جمعه، 10 بهمن 1404
روژان پرس » اخبار » بازڕەس

عیسا ئەحمەدی

بازڕەس

0
کد خبر: 3538

بازڕەس

لەو کاتەدا سەرۆکی دایرەی پۆست چەپۆکێکی دا بە سەر خۆیدا و وتی ئەوەی من دەیزانم کەستان ئاگای لێ نییە.
هەر بەو شەوە جەنابی فەرماندار بە هەڵەداوان هەموو بەرپرسانی شاری بانگ کردە ماڵی خۆی.
فەرماندار ڕایگەیاند کە لە ڕێگای دۆستێکەوە ئاگادار کراوه، بازڕەسێک لەلایەن جەنابی وەزیرەوە دێتە شارەکەمان و دەبێ هەموو چەشنە هاوکارییەکی لەگەڵ بکرێ.
سەرۆکی خەستەخانەی شار وتی: دیارە وەزیریش بە کەر ناوێری بە کورتان شێرە. کاری بە دزە مل ئەستوورەکانی پایتەخت نییە، گێچەڵ بە شاری ئێمە دەهاڵێنێ. جا خۆزگا ئێرە شار بوایا! دێهاتێکە، تەنیا خەڵکی ڕەشوڕووتی لێ زیاد بووە.
فەرماندار وتی: دکتور گیان! ئەگەر سەبارەت بەم سەردانە ئێمەش وەکوو تۆ قسە بکەین، دیارە بەشمان دەبێتە شەقێکی تەڕ و هەر کامە دەکەوینە بنی بنچکێک. من داوام کردووە لە ئێوە بێنە ئێرە که پێش لە باران، بەر بە دڵۆپە بگرین. خەڵک لێمان ناڕازین. تکایە کەسمان خۆی ماقووڵ نەکات. هەر خۆتان جەنابی دکتور! لە خستەخانەی ئێوە لەگەڵ نەخۆش وەکوو مەڕێک شەلکە لێی دابێت و تەبەقی گرتبێ دەجووڵێنەوە. جەنابی قازی! بیستوومە بەو خەڵکەت وتووە مافی هەمووتانم لە ناو لەپی چەپم نووسیوە کە حاشاحازری لەسەر دەست‌بەئاو، خۆمی پێ خاوێن بکەمەوە. جەنابی سەرۆکی شارەوانی! شەقامی نێو شار چاڵی وای تێدایە، پیاو دەتوانێ بەدڵنیایی پانتۆڵەکەی تێدا بگۆڕێ. جەنابی سەرۆکی پولیس! ئێوە ڕەفێقیکی چاک نین بۆ ئەم قافڵە...
خۆمیش لە ئێوە خراپتر. بەڵام من دەڵێم چارەمان چییە؟
لەو کاتەدا سەرۆکی دایرەی پۆست چەپۆکێکی دا بە سەر خۆیدا و وتی ئەوەی من دەیزانم کەستان ئاگای لێ نییە. ئینشەڵا کە درۆتان عەرز ناکەم. من و هاوڕێیانم هیچ مەبەستێکی خراپمان نییە. تەنیا بۆ گاڵتە و پێکەنین نامەی خەڵک هەڵدەپچڕین و دەیانخوێنینەوە. بە نامەیێکدا دەزانم کە چەند ڕۆژە پیاوێک لە پایتەختەوە هاتووە لە تەنیا هوتێلی شار نیشتەجێ بووە. ئێستا لە ڕووی ئەو قسانە دەزانم خودی کابرای بازڕەسە.
بەو قسە، پشیلە کەوتە پانتۆڵی هەموویان. دیارە بیریان لە کردەوەی چەند ڕۆژی ڕابردووی خۆیان دەکردەوە. جا کێ ئەو کەرە لەو قوڕە دەرێنێ؟
فەرماندار وتی: برایان! بە ڕای من ئەم هەواڵە ئەوەندەش کە ئێوە بۆی دەچن خراپ نییە. لانیکەم دەزانین کابرا هاتووە و جێگا و ڕێگایشی دەزانین. هەر بەیانی چەند کەسمان بە بیانووی سەردانی بازاڕ دەچینە هوتێل و دەیدۆزینەوە. تا بزانین هەوای دەمی چۆنە.
فەرماندار و هاوڕێیان پاش سەردانی هوتێل و قسەو باس لە سەر بەشەکانی هوتێل کابرای بازڕەسیان دۆزیەوە. ئەگەرچی لە پێشدا خۆی دابوو لە گێلی کە من تەنیا ڕێبوارێکی ئاساییم و چەند شەوێک لێرە میوانم، بەڵام جەنابی فرماندار وتی براکەم مسەمسی ناوی، مستەفای پەتی و بڕایەوە. ئێمە دەزانین تۆ بازڕەسی تایبەتی وەزیری و ئێمەش دەبێ هاوکاری ئێوە بکەین. وردە وردە بازڕەس نەرم بوو و کەوتە وتووێژ لەگەڵیان. فەرماندار وتی بەڕێز گیان! به سمێڵی مەردانەت قەسەم، ئەمشەو لەم هوتێلە ڕۆژ ناکەیتەوە. هەر ئێستا دەبێ بێتە ماڵی من. ئەگەرچی ماڵمان وەکوو ماڵی ئێوە نابێ بەڵام من پێڵاوی زۆر گەورەپیاوم جووت کردووە و ڕێوڕەسمی نۆکەری باش دەزانم.
ماینێکی گوێ‌لەقیان هێنا و بازڕەسیان سوار کرد و بەرەو ماڵی فەرماندار کەوتنە ڕێ.
بەرپرسان کە دڵنیا بوون تازە هێسریان لە ئاو پەڕیوەتەوە و بازڕەسیش تووتنی توند نییە، کردیان بە بەزمی خۆیان و بە دڵنیایی لەگەڵی دەچوونە سەردانی هەموو دایرەکانیان. دیارە هەر کامەش پارەیێکیان دەنایە باخەڵی کە چاو لە ناتەواوییەکان نەکات.
بازڕەس لەو چەن ڕۆژە ئەوەندە خۆراکی باشیان پێدا بوو، وێنەی کەری سێو فرۆش قەڵەو ببوو.
ڕۆژێک ژنی فەرماندار وتی: پیاوەکە وا دیارە ئەم کابرا دڵی چۆتە سەر کچەکەمان. کچە دەڵێ چی بکەم؟ وتی بەو دێڵە شڕە بڵێ، بیدوێنێ. کەری وا نزمی دەست ناکەوێ!
ڕۆژێک بازڕەس وتی: لە بەر کارێکی نهێنی دەبێ بچمەوە خزمەتی جەنابی وەزیر. دڵنیابن جگە لە باسی چاکەی ئێوە هەموو قسەیێک حەڕامەڵا بێت. بە زووترین کاتیش دێمەوە بۆ لاتان.
هەمان ڕۆژ بەرپرسان کۆبوونەوە کە چەند کەسێک لەو ماوە سکاڵایان پێشکەشی بازڕەس کردووە و باسی باری نالەباری شاڕیان بۆ نووسیوە. دەبێ ئەو کەسانە دارکاری بکرێن هەتا جارێکی دیکە کەس نەوێرێ بەو شێوە وڵامی گەورەیی ئێمە بداتەوە. کەچی سەرۆکی پۆست بە هانکەهانک هاتە ژوورەوە و وتی بازڕەس پێش چوون لە شار، نامەیێکی هاویشتووە سندووقی پۆستخانە. دیاره ئێمەش خوێندمانەوە. تێیدا بۆ ڕۆژنامەوانێکی دۆستی نووسیویە کە بە بەڕەڵایی هاتمە ئەم‌شارەو لە هوتێل نیشتەجی بووم. ئێستاش نازانم چۆن بەرپرسانی شار منیان بە هەڵە ناسی و خزمەتێکی زۆڕیان کردم. هەتا بازڕەسی ڕاستەقینە نەهاتووە، من دەبێ هەڵێم.
لەو کاتەدا پیاوێک هاتە ژوورەوە و وتی من نوێنەری جەنابی وەزیرم کارم بە فەرماندارە.
هەموویان وەکوو وێژدانی مردوویان، بێدەنگ بوون.
- نیکولای گوگول/ آبتین گلکار
خوێنەری هێژا!
هەموو بوتێک، هەموو زاڵمێک دەسکردی خۆمانن. دەسکردی نەزانین و ترس و تەماحمانن.
کلید واژه ها:
عیسا ئەحمەدی

نظر شما

  • نظرات ارسال شده شما، پس از بررسی و تأیید در وب سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.
نام شما : *
ایمیل شما :*
نظر شما :*
کد امنیتی : *
عکس خوانده نمی‌شود
برای کد جدید روی آن کلیک کنید