پنج شنبه، 13 اردیبهشت 1403
روژان پرس » کوردی » چل‌چەمە یا هه‌زار چەمە (Chel_Chama)

سه‌لام ئیسماعیل سورخ

چل‌چەمە یا هه‌زار چەمە (Chel_Chama)

0
کد خبر: 1300

چل‌چەمە یا هه‌زار چەمە (Chel_Chama)

یەکێ لە کێوە بەرزەکانی کوردستان دوایی قەندیل و شاھۆ، لە لیزگەی کێوەکانی زاگرۆس زنجیرە کێوی چل‌چەمەیە کە دوندی «شانشین» بە 3173 گەز بەرزایی سیێەمین کێوی بەرز لە کوردستان دێتە ئەژمار کە ئەوڕۆکە لە پەنا دوندی شانشین لووتکەی «قۆڵی زڵێخا» بە بەرزایی 3198 ميتر، کە بۆتە برا گەورەی شانشین، کە لە 75 کیلۆمیتری ڕۆژاوای باشوری شاری دیواندەرە ھەڵکەوتووە. 
«حەیفە کوێستان بەو سەرە بەرزانەوە ھەر تەم نەبێ
ئەو تەمە پیروزە سایەی لەو سەرانە کەم نەبێ»
ھێدی
کێوەکان، کانگای وەدی ھاتنی ئاوی شیرینن؛ پاراستنی ژینگە و حەز بە به‌رپرسییه‌تی لە بەرامبەر سروشت و بوونەوەرەکانی، بەرپرس بوونە لە بەرامبەر ژیان و ژیوار.
سروشت و ژینگە بەشێکی گەورە لە سامانی ھه‌ر نەتەوەیەک لە خۆ دەگرێ و ھەستی بەر پرسانەی ھەر نەتەوەیەکە بە بەرامبەر سروشت کە داھاتووی دەستەبەر دەکا و دەیپارێزێ.
ھەر چەند ئەم ساڵ سروشت بێناز ماوەتەوە و بەفر لە کەمی داوە. مرۆڤ بۆ ویستی خۆی و قازانج و بەرژەوەندی کاتی، خەریکی وێرانکاری سروشت و ئاور تێبەردانی لەوەڕگە و دارستان و لە نێو بردنی ژیواری ئاژەڵە کێوی و باڵندەکانە.
ھەر جارێ لە لایەک ھەوایەکی ناساز دێتە گوێ. جادە لێدان لە شاخ و کێوەکان بێ ڕەچاو کردنی یاساو ڕێسای خۆی، لە نێوبردنی لەوەڕگە و گیاجاڕەکان بۆ زیادکردنی کێڵگە و تاپۆسازی (سەنەد سازی) لەوەڕگە و مەڕتەعی میللی لە لایەن ناحەزان و ھەلپەرستان ھەموو برینێکن کە ساڕێژ نابنەوە و ھەر جارێ وەسۆ دەێتەوە. یاسا و قانونێک لە گۆڕێ دا نییە کە بەربینگیان پێ بگرێ و دەستی ئەو ھەلپەرستانە کورت کاتەوە. زانایی و فەرھەنگی ژینگە پارێزی بەداخەوە لە قەیران دایە و ئەگەر ھەیە بە دەگمەن لە بەرامبەر ئەو ھەمووە کاول‌کاریە دەستەوەستانە و چی پێناکرێ. و کاری خۆبەخشانە بۆ ئاوەدانی سروشت و ژینگە پارێزی لە نێو ئێمەدا بەداخەوە کزە. ئەگەر ئاوا بڕۆینە پێش، ئەو وێرانکارییە دەبێتە قەیرانێک کە زۆری پێناچی تەڕ و ویشک پێکەوە دەسووتێن و قازانجی گشتی و کۆمەڵگا «سروشت و ژینگە» بەرەو وێرانی دەڕوا. لەو ھەموو کاولکارییە ماندووین. بۆ حەسانەوەی دڵ و دەرون دەخزێینە باوەشی بەھاری چلچەمە، کە ڕایەخی بەرپێی سوورە گوڵ و مێلاق و مەنێیە و بۆ دوندی بەرزی چل‌چەمە چێژ وەرگرین و باوی ھەنگاوەکانمان خۆش تر بێ.
لیزگەی شاخەکانی چل‌چەمە بەھۆی ئەوە لە مەڵبەندێک ھەڵکەوتووە کە لە شارە پڕ حەشیمەتەکان دوورە، سروشتی چل‌چەمە ئەو کاولکارییەی تێدا بەدی نەھاتووە کە لە شوێنەکانی دی دەبیندرێ، بەھۆی ئەوە لە زستان دا لاپاڵ و شیو و دۆڵەکاندا بەفرێکی زۆر لە خۆ دەگرێ، کە ھەتاکوو ھاوین لە بەرامبەر تیشکی بەتین و پڕشنگداری خۆر دەمێنێتەوە و ئاو لەوەڕگە و سروشتی ڕازاوە و بە سەدان جۆر گیا و گۆڵی کێوی دیمەنی تاڤگە و ڕێژاوان لە  قەڵپەزەی ئاوی سەر بەردان کە لە گیاجاڕ و چیمەن و بەر بناران ئاژین دەبن و گیا و گژان دەڕژێننەوە، ھانمان دەدا وەڕێ کەوین لە پەنا سروشت و شاخی چل‌چەمە بە بەژنی لووتکەی شانشین بگیرسێینەوە و سروودی ژیان بخوێنین.
نێوە ڕاستی مانگی گوڵانی سالی 1393ی ھەتاوی (2014 زایینی) بۆ دیتنی ئەو مووزە سروشتییە و شاخەوانی چلچەمە شەمی بڕوامان ھەڵ دەبێ و خەم و پەژارەمان دەڕەوێ. کۆڵەکان بە کۆڵەوە وەڕێ دەکەوین، شەش کەسین کە ھەموو ئەزموونی شاخەوانیمان ھەیە.
ئەسعدی سوبحانی، ھاوسەرم مێھری ئەمیری، سەییدزادە زڵێخا ئەکبەری، عەتییە سادقی و میوانێکمان لە لێژنەی «چیای سەوزی مەریوان» کە NGO یەکی ژینگە پارێزە، سارا ئەمجەدی کە کارناسی باڵا (فوق لیسانس)ی زانستی پزشکییە، لە زانکۆی میللی تاران دەخوێنی و تێزی بڕوانامەی خوی لە سەر جۆرێک (قالۆنچە یا قۆلانجە)ی بەدەگمەن بە نێوی عیلمی Melodae کە لە کێوەکانی کوردستان‌دا ماونەتەوە و بۆ عیلمی پزیشکی کەڵکیان لێ وەردەگیرێ، کە لە پازدە ساڵی ڕابردوو بەھۆی ئاڵ‌وگۆڕی کەش و ھەوا بەرەو گەرمی، زۆرێک لە گیاوگژ و جڕو جانەوەریش تێدا چوون، کە لە کونفرانسی ڕۆژی 20 مانگی سێخوار(آذرماه) کە ڕۆژی جیھانی کوێستانە لە تاران ببووە دیوناسمان. لەو ھەموو زەحمەت و ئەرکە کە بۆ کارەکەی، تۆژینەوە لە شاخەکانی کوردستان کێشاویەتی ڕێز دەگرێن و چل‌چەمە بۆ وی دەبێتە ئەزموونێکی دیکە و لە بیر نەکراو.
یەکێ لە کێوە بەرزەکانی کوردستان دوایی قەندیل و شاھۆ، لە لیزگەی کێوەکانی زاگرۆس زنجیرە کێوی چل‌چەمەیە کە دوندی «شانشین» بە 3173 گەز بەرزایی سیێەمین کێوی بەرز لە کوردستان دێتە ئەژمار کە ئەوڕۆکە لە پەنا دوندی شانشین لووتکەی «قۆڵی زڵێخا» بە بەرزایی 3198 ميتر، کە بۆتە برا گەورەی شانشین، کە لە 75 کیلۆمیتری ڕۆژاوای باشوری شاری دیواندەرە ھەڵکەوتووە. بە ھۆی گیاو گۆڵی خۆڕسک وەکوو: 1- سۆڵان(پامچال) 2- کاشمە 3- لووشە4- پسڵ 5- کۆڵ 6- سمۆر 7- ڕێواس 8-مەنێ 9- سوورە بنە 10- گوثنی 11- کنیواڵ، کوڕادە 12- پیچک 13- بەرەزا 14- سنەوبەر 15- قەیتەران 16- وەنەوشە 17- سالمە 18- شنگ 19- پنگە 20- گیاچایی 21- گۆزروان 22- سیر23- زەرتک 24- کەنگەر 25- ھەڵالە 26- بێژان 27- شیوه‌ران (خاکشیر) و بە سەدان گیا و گوڵی دیکە وەک کەما و لۆ.
کە بەشێکی بۆ دەرمان و دەوای سروشتی دەتواندرێ کەلکی لێ وەرگیرێ، وەک مووزەیەکی سروشتی وایە کە دەبێ بە ھەمووان پاریزگاری لێ بکەیین.
ھاتنی ھەوای گەرم و نماوی بەربڵاوی باران ھێنەری زەریای «مێدیتڕانە» بەرەو خاکی زێڕین و بە بڕشتی کوردستان، بۆتە ھۆی ئەوە کە کێو و کەژ و دەشت و لاپاڵ و شیو بە گیاوگژ و دارو دەوەن داپؤشرێ، بە گۆڵ و گەون و گەڵا بڕازێتەوە، و ئەو مەڵبەندە لە کوردستان، زنجیرە کێوەکانی چلچەمە بەفری زۆر لە خۆ بگرێ و لە ساڵێدا ھەتاکوو M.M 500 باڕشتی ھەبێ. بەشێک لە گیا و گۆڵی چل‌چەمە کە بۆ دەواو دەرمان دەتوانرێ کەلکی لێ وەرگیرێ بریتین لە:
1- چەق چەقە (کاسنی) 2- کەنێرە (اکلیل کوھی) 3- سۆ، گوڵ پەڕ (انجدان رومی) 4- ڕێزەڵە مارانە(تاج ریزی) 5- کرم کاشور(شقاقل) 6- پێکوڵ (خارخسک) 7- قەیتەران(پرسیاوشان)8- گوڵە بەڕۆنە(افسنتین) 9- پرسە پیرژنە (بابونە گاوی) 10-چاوکوتکە(بابونە‌زرد) 11- مەزرە(مزرە) 12- جاترە خاسە(آویشن شیرازی) 13- بێژان (بومادران) 14- گۆزروان(گاوزبان) 15- ڕۆنیاس(روناس) ھەڵاڵە( اسپیرا) 17- شلێرە (لالە سرنگون) 18- گەزگەزە(گزنە) 19- کەرکۆڵ (شکر تیغال) 20- لاولاوە مارانە( نیلوفر آبی) 21- جەگەن (اگیر ترکی) 22- ھێرو (گل ختمی) 23- مێکوک (شیرین بیان) 24- زولفا ،  بۆ ئاسم باشە 25- سالمە (ثعلب گرده) 26- ئەسپۆن (چوبک) 27- کووزەڵە( بولاغ اوتی) 28- سورە‌بنە، قونسور(سالک) 29- کاشمە (انجدان سفید) 30- سرێش ، خوژە (سریش) 31- وشترخوار (خارشتر) 32- کیوار (کیفار) 33- کەرتەشی، سەلکەتەشی34- کەرکۆڵ (شکر تیغال) 35- گۆگەم، گاومە(گل ماھور) 36-زریزانە(تەلخەک)36- کارگ (قارچ) 38- لۆگانە (لو) 39- ھەلامە (گیاھی با بوی خوش) و...
چل‌چەمە: لە باکورەوە بە دێکۆی زەرینە و تیلەکۆی سەقز، لە باشورەوە بە دێکۆی ساڕاڵ و مەریوان، لە خۆرھەڵاتەوە بە دیواندەرە و زەڕینە و لە خۆرئاواوە بە دێکۆی خوڕخوڕەی سەقز نووساوە. بە ھوی ئەوە کە ناوەندی زنجیرەکێو و کوێستانی بە ناو بانگ و زنوێر و بەرز و چڕ و لەوەڕ خۆش و ئاو زۆر و بە دیمەنی «چل‌چەمە» لەم نێوانەدا سەری بەرزی ھەڵێناوە، بە چلچەمە ناونراوە، یانی چل چۆم. چوار چۆمی گەورەی: 1- چۆمی خوڕ خوڕە 2- چۆمی ساحێب لە باشوری چل‌چەمەوە 3- چۆمی قزڵ‌وەزان لە خۆرھەڵاتییەوە 4- بەشێک لە چۆمی سیروان کە لە بەر پلەی ساڕاڵ (ساڕاڵ لە دو وشەی «سار» و «ئاڵ» تێکەڵە؛ سار یانی وێنە یاکوو سەحرا و دەشت، ئاڵ ڕەنگی سووری کاڵ یانی سەحرا و دەشت و کوێستان پڕ لە گوڵ و گیای سور و کاڵ.)
دەچێتە نێو سیروان سەرچاوە دەگرن و ھەرکام لەم چۆمانەش لە دەیان چۆمی بچووک بەدی ھاتوون.
کە 120 ھەزار ھێکتار ڕووبەر(مساحت)ی ساڕاڵ بووە لە نێوان دیواندەرە و مەریوان کە بەرپلە و سەرپلەی ساڕاڵ لە خۆ دەگری، کە ئەوڕۆکە ئەو ڕووبەرە وا نەماوە و زۆری کێڵدراوە. وە ژمارەی چل لە فەرھەنگی زاراوەی نەتەوەی کورد نیشانەی کەماڵ و تەواوی و شکۆیە. کە زمان لە حاست جوانیی چل‌چەمە لاڵە، کاتێ دەچی نازانی لەچی بڕوانی لە گۆڵە سووری ڕێواسەکان، یاکوو لە گۆڵەزەردی سۆڵانەکان، یا لە بسکی گەشی کچی چنوور یاکوو بۆنی گۆڵە مێلاق و ھەڵاڵەکان !؟ ھەریم یاکوو دێکۆی چل‌چەمە 666 کیلۆمێتری چوار گۆشەیە، دەتوانین بلێین گەورەترین ڕادەی گیاوگوڵی زاگرۆس لە چل‌چەمە دا خەمڵیون کە لە باکوورە وە 1- بە دیی «ياپەڵ» نووساوە 2- لە باشوورەوە بە دێی «تەورێزخاتون» و مەزرای (قەفڵانداغی) لکاوە3- لە خۆرئاواوە بە ئاواییە کانی، ئاصيجان، ئاوبارە پاڵی داوە 4- لە خۆرھەڵاتەوە بە (عەلیاوا و تەورێزخاتون) وە لکاوە.
لیزگەی شاخە کانی چل‌چەمە کانگای ئاوە لە زاگرۆس دا کە یەکێ لە چۆمە پڕ ئاوەکانی کوردستان چۆمی خوڕخوڕەیە کە ، لە چەندین چۆم سەر چاوەی گرتووە ، لە لیزگەی کێوەکانی چل‌چەمە پێک‌هاتووە و دەڕژێتە سەر بەنداوی بۆکان و چۆمی جەغەتوو پێک دێنێ. بەنداوی بۆکان لە لایەن شەریکەی گەورەی وڵاتی ئوتریش بەنێوی (ئاپۆر) APUR لە ماوەی ساڵەکانی 1350-1347 چێ کراوە. وە تەواوی شارەکانی بۆکان – سەقز،  تەورێز و میاندواو... لە ئاوی ئەو بەنداوە کەلک وەر دەگرن و تێر ئاو دەبن.
چۆمە بە ھێبەتەکانی چل‌چەمە:
1- چۆمی شاقەڵا- چۆمی ھەنگە لاوێ کە لە شیوە پڕگوڵ و زنوێرەکانی خۆرھەڵاتی کوێستانی چل‌چەمە و کوێستانەکانی مزگەوت و میرزا، دووبرا، قەڵاتەڕەش، قادرکوژیاوە وە سەر چاوە دەگرێ و دێی نەرگەسەڵە بەجێ دێلێ و لە نێوان دەرەگاوان و نەرگەسەڵەدا چۆمیلکەی دەرەگاوان کە لە کێوی قەبری دەروێش و ڕووکاری باشوور و خۆرھەڵاتی مزگەوت و میرزا سەرچاوە دەگرێ، تێکەڵاوی دەبێ وە دەڕوا تا نزیکی شاقەڵا- ئەمجار چۆمی کەلەبا- لە کوێستانی کانی میرزا، چۆمی کانی خەسرەو لە کوێستانی بەردەسپی چۆمی سڵێماناوا لە کێوی بەردەڕەشە‌وە سەرچاوە دەگرێ، دێتە سەرو ئاوایی‌یەکانی ئاڵیجان، ئاوبارە، عەزیزئاوا بەجێ دێلێ و لە نێوان ئاوایی «بست» و «کەکەوسان» دا دەڕژێتە ناو چۆمی بستەوە، لە حاست دێی وزمان بەرەو خۆرئاوا لا دەکاتەوە و بە قەراخی دێکانی «کەکەوسان» و «دەرەویان»ە وشکە دا، تێدەپەڕێ و لە ژوور دێ مەولاناواوە و چۆمی ئیسحاق ئاوا تێکەڵاو دەبێ.
2- چۆمی بست: چۆمی بست سێ قۆڵە و لە کوێستانە‌کانی ھەستێرە ڕەش، سەر قەڵپەزە ، کێوی قەڵا ،قۆڵی زڵێخا (پێم وایە ناوی دایکی شێخ حەسەن مەولاناوا زڵێخا بووە، چون لەم شوێنە نوێژی کردووە و «ڕووگە»ی (قیبله) بۆ دیاری کردووە)، بەم جێگەیان کوتووە قۆڵی (یانی قیبلەی زڵێخا). شیوی دەلو: «دەلو» لە ڕابردودا ئاوایی‌یەکی ئاوەدان بووە و شێخ حەسەن مەولاناوا لەم ئاواییە لە دایک بووە «شێخ حەسەن مەولاناوا» زانا وە عارفی گەورە لە سال 1073 کۆچی لە ھەواری «دەلو» لە نێوان لیزگەی کێوەکانی «چل‌چەمە»ی خوڕخوڕە  لە ژۆر دێی «بست»ە‌وە ھاتۆتە دونیاوە – پەرتووکی (الانوار) ھی ئەو زاتەیە، لە ڕاھێنان وە دەرس وێژی دا لێھاتوو بووە.

ئەوەش پارچە هەڵبەستێکی شێخ حەسەنی مەولاناوایە
تا بر کمر آن زلف چلیپای تو پیوست
عاشق خم زنار اطاعت به کمر بست
تاب سر زلفین تو دامی است که هرکس
در حلقه آن بند شد آنجا ز خطر رست
تیر مژه‌ات جان کسی را چو هدف ساخت
پیش از زدن از شوق تو از روزن تن جست
تیمارکن این دلشده بیمار غمت را
ز آبی که خضر گر بچشد مست شود مست
تربتگه من ساز، قدمگاه پس از مرگ
که احیا شده در دامن لطف زنم دست
تشبیه تو با حور و پری سخت محال است
کز جان به جهان گر نگری فرق بسی هست
تا گشت زمین از فر رخسار تو تابان                
بازار مه چرخ برین برزده بشکست
 کانی چاوڕەش لە بەر ئاوزۆری بەناو بانگە لە داوێن شانشینی چل‌چەمە، و زیاتر لە دو ئاشگێڕ ئاوی ھەیە (پێم وایە بە نێوی ژنێکی ھەوارنشین ئەو کانییە نێودێر کراوە). ھەر وا لە کێوی کەنیشک کوژیاوە سەرچاوە دەگرێ لە نێوان کەکەوسان و وزمان دا تێکەڵاو بە چۆمی شاقەڵا دەبێ (کە پێی دەوترێ دوو ئاوی بست و کەکەوسان).
3- چۆمی خوڕخوڕە: لە زمانی کوردیدا بە دەنگی ئاوێ دەکوترێ کە لە بەرزاییەوە بێتە خوارێ و قەڵپەز بکا، دێی خوڕخوڕەش لە داوێنی باکووری زنجیرە کێوی بەسام و سەرسەوز و بەرزی چلچەمە لە نێو دوو کێوی بەرزی ئەم زنجیرە کێوە ھەڵکەوتووە – بە ھۆی بەفر و بارانی زۆری ئەم شوێنە بەتایبەت کاتی بەھاران، لە گشت شیو و دەرە و کەژ و کێو و لاپاڵ و بن بەردان، چاوەکانی ھەڵدەقوڵێن. ئاوان بەلیزمەو  و خوڕ دێنە خوارێ و ڕێژاو و تاڤگان دروست دەکەن، و ئەم چۆمە کە بێرەدا دێتە خوارێ بە خوڕخوڕە ناودێر کراوە، کە سەرچاوەکەی چل‌چەمەیە و ھەموو دەچنە سەر چۆمی جەغەتوو (زرینە رود). بە پێچەوانەی ئەوەی لە نێومان دا باوە، جەغەتوو وشەیەکی کوردییە نەک تورکی، چون جەغەتاو لە زمانی کوردی دا بریتییە لە ھەر جۆرە شتێکی تراویلکە کە زەڕنووقاوو کەفەڵوکەی کەوتبێتە سەر، وەک لافاوێ کە بە کەف و کوڵەوە ھەستابێ یا وێنەی بەفرێ کە بەھۆی خۆر و گەرمی ھەواوە، توابێتەوە و سەرەکەی کەفی کردبێ، بەم جۆرە شتانە دگوترێ جەغەتاو، یانێ ئاوی کە بە ھۆی خاکەوە کەفی کردبێ. «جەغ» یانی خاک، «تاوە» یانی ئاوێ کە بە ھۆی توانەوەی بەفر و تەرزە بەدی ھاتبێ.
چل‌چەمە وەک بووکی ڕازاوە وایە لە لیزگەی شاخەکانی زاگرۆس کە ناوەند و مەکۆی ئاوە بۆ ژیان و ئاوەدانی و پێک ھێنەری چۆمە گەورەکانە کە پڕ لە گۆل و گیایە. و ھەر لە بەرە بەیانی مێژووەوە کە ڕابڕدوکانی ئێمە لە داوێنی زاگرۆس دا ئارامیان گرت، کێوەکان بوون بە حەشارگە و جێگای لەنگەری خاکی پاکی نیشتمان، کە ئاو بۆ ئاوەدانی لە زاگرۆس بوو بە مایە و ھەوێنی ژیان، کە بە دوایی دا فەرھەنگ و شارستانییەت لە زاگرۆس دا کەوتە گەشانەوە و بوو بە ھۆی ئەوە رەسەنترین فەرھەنگ لە زاگرۆس دا بگوورێ.
زاگرۆس ناوی لیزگەی کێوێکی بەخێر و بیرە کە لە کێوە کوردنشینەکانی ئارارات تا کەنداوی فارس لە باکوورەوە بەرەو باشوور بە درێژایی ھەزار و شەش سەد کیلۆمیتر سەربەرز و بە دیمەن ڕاوەستاوە. لە سەدان زنجیرە کێوی شان بەشان (متوازی) بەدی ھاتووە. به‌رینایی لە نێوان 300 تا 700 کیلۆمیتر دایە کە ڕووبەر (مساحت)ی دەبێتە 384 ھەزار کیلومێتری چوار گۆشە، زۆربەی لوتکەی کێوەکانی زیاتر لە (3000)ھەزار گەز بەرزن، و بڵیندترینیان نوچکەی (زەرد کێو)ی بەختیارییە کە 4547 گەز بەرزە.
کێوەکانی زاگرۆس لە دەورانی سییەمی زەوی ناسی (سنوزوئیک) وەدی ھاتوون.
بەشی کاڕستی (تەپە و دەشتی قسڵی بێ بەھرە)ی زۆر تێدا دەبینرێ. بەشی ناوەند و باشووری ئەم کێوانە لە توێ‌توێ ھێڵە پچراوە کانی‌دا زۆر چاڵ‌وچۆڵی بازنەیی(گرکانی) تێدایە.
یەکێ لە تایبەتییەکانی زاگرۆس، دارستانی بەڕووە کە سامانێکی 5700 ھەزار ساڵەیە کە لە بەرزایی‌یەکان بەڕوو، مازوار، دارەبەن، قەزوان، بادام، گێوژ،وزم، تەنگز، چاڵووک و... دەبیندرێ. بۆ زانیاری زۆرتری خۆێنەران لە سەر داری بەڕوو کە ھێمای سەروەری زاگرۆسە و بەشێک لە شاخەکانی کوردستانی پێ رازاوەتەوە. داری بەڕوو (خانوادە بلوط) ، لە بنەڕەت دا لە مێدیتەڕانەوە بە ھۆی ڕووداوی سروشتی بۆ شاخەکانی زاگرۆس لە کوردستان و ئێران ھاتووە و گوێزراوەتەوە کە پێشینەی تەمەنی لە زاگرۆس دا 5700 ساڵ ھەتا 5800 ساڵە.
کە داری بەڕوو حەوت بەشن.
1- بەڕوو: دوو بەشە کە بەڕووە خۆشەی پێدەڵێن.
2- داری ویۆڵ: جۆرێک داری بەڕووە، کە بە دوو جۆر دابەش دەبێ.
3- داری مازوار: کە سێ بەشە، کە تەنیا داری مازوار، مازوو دەگرێ.
کە بەری مازو، دژ کردەیەکە (عکس العمل) لە بەرامبەر مێش و مەگەس کە بە دەوری گەرای مێش و مەگەس جەغز دەبەستێ و بە دەوری دا دەتەنێ و دەبێتە مازوو، کە دژ ئافەتە.
کە حەوت جۆرە، بریتین: 1-مازوو 2- گزگل 3-سیچکە 4- قژگە 5-لووتەوانە 6-ھەمزە بەگی 7-خڕنۆک 8- پۆخووگە 9-بەرەگەڵا
لە ناو دۆڵ و لاپاڵ و ناو بەردو نوچکەی شاخەکان، مێرگ و گیاجار و چڕگەنی زۆرن.
کاتێ دەبینی کە زەوی‌وزاری سارد و سڕی دوایی زستان، بە تیشکی پڕشنگ داری خۆر بوژاوەتەوە. ئەوکاتە بە ھەر لایەکی (چل‌چەمە)دا دەڕوانی چەمێکی لێھەڵدەقوڵێ و خێر و خۆشی لێدەبارێ، بە ھەر دەرە و شیوەڵێکدا ئاشگێڕێ ئاو دێتە خوار، لەو کاتەدایە دڵ و دەرون یەک دەگرێ کە دووبارە ئاوڕێکی دی لە چلچەمە بدەینەوە. ھەر چەند لە سەر چلچەمە چەند و تارم نووسیوە، بۆم تازە دەبێتەوە کە ئەو نادیارانەی کە نەمدیون بە چاوی وردبینەوە لێی بڕوانم و بە پێنووسی دەستم بیان‌خەمە سەر کاغەز و بۆ بەرەی ئەوڕۆ و داھاتوو ببێتە سەبەب بۆ پاراستنی ئەو سامانە نەتەوایەتییە. شاخەکان ھێمان، پێناسەن، نمادی ئەم سامانەیە بۆمان ماوەتەوە. لە بوونی کێوی بەھه‌یبەت و ژینگەی ڕازاوەیە مرۆڤ ھێدی و ھێمنە، بە ڕاھاتن و فێرکاری بیپارێزین.
لیزگەی کێوەکانی چل‌چەمە بەر بڵاو و بە دەیان دوند و کێوی بەرز لە خۆ دەگرێ وەک شانشین «چل‌چەمە»، داڵاش، دووبرا، سوڵتان،ئەفراسیاو، کانی میران، ھەزار مێرگ، مزگەوت و میرزا، کەڵ کوژ و قۆڵی زڵێخا، کێوی ساتیار (نێوی شایێکی مادیش بووه).
کێوی چل‌چەمە (شانشین) بۆ خۆی چەند یاڵی بەربڵاو لە خۆ دەگرێ کە بریتین: 1-کەلە با 2-یاڵ ملە کەوە 3-یاڵی قوڵی زلێخا 4-یاڵ گاوەلان  5-یاڵ بەردە قیبلە 6-یال شانشین 7-یاڵ کاڵ کاڵی 8- یاڵ دلۆ 9-یاڵ ئەستیرە ڕەش
بەربڵاوی لیزگەی شاخە کانی چل‌چەمە ھۆکارێکە کە ورد لێی بڕوانین ، شاخەوانی لەو نێوە دا ئەزموونێکی ترە.
کێوەکانی چل‌چەمە:
كێوی مزگه‌وت‌ومیرزا: یه‌کێ له لوتکه‌کانی چل‌چەمە له پشت ئاوایی نەرگسەڵه هه‌ڵکه‌وتووه، له لایەکه‌وە به ئاوایی كۆڵ و له لایەکهی ترەوه به ئاوایی دۆزەخدەڕه نووساوه.
كێوی هه‌نگه‌لانه: یه‌کێکی تره له جه‌له كێوەكانی چل‌چەمە كه له لایەکه‌وە که‌وتۆته پشتی ئاوایی كانی میران كه جیرانی كێوی سوڵتان و له لایەکی ترەوه جیرانی كێوی سوڵتان ئاغزەتووه.
كێوی بەردی مەلا خدر: یه‌کێکی تره له كێوەكانی جه‌له كێوی چل‌چەمە كه جیرانی ئاوایی گوڵچێهره.
كێوی هه‌زار مێرگ: یه‌کێکی تره له جه‌له كێوەكانی چل‌چەمە كه له لایەکه‌وە به ئاوایی هه‌واره گه‌‌رمه و له له لایەکی ترەوه بۆ لای شانشینه‌وەیه.
كێوی میران: یه‌کێکی تره له جه‌له كێوەكانی چل‌چەمە كه له لایەکه‌وە نووساوه به ئاوایی ڕێژاوی و جیرانی كێوی دووبرایه، كه كێوی دووبرا خۆی یه‌کێکه له لووتكه به‌رزەكانی چل‌چەمە.
كێوی گوڵەوشار: كه هەڵکەوتوە له بەینی  ئاواییەکانی گوڵچێهر و سۆفی بده دایه.
كێوی بەرد مەلاخدر: ناوی یەکێکە له لووتكه بەرزەکانی كێوی چل چەمە كه جێگەی ڕاوی کەسێک بووه به ناوی مەلاخدر.
کێوی قادرکوژراو: پشت کێوی دووبرا هەڵکەوتووە کە دەڕوانێتە ئاوایی ئاگجە و گۆگجە.
زنجیرە کێوەکانی چل‌چەمە وەک قەڵایەکی قایم وان کە سەر چاوەی چۆمانن کە بە ھۆی لە خۆ گرتنی ڕندووە بەفرەکان لە کوردستان دا کانگای ئاو دێتە ئەژمار و ھەر لە بەرەبەیانی مێژووەوە لەنگەری خاکی پاکی کوردستان بووە کە ناسین و پێدا گەڕان ئەرکی سەرشانی ھەموو مروڤێکی دڵسۆزە کە بۆ ناسین و پاراستنی ئەو مووزە سروشتیە کۆتایی نەکەین.
پێویستە وە بیر بێنمەوە کە لە چل‌چەمە چەندین ھەواری مێژوویی ھەبووە کە لە گەرمێن و کوێستان ھاتوون و لەوەڕگەی مەڕ و ماڵاتییان بووە کە ھەواری قوڵینگ ئەحمەد خدر، ھەواری مکائیلە کوێرە، ھەواری کانی چاوڕەش، ھەواری جەمین، ھەواری کانی زلێخا لە ھەوارە مەنشوورەکانی چل‌چەمە دێتە ئەژمار.
لەوەی لەو شاخەوانییەدا ھاورێمان بوون و لە م سەفەرەش دا لەگەڵ ئێمە چوونەوە نێو ناخی ژیان و لە گەڵ چلچەمە کەوتنە وت‌ووێژ و بە ئاوی کانی «چاوڕەش» توونیایەتیتان شکاند، قەت لە کەلی ھومێد دانەکەون، ھەتاکوو زەردەی خۆری دەم کەلێکی دی و زریوەی مەلە رەنگینەکان بۆ شاخێکی دی و ھەوارێکی تر و جێژوانێکی دیاری‌کراو مال ئاوا.

سەرچاوەو پەراوێزەکان:
1- کاری مەیدانی و شاخەوانی خۆم لە سەر چلچەمە لە 25 ساڵی ڕابردوو ھەتا ئەوڕۆ.
2- جوگرافیای تاریخی کوردستان – جەلالەددین شافێعی کورد – ساڵی 1378ی ھەتاوی چاپخانەی «نون و القلم»  تاران.
3- نووسراوەی خۆم: چاپ کراو لە وەرزنامەی کێو ژمارە 13 زستانی 1377- ساڵی چوارم تاران.
4- نووسراوەی خۆم: وەرزنامەی کێو ژمارە32 بەھاری 1381- ساڵی ھەشتەم تاران.
سپاس و پێزانین بۆ کاک ناجی کانی سانان بەرپرسی «چیای سەوزی مەریوان» «NGO» بۆ ئەو زانیارانەی سەبارەت بە داری بەڕوو پێداین.
دسته بندی: کوردی
تبلیغ

نظر شما

  • نظرات ارسال شده شما، پس از بررسی و تأیید در وب سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.
نام شما : *
ایمیل شما :*
نظر شما :*
کد امنیتی : *
عکس خوانده نمی‌شود
برای کد جدید روی آن کلیک کنید