کاتێک که پیاو ژنی ماره کرد هه‌ردووکیان بڕیک مافی تایبه‌ت و هه‌روه‌ها بڕێک ئەرکی تایبه‌تیان بۆ له به‌ر چاو ئه‌گیردرێت.
کاتێک که پیاو ژنی ماره کرد هه‌ردووکیان بڕیک مافی تایبه‌ت و هه‌روه‌ها بڕێک ئەرکی تایبه‌تیان بۆ له به‌ر چاو ئه‌گیردرێت.
یه‌کێک له‌وانه سه‌رۆکایه‌تی ماڵه، که ئه‌درێ به پیاو، له به‌رامبه‌ریشی دا ئه‌بێ خه‌رجی بدات به ژنه‌که‌ی. جا ئه‌م خه‌رجیه بریتی یه له دابین کردنێ ماڵێکی شیاو بۆ ژنه‌که‌ی، دابین کردنی خوارده‌مه‌نی بۆ ناو ماڵ و کڕینی که‌ل و په‌ل و پێداویستیه‌کانی ناو ماڵ، خەرجی دەوا و دووکتۆر و هه‌روه‌ها گرتنی کاره‌که‌ر بۆ ژنه‌که‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌و ژنه له ماڵی باوکیا کاره‌که‌ری بووه، یان تووشی نه‌خۆشیه‌ک بووه که ناتوانێ ئیش بکات.
که‌واته ئه‌بینین که ئه‌م سه‌رۆکایه‌تیه خه‌رجێکی زۆر بۆ پیاو ئه‌تاشی و به خۆڕایی نیه و له به‌رامبه‌ری ئه‌م هه‌موو خه‌رج و ئه‌رکه‌ی که پیاو له ئه‌ستۆی گرتوه، ژنیش ئه‌بی گوێ ڕایه‌ڵی مێرده‌که‌ی ببێت و خۆی له ژێر دەسەڵاتی ئه‌وا دا‌نێت.
ئه‌م ئه‌رکانه وه‌کوو دوو تای تەرازوو وان ناتوانین ئه‌رکه‌کانی خۆمان جێبه‌جێ نه‌که‌ین و به‌س داوای ئه‌رکی لا‌یانه‌که‌ی تر بکەین.
هه‌ر کام له لایه‌نا‌کان بۆ مه‌جبور کردنی ئه‌وی تر ئه‌بێ بچێ بۆ دادگە و به‌ڵگه‌ی دادگە وه‌ر گرێ، که‌واته ئه‌گه‌ر پیاو توانی به‌ڵگه‌ی دادگە وه‌رگرێ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که ژنه‌که‌ی گوێڕایه‌لی نیه، ئه‌وا ئه‌توانێ ئیتر خه‌رجی نه‌داتێ. هه‌روه‌ها ژنیش ئه‌گه‌ر توانی به‌ڵگه‌ی دادگە، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که مێرده‌که‌ی خه‌رجی ناداتێ وه‌رگرێ، ئه‌وا ئه‌توانێ ئیتر گوێ ڕایه‌ڵی نه‌بێت و به قسه‌ی نه‌کات و ئه‌و به سه‌رۆکی ماڵ نه‌زانێ.
ئه‌وه‌یش ئه‌بێ بزانین که ڕادەی خه‌رجی هه‌ر ژنێک ئه‌بێ له لایه‌ن کارناسی دادگەوه دابین بکرێت و هیچ دوو ژنێک خه‌رجیان وه‌کوو یه‌ک نیه، چونکا کارناس ئه‌ندازه‌ی خه‌رجی به پێی شان و شکۆی ژن و هه‌ر وه‌ها کۆمه‌ڵگا و ئیش و داهاتی ژن و مێرده‌که‌ی، دابین ئه‌کات.
ئه‌گه‌ر له کاتی ماره‌یی دا شوێنی دانیشتنی ژنه‌که دابین نه‌کرا، ئه‌وا هه‌ر شوێنێک که شوو به باشی زانی، ئه‌بێته شوێنی دانیشتنیان. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ژن له کاتی ماره‌یی دا ئه‌م مافه‌ی له پیاو وه‌ر گرت ئه‌وا ئیتر ئه‌و سه‌رپشک ئه‌بێت بۆ دابێن کردنی شوێنی دانیشتن و ژیانیان.
جاری وا هه‌یه پیاو له‌م مافه‌ی خۆی که‌ڵکی خراپ وه‌ر ئه‌گرێت و ئه‌بێته هۆی ئازاری ژنه‌که‌ی، یان ئه‌وه‌نده هه‌ڵسووکه‌وتی له‌گه‌ڵ ژنه‌که‌ی خراپه که ئه‌گه‌ری ئه‌وه له گۆڕا هه‌یه زیان به ژیانی ژنه‌که‌ی بگه‌ێنێت، له‌و کاته دا دادگە ئه‌م مافه له پیاو وه‌ر ئه‌گرێته‌وه و بۆخۆی، شوێنی ژیانی ژن دابین ئه‌کات و پیاو ئه‌بێ خه‌رجی به کرێ گرتنی ئه‌و شوێنه‌ی وا دادگە به باشی زانیوه له ئه‌ستۆ گرێ.
یه‌کێک له نیشانه‌کانی مافی سه‌رۆکایه‌تی پیاو ئه‌وه‌یه که ئه‌توانێ نه‌هێڵیت که ژنه‌که‌ی ئیش و کارێک بکات وا له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی بنه‌ماڵه‌ی خوی یا ژنه‌که‌ی دا دژایه‌تی ببێت، ئه‌م مه‌رجیشه ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شان و شکۆی بنه‌ماڵه‌کانیان و ناتوانین بۆ هه‌موان به یه‌ک جۆر بڕیار بده‌ین. ئه‌گه‌ر له دابین کردنی ئه‌م مه‌رجه دا ژن و پیاو ناکۆکیان هەبێت، ئه‌وا دادگە له‌م بواره‌دا بڕیار ئه‌دات.
پاره و زێڕ و داهات و هه‌روه‌ها مووچەی ئیشی ژن، ئی خۆیه‌تی و پیاو ناتوانێ ده‌ستی به سه‌را بگرێت و خه‌رجی بکات. هه‌ر وه‌ها ژن هیچ ئه‌رکێکی بۆ کڕینی پێداویستیه‌کانی ماڵ له سه‌ر شان نیه و نابێ بیان کڕێت، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی که بۆ خۆی حه‌ز بکات که خه‌رجێک بۆ ناو ماڵ بکات. ژن ئه‌توانێ پاره‌ی خۆی کۆ بکاته‌وه‌و به ئیشتیای خۆی خه‌رجی بکات و پیاو نابێت له‌م بواره‌دا زه‌ختی له سه‌ر دا‌نێت.
ئه‌م خه‌رجی دانه ته‌نیا بۆ ژن نیه به‌ڵکوو ئه‌گه‌ر منداڵ یان باوک و دایکیش پێویستیان به خه‌رجی بێت، ئه‌بێ بیانده‌یتێ.
له باسی خه‌رجی منداڵ و دایک و باب ئه‌وه‌ی که خه‌رجی ئه‌دات ئه‌بێ بۆ خۆی پێویستی به خه‌رجی نه‌بێت و هه‌ر وه‌ها ئه‌و که‌سه‌ی که خه‌رجی وه‌ر ئه‌گرێت ئه‌بێ بۆخۆی نه‌توانێ به ته‌نیا، ژیانی خۆی دابین بکات. که‌واته مندالێک یان دایک و باوکێک که بۆخۆی پاره‌ی ببێت و ده‌وڵه‌مه‌ند بێت، خه‌رجی نادرێتێ و هه‌روه‌ها که‌سێکیش که بۆ خۆی فه‌قیر بێت له سه‌ری نیه خه‌رجی دایک و بابی بدات.
ئه‌وه‌یش ئه‌بێ بزانین که ئه‌گه‌ر که‌سێک هه‌م دایک و بابی و هه‌م منداڵه‌کانی پێویستیان به خه‌رجی بوو و ئه‌و ته‌نیا توانی خه‌رجی یه‌کێکیان بدات، ئه‌وا ئه‌بێ خه‌رجی منداڵه‌کانی پێش خه‌رجی دایک و بابی بخات. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر خه‌رجی منداڵ و دایک و باب و ژن به‌یه‌که‌وه بوون، ئه‌وا ئه‌بێ خه‌رجی ژنه‌که‌ی پێش ئه‌وانی تر بخات.
ئه‌گه‌ر که‌سێک خه‌رجی ژن یان دایک و باب یان منداڵی به‌سه‌ره‌وه بوو و نه‌یدات، ئه‌و که‌سانه ئه‌توانن بچن بۆ دادگە و داوا بکه‌ن که خه‌رجیان بۆ دابین بکرێت. ئه‌م خه‌رجیه ئه‌توانێ هه‌م خه‌رجی ڕابووردوو و هه‌م خه‌رجی داهاتوو بێت. به‌ڵام ته‌نیا ژن ئه‌توانێت داوای هه‌ردووکیان بکات و دایک و باب و منداڵ ته‌نیا ئه‌توانن داوای خه‌رجی داهاتوو بکه‌ن و ناتوانن خه‌رجی ڕابوردوویان وه‌ر گرن.
* دوکتۆرای حقۆق
آدرس کوتاه خبر: