جمعه، 15 آبان 1405
روژان پرس » اخبار » سەوڵاوا؛ شارێکی بچووکە بەڵام شایەنی خزمەتێکی گەورەیە

ساسان مونفەرید[بێوەر]

سەوڵاوا؛ شارێکی بچووکە بەڵام شایەنی خزمەتێکی گەورەیە

0
کد خبر: 3900

سەوڵاوا؛ شارێکی بچووکە بەڵام شایەنی خزمەتێکی گەورەیە

لە بۆاری تەندرۆستیەوە هێشتا بۆ بڕێک نەخۆشین و تاقیکردنەوە ناچارئەبن ڕوو لە شارەکانی تربکەن.
بێوەر. س.م: سەوڵاوا شارێک کە لە هەموو بۆارێکەوە بە پێی ساڵانی ڕابردووی پێویستی بە گەشەی زۆرترە بەتایبەت گەشەی ئابووری.
چ حەیفە، شارێک لە داوێنی کۆساڵان بێ و سیروان بیلاوێنێ و کوڕەمیانە سەیری بکا بەڵام هێشتا چاوێک بۆ دیتنی ئەم جوانیانە نەترووکێ و دڵێ بۆ بەرژەوەندی زۆرتری ئەم شوێنە لێ‌نەدا.
بە وتووێژ لە گەڵ خەڵکدا ئەوەمان بۆ دەرکەوت کە زۆر کەس هۆکاری گەشەنەکردنی ئەم شارە دەخەنە ئەستۆی دەوڵەت و نەبوونی بەرپرسانی دڵسۆز و نەبوونی کەسانێک کە خاوەنی بەرنامەیەکی داڕێژکراو بووێتن، یا بوونی بەرپرسانێک کە تەنیا خەمیان جێ هێشتنی کورسیەکانی دەسەڵات بووبێت و گرتنی پۆست ومەقامێکی  بەرزتری دیکە لە شارێکی تردا، بەڵام ئەمە ڕەنگە تەنیا بەجۆرێ پاساو هێنانەوە و لەمل کردنی کێشەوگرفتەکانی شار دەربخات، لێرەدا ئەو پرسیارەمان بۆ ساز دەبێ کە ئایا هیچ بەرپرسێک دڵسۆزی نەنواندووە؟ ئەی دڵسۆزی خۆمان تا چ ڕادەیەک بووە؟چوون شارۆمەندی دڵسۆز هەتا نەگات بە ئاکام دەسبەرداری داخوازیەکانی نابێ و بەرپرس مەژبوور دەکات کە هەنگاوی زیاتر بۆ ئاوەدانی لەم شارەدا هەڵبگیریێ، لێرە ئێمە نامانەوێت خاڵەلاوازەکانی بەرپرسانی ئەم شارە پیشان بدەین بەڵکوو دەمانەوێ تیشکێک بخەینە سەر کێشەبنەڕەتیەکانی ئەم شارە و ڕێچارێکی بۆ بدۆزینەوە.
سەوڵاوا نە تاقیگەیە و نە گۆڕەپانێ  بۆ مانۆڕدان؛ ئەم شارە پێویستی بە لەخۆبردوویی و خۆشەویسی زۆرترە چ لە لایەن  دانیشتووانیەوە  هەنبەری شار و چ لە لایەن بەرپرسانەوە.
ئەگەر ئاورێک لە مێژووی دەیان ساڵەی ئەم شاره بەربدەین بۆمان دەردەکەوێ کە زۆر بنەماڵە کە ساڵگارێک ژیانیان لەم شارەدا تێپەڕ کردووە و خزمەتیان نواندووە هەرکام به هۆکارگەلێ تایبەتی ڕوویان کردوەتە شارەکانی تری دەوروبەری سەوڵاوا و لەوێ خەریکی سەرمایەگوزاریەکانیانن کە ئەمەش ڕەنگە هۆکاری سەرەکی یا بە بیانووی نەبوونی کار و ڕەونەقی بازاڕەوە بێ، یا بە بیانووی چۆڵی زۆری ئەم شارە و نەبوونی کەرەستە و ئیمکاناتی چاک لە بۆارەجۆراو جۆرەکاندا، کە لێرەش ئەو پرسیارەمان بۆ ساز دەبێ کە بۆچی کۆچەری لەم شارەدا پەرەی سەندووە؟زۆربەی لاوەکانی ئەم شارە تەنانە ڕوویان لە وڵاتە غەربیەکان کردووە و خەسارناسیی کۆمەڵایەتی لەو بابەتەوە نەکراوە بەتایبەت کۆچی نۆخبەگەلی ئەم شارە بۆ شار یا وڵاتانی دەرەوە.
زۆرجار لە گەڵ کەسێکدا کە پێشتر لەم شارەدابووە و ئێستە نیشتەجێی شارەکانی دەوروبەرە دواوین و ئەوەمان بۆ دەرکەوتووە کە ئەڵێن: سەرمایەکانمان لە شارەکانی تردا زۆرتر ئەبێ تا لەم شارە، ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئەگەر هەرئەو مرۆڤانە سەرمایەکانیان لەم شارەدا خەرج بکردایێ، ڕەنگە ئیسە ڕەنگ وبۆنێکی تر بەم شارەوە دیاربوایێت، بەڵام هێندێکیان ئەیانگوت شاری بچووک تێکەڵاوی سەرەنجی زۆری خەڵکانی ترە و بتەوێ کارێکی گەورە لە شارێکی بچووکدا بکەی، دەکەوێتە بەرچاوی خەڵکانی ئاسایی کە ئەم بیرۆکەیە چکێ کۆنترە و سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ  بیروبڕوای مرۆڤەکانی دەوروبەر.
مرۆڤی دەغدەغەمەند لەم شارەدا هەیە بەڵام هەندێکیان پەراوێز خراون و یاسن بە دەست ئاشبەتاڵیەوە و ئەڵێن: ڕاکردنەکانمان بە هیچ ئاکامێ نەگەیشتووە و بەربەست لە ڕێگات دادەنرێ، گۆیا زۆرجار داخوازیەکان تا پارێزگا بڕی کردووە و دوواتر لەوێ پشت گوێی خراوە.
سەوڵاوا شارێک کە لقێ له سیروان لە پاڵیدا هاژەی دێت بەڵام سەهمی ئەم خەڵکە لەو نەعمەتە خواییە تەنیا خنکانی ڕۆڵەکانیان بووە لەوێ، ئەمە لەحاڵێکدایە کە ئەگەرچۆمی سیروان لە شارێکی تردا بوایێ، قازانجی ئابووری و گەشتیاری  زۆرتری هەبوو بۆ ئەو خەڵکە، کانی قوڵێک کە پەراوێز خراوە، کە ڕەنگە لە هەر جێگایەکی تردا بوایێ، بیانکردایێ بە شوێنێکی تایبەت و سەرەنجڕاکێشتر، خانقای شێخ ، گۆڕستانی عارفان لە دووڕۆ و مەرقەدی مەلامۆستەفا و داوێنی کۆساڵان و هەڵقوڵینی قوڵ وسیروان تەنیا تابلۆیەکی بچووکن لە پاڵی یەک بۆ دەرخستنی جوانیەکانی ئەو دەڤەرە کە باشترین سەرچاوەن لە بابەتی سروشتی، مێژوویی، عێرفانی و...کە ئەتوانێ شوێنێک بێ بۆ بەڕێوبردنی کێبڕکێی تایبەتی قایقڕانی، تەفرێح، شاخەوانی  و زۆر کاری تر کە لە بەرگێکی جیاوازتردا خۆی دەربخا.
بوونی پیرە پەڵکێ بەتەمەن وسەرەنجڕاکێش لە سەوڵاوی سەرۆ، بوونی شوێنگەلێ وەکوو چەم سەردەره، کانیاوگەلێ بەناوبانگ، پیازە و کوڕەمیانە و سەدان شوێنی گەشتیاری تر تەنیا مشتێکن لە خەرواری جوانیەکانی ئەم مەڵبەندە، بوونی سەدان جۆری گوڵ وگیای دارویی، بوونی دار بەڕوو و قەزوان و سەدان جۆری درەختی تایبەتی کە بەداخەوە ساڵانە زۆرێکی دەبێتە تۆعمەی ئاگر، سازکردنی دەریاچەیەکی دەسکرد ئەتوانێ کاریگەری ئەرینی ببێ بە سەر ئەم شارەوە، درووسکردنی درامەدێکی پایەدار لە شار بە تایبەت بۆ شارەوانی شار، زۆرترکردنی درووسکردن پۆمپاژئاوەکان و گەشەی زۆرتر لە بۆاری باخداری و کشتیاری بەتایبەت چاندنی زەعفەران و سماق، ئەرخەوان جیا له بەرهەمە بەناوبانگەکانی تری، و هەروەها ڕێکخستنی پرۆژەگەلێ گەورە بە کەمترین خەسارەت لە ژینگە وەکوو درووسکردنی ڕێگای گشتی لە بڵبەرەوە بۆ سەوڵاوا لە ڕێگای دواڵانەوە کە ئەبێتە پردێکی نزیک لە مابەینی سەوڵاوا و هەورامانەوە کە ئەم کارانە بە پێداگری نوێنەری شار و داخوازی زۆرتری خەڵک زۆربەیان چارەسەر دەکرێ.
ڕەنگە باس کردنی تێلکابین، وەک خەون و ڕۆیایەک بێ لەم دەڤەرە بەڵام نەبوونی "ئێستخەر"، نەبوونی پارکی تایبەت بە ژنان، مۆجەهەز نەبوونی پارکی مناڵان، دابڕکردنی بەستەر و حەریمی ڕۆخانەکان و فەنس وپەڕچین کردنی بۆ مەبەستی تاکەکەسی، نەبوونی ڕێگاوبانێ درووس بۆ کانی قووڵ، نەبوونی سەنعەتکاران لە شوێنێکی تایبەت(شارەک سەنعەتی چۆڵ)، نەبوونی سەرمایەگوزاری لەم شارەدا، نەبوونی ئیمکاناتی فەرهەنگی، تەفرێحی، زۆربوونی ڕێژەی ماتۆڕسەواری کردن لە شەو، زۆربوونی سەگەبەڕەڵڵاکان، زۆربوونی ڕێژەی جگەرەکێشان لە نێو مناڵاندا، زۆربوونی مەیل بەکۆچ کردن لە نێو لاوەکاندا و زۆر کێشەی وگرفتی تر کە هەریەک دەبێ لە جێ وکاتی خۆی قسەی لە سەر بکرێ و بەرنامەی بۆ دابڕێژیێ کە گرنگترینیان ئەوانەن کە بۆاری ئابووری دەگرێتەوە و دۆخی خەڵکەکەی بەجۆرێ پێخۆشتر دەبێ.

ئەڵبەت لێرەدا ئەتوانین ئاماژە بەوەش بکەین کە کارخانەگەلێ وەک کارخانە ئارد و کارخانە قارچک و چەندکارگەیێەکی تایبەتی بچووکیش بەجۆرێ ئێشتغاڵیان بۆ دەیان بنەماڵە سازکردووە بەڵام هێشتا ڕێژەی بێکاری لەم شارەدا لە نێو لاوەکاندا تەشەنەی سەندووە، بەتایبەت لاوانێ کە بەڵگەنامەکانی خوێندنیان بە دەستەوە هەیە بەڵام هێشتا وێڵن بە دوای کاردا، یا ناچارەن ڕوویان لە کۆڵبەری و کرێکاری فەسڵی و دەسفرۆشی و وردەکاری تر کردووە کە ئەمە ئەبێ دەسەڵات زۆرتر بەرنامەی تایبەتی بۆ دابنێ، پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی ناو کچان وکوڕاندا لە تەمەنێکی سەرۆدایه و ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی نالەباری ئابووری لاوەکانمان.
گەر سەرەنچێکی شوێنی ئیداراتی ئەم شارەبدەین ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ کە زۆربەی ئیداراتەکان لە شوێنگەلێکی تجارین و ئەو فەزا تجاریە بووەتە فەزایەکی ئیداری بۆ وێنە شوێنگەلێ وەکوو سەبت ئەحواڵ، جەهادکشاوەرزی، خانەسازمانی، خوابگاکانی ئیدارەی پەروەردەو بارهێنان لە شەقامی مەعالمی ئەم شارەن و حەوشەکانیان بێ هیچ کەڵک وەرگرتنێ کەوتووەتە سەر شەقامی 24 متری مۆعەلێم و ئەکرا هەرکام چەندمۆجتەمەعێکی تجاری یا چەند دووکانێکی تێدا ببوایێ کە بازاڕی ئەم شارە بۆنی بێ بازاڕی بەخۆیەوە نەدیتبا، یا بەینی سەوڵاوای سەرو و سەوڵاوای خوار کە زەویەکی زۆری کشاوەرزیە کە تەنیا ئێستە وەک دەیمێک لێ دەڕوانن بۆ نموونە زەویگەلی مەشهوور بە ڕانکان و خوار هەمەشەل یاهەنگەشەل کە پێشتر باخ وباخات بووە بەڵام ئەمڕۆ بەهۆی نەبوونی ئاو و درووست نەکردنی پۆمپاژی ئاو، ئەبینین پیرەدرەختانی ئەو شوێنە بە بڕین چوونە و زەویەکان تەنیا بۆ کشتیاریەکی وەرزی وکەم درامەد کەڵکی لێ وەردەگیریێ.
لەلایەکی ترەوە زۆربوونی ئاگر کەوتنەوەکان مەترسی بۆ دوواڕۆژی ئەم شارە پێکدێنێ چوون سەوڵاوا بێ کۆساڵان وبێ دار وبەردی ئەوهەردانە و بێ ئەو سرووشتە جوانە تەنیا جەستەیەکی بێ گیانە، بۆیە دەبێ ئیدارەی سەرچاوە سرووشتیەکان دژ بە کاولکاری زۆرتر لەم شارەدا ڕاوستێ و لە دانانی مجەوزی زۆر بە داربڕان خۆ بپارێزێ و لەگەڵ قاچاقچیانی دار لەم دەڤەرەدا بە تۆندی ڕەفتار بکات.
کێشەوگرفتەکانی ئەم شاره قەتارەیەکن کە بەرپرسەکان زۆربەیان یەک بە یەک هەر دەس بەدەستی دەکەن و خەڵکەکەش یەخەیان ناگرن.
لە بۆاری تەندرۆستیەوە هێشتا بۆ بڕێک نەخۆشین و تاقیکردنەوە ناچارئەبن ڕوو لە شارەکانی تربکەن.
زۆرکەس سەوڵاوا تەنیا بە شارێکی ئیداری دادەنن و کورسییەک بۆ دانیشتی سەدان کارمەند و مووچەخۆر ئەویش تا کاتژمێری ئیداری، سەوڵاوا شارێک نیه جۆکی پێ خاس بکەن، ئەم پارچەخاکە بەندێکە لە دڵێ هەموومان و هەمووان دەبێ بەرپرسیار بین هەنبەری و هەوڵ بۆ ئاوەدانکردنەوەی زیاتری بدەین،
"کە دارستان ئاگری گرت
داری بێ لایەن کامەیە تا نەسوتێ"

سەوڵاوا یەکێ لە خۆشترین و ئارامترین شارەکانی پارێزگایە، شارێک کە ڕێژەی کڵاوبەرداری زۆر کەمە، شەڕلات و چەقۆکێشی کەمە، دادگاکانی بە نسبەتی شارەکانی تر چۆڵترە، خاوەن خەڵکێکی دڵگەرم و تێگەیشتوو بووە لە کۆنەوە تا بە ئەمڕۆ و سرووشتی دڵڕفێنی ئاوێنەیەکی باڵانوێنە بە جۆرێ کە بە پێ ئەوەی کە خاوەن مێژوویەکی فەرهەنگی  و ئایینی تایبەتە،  هەر بۆیە جێگەی گەشەی هەیە و لە ڕەهەندە جیاوازەکانەوە گەر بۆی بڕوانین ئەتوانێ لە داهاتوودا ببێتە خانەخۆیێ پڕ ڕەونەق بۆ ڕێبواران ، ڕێگەی سەرەکی هەورامان و نگڵە و ڕێگەی فەرعیشی هەیە بۆ کامیاران و ئەم پتانسیەلە خۆی هیوایەکە بۆ بەرژەوەندی زۆرتری ئەم مەڵبەندە.
هیوادارین کاربەدەستان بە یارمەتی خەڵکی ناوچەکە و دانیشتن لە گەڵ سەرمایەداران خەسارناسیەکی دڵسۆزانەی بۆ بەڕێوە ببەن و هەوڵی زۆرتر بۆ گەشەی ئابووری زۆرتری ئەم شارە بدەن و چیتر نەهێڵن ئەم شارە ڕەنگی بێ ڕەونەقی و بێ بازاڕی پێوە دیاربێ.
جێگای ئاماژەیە کە  ڕەخنە و پێشنیارەکانیش بۆ تەخریبی کەس یا ئۆرگانێ تایبەت نەبووە و دەغدەغەی شارۆمەندێکە چوون ئەم شارە بچووکیش بێ  شایانی گەورەترین خزمەتەکانە.
سەرچاوەکان:لێدوان لەگەڵ پۆلێک لە گەڵ هاوشاریانێ دەغدەغەمەند ودڵسۆز لەم شارەدا.

نظر شما

  • نظرات ارسال شده شما، پس از بررسی و تأیید در وب سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.
نام شما : *
ایمیل شما :*
نظر شما :*
کد امنیتی : *
عکس خوانده نمی‌شود
برای کد جدید روی آن کلیک کنید