جمعه، 14 اردیبهشت 1403
روژان پرس » اخبار » میرزا عەبدوڵڵا ئەحمەدی شاعیری چەوساوەکان لە ناوچەی دیواندەرە

سه‌لام ئیسماعیل سورخ

میرزا عەبدوڵڵا ئەحمەدی شاعیری چەوساوەکان لە ناوچەی دیواندەرە

0
کد خبر: 1345

میرزا عەبدوڵڵا ئەحمەدی شاعیری چەوساوەکان لە ناوچەی دیواندەرە

ده‌گێڕێته‌وه: ساڵی 1334ی هەتاویدا مامۆستا مەلا مەحەممەد ڕەبیعی لە ئاوایی قشڵاق‌چەرمووی دیواندەرە لە خزمەت ئاغا عەلا دەرسی ئەخوێند کە پارچە هەڵبەستێکی خۆم ‌دا خزمەتیان هەوەڵین ئافەرینم لە مامۆستا ڕەبیعی وەرگرت و هەتا نەچووبووە کرماشان دۆستایەتیمان زۆر باش بوو.
 سه‌لام ئیسماعیل سورخ

هەرچی سەر و ژور ئەکەم، لە ناوچەی دیواندەرە و گەڕووس، شاعیرێکی بە ئەزموون کە سارد و گەرمی ڕۆژگاری چێشتبێ و دەستی شارەزای وەک ئاسنگەرێکی کارزان و «ئاش وەستا بێ،» میرزا عەبدوڵڵا ئەحمەدیم دێتەوە بەرچاو.
زیاتر لە 50 ساڵە خەڵکی ناوچەکە هۆگری هەڵبەستە کۆمەڵایەتییەکانین.
بۆ کەسێک، کە تەنیا ڕۆژێکیش نەچووبێتە مەکتەب، دەرس و وانەی لە لای مامۆستایەک نەخوێندبێ، کارێکی ئاسان نییە، کە ئاوا خەڵک تینووی بیستنی شێعر و هەڵبەستەکانی بن. کە تیری تانە و توانجی بۆ ناحەزان و هەلپەرەستان دەهاوێژێ  و جارجارەش بەرە و جیلی ئەوڕۆکە ئامۆژگاری دەکا.
هەڵبەستەکانی لە ڕچەی قافڵە و کاروانی «قانع»ن، کە لە ڕەوانیدا وەک ئاوی جۆبار و کانیاو هەڵدەقوڵێ. زۆربه‌ی هەڵبەستەکانی لە ڕادیۆی سنە بڵاو بوونەتەوە و بە دەنگی خۆی بە گوێی بیسەرانی خەڵکی ناوچە زۆر ئاشنایە؛ بەڵام شتێ کە نکۆڵێ لێ ناکرێ و لە دڵی خەڵکدا ئەوی جێگیر کردووە، لە جسنی خەڵک، ئاوێتەی کاره و بەرەی ڕەنج لە خوێن و دەماری دایە. وەک وەستایێکی کارزان و لێهاتوو، کە هەر لە زۆر کۆنەوە وەک ئاسنگەر و «ئاش وەستا» ئەرک و کارەکانی ڕاپەڕاندووە. دەنگی بەسۆزی، هەر لە یەکەم نیگادا هۆگرت دەکا.
یا خوا هیچ کسێ بەختی لار نەبێ
نوور دیدەی خۆی لێ بێزار نەبێ
لێهاتوویی (استعداد) و بیری تیژ و قایمی، زۆر جوان باسەکان دەخاتە سەریەک. هەستان و دانیشتن لەگەڵ گەورە پیاوان، دوای 84 ساڵ تەمەن، ئەزموونی بیر و هەودای خەیاڵی بۆ لایان، رادەکێشێ و بە گەورەیی یادیان دەکا. لە ڕوانگەی دەروونشیکارییەوە، نەبوونی بێبەری باوک بەسەر ژیانی «عەبدوڵڵا»ی منداڵەوە، ڕەوتی نەزمی ڕاهاتنی تێک ناشێوێنێ.
«سەیزادە شەرافەت»ی دایکی کەلە سەیدەکانی شاڵی شەڵ و پاپاڵە بووە، لە ناوچەی موکوریان شوو ئەکا. محەممەدخانی باوکی لە ناوچەی «لەگزی» سەقز دەگیرسێتەوە. دوای فەوتی باوکی بە پیاوێکی بە ڕەچەڵەک ڕووسێکی چەچەنێ دەستی چارەنووس ئەوی لەو ناوچەیەدا گیرساندبووە و شوو دەکا. وەک دەڵێن مێردەکەشی مرۆڤێکی بەویژدان و کارزان بوو؛ بەناوی سۆفی ئەحمەد کە نەبوونی باوکی بۆ پڕ دەکاتەوە.
حەزی ژیان و تامەزرۆی ژیندۆستی و کەڵک وەرگرتن لە ئەدەبی زارەکی و فەرهەنگی کۆمەڵگای کوردستان، قاڵ کراوی ڕەنج و کاری دەکا. لە ناوچەی دیواندەرە لە ئاوایی دەروەند کە مڵکی خانانی عیززەتی سنە دەبێ، ئەگیرسێنەوە. هەر بەو پێیە کە هرز و ئاوەزی میرزاعەبدوڵڵا پێ بەستە و ئەستۆ بەندی ناوەندی و چەق بەستوو نییە. هونەرەکەشی بازنەی ناوەندێکی تێپەڕاندووە و هەنێسکی مرۆڤانە و ئینسانی پێوە دیارە کە داژداری نیشتمان و پەڕۆشی دۆزی کۆمەڵگایەتی، ئەم کەڵکەڵە لە هەڵبەستەکانی ڕەنگدانەوەی بەرچاوی هەیە. هەرچەند نەنراوەتە مەکتەب و قوتابخانە، بەڵام ڕووداوێکی لە ناکاو، شۆڕشێکی فکری لە ئاوەزیدا پێک دێنێ و بانگەشەی دەکا بۆ سەواد و زانیاری و حەرف ناسین، ئەوەش ئەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1334 هەتاوی. ماڵیان لە ئاوایی «قشلاق لوو» هاو کەوشەنی «نەجەف ئاوا» دەبێ. شەو دوو خوێندەواری خزم و ناسیاو بەناوی میرزا ڕەحمان تاڵشتی و میرزا کەریم قادری لێ مێوان دەبێ کە کتێبی باغچەی کوردستانی مامۆستا قانیعیان پێ دەبێ. هۆگری بەو کتێبە، هەستی پیرۆزی سەوادی بەڕووی دا دەکاتەوە. هەر بەو شێوە 33 پیتی ئەڵفووبێی بۆ ئەنووسنەوە و پێی ئەڵێن: ڕیز بوونیان لە پانی یەک وشەی لێ ساز ئەبێ. هەر بەو شەوە تەواوی ئەلفووبێی فێر دەبێ. وردەوردە خوێندنەوە دەبێتە هاودەم و ڕەفێقی بێ هاوتا، کە زانیاری زۆرتر دەکا. بە خوێندنەوەی شێعرەکانی زۆرتر لە دڵی خەڵکدا باڵا ئەکا و ئارەقەی تەوێڵیان دەسڕێ و لە نێو چینی ڕەنجدەر و هەژار هۆگری زۆرتر دەبێ و بە میرزا دەناسرێ.
بیری تیژی ڕوو ئەکاتە ڕابردوو و زۆر بە تامەزرۆوە بۆم باس ئەکا و ئەڵێ: هەر لە ساڵی 1334 هەتاویدا بوو کە مامۆستا مەلا مەحەممەد ڕەبیعی لە ئاوایی قشڵاق چەرمووی دیواندەرە لە خزمەت ئاغا عەلا دەرسی ئەخوێند کە هەم مالکی ئاوایی بوو و زانایەکی زۆر باسەواد کە دوایی بوو بە خەزورەی مەلامەحەممەد ڕەبیعی.
کە پارچە هەڵبەستێکی خۆم‌دا خزمەت مەلامەحەممەد ڕەبیعی، مەلا ئیسماعیلی براشی لە لای بوو کە مامۆستای «غەیاساوا» بوو، هەوەڵین ئافەرینم لە مامۆستا ڕەبیعی وەرگرت و هەتا نەچوو بووە کرماشان دۆستایەتیمان زۆر باش بوو.
میرزا عەبدوڵڵا هەر لە سەرەتای ژیانییەوە تێکەڵ بە ئەرک و زەحمەت و کار دەبێ. بەڵام ڕەوتی ڕووداوەکانی دونیا و پێشکەوتن و زانیاری ڕۆحی سەر بزێوی ئەو، دۆخی کویلەیی کە لەوە بەدوا، خۆی دەبێتە وەستایەکی کارامە لە دانانی «ئاشی ئاور» و تەعمیر کردنیان لە ناوچەی دیواندەرە و بیجاردا. جۆشکاری ئاسن و پۆڵا و ئاسنگەری، بایەخی هونەرەکەی بەلای خەڵکەوە بەنرختر ئەکا. دامەزراندنی ئاسیاوە ئاوەییەکانی «دەروەند» لە ساڵی 1347 و «شاڵی شەل» لە ساڵی 1357 و «کانی چای» و «نەوبەهار» لە یادگارەکانی میرزا عەبدوڵڵان کە به دەست و هەستی خۆی داڕێژەری ئەو «ئاشانە»بووە، کە دوای 50 ساڵ زۆریان هەروەک یادگارێک لە ناوچە‌دا ماون. هاوبەشی سەنعەت و هونەری شیعری کۆمەڵایەتی، مێژووی ژیان و کەسایەتی میرزا عەبدوڵڵه دووقات لە لای خەڵک بەرزتر ئەکا و لە شیعرکانیدا، سروشت، مەزرا و دێهات، هەموو چین و توێژیکی کۆمەڵگا دەوری خۆیان ئەگێڕێن. بۆیە شیعرەکانی زیندون، وەک جەمسەرێکی مێژوو، دەوری خۆیان دەگێڕن. ڕاوێژی زاری ئەوەندە دڵنشین و سەرنج ڕاکیشە، کە پێت خۆشە گوێ بۆ وتەی ڕادێری. وەک پسپۆڕێکی لێهاتوو، بیرەوەرییەکان، زانستەکان لە بیر و ئەندیشەیدا، جێ گرتووە، کە گێڕانەوەیان هەریەک بۆخۆیان سەربەردەیەکن لە ڕەنج و وشیاری و تێکوشان.
بۆ بەیانکردنی بڵیمەتی و پسپۆڕی میرزاعەبدوڵڵا ئەمە بەسە کە بە دەستی خۆی لە نزمترین و کەمترین هەل و کات و ئیمکانات تا بەرزترین شێوە و ئیمکانی داڕشتن، بێ پەلە و هەڵە کارەکانی ڕاپەڕاندووە. خۆی ئاوا دەگێڕێتەوە: ساڵی 1349 هەتاوی بوو ناسر فیروز کە وەستاکارێکی تراشکاری ناوبەدەرەوەی شاری بیجاڕ بوو، لەگەڵ سەرهەنگ ئەولیایی مالیکی ئاوایی «قشلاق سوورکە» بە شەریکی کۆمباینیان کڕیبوو، لە ئاوایی «قسکە» کاریان دەکرد. ئەنگوستی دەرچووبوو، دابوی لە مارپێچی «کوڵۆش کێش» و ببوو بە سێ لەتەوە. دێنە لای میرزا عەبدوڵڵا کە خاسی کا. ناسر فیروز پەیدا ئەوێ و بە زمانی بیجاڕی ئەڵێ: سەرهەنگ ئێستا قیستی هەوەڵم پەرداخت نەکردووە، کەمپاکەتان خراو کردووە. چۆن؟! حەڵەبی‌ساز هاوردن خاسی کا!
میرزا عەبدوڵڵا بە بیستنی ئەو قسانە ئەتورێ و کارەکە جێ ئەهێڵێ، و ئەگەڕێتەوە ئاوایی دەروەند. کامپاکه دێیننەوە ئاوایی دەروەند بەر دەرکی ماڵی میرزا عەبدوڵڵا. ناسر فیروز قاو ئەکا ئەڵێ: ئۆستاد خدمەت نەکردە یاغییە. من تۆم نەناسییە، تۆم ڕەنجاند، هاتوینە خزمتتان، کارەکە خاس کەین. وەلێ ئیجازە بەی خۆشم نزارەت کەم. باسەکە ئەگێڕێتەوە ئەڵێ: کەرەسەی جۆشکاری ئەنێمە ئیختیارتان، خۆت دروستی کە. ناسر فیروز سێ ڕا کڵۆش کێشەکەی جۆشکاری کرد، بەڵام لەنگی لێئەدا. خوار و خێچ دەر ئەهات و هەڵی ئەخستەو.
کوتم: ئەمەیە وەستاییەکەت! ئەگەر بە باڵای بەرزی خۆت ئەڕوانی، بە کۆتایی خەڵکیشا بڕوانە. دروستی ئەکەم، بەڵام قسە نەکەی.
مارپێچی «کڵۆش کێشەکەم» بڕێه‌وە، لە چەند جێگادا بە خاڵی جۆش پێکەوەم لکاند و لەنگگیریم کرد. لەملاوئەولا بە قەرینە جۆشم ئەکرد بە تەجروبە «انقباض و انبساط»م ئەزانی، بەڵام ناسر فیروز نەیئەزانی. کارەکە سەری گرت وەک کارخانە هاتە دەرێ و لەنگ و لۆری نەبوو. وتی: دای بە مل سەرما: ئۆستاد، حەیف نەوێ، ئەم مەغزە لەناو ئەم خاک و خۆڵە ئەیکەیتە کار.
بێ با شەریک بووین، بچۆ بۆ شار! وتم: نایم، من شێت و تۆ شێت، جۆرمان نایە! بەڵام دەستی ڕۆژگار کردینیە دۆست و برای گیانی.
میرزا عەبدۆڵڵا کار و ڕەنجدەری سادە وەلا دەنێ، بەرەو سەنعەت و زانیاری فەننی ڕوو ئەکا. ئەوەش دەگەڕێتەوە ساڵی 1347 هەتاوی لە ئاوایی دەروەند، ئاغایانی عیززەتی بۆ تەعمیری ئاسیاوەکەیان، ئاش وەستایەک لە شاری بیجار بە نێوی مەحەممەدمینایی دێتە دەروەند. هەر ئەو ماوە کەمە بۆ وی دەبێتە هەوێنێکی گەورە بۆ داڕشتن و دامەزراندنی ئاسیاو کە مەشهورن بە «ئاشی ئاور» کە ماتۆرەکەیان « بلاکستۆنی 26 – ئینگلیزی « بوون.
بڵاوکردنەوە و پەرەدان به فەرهەنگ و ئەدەبی زارەکی، لەگەڵ فەرهەنگ و ئەدەبی نووسیندا وەک لفەودوانە وان، کە میرزا تێیدا سەرکەوتوو بووە. ئەرکی پێویستی سەرشانمانە، هەرکام بە جۆرێ یارمەتی بدەین بۆ وەی هەتا خۆی هەیە شیعرەکانی لە تۆی کتێبێکدا چاپ بن و دوای خۆی پڕش و بڵاو نەبی. دیسان بە دەم و دەست و پێنووس ئاواتەخوازم، ڕۆژ بە ڕۆژ ئەستێرەی بەختی بە بەختەوەری پڕشنگ بداتەوە و لە ئاخری پیری لەش بەبار نەبێ. داوای تەمەن درێژی پڕبەرو بەرهەمی بۆ دەکەین. چاوی تیژ و بیری وردی ڕابوردوو دێنێتە سەما و بۆ داهاتوو وەسەر یەکی ئەخاتەوە، ژیان مسۆگەر ئەکا. دەڵێم: بۆ ڕازاندنەوەی نووسراوەکەم هەڵبەستێکی خۆت، خەڵاتی هەموو لاییک بکه.
بە ئەدەبەوە ئەڵێ: بڵێی قەڵەمی شکاوی من ڕووی مەجلیسی دۆستانی هەبێ؟

بە پارچە هەڵبەستێکی میرزا عەبدوڵڵا وتارەکە وێک دێنین، هەتاکوو شەوگەڕێکی دیکە ماڵ ئاوا:
یاخوا هیچ کەسێ بەختی لار نەوێ
نوور دیدەی خۆی لێ بێزار نەبێ
دوێنی ڕێم کەوتە گۆشە و کەنارێ
پیرەژنێکم دی لە پاڵ دیوارێ
زارزار ئەگریا پیرەژن هەژار
فرمیسک لە چاوی ئەڕژا بە خوار
چوومە پێشەوە سڵامم لێ کرد
جواب سڵامی بە جێگە هاورد
وتم دایە گیان بۆچ وا دڵپڕی
نارەحەت لە دەست بووک یا کوڕی؟
لە جوابا وتی: کوڕێکم بوو مرد
لە دوای شەش مانگ ژنەکە شویکرد
بە جێ ما بۆ من سێ منداڵی ورد
بە ڕەنج و مەینەت گەورەیانم کرد
زۆر ڕەنجم کێشا تا گەینە پایە
ڕەنج و زەحمەتم گشت چوو بە زایە
مەسخەرەم ئەکەن بە پێکەنینەو
قسەم پی ئەڵێن بە بوغز و کینەو
ئارامم نییە لەبەر ئێش سەر
وتم ڕۆڵەکان بمبەن بۆ دوکتەر
خوڕیانە ملما بە ئەوقات تاڵی
دوکتور چیت لێکا کەڕی ناحاڵی
سەرت نایشێ بە تونو تەوەس
تا کەی بۆ دنیا تۆ ئەکەی هەوەس
منیش بێ کەس و پیرو هەژارم
ئاوا گەردن کەج پاڵی دیوارم
ئەم قسەم شنەفت لە پیری هەژار
ڕەحم وتی پێم بیکە بە ئەشعار
با عیبرەت بگرن ئەو نەوعە کوڕە
وا نەنەی لە دەس ئەو دڵی پڕە
ئەی برای عەزیز ئێوەش پیر ئەون
هەر وەکوو ئەوان زەمین گیر ئەون
کردەوەی خۆتان جا تێتە ڕێتان
ئەولاد ئێوەش وائەکا پێتان
ئیتر واز بێنن لە پیرە ژنە
وا لە دەست ئێوە جەرگی کون کونە

سه‌رچاوه: ڕۆژنامەی ڕۆژان

تبلیغ

نظر شما

  • نظرات ارسال شده شما، پس از بررسی و تأیید در وب سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.
نام شما : *
ایمیل شما :*
نظر شما :*
کد امنیتی : *
عکس خوانده نمی‌شود
برای کد جدید روی آن کلیک کنید