پنج شنبه، 13 اردیبهشت 1403
روژان پرس » اخبار » زمان؛ جەوهەر و ناسنامەی منه

مه‌رزیه خاکی

زمان؛ جەوهەر و ناسنامەی منه

0
کد خبر: 904

زمان؛ جەوهەر و ناسنامەی منه

بەڕاستی چەن خوشه کە بەزمانی خۆت و بە زمانی دایکیت بنووسیت و بخوێنیتەوە ئەوکاتە تێدەگەی کە نەتەوە و زمانی خۆت چەن پیرۆزە.
مامۆستا هەژار ئەوگەوره پیاوەبوو که بۆ یه‌که‌م جار له ناو کورده‌واریدا زمانی دایکی و زگماگی کوردی به جیهان ناساند و پەرەی دا بەزمانی دایکی؛ بۆیە من پێی ئەڵێم باوک و کوڵەکەی زمانی کوردی.
له ‌۲۱ی‌ شوباتی‌ ۱۹۵۲ خه‌ڵکی‌ به‌نگلادیش خۆپیشاندانێکیان ئه‌نجامدا‌ و داوای‌ مافی‌ قسه‌ کردن‌ و خوێندن به‌ زمانی‌ دایکیان ده‌کرد، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌وکات به‌ توندی‌ روبه‌ڕویان بووه‌وه. دوابه‌دوای‌ ئه‌مه‌‌ و له‌ ساڵی‌ ۱۹۹۹دا نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان رۆژی‌ ۲۱ی شوباتی‌ به ناو ‌رۆژی‌ جیهانی‌ زمانی‌ دایک ناساند‌ و ساڵانه‌ به‌هاوکاری‌ ڕێکخراوی‌ یونسکۆ ئه‌و یاده‌ ده‌کرێته‌وه.
زمانی دایکی یەکێ له گرینگ‌ترین ئامرازەکانی پێکهێنانی شووناسه، به وتەیەکی‌تر زمانی دایکی دەلاقەیەکه لەو ڕۆانگەیەوه مرۆڤ لەگەڵ جیهان و سرووشت و کۆمەڵگادا پەیوەندی ساز دەکات؛ هەر لەم ڕوانگەوه بوونی خۆی دەسەلمێنێ و بنەمای شووناسی خۆی دادەمەزرێنێت
هەر جۆره نیزامی پەروەردەیەک که ئەم ئەسڵه سەرەکیه له بەرچاو نەگرێت، مافی مرۆڤی خستۆته ژێر پێ و له ڕاستیدا پەروەردەیەکی سەقەت و نەزۆک و خەسیوی بارهێناوە؛ کەوابوو، ڕەخساندنی هەلی خوێندن و نووسین به زمانی زگماکی(دایکی) مافێکی حاشا هەڵنەگری مرۆڤه.
نیلسۆن ماندلا ده‌لێ: ئه‌گەر له‌گه‌ڵ مروڤێک به زمانێک که تێده‌گا قسه بکه‌ی، قسه‌ی ئێوە ده‌چیتە نێو مێشکی ئه‌و مروڤه‌، به‌ڵام ئه‌گەر له‌گه‌ڵ مروڤێک به زمانی دایکی قسه بکه‌ی، ئه‌و قسه‌ی ئێوه ده‌چێتەنێو دڵی ئه‌و مرۆڤه‌وه. زمانی دایکی تەنیا زمانێکە کە مرۆڤەکان شوناسی کۆمەڵایەتی و دەرونناسیی خۆیانی لێ وەردەگرن، ئەو زمانە زمانێکە کە ئەوان بە نیشتمان و نەتەوە گرێ دەداتەوە.
ئەگەرچی جۆراوجۆری زمانی ڕەوشێکی سرووشتییە بەڵام باسی هەرە گرینگ لێرەدا ئەوەیە کە، بەپێی پەسندکراوەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێ ڕێز لە مافی بە فەرمی بوونی زمانی دایک بگرین چوونکە مناڵەکان بۆ فێربوون و پەروەردەی باشتر دەتوانن پێوەندی لەگەڵ زمانی دایکەوە بگرن و ئەو زانیارییانەش هەتا کۆتایی تەمەنیان لەگەڵیان دەمێنێتەوە. یۆنسکۆ باوەڕی بە وانە وتنەوە هەیە بە زمانێک کە منداڵان بەباشی لێی تێدەگه‌ن. مافی هەموو منداڵێکە کە فێر بن کە بۆ وەرگرتن و چێژوەرگرتن لە پەروەردەی زمانی دایکیان کەڵک وەربگرن و لە لایەکی ترەوە فێر کردن بە زمانی دایکی دەتوانێت جیاکاری کەم بکاتەوە و یارمەتی بدات بۆ گەشە کردنی پەروەردە. خەڵکی جیهان ئێستا بە نزیکەی 6000 زمانی جیاواز قسەدەکەن. لە کۆتایی سەدەی 21دا، وا بیر دەکرێتەوە نیوەی ئەم زمانانە لە دەست دەچن.
بەپێی وتەی نەخشەی یۆنسکۆ لەسەر ئەو زمانانەی مەترسی ڕووخانی جیهانیان هەیە لەسەدا 96ی ئەم زمانانە لەسەدا چواری دانیشتوانی جیهان بەکاردێنن کە زمانی بێگانەیە بەکارهێنانی قسەکەرانی ڕەسەن لە خوێندنی سەرەتاییدا دەتوانێت کاریگەر بێت لە بەرەنگار بوونەوەی خەڵکی نەخوێندەواردا ئامانجێک کە پێی دەوترێت پەروەردە بۆ هەموو ئامانجەکان تا ساڵی 2015 بۆ هەموو منداڵان و پێگەیشتووەکان دەگونجێت کە خوێندنی سەرەتایییان هەبێت.
هەموو زمانێک کەلتوورێک لەخۆیدا هەڵدەگرێت، بەشێک لەم  کەلتوورە دەتوانێت بۆ ژیانی هەموو مرۆڤەکان بەسوود بێت دەکرێت ببێتە وانەیەک لە ڕابردوودا بۆ فراوانکردنی گەشەسەندنی بەردەوام؛ بۆیە پاراستنی هەمەچەشنی زمانەوانی لەجیهاندا که‌لتورێکی ئاشتی و هەمەچەشنی بەرز دەکاتەوە. هه‌ر به‌م بۆنه‌وه سکرتێری گشتی یۆنسکۆ لە پەیامێکەیدا، هەمەچەشنی که‌لتوری بە گرنگ و کاریگەر ناوده‌با وەک هەمەچەشنی زیندەوەران لە سروشتدا. ئاماژەی بە پەیوەندیی نێوان پاراستنی هەمەچەشنی زمانەوانی و فراوانکردنی پێشکەوتنی بەردەوامیشی لەجیهاندا کردووە.
زمانی  دایکی چەن خوشه ویست و پیرۆزە  سەد ئەوەندەیش شیرینە؛ زمانێک کە یەکەم جار بیستوومانە زمانی دایکمانە و کاتێک فێردەبین کە قسەی پێبکەین ئەوکات ئەزانین کەچەن خوشه‌ویستە لامان.
بەڕاستی چەن خوشه کە بەزمانی  خۆت و بە زمانی دایکیت بنووسیت و بخوێنیتەوە ئەوکاتە تێدەگەی کە نەتەوە و زمانی خۆت چەن پیرۆزە.
من کاتێک منداڵ بووم بۆ یەکەم جار لە بیرمە کە ملووانکەی شینی مامۆستا شه‌ریفم خوێندەوە دڵم کەوتە نۆق بوون کە زمانی کوردی زمانێکی دەوڵەمەندە بێ ئەوەی بیر لە وشەکانی بکەمەوە لە خوێندنەوەی تێگەیشتم و بێ ئەوەی لەسەر وشەکان ڕاوەستم لەهەمووی وەکو ئاوێنەی دڵ تێگەیشتم چون مێشک و دڵم بە ئەو وشانه گوێیان بەر بوو  و شیریان ئەخوارد؛ بۆیه ئه‌ڵیم بەزمانی داێکم پەروەردە کراوم و هەستاومەتەوه سەرپێ و بەو وشە کوردییانە گەورەش بووم. من قەت وشەی «مەمان»م بەکار نەبردووە و هەر ووتوومە «دایە» چونکە وشەیەکی پیرۆز و ڕەسەنی کوردییە.
ئای... چەن خۆش بوو دایکم لای لایەی کوردی بۆ ئەوەتم کاتێک لەنێۆ لانک بووم و من بەو وشانە خەوم لێدەکەوت.
زمانی دایکی ئەو زمانەیە کە بەپاکی و بێگەردبوون قسەی پێدەکەی نەک زمانی بێگانە. زمانی دایک ئەبێت ڵای هەمووان پارێزراو بێ و بایەخی زۆری پێبدەین تا لەناو نەچێت؛ بۆیە لە کۆنڤانسیۆن و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکاندا لە زۆر شوێن باسی ئەو مافە ڕەوایە کراوە؛ بۆ وێنە لە جاڕنامەی جیهانی زمانی دایک ”یونسکۆ”دا هاتووە:
۱ــ سەرجەم قوتابیانی قوتابخانەکان دەبێ خوێندنی فەرمی خۆیان بە زمانی دایکی بێت.
۲ــ سەرجەم وڵاتان ئەرکدار دەکرێن کە بۆ بەرهەم هێنان و پەروەردە بە زمانی دایکی هەمووجۆرە کەرەستەیەک دابین بکەن.
۳ــ بۆ خوێندن بە زمانی دایکی دەبێ بە ڕادەی پێویست مامۆستا پەروەردە بکرێن، چوونکە خوێندن بە زمانی دایکی هێمای دادپەروەری کۆمەڵایەتییە.
قەدەخە کردنی زمانی نەتەوەکان و سووکایەتی پێکردن و پێناسەیان بە “زاراوەی گەڕەک” و داسەپاندنی زمانێکی دیکە بەسەر نەتەوەی کورد و باقی گەلانی نیشتەجێی وڵاتانی تر لە کاتێکدایە کە بەشی زۆری ئاخێوەرانی ئەو جوگرافیایەی بە وڵاتان دەێتەناسین مافی زمانیان لێ ستەندراوە و ناچار کراون بە زمانێکی تر بخوێنن.
هەموو مناڵێک ئەبێت تا تەمەنی چوار ساڵی فێری زمانی دایکی بکرێت دوایی ئەوه خۆی سەربەسته کە فێری زمانەکانی تر بێت بۆیە من وەکوو کچە کوردێک ئەڵێم:
دایە بابە فێرم بکە
لە زمانی خۆت شەرم مەکە
زمانی کوردی شیرینە
نیشانەی مێژووی دێرینە
بەهیوای ئەو ڕۆژەی هیچ مناڵێک له مافی خوێندن و نوسین به زمانی دایکی بێبەش نەبێت.
۲ی ڕەشەممه، ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی بەرز و پیرۆز بێت.
کلید واژه ها:
زبان مادری زمانی کوردی
تبلیغ

نظر شما

  • نظرات ارسال شده شما، پس از بررسی و تأیید در وب سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.
نام شما : *
ایمیل شما :*
نظر شما :*
کد امنیتی : *
عکس خوانده نمی‌شود
برای کد جدید روی آن کلیک کنید