جمعه، 28 اردیبهشت 1403
روژان پرس » اخبار » کورد و شه‌وچله

سنه: شیلان گه‌یلانی

کورد و شه‌وچله

0
کد خبر: 1479

کورد و شه‌وچله

دوعایەک ئەکەم گشت بێژن ئامین
وڵاتمان پڕ بێت لە مژدەی شیرین

ئازیزان ئەم شیعرە چونکە بیرەوەری کۆنە، منیش بە شێوەیک سادە و بە شێواز فولکلور دامڕشتووە.

شەوچلە
هاتەو شەوچلە چەپڵەڕێزانە
دۆڵمە و ڕشتەپڵاو لە سفره و خوانە

سفرەی پارچەیی هی دایەگەورە
بێنن دایبخەین بە یاد ئەو دەورە

بەیان شەق ئەکرد بە مشتەکۆڵە
لەتلەتیان ئەکرد بۆ چکۆلە و گەورە

ئەوسا ئەیانوت چەقۆ بەی لە بەی
زوو تاڵی ئەکا ناتوانی بیخۆی

سرینچک و مێوژ شادانەی برژاو
لەبان کورسی گەرم حازر و دانراو

نوقوڵ بیمشکی، ھەنار، ئاونەبات
شیرینی چلە، تۆم و چەرەزات

ئەنرا خوانچە بۆ بووک و زاوان  
بە شەو یان بە ڕۆژ لە ماڵی باوان

ملەتاتکێ بووکێ لە پشت پەنجەرە
بۆ خوانچەی ڕازاو ئەچووە ئەو بەرە

بە پلەزیقان قیژە و قاوەقاو
شەوچلە کۆ بوون جوان و پیر و لاو

کاڵەک ترشی زەرد ھەنوور بە ئانوو
جا گەنم برژاو پڕ پیاڵەی دانوو

قەیسی و ھەنجیر تووی وشک و گەنم
تۆم گدا و کاکڵە ئەخورا نمنم

ئاردە توو و قاوت بەو تامە خۆشە
دایە ئەیهێنا  بەو ڕووە گەشە

پڕ بوو لەمانە مجمعەی مسی
بۆ ماڵ هەژاران بۆ هەواڵپرسی

دەوڵەمەن ئەوسا جا دڵیان باش بوو
بەشی ھەژاریان لە بیر نەدەچوو

چێشت هەم کاڵەک تورش لە ناو دێزەکان
دابەشیان  ئەکرد بۆ نەدارەکان

لەبۆ شەوچلە گۆشتێک خۆش باو بوو
گۆشتی سوورەوکراو«قاورمەی» ناو بوو

دوڵمەی کەلەرم و دۆشاو لە بانی
جا ڕۆن خۆمانە لەمشانەو شانی

خواردنێک بە «چناڵ» ناوی ئەبریا
بە کولێرەی تازەو دورس ئەکریا

لەناو کەرەی گەرم تریت ئەکریا
ناو دەوری لەعاب بەشمان ئەدریا

ئاولەمەیش خۆراک دەوڵەمەندان بوو
بەچکەی ناوسک مەڕ بەچکە حەیوان بوو

شیرینی «حەفت فرسەق» دێر ئەتاویاوە
تامە خۆشەکەی لە دەم ئەماوە

شیرینی «گۆچان قەن» هەمیش «ئاودوونان»
تامەکەی ئەچوو هەتا بێخ ددان

جا «چوکڵەدەمە» وەکوو ئاونەوات
هەر ئەمانمژی تا دوایی ئەهات
شووتی شەوچلە قاشقاش ئەکریا
بە ناو میوانا دابەش ئەکریا

بۆ پێشوازی بوو لە هاتن زستان
دواماڵاوای لە پاییزی جوان

لە دوای نان خواردن گۆرەویبازی
میوان خۆشکەیف و دڵگەلیان ڕازی

کایەی «دەبڵنە» یان کایەی «چووزان»
«توڕنابازی» و کەباب  کەبابی جوان

جاتوڕنابازی، کایەی شا و وەزیر
سەرگەرمیک خۆش بوو ناچێتەو لە بیر

دایەگەورەگیان بە بەیت و باوی
بە وتن شیعر و پەندی پاراوی

ئەیڕازاندەوە شەوچلە جاران
ڕەحمەت لە ڕۆحی نووری ئەباران

وەڵی داخەکەم ئەو دەورە نەما
خوەشی باری کرد دڵ ناکا سەما

کورسیمان نیە بەفر تۆراوە
چلە وەک جاران لوتفی نەماوە

تۆپەڵەبازی لەبیرەو چووە
خز خلیسکێنێ چما هەر نەبووە

جوانەکان بێکار مات و هەژارن
بەڕواڵەت دڵخۆش بە دڵ خەمبارن

بەشکەم بەم شیعرە خەممان بڕەوێ
ئابەم شەوچلە دڵمان بسرەوێ

دوعایەک ئەکەم گشت بێژن ئامین
وڵاتمان پڕ بێت لە مژدەی شیرین

هەرەس گرانی لاچێ لە وڵات
هەرزانی و خۆشی ببێتە خەڵات
بەڵکوو وەک قەدیم وەھا ببارێت
بەفر بە کڕیوە وڵات داشارێت

شاخەی شەتاوان بەربێت لە چیا
کوردستان بێتە بەهەشتی دنیا
ئامین......

فەرهەنگۆک:
-  ئانوو= هێشوە ترێان لە کۆتایی هاوینا ئەخستە  سەر  تەناف و هەڵیانئەواسی بۆ شەوچلە
-  دانوو= ناوکە تاڵەی قەیسی  ئەیانکوڵاند
هەتا تاڵیەکەی دەڕچێت و خوەشە بێت، ئێستایش هەر باوە لە لادێکانا
- سرینچک= سنجو
- بەی= بەهێ
- هەنوور= ترێ
- مجمعە= سینی زۆر گەورە بە کانزای مس یان ڕۆح چێ ئەکرا
- گدا= تووی گغا یان گدا= تووی ڕوجیار، سنەییەکان ئەیانوت» تۆم گغا» بە مانای تووی فەقیرانە کە  بۆ  هەموو ماڵی دەسی ئەدا بیکڕن.
- دەبڵنە، چووزان، توڕنابازی، کەبابکەباب، شا و وەزیر و دەیان یاری و گەمەی تر، کە پێش هاتنی تەلەفیزیون لە ماڵەکانا ئەو یاری و گەمانە باو بوو، بە داخەوە هەمووی لەبیر کراوە و هەر ناوەکەی ماوە.
تبلیغ

نظر شما

  • نظرات ارسال شده شما، پس از بررسی و تأیید در وب سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.
نام شما : *
ایمیل شما :*
نظر شما :*
کد امنیتی : *
عکس خوانده نمی‌شود
برای کد جدید روی آن کلیک کنید