داوێنی پاکی زاگرۆس شوێنی ژیان و ژیواری کورد، تورک، لۆڕ، بەختیاری و فارس و بەتایبەت کانگای ئایین و ئایینزاکانە. کۆنترین ئایینی مرۆڤ کە ئایینی «مێهری» بێ و هێشتا ئاسەواری ئەو ئایینە لە کوردستاندا ماوەتەوە و ئێزەدییەکان و کاکەیییەکان میراتگری ئەو ئایینن.

زاگرۆس، هەرێمێکی پان و بەرین و لیزگەیەکی مەزن لە شاخ و پێدەشتەکانە؛ بەشێکی زۆر لە وڵاتی ئێران لە خۆ دەگرێ. هەر لە سنوورەکانی تورکییەڕا کە کێوەکانی «تۆڕۆس» کۆتایی پێدێ، دەست پێدەکا و بە درێژایی باکووری ڕۆژئاوا، پارێزگاکانی کوردستان، کرماشان، لوڕستان، خوزستان، چوارمەحاڵی بەختیاری، کۆهکیلوویە و بۆیرئەحمەد و بەشێک لە پارێزگای ئیسفەهان و کرمان و فارس لە خۆ دەگرێ. بە درێژایی 1600 کیلۆمیتر و پانایی 200 هەتاکوو 250 کیلۆمیتر دەخوشێ، هەتا خۆ دەخاتە باوەشی زەریای عوممان.
بەرزترین کێوی زاگرۆس لە پارێزگای کۆهکیلوویە و بۆیرئەحمەد، کێوی «قاشمەستان»ە و 4450 میترە. لە کوردستان کێوی قەندیل بە 3448 میتر لە سنووری ئێران، عێراق و تورکییە، لە پارێزگای کوردستان و کرماشاندا «حەویخانی» بە 3410 میتر و له «شاهۆ» هەڵکەوتووە.

زاگرۆس، تەنیا هەڵکەوتەیەک نییە کە بە سەدان چۆم و چۆمیلکە وەک گاوەڕۆ، سیروان، زایەندەڕوود، کاروون، دز، زابی چکۆلە، کەڵوێ)تەتەهو)، سیمینەرود) جەغەتوو)، زرینەرود) خوڕخوڕە، قزلوەزان. لە خۆ دەگرێ و لە بەرەکەتی زستانی دوورودرێژی زاگرۆس، کێو و کێوپارەکانی بەفرێکی زۆر لە قەد و لاپاڵی میوان دەبێ و ئاوی پێداویستی 50 لە سەدی خەڵکی ئێران بەدی دێنێ و هەڵسووڕێنەری ئابووری زیاتر لە 83 پارچە شار و 34 هەزار گوند و نیوەی حەشیمەتی ئێران ڕاستەوخۆ بە ئاوی زاگرۆس گرێ دراوە.
زاگرۆس، یەکێک لە کۆنترین و سەرەکیترین شوێنی ژیان، گوورانی «ژیار» بووە. زاگرۆسی سەوز و زیندوو، باس لە کۆمەڵێ ژیان، ڕابردوو و ڕاپەڕین و ڕامیاری و لانکەی ژیار و دیاری و دیاردە دەکا.
داوێنی پاکی زاگرۆس شوێنی ژیان و ژیواری کورد، تورک، لۆڕ، بەختیاری و فارس و بەتایبەت کانگای ئایین و ئایینزاکانە. کۆنترین ئایینی مرۆڤ کە ئایینی «مێهری» بێ و هێشتا ئاسەواری ئەو ئایینە لە کوردستاندا ماوەتەوە و ئێزەدییەکان و کاکەیییەکان میراتگری ئەو ئایینن.
بنەما بنەڕەتییەکانی فەرهەنگی سینگفراوانی، ڕووحی پێکەوە ژیان و بەتایبەت زۆر بوونی نەتەوەکان لە زاگرۆسدا، هۆکارێکە لە ژێر سێبەری ئەو کەلتوورە لە کوردستاندا بووەتە هۆکارێک کە شوێندانەر بێ بۆ حاوانەوەی ئایینی و ئێمەی کورد تەنیا نەتەوەیەکین لە دنیادا کە شەڕی ئایینیمان نەکردووە.
ئەگەر لە فەترەیەکی زەمانیدا ململانێ و شەڕ و قەیرانی ئایینی هاتبێتە گۆڕێ، مەودادار نەبووە و لە مەڵبەند و ناوچەیەکی تایبەتدا ڕووی داوە، پەلکێش نەبووە، قەت کوردستانی نەتەنیوە. بەتایبەت لە گۆڕانکاری شەڕی یەکەمی عالەمی کە کوردستان دەبێتە مەیدانی بەربەرەکانی دەوڵەتی ڕووس و تورکی عوسمانی. بە دەنەدانی سپای تورکی عوسمانی کە گۆیا لە ئاییندا پێکهاتەیەکن لە قەوارەی شەڕی ئایینیدا، بەشێک لە ناوچەی موکریان لە کوردستاندا بە گژ سپای ڕووسدا دەکەن، کە کورد تێیدا بە مەسڵەحەتی تورکی عوسمانی قوربانی کراوە و زەرەرمەند بووە.

عەشق و بیر و ئەندێشەی پێکەوەژیان لە بەرامبەر ئایینزاکان بابەتێکی گۆڕانسازە، بۆ سەقامگیر بوون بە شێوەیەکی مۆدێڕن لە بەرامبەر گوشاری ناڕەوای هەڕەشەکان و کۆنەپەرستەکان کە هەردەم ملهوڕانە خەونی ناخۆشمان بۆ دەبینن. ئەوەش دەکرێ لە مێژووی خۆشەویستی پڕ لە شان و شەوکەتی سەرانسەری ئەدەبیاتی زاگرۆس بەدی بکەین، کە نە تەنیا مەکۆی ئایین و ئایینزاکان بووە، بۆ ئێمەی کورد میراتێکی بەنرخە و ستایشێکە بۆ جوانی. لە زاگرۆسدا بەتایبەت کوردستان بە پێی بەڵگە مێژوویییەکان بێشکەی کۆنترین هەڵبەستی خۆشەویستی گۆی زەوییە بە پێی هەڵبەستە مێژوویییەکەی«ئینهێ دۆنا»، (خاتوو خودای شێعر) بۆ «ئینانا» هۆنیویەتەوە، بەڵام چونکە خاوەنێکمان نەبووە، لە سنووری جیهانی عیلم و زانایی و ناوشیاری خۆمان میرات و باگڕاوەندی باش و بەنرخی خۆمان بە گوێی کەس ناگا و ناتوانین خاوەنداری بکەین. لێرەدایە نەتەوەی یۆنان بە هۆی دەستپێڕاگەیشتنی سەواد و زانایی و کاریگەری خۆیان، بەردەنگی ئەوە دەبن کە هەوەڵین هەڵبەستی خۆشەویستی لە یۆنان لە لایەن «هۆمێر» هەڵبەسترابێ و ئەوەش شانازییەکە کە نەتەوەیەک بانگەشەی خۆشەویستی بکا و ئەدەبیاتی ببێتە بەشێک لە شۆناسی خۆشەویستی. ئەوە لە کاتێکدایە بە شاهیدی مێژوو و عیلم و زانایی، هەزار و حەوت سەد ساڵ بەر لە «هۆمێر» بە پێی بەڵگەی تۆژەرانی وەک «سامۆئیل کریمێر»، «دیان فۆلگشتاین». کۆنترین هەڵبەستی خۆشەویستی لە هەرێمی زاگرۆس لە ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان لە لەیەن عافرەتێکی کورد بە ناوی «ئینهێ دۆنا»(Enheduanna) بۆ خاتوو خودای سامان و دەستئاوەڵەیی «ئینانا» (Inana)هۆندراوەتەوە. ئەم بابەتە دەبێتە داڕێژەری ئەدەبیاتێکی نوێ لە جیهان و شێوە ڕوانینێکی تازە لە سەر ژن و عەشق و خۆشەویستی وەک ئەستێرەی بە ترووسکەی گەشەگەش دەبێتە هەوێنی سەرەکی ئەو هەڵبەستە مێژوویییە. ئەوەش لە خۆیدا دەبێتە میراتی گەورەی فەرهەنگی کە لەو ساڵانەی دواییدا لە نێوان دوو چۆمان بین¬النهرین دا دۆزراوەتەوە، کە بە زمانی سۆمێری لە سەر (تهتهڵه)کان ماوەتەوە. لە تەپوتۆزی ڕێگای پڕ هەودای زەمان، زاگرۆس دەرس و وانەی مێژوویە. لانکەی ژیار و پێکهێنەری بەروبوو و سەروەت و سامانمانە. حەقایەت و ئەفسانە، بەیت و باو و گۆرانی، هەڵقوڵاوی سروشتی زاگرۆس. داستانی ئاشتی و پێکەوە ژیانە. بەو هەموو میرات و نیشتمانی کوردستان کە زاگرۆس بۆی بە جێ هێشتووین، دەبێ ببێتە هەوێنی زیندوومانەوە، باوی هەنگاومان خۆشتر بکا بۆ تاوتوو کردنی بەرهەمە گەورەکانی ژیان، زەوق و سەلیقە پەلکێشی ئاراستە ڕەواکان کات، ڕووگرژی ناڕەواکان بین، ئەزموونێکی نوێ بنیات بنێن. زاگرۆس وەکوو گۆمێکی مەند وەک شاخێکی هەزار بە هەزار، تاڤگە و ڕووبارێکی ڕەوانە کە دەڕژێتە دڵی زەویوزاری ویشک و قاقڕ، ڕۆ دەچێ دەبێ بە هەوێن، دەبێتە دارستان، وەکوو سوورەچنار ڕەگاژۆ دەکا، بەڵام مخابن ئەوڕۆکە مرۆڤ بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و سامانی بێ سنوور دارستانی چڕ و پڕ گوڵ و باڵندە و سروشت و دڵ پێ شێل دەکا. ئاکامی ئەو نەزانین و هەڵەکارییە لە دوایە دەست بە ئەژنۆ دانیشتن، زووخاو خواردن، وشک بوونی دار و دارستان و داڕمانی سروشت لە بەرداشی زەماندا وێران بوونە. مروڤ بە سروشتەوە زیندووە. سروشت، پەیکەرەی مروڤە.
ئەگەر بمانەوێ بمێنین دەبێ لەگەڵ سروشت ئاخاوتن بکەین، ئازای جەستە و هەناوی مرۆڤ لەگەڵ سروشت گرێ دراوە و بەشێکە لە سروشت کە حاشاهەڵنەگرە. دەستی بە توانای مرۆڤە، وێرانە ئاوەدان دەکاتەوە. ڕۆڵەی ئەمەگناس میراتی باوکی بە بادا نادا. ئەو نووسراوەیە هەموو شتێکی لە سەر زاگرۆس پێ نییە، وەکوو شاخەوانێک وتووێژێک بوو لەگەڵ خاک و ئاو.
آدرس کوتاه خبر: