یەکێک لەو شتانەی وا ئەبێ لە دادخوازیدا دیاری کرێت نرخی داخوازیەکەیە مەگەر ئەوەی کە دیاری کردنی نرخەکەی گونجاو نەبێت یان داخوازیەکە نرخ دار نەبێت.
بۆ دەست پێ کردنی داخوازیەکی ماف دادخوازی یەکەم هەنگاوە.
بە پێی مادەی ٢ ڕەوشتی دادپرسی مەدەنی هیچ دادگایەک ناتوانێ لە هیچ داوایەک دا توێژینەوە بکات مەگەر ئەوەی کە کەس یان کەسانێکی خاوەن بەرژەوەندی یان بریکار یان جێنشینەکەیان یان نوێنەری یاسایی ئەوان توێژینەوە لە داواکەیان بە پێی قانوون داوا کردبێت.
کەواتە دادخوازی ناسنامەی داوای ئێوەیە و بڕیارەکانی دادگایش پێوەندی بە دادخوازیەکەی ئێوەوە هەیە. بۆیە باش نوسینی دادخوازی تەنانەت ئەگەر بڕێک لە کاتی ئێوەیش بە خۆیەوە تەرخان کات یان بۆ ڕێنوێنی وەرگرتن لە پاڕیزەر یان کارناس ببێتە هۆی سەرف کردنی بڕێک پارەیش، کات و پارەکەتان بە فیڕۆ نادات.
ئەگەر زانیاریەکانی دادخوازی تەواو بێت گەیشتن بە ئامانج زووتر وئاسایی تر ئەبێت، بەڵام ئەگەر لە نوسینی دادخوازی دا کەم تەرخەمی بکرێت، لەوانەیە دادخوازیەکەتان رەت بکرێتەوە وتەواوی خەرجەکانیشتان لە کیس بچێت.
لێرەدا ئەو شتانەی وا بۆ نوسینی دادخوازیەک وەک دەست پێکردنی داوایەک پێویستن بە زمانێکی ساکار بۆتان باس ئەکەین.
دادخوازی لە لایەن خودی خوازیار یان پارێزەرەکەی یان جێنشینەکەیەوە بە دادگا ئەدرێت. بە پێی قانوونی دادپرسی مەدەنی، دادخوازی ئەبێ ئەم خاڵانەی خوارەوی تێدا بێت:
ناو، ناوی بنەماڵەیی، ناوی باوک، تەمەن، شوێنی نیشتەجێ بوون وئەگەر لە لایەن پارێزەرەوە درابێت ئەبێ نیشانیەکانی پارێزەریش لە ناویا نوسرابێت.
ئەگەر شوێنی نیشتەجێ بوونی خوازراو نادیار بێت واتە بێ سەرو شوێن بێت بۆ جارێک دادخوازیەکە لە ڕۆژنامەدا بڵاو ئەکەنەوە.
بە پێی مادەی 56 قانوونی ناوبراو هەرکات لە دادخوازی دا، خوازیار یان شوێنی نیشتەجێ بوونی نادیار بێت لە ماوەی دوو ڕۆژ پاش گەیشتنی دادخوازیەکە بە پێی بڕیاری بەڕێوەبەری نووسینگەی دادگا یان جێنشینەکەی دادخوازیەکە ڕەت ئەبێتەوە،
بەڵام ئەگەر کەم وکوڕیەکە لە بەر خاڵەکانی دیکەی مادە 51 بێت، بەڕێوەبەری نووسینگەی دادگا کەم وکوڕیەکە بە خوازیار ڕائەگەیێنێت، ئەویش لە ماوەی 10 رۆژ لە بریاری ڕاگەیەندراو، ئەبێ کەم وکوڕیەکانی دادخوازیەکە لابات، بەڵام ئەگەر لای نەبرد بەڕێوەبەری نووسینگەی دادگا بڕیاری ڕەت کردنەوەی دادخوازیەکە دەر ئەکات.
ئەگەر خوازراو شوێنی نەبێت، شوێنی نیشتەجێبوونی نادیار ڕائەگەیێنین تا لە ڕۆژنامەدا دەقی دادخوازیەکە بڵاو بکرێتەوە، ئەگەرخوازراو نەهات یان لایەحەی بەرهەڵستی نەنارد دادگا بە شێوەی نەبوونی بڕیار ئەدات.
یەکێک لەو شتانەی وا ئەبێ لە دادخوازیدا دیاری کرێت نرخی داخوازیەکەیە مەگەر ئەوەی کە دیاری کردنی نرخەکەی گونجاو نەبێت یان داخوازیەکە نرخ دار نەبێت.
ئەوەی کە دادخواز لە دادگا داوا ئەکات خوازراو یان داواکراوی پێ ئەڵێن ئەم خوازراوە یان نرخی هەیە یان بێ نرخە، لە ڕاستیدا خوازراو، ئەو لەئەستۆگریەیە یان ئەو شتانەیە کە بە هۆی ئەوەوە دادخواز خۆی بە شایانی داواکردنیان ئەزانێت، بۆ وێنە لە خوازراوی نرخ¬دار دا ژنێک وا مارەیی بە مافی خۆی ئەزانێت لە بەشی داواکراوەکەدا ئەبێ چەندەیی لیرەکان ناوبەرێت، یان لە خوازراوی بێ نرخ پیاوێک وا ژنەکەی بە بێ ڕێگەپێدانی ئەو لە ماڵ چۆتە دەرەوە ئەبێت داوای پێمل کردنی ئەو بکات، کەواتە خوازیارەکان ئەوەی وا بە مافی خۆیان ئەزانن ئەبێ لە بەشی خوازراو دا بنوسن.
بەڵگەکان و پێلکاوەکانی دادخوازی:
خوازیار بۆ پشت ڕاست کردنەوەی خوازراوەکەی خۆی ئەبێ بەڵگەی کارتێکەر وپەسند کراو لە لایەن دادگاوە بهێنێت و بە دادخوازیکەیەوە بلکێنێت، کەواتە ئەبێ پێڕستێک لەم بەڵگانە لەم بەشەدا بنوسرێت تا دادگا چاویان لێکات و بە پێی ئەوانە بڕیار بدات.
شێ کردنەوەی خوازراو لە ناو دادخوازی
لەم بەشەدا خوازیار ئەبێ کورتەی داخوازیەکەی خۆی هەروەها چۆنیەتی داخوازیەکە لە چەند دێڕێک دا شی بکاتەوە، باشتر وایە بۆ سەرنج ڕاکێشانی زیاتری دادگا ئاماژە بە قانونەکانی سەبارەت بەو داخوازیە بکات، هەروەها لە دادخوازیکەدا ئاماژە بەوە بکات کە لە کاتی دادگایی دا تەواوی بەرهەڵستیەکانی خۆم بە چڕوپڕی باس ئەکەم تاکو بەرهەڵستیەکان تایبەت بە دەقی دادخوازیکە نەزانرێت.
ئەگەر دادخوازیکە کەم و کوڕی بێت ئەوا بە پێی قانوونی ڕەوشتی دادپرسی مەدەنی پاش ئەوەی کە داخوازیەکە تۆمارکرا بۆ ماوەی دوو ڕۆژ مەودای لابردنی کەموکوڕیەکانمان هەیە، پاش لابردنیان داخوازیەکە شێوازی ئاسایی خۆی ئەگرێتە بەر، بەڵام ئەگەر کەموکوڕیەکان لانەچوو، بڕیاری ڕەت بونەوی دەرئەچێت و ڕائەگەیەندرێت کە لەکاتی وادا دە ڕۆژ مەودای بەرهەڵستیمان هەیە ئەگەر لە دە ڕۆژەدا بەرهەڵستی خۆمان پێشکەش نەکرد، ئەوا داخوازیەکە ڕەت ئەبێتەوە.
هەر کەم و کوڕیەک ئەبێتە هۆی ڕەت بوونەوە، یەکێک لەو کەموکوڕیانە، دیاری نەکردنی شوێنی نیشتەجێ بوونی خوازیار یان نەدانی خەرجی داخوازیە یان ئەوەی کە نەتوانین بە دادگا بسەلمێنین کە خەرجی داخوازیمان نیە.
خەرجی داخوازی چیە و چەندەیە؟
چەندەیی خەرجی داخوازی بە پێی چۆنیەتی داخوازیەکە هەر وەها ماڵی بوون یان ماڵی نەبوون جیاوازە و ئەم خەرجانە هەر چەند ساڵ جارێک لە لایەن قانوونەوە دیاری ئەکرێت.
ئێستا خەرجی دادخوازی لە قۆناغی سەرەتایی دا 5/2% و لە قۆناغی تێهەڵچونەوەدا 5/3٪ ، ولە قۆناغی جێبەجێکردن دا ٥٪ ە.
ڕاگەیاندنی دادخوازی:
ئێستاکانە ئەگەر دادخوازیەک لە دادگادا تۆمار بکرێت، بە شێوەی کورتەنامە بە لایەنەکان ڕائەگات.
بۆ ئەم مەبەستەیش ئەبێ لایەنەکانی دادخوازی ژمارەی مۆبایلی خۆیان لە سیستەمی دادگا دا تۆمار بکەن جا هەر بڕیارێک دەر چوو، بە کۆرتە نامە پێیان ڕائەگات و ئیتر پێویست ناکات هیچ کاغزێک بە دەستیان بگات.
هیوادارم ئەم کورتە باسە توانیبێتی وەڵامی پرسیارەکانتان بداتەوە.
سهرچاوه: ڕۆژنامهی ڕۆژان
آدرس کوتاه خبر: