شنبه، 8 اردیبهشت 1403
روژان پرس » اسلایدر » کورد قەرزداری مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیسە

مه‌رزیه‌ی خاکی

کورد قەرزداری مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیسە

0
کد خبر: 229

کورد قەرزداری مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیسە

لەپاش ئەوەی هەندێک کێشە و ناکۆکی بۆ دروست دەبێت، دڵی دەڕەنجێت و سلێمانی بەجێ دەهێڵێت و دەچێتە تەکیەی تاڵەبانی لە کەرکوک؛ لەوێیش بۆ ماوەی شەش ساڵ سەرقاڵی نووسین و وانە وتنەوە بووە بە مامۆستایانی شاری کەرکوک.
مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس لە بەھاری ساڵی ١٩٠٣ یان ۱۹۰٥دا لە گوندی «تەکیە»ی سەر بە شارۆچکەی خورماڵ‌ ھاتووەتە دنیاوە کە ئەمە ڕای بەشێک لە لێکۆڵەرانە، بەڵام بۆچوونێکی تریش هەیە کە مامۆستا  لە گوندێکی  نزیک شاری مەریوان بەناوی ئاوایی «گوێزە کوێری» لە دایکبووە. هەروەها لەسەر ساڵی لە دایک بوونەکەشی ڕای جیاواز هەیە؛ هەندێک سەرچاوە دەڵێن لە ساڵی ١٩٠١ لە دایکبووە ‌و ناوی تەواویشی» عەبدولکەریم محەمەد فەتاح‌ سلێمان»ە و سەرەتای خوێندنیشی بە قورئان و پەرتوکە ئایینییەکان لەسەرەتای ھەڵگیرسانی جەنگی یەکەمی جیھانیشدا لە مزگەوتی مەڵکەندی شاری سلێمانی نیشتەجێ بووە و چووەتە خانەقای مەولانا خالید و له‌وێ خزمەتی بە ناوبانگترین زانای ئەو سەردەمە (مامۆستا شێخ عومەر ئیبنو قەرەداغی) دەگات و کۆتا پلەی زانستی دەخوێنێت و لە ساڵی ١٩٢٤یشدا لە شاری سلێمانی مۆڵەتی مەلایەتی و وانەبێژی وەرگرتووە.
لە پاش ئیجازە وەرگرتن دەچێتە ئاوایی (نێرگسەجاڕ) و بۆ ماوەی چوار ساڵ لەوێ دەمێنێتەوە؛ پاش ئەوە لە ساڵی ١٩٢٨ لە سەر داوای گەورە مورشیدی ئەو سەردەمەی کوردستان، حەزرەتی شێخ عەلائەدین بە پێشوازیەکی گەرمەوە لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا دەچێتە بیارە و دەبێتە وانەبێژی ئەو مەدرەسەیە کە ناوەندێکی بەهێزی ئایینی و عیرفانی و گەورەترین زانکۆ و فێرگەی ئەو سەردەمەی کوردستان بووە.
مامۆستا لە بیارە بۆ ماوەی ٢٣ ساڵ دەمێنێتەوە. پۆل-پۆل فەقێ لە کورد و نەتەوەکانی دیکە وەکو عەرەب و فارس و تورک دەهاتنە خزمەتی و بەهرەی بەرزی زانستیان لێ وەردەگرت و لەسەر دەستی مامۆستا بڕوانامەی مەلایەتیان وەردەگرت.
پاشان لە ساڵی ١٩٥١ ماڵئاوایی لە بیارە دەکات و بەرەو سلێمانی کۆچ دەکات و لە مزگەوتی «حاجی خان» مامۆستایی دەکات و لە هەڵەبجە و بیارە و سلێمانی و کەرکووک و بەغدا کاری مەلایەتی کردووە.
لەپاش ئەوەی هەندێک کێشە و ناکۆکی بۆ دروست دەبێت، دڵی دەڕەنجێت و سلێمانی بەجێ دەهێڵێت و دەچێتە تەکیەی تاڵەبانی لە کەرکوک؛ لەوێیش بۆ ماوەی شەش ساڵ سەرقاڵی نووسین و وانە وتنەوە بووە بە مامۆستایانی شاری کەرکوک. لە ساڵی ١٩٦٠ دەچێتە بەغداد و یەکەم جار لە مزگەوتی ئەحمەدی بەناوی پێش‌نوێژ و خه‌تیبەوە دائەمەزرێت.
کاروانی ژیانی مامۆستا عەبدولکەریمی مودەڕیس لەساڵی ١٩٦٤ لە مزگەوتی شێخ عەبدولقادری گەیلانی لە بەغدا بەناوونیشانی ” مودەریس” دامەزراوە، زیاتر لە ٥٠ فەقێ لە سەردەستی مۆڵەتی زانستییان وەرگرتووە. ھەر لەو کاتەوە بە بێ‌ پشوودان خەریکی وانە وتنەوە بووە لە زانستە شەرعی و وێژەیی و عەرەبییەکاندا.
ئەو گەورە زانا کوردە کە دەریایەک بوو لە زانست، بۆ ماوەی ٤٠ ساڵ کۆڕی وانە ووتنەوە و فتوای لە ئاسمانی هەموو دونیای ئیسلامدا دەنگی دایەوە. مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس چەندین پەرتووک و بەرهه‌می وەک نووسینەوەی ژیان و بەسەرھات و شێعری چەندین شاعیری وەک مەولانا خالید و «شێخ عوسمان سەراجەدین”ی بڵاوکردووتەوە؛ ھەروەھا چەندین شێعریشی لەژێر نازناوی ”نامی”دا بڵاو کردۆ‌تەوە؛ ھەروەھا ڕۆڵێکی گرنگی هه‌بووە لە بەکوردی کردنی فیقهی ئیسلامی و تەفیسری قورئانی پیرۆز و تەجویدەکەیدا. نموونەی ژمارەیەک لە پەرتووکە بەنرخەکانی مامۆستاش بەزمانی کوردی ئەمانەن: یادی مەردان لە دووبەرگدا، بنەماڵەی زانیاران، ژمارەیەک پەرتووک لە بارەی شەریعەت و ئیسلامەوە، کۆمەڵە شێعری فەقێ قادری هه‌مەوەند، تەفسیری نامی حەوت بەرگ، مەکتوباتی کاک ئەحمەدی شێخ چوار بەرگ، عەقیدەی مەرزیەی مەولەوی، دیوانی نالی، دیوانی مەولەوی، دیوانی مەحوی و چەندین پەرتووکی دیکەشی‌ بەزمانی کوردی و عەرەبی و فارسی نووسیوە و بڵاوی کردۆتەوە. مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، لەبەر ئەوەی لەسەر ئاستی عێراقیشدا بە زانایەکی گەورە ناسرابوو خاوەنی‌ توانای‌ فتوای ئایینی بووە.
لەدوای ئەوەی ساڵی ١٩٧٣ خانەنشین کراوە لەلایەن بنەماڵەی شێخی گەیلانییەوە، شەرەفی مانەوەی لە مزگەوتی گەیلانی پێبەخشراوە بۆ فەتوادان بۆ مسوڵمانان و پێشنوێژی کردنیان. یەکەم مەلای کورد بووە کە وتارەکانی ڕۆژی هەینی بە زمانی کوردی خوێندووە، هەروەها چەندین ساڵ‌ پۆستی سەرۆکی «ڕابیتەی زانایانی عێراقی”ی بەدەستەوە گرتبوو  و دواتر بووە بە موفتی هەموو عێراق. ماوەیەکیش ئەندامی کارای کۆڕی زانیاری عێراق –د‌ەستەی کورد– بووە.
مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس دوای بەسەر بردنی زیاتر لە ۱۰٤ ساڵ تەمەنی پڕ بەرهەم؛ به داخه‌وه  ٢٩ لەسەر ۲۰۰٥/٥/٣٠ کاتژمێر۱۲ی شەو لە شاری بەغدا کۆچی دوایی کرد و لە مزگەوتی شێخ عەبدولقادری گەیلانی لە شاری بەغداد بەخاک سپێردراوە.

نازناوەکانی مامۆستای مودەڕیس:
مامۆستای مودەڕیس نازناوێکی زۆری هەیە و لە هەموویان دیارتر (مودەڕیس)ە، کە بەمانای (وانەبێژ) دێت. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە (٢٥) ساڵ لە بیارەدا وانەی وتووەتەوە. خۆیشی هێما بەم نازناوە دەدات. لە کۆتایی کتێبی (قواعد الفوائح)دا دەفەرموێ: «فقیر مولف عبدالکریم فرزند محمد مشهور بەمدرس.»
 یەکێکی تر لە نازناوەکانی بریتییە لە (نامی) کە ئەمەش نازناوی شێعرییەتی و لە شێعرە کوردی و فارسییەکانیدا بەکاری دێنێت، بەڵام لە شێعرە عەرەبییەکانیدا بەکاری ناهێنێ، هەر بۆیە لە نێوەندی عێراقدا بەم نازناوە نەناسراوە.
 لەگەڵ ئەم دوو نازناوەدا مامۆستای مودەڕیس ناوەکەی پاڵ دەدرێتە پەنای هەندێ شوێن، وەک:
- مامۆستا عەبدولکەریمی بیارە، لەبەر ئەوەی لەوێ زۆر ماوەتەوە
- مامۆستا عەبدولکەریمی شارەزووری، دەدرێتە پاڵ شوێنی هۆزەکەی
- مامۆستا عەبدولکەریمی کوردی، دەدرێتە پاڵ گەلەکەی
هەندێک لە بەرهەمەکانی مامۆستا عبدولکەریمی مودەڕیس بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی و فارسی:
بەرهه‌مەکان بە زمانی کوردی دەستکاری.
٨۳بەرهەمی نووسراوی هەیە کە ٤۷ بەرهەمی بە زمانی کوردی نووسیوویە و ۲۹ بەرهەمی بە عەرەبی و ۷ بەرهەمیشی بە فارسی هەیە.
باخچەی گوڵان
بارانی ڕەحمەت
بەھار و گوڵزار
بنەماڵەی زانیاران
شەرحی تەسریفی زنجانی
تەفسیری نامی (لە چەند بەرگێکدا)
سەنا و سکاڵا
حەج نامە
خۆلاسەی تەفسیری نامی
دوو ڕشتە
ڕۆژگاری ژیانم
ڕۆژگای بەهه‌شت
ڕێگای پێغەمبەر
سەرچاوەی ئایین
سۆسەنی کۆسار
شەریعەتی ئیسلام - لە ٤ بەرگدا
شەمامەی بۆندار
شەوچەرەی دڵدار
کەراماتی حەزرەتی ضیاء‌الدین «قدس سرە»
لیمۆی مەزەدار
مەولودنامە و میعراجنامە
مەکتووبات کاک ئەحمەدی شێخ
نامەی بەختیار
نامەی ھۆشیار
شەمامەی بۆندار
نووری ئیسلام
نووری قورئان
وەنەوەشەی نازدار
وتاری ئایینی بۆ ڕۆژانی ‌هه‌ینی
یادی مەردان (دوو بەرگ)
وەرگێڕان بە کوردی دەستکاری
تەرجەمەی بەهارستانی جامی (چاپ نەکراوە)

ساغکردنەوە دەستکاری
عەقیدەی مرضیةی مەولەوی
دیوانی فەقێ قادری هه‌مەوەند
دیوانی مەحوی
دیوانی مەولەوی
دیوانی نالی

بەرهه‌مەکان بە زمانی فارسی دەستکاری
فوائدالفوائح
رسالە شمشیرکاری
بەرهه‌مەکان بە زمانی عەرەبی دەستکاری
علماءنا فی خدمة علم و الدین
الصرف الواضخ للمبتدئین الإسلام
نمونەی شێعری دەستکاری
و هەر بەم نازناوەوە سێ پەرتوکی بە چاپ گەیاندووە کە بریتین لە:
١- بەدیع و عروزی نامی
٢- تەفسیری نامی
٣- خولاسەی تەفسیری نامی
هەروەها وشەی نامی لە زۆرێک لە شێعرەکانیدا بەدی دەکرێ وەک:
(نامی) ئەناڵی لە دەرگای ڕەحمەت
بۆ عەفوی خۆی و ماباقی ئوممەت
یان:
 (نامی) بۆ مەولای ساداتی کیرام
دیاری ئەنێرێ بە بەستەی سەلام
لەڕاستیدا مامۆستا مودەڕڕیس  کتێب‌گەلێکی هەن کە هێشتا بەدنیای چاپ نەگەیشتوون:
بە زمانی کوردی ئەمانەی نووسیوە:
1. نامەی حەقیقەت
2. سۆسەنی کۆسار: ئامۆژگارییە بۆ مسوڵمانان
3. وەنەوشەی نازار - پەیڕەوان: باسی خەلیفە دیارەکانی شێخ عوسمان سراجەدینی یەکەم و کوڕەکانی دەکات
4. باخچەی مەعریفەت
5. ڕاڤە و لێکۆڵینەوەی شێعرەکانی بێسارانی
6. شەمامەی بیندار: فەلسەفە و ئامۆژگارییە
7. ڕاڤەی تەصریفی زنجانی: بە کوردی لە زانستی صەرفدا
8. باوەشێنی دڵ بەچەند دەستە گوڵ باسی ژیانی خۆی دەکات تا بوونە مامۆستا لە بیارە

پاشان وەک وەفایەک باسی شێخەکانی نەقشبەندی دەکات بە مەولانا خالید دەست پێدەکات و بە شێخ (عومەر چیا‌والدین) کۆتایی دێت و مەخابن ئەم کتێبەی تەواو نەکردووە بە خەتەکەیدا پێ دەچێ لە تەمەنی پیری و دەست لەرزۆکی نوسیبێتی.
دەستنووسە فارسییەکان بریتیین لە.
9. (شهاب سما در رجم جن جان نما): ئەمەش وەڵامە بۆ کتێبی (جان نما) دانراوی ئایەتوڵڵای مەردرخی لە عەقیدەدا.
10. فیوچاتی خدای ژی من: ڕەددی پەرتووکی (یزدان و اهریمن): دانراوی ئایەتۆڵڵای مەردۆخە کە هەم کتێبەکەی مەردۆخ و هەم وەڵامەکەی مودەڕڕیس هۆنراوەیە.
11. گلزاری حکمت در رباعیات فارسی: نامیلکەیەکە لەسەر شێوەی هۆنراوەی فارسی لەگەڵ چەند چوارینەیەکی فارسی
12. هۆنراوەیەکی فارسی لە زانستی تەجویددا
13. ڕای رحمت حق: شیعرە بە فارسی
بە زمانی عەرەبی
15. العلمان فی العلمین: لە زانستی (وچع و استعارە).
16. شرح حدائق الصمدیە لە زانستی نەحودا نوسیوویەتی
17. العقد الزهب فی جید الادب: لەزانستی (بدیع و عروچ)دا دایناوە
18. خلاصە التبیان ئەمانە هەمووی دەستنووسن و بە عەرەبی نووسراون.
سەرچاوەکانی کتێب
١/ ئامادەکردنی، عبدولدائم مەعروف هەورامی، سەدەیەک تەمەنی نورین مامۆستا عبدولکەریمی مودەڕیس بەپێنووسی خۆی بناسە، بڵاوکراوەکانی پڕۆژەی تیشک، شاری سلێمانی ، چاپی یەکەم، ساڵی ٢٠٠٧ زاینی.
٢/ دانراوی مەلا عبدولکەریمی مودەڕیس، شەوچغەرەی دڵدار، انتشارات امام ربانی، چاپی یەکەم مەریوان، ساڵی ٢٠١٠ی زاینی.
مەلا عبدولکەریم لە ناو ژوورێکی مەرقدی عبدولقادری گەیانی ئەژیا و تفسیری کتێبەکانی لەویدا نووسیووە و لە ئاخەر تەمەنیدا پیاوێکی عەرەب خزمەتی ئەکرد.
 ماموستا زۆر نەجیب و ئێسک سووک بووه و هەموو کەسێک خۆشی ئەویست.
باوکم زۆر جار لەبەغداد لەگەڵا ئەودا بووە و نانی ساجی لە هەڵەبجەوە ئەبرد بۆی بۆ بەغداد؛ ئاخەر مامۆستا زۆر حەزی بە نانی ساجی دەکرد و زۆر سادە و نەجیب  ژیاوه. بچووکترین تەکببوری نەبووە لەم دنیایەدا؛ و هەمیشە وتویەتی بە دایکم «من نان خۆری ئێوەم»
دایکم لە بەغداد لە ناو مەرقدی گەیلانی بۆ یەکەم  جار نوێژی جەماعتی لە پشت سەری مامۆستاوە کردووە و ئەڵێت چێژێکی تایبەتی هەبووە بۆم.
یەکێک لە کتێبەکانی مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس کتێبی سەرچاوەی ئایینە، ناوەڕۆکی ئەم کتێبە بەنرخە بریتییە لە باسی زۆربەی زۆری بابەتە گرنگەکانی
ئایینی ئیسلام؛ وەکوو: ئیمان، ئیسلام، پیغەمبەران، ئیجتێهاد، حەدیس، خەلافەت، و هەم شێوازی شیعر و هەم نەسر، بە کورتی و جوانی، کە هەموومان بەئاسانی دەتوانین کەڵک و چێژی لێ وەڕبگرین.
بۆ نموونە:
ئەسلی ئیمانیش شەشە بە تەحقیق
ئەووەڵ ئەمەیە کە بکەی تەسدیق
بزانێ خودا وجوودی حەقە
قەدیم و باقی تەنهای موتلەقە
۳ هەزار زانای سونتە مەزهەب لە هەموو پارێزگاکانی عیراق هاتبوون لە بەغداد لە کۆبونەوەیەکی فراواندا بە بێ ئاگاداری مامۆستا عەبدولکەریم مودەریس هەڵی دەبژێرن بۆ سەرۆکی (الامانەالعلیا للافتا و التدریس و البحوث و والتصوف) بەڵام بەهۆی خراپی باری تەندروستی رەتی کردوتەوە. ماوەیەک ئەندامی کارای (کۆڕی زانیاری عیراق ـ دەستەی کورد) بووە و هەر وەها باوەڕ پێکراوی (کۆڕی زانیاری وەڵاتی ئوردن) بووە. هەروەها عەرەب (پێیان وتووە ئیمامی شافعی کوردان) و دەستی باشی هەبووە لە بواری نووسین و خاوەنی چەندین پەرتووکە دەچنە خانەی لێکۆڵینەوەی زانستی و هەمەلایەتی و خودای و دونیای وەک تەفسیری قورئانی پیرۆز و ساغکردنەوەی چەندین شاکاری شیعری کلاسیکی کورد بۆ نموونە: مەولەوی، نالی، مەحوی، بێسارانی و فەقێ قادری هەمەوەندی و چەندین شاعیری تریش کردووە.
مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس زانا و عاریف و موفتی و ئەدیبی ڕۆژگاری ئەو سەردەمانەبووە؛ بۆیە هێمن موکریانی شاعیری کورد لە پێشەکی دیوانەکەی نالی، کە مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس ساغیکردوتەوە، دەنووسێت: «هەموو کوردێکی پاک، چاک، دیندار، دڵسۆز و ئەدەب‌دۆست ئەگەر بەدڵ و بەگیان خۆی بە منەتبار و قەرزارداری مامۆستای هێژا و زانای کورد مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس نەزانێت، ناهەقی دەکات و لەڕاستیدا هەموو تاکێکی کورد قەرزاری مەلا عەبدولکەریمی مودەریسە». چونکە مامۆستا و کوڕە کارامە و لێزانەکانی، بە هەموو توانایانەوە درێخیان نەکردووە. بە ڕاستی ئەم خزمەتە بە نرخانەی ئەم بنەماڵە چاکە، بە دین، بە فەرهەنگ، بە زمان، بە ئەدەب و ئاکاری کوردییان کردووە، شایەنی ئەو پەڕی ڕێز و سوپاسە.
ئەو لەپاڵ پیری و مردندا بێعەقلی بە دەردێکی بێ دەرمان وەسف دەکات،  و ئەڵێت بەجۆرێک عاشقی دونیای ئەدەبیات بووم کە ئەگەر ئەدەبیات نەبوایە هەر زوو ئەمردم.
باوکی موریدی شێخ عەلادینی بیارە بووە، و لە ژیانیدا سێ جار ژنی هێناوە و خاوەنی چوار کوڕ و دوو کچێ لەهەر سێ هاوسەرەکەی بووە.
لە شاری مەریواندا مەزگەوتێک هەیە کە لە خۆشەویستی مامۆستا عەبدولکەریمی مودەڕیس ناویان ناوە و چەند ساڵ خوالێخۆشبوو؛ مامۆستا عەبدولخالقی زاوەر مامۆستای ئەو مەزگەوتح بوو.

هەندێک لەسیفاتی مامۆستا
مامۆستا زۆر وەفادار و بەئەمەک بووە هەر کەسێک بچووکترین خزمەتی کردبێ پێ ناوی خێری لێ دەبات، بەتایبەت لە دوو بنەماڵی قەرەداغی و خانەدانی شێخانی بیارە.
شەرم و حەیای بەرز یەکێکی تر لە خسڵەتەکانی بوو، شەرم و حەیا لە کردار و گۆفتاری دەست پێنووس دا قەت نەبیستراوە کە مامۆستا بە کردەوه یان بە زمان یان بە پێنووس دڵی موسڵمانێکی ڕەنجاندبێ، و تا دواین کاتی ژیانی یەک ڕەنگ و یەک فێکر و مەرام بەس ئامانجی خزمەتی بە نەتەوەکەی و ئایین و بیر و باوەڕەکەی بووە، ئارام گرتن و ڕەزا بە قەزا خسڵەتێکی تری ئاشکرای مامۆستایە.
لە کۆتاییدا وەکوو مامۆستا عەبدولکەریمی مودەریس خۆی وتوویەتی:
ئەدەب وەسفێکە هەر بۆ مەرد ئەشێ
نامەرد ئەدەبی قەت لێ ناوەشێ
دوور بە لەو کەسەی لە ئەدەب دوورە
ماڵی بێ ئەدەب ماڵی بێ نوورە
سه‌رچاوه: ڕۆژنامەی ڕۆژان ژمارە ۵۶۱
تبلیغ

نظر شما

  • نظرات ارسال شده شما، پس از بررسی و تأیید در وب سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.
نام شما : *
ایمیل شما :*
نظر شما :*
کد امنیتی : *
عکس خوانده نمی‌شود
برای کد جدید روی آن کلیک کنید