب سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.
نام شما : *
ایمیل شما :*
نظر شما :*
کد امنیتی : *
عکس خوانده نمی‌شود
برای کد جدید روی آن کلیک کنید