شێخ بۆ نانی بەیانی بانگی لێکرد و لەگەڵ ئەو پیاوە سوبحانەی خوارد و چەندین جار داوای لێبوردنی لێکرد.
ڕۆژانپرێس: چەن ساڵێ لەمەو پێش گەیشتمە خزمەت کاک ئەسعەدی سیڕاجەدینی.
کەسایەتی زۆرم دیبوو بەڵام بەڕاستی لە کەسایتیی و کرداری کاک ئەسعەد سەرسام بووم. پیاوێکی بلیمەت و ڕۆح سووک و شیرین گوفتار و گەنجینەیەک لە بیرەوەری تاڵ و شیرینی مێژووی هاوچەرخی کوردستان. هەرچیم ئەکرد تینوویەتیم لە وتەکانی ئەو بهڕێزە نەئەشکا.
بەشێ لە قسەکانی باسی کەسایەتی مامۆی ئەکرد.
ئەیوت: خانەقای شێخ مەکۆی هەمووان بوو.
له سۆفی هەتا یارسانی و لە کۆمۆنیست هەتا لاییک و له ژیر هەتا شێت و له ساغ هەتا نەخۆش.
هەژار و دەوڵەمەن و ماڵدار و بێ خانومانی تێدا بوو.
وتی: جارێکیان خەوەریان دا بە شێخ کە گوایە ڕێگەیان نەداوە پیاوێک که مەست بووبوو بێتە ژووری خانەقاکەی ئەسەمۆڵی تورکیاوە.
ئەیوت شێخ زۆر نیگەران بوو و وتی لەم خانەقا دەم بە نانەوە نادەم هەتا ئەو پیاوە نەگەڕێننەوە بۆ ئێرە و نەیبینم.
وتی بە هەر شێوەیەک بوو پیاوەکەیان نیوەشەو پەیا کرد و هێنایانەوە بۆ خانەقا.
شێخ بۆ نانی بەیانی بانگی لێکرد و لەگەڵ ئەو پیاوە سوبحانەی خوارد و چەندین جار داوای لێبوردنی لێکرد.
ئەیوت شێخ بەو پیاوەی فەرموو: کاری ئێمە نان دانە و نە ئیمان دان. حەقی ئەوەمان نیە لە هیچی تر بپرسین!...
ئەیوت شێخ هەمیشه جەختی لەوە ئەکرد "رێبازی ئەو ڕێبازی پێکەوەژیانە..."
ئێمڕو ١١ی ڕێبەندان ساڵیادی کۆچی دوایی شێخ عوسمانی نەقشبەندییە.
شێخیش وەکوو هەر ئینسانێکی تری ئەم کۆمەڵگایه بەقەوڵ مەولەوی «ئایینەی کامڵ» نەبوو و لەگەڵ ئەوەشدا نیم ڕەنگی «مقدس»ی پێ ببەخشین و بەدوور لە ڕەخنەی بزانین لەوەیش ئاگادارم کورد ئەو جۆرە شیاوە نەیتوانیوە لە ڕێباز و کەسایتی شێخ کەڵکی پێویست وەربگرێت.
پێگەی شێخ و ڕێبازی نەقشبەندی دەتوانێ ڕێگە له توندڕەوی ئایینی و تەفسیری توندڕەوانە له ئایین بگرێت؛ چونکه وەک جەنابی شێخ به موریدانیی ئەڵێت: «بە هەڵویستی نادروست خەڵکی مەخەنە ناو سەنگەری دژایەتی لە ڕێبازەکەتان. ڕێبازی نەقشبەندی خۆهەڵکێشان و کەرامەت لێدان و نەفس بەخێوکردن و فریودانی خەڵکی نیە؛ ڕێبازی ئێمە پلانگێڕان و حیزبایەتی نیه کە تەنیا کۆمەڵێ خەڵک بگرێتەوە و باقی به خراپ و نەیار لە قەڵەم بدرێت.»
کەس ناتوانێ لە ڕۆڵ و کەسایەتی ئەم گەورە پیاوە حاشا بکا.
دەوری شێخ و بە گشتی تەریقەتی نەقشبەندی لە زۆربەی بووارەکان وەک ئەدەبی کوردی دیارە.
تەبابەتی بێوێنەی ئەو کەسایەتیە و پلەی ڕۆحانیەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و دەوری ئەو لە کۆتایی هێنان بە شەڕی براکوژی و کۆمەڵگای کوردی و... لە مێژووی ئەم نیشتمانەدا هەرگیز ناسڕێنەوە.
یادیان سەوز
آدرس کوتاه خبر: