یکشنبه، 1 تیر 1404
روژان پرس » اخبار » بێسارانی؛ شاعێرێک لە ڕەگەزی سروشت

ساسان مۆنفەرێد[بێوەر]

بێسارانی؛ شاعێرێک لە ڕەگەزی سروشت

0
کد خبر: 1964

بێسارانی؛ شاعێرێک لە ڕەگەزی سروشت

دیوانی بێسارانی یەکەم جار لە لایەنی بەڕێز کەیوومەرسی نیک ڕەفتار بە ئاریکاری عەلی مەحموود لە ساڵی 1982ی زایینی چاپ کراوەو پاشان حەکیم مەلاساڵح و سدیق بۆرکەیی و دوواتریش کاک عەبدۆڵڵای حەبیبی بە پێداچوونەوەیەکی زۆرتر خستوویەتیە پێش چاوی خوێنەران.
بێوەر. س.م:
حەق ڕاگەی ڕاسەن فەنوازی نیەن
حەق جەفەن بازان هیچ ڕازی نیەن
حەق وە حیسابات پارە و پووڵ نیەن
لاش بەندەی دوورەنگ هیچ قەبووڵ نیەن
ڕاگەی حەقێقەت بگێرە نەدەست
بشۆ نە مەیدان بێ پیاڵەی مەست
نۆتق نەزانیت بەرەش بە قەفەس
ڕاز پەنهانیت مەواچە به کەس
مامۆستا مەلا مۆستەفای بێسارانی (مۆستەفای وەلی) ناسراو بە مامۆستا بێسارانی کوڕی مامۆستا مەلاقۆتبەددین[مەیشوور بە قووتبەددین عەرەبی کە مەزارگەی لە گۆڕستانی مەلاقوبێی ئاوایی بالکی شاری مەریوانە]کوڕی مەلا شەمسەددین[مەزارگەی لە ئاوایی بەرقەڵای مەریوانە] لەساڵی 1053کوچی مانگی لە ئاوایی بێساران لە ناوچەی ژاوەرۆی هەورامان سەربە شارستانی سەوڵاوا لەبنەماڵەیەکی زاناپەروەر چاوی بە ژیان هەڵێناوە.(بڕێک توێژەری دیکەش تاریخی لە دایک بوون و کۆچی دووایی وماوەی ژیانی مامۆستا بێسارانی بۆ ساڵەکانی 960کوچی مانگی بە دووا دەگەڕێننەوە و ڕاکان لەوبابەتەوە جیاوازن وگوایە قەوڵنامەگەلێ قەدیمی دۆزراوەتەوە کە لەوێدا لە ساڵی 1002کوچی مانگی  مەلابێساڕانی وەک شاهێدێک دەسنیشان کراوە لەو تاریخەدا]
مەلامۆستەفای بێسارانی دەورانی منداڵی هەر لەزێدەکەی خۆیدا تێپەڕ دەکا و وەک ئەڵێن: پاشان دەڕواتە شوێنێک بە ناوی «بێڵوو» کە ئەمڕۆش ئەو شوێنە دەشتێکە کە هەر بەو ناوەیەوە ماوەتەو لە پاڵی کانیاوی قوڵە لە بەرانبەری باخ شێخ لە مەحمووئاوای سەوڵاوا لە بناری کۆساڵان و ماوەیێ لەوێش دەبێت و پاشان لە خزمەت باوکیافیری کتێبە سەرەتاییەکانی ئەو سەردەمە دەبێت و وەک ئەڵێن لەتەمەنی 35ساڵیدا ئەبێ کە باوکی لە دەست ئەدات و لەگەرمەی لاویەتیدا ڕوو ئەکاتە ئاوایی پایگەلان و لەخزمەت مامۆستا حاجی مەلا ئەحمەدی پایگەلانی فێری وانەی زیاتر ئەبێت ودوواتر ڕووئەکاتە شارەکانی نۆتشە وسنه و ماوەیێ لە ئاوایی درنە لە بەینی شارەکانی جوانڕۆ و سەرپێڵ زەهاب لە بەرگی ئیمام جەماعەتدا ژیان بەسەر دەبات ودوواتر دیسان دەگەڕێتەوە ئاوایی پایگەلان و وەک ئەڵێن: ئەوینی کچێ بە ناوی ئامینە[ئامینی کچی شێرمۆحەممە پایگەلانی] دڵی دابڕدەکا و کوورەی ئەو ئەوینەڕۆژبەڕۆژ پڕتینتر دەبێت و ڕۆحی ئامێتەی عەشقێکی ڕاستەقینە دەبێ بەڵام  دەستەیەک لە توێژەران پێشتر لە سەر ئەو بڕوابوونە کە هیچ بەڵگەیەک بۆ گەیشتنیان بەیەک لەبەردەستدانیه و هیچ بەڵگەیەکیش بەدەستەوە نیە کە بسلمێنت مامۆستا بێسارانی ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە و خاوەن منداڵ بووە وهتد.بەڵام خاوەن دیوانە شێعرێکە کەوەک جگەرگۆشەیەکی نەمر لە لامانە و مەعشووقەو گراویەکەی خۆی لە شێعرەکانیدا هەردەم بە ناوەکانی شیرین، زڵێخا، چراغ، قیبله، ئێنساف و...ناو بردووە.
بەڵام بە پێی مەقالەیەکی توێژەر کاک هومایون مۆحەممەدنژاد کە لە ساڵەکانی 1400کۆچی هەتاوی بڵاوکراوەتەوە ئەفەرمێ کە بە پێی بەڵگە «مامۆستا مەلابێسارانی پاش پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی خاوەن منداڵانێ بەناوەکانی مەلاعەبدولکەریم و مەلاقاسم ئەبێ و هەروەها بەپێی نووسینێکی خوالێخووشبوو سەییدتاهێیری هاشمی، مامۆستا مەلامۆحەممەدی قازی جوانڕۆیی لە جەددی پێنجم بە مامۆستا بێسارانی دەزانێت و شەجەرەکەی ئاوا نووسراوە:
مەلامۆحەممەدقازی کوڕی مەلامەحموود کوڕی مەلامەهدی، کوڕی مەلاهادی، کوڕی مەلاقاسم کوری مەلامستەفا، کوڕی مەلاقوتبەددین عەرەب، کوڕی مەلاشەمسەددینە.
وهەروەها لە لاپەڕەی 130 مەختووتات و نۆسخەخەتیەکانی کتێبخانەی ئەوقافی شاری سلێمانی باشووری کوردستان لە بەرگی یەکەمیدا[بەناوی رفع الخلفاء علی ذات الشفاء]بەرهەمی ابن الحاج کردی لە بابەتی نەوادەگانی مناڵی دیکەی مەلابێسارانی ئاوا هاتووە:
حەمید کوڕی سمایل کوڕی حاج حەسەن کوڕی مەلائەحمەد کوڕی مەلاعەبدولکەریم کوڕی مەلاموستەفابێسارانیە.
وهەروەها لە کتێبی علمانا بەرهەمی عەللامە مەلا عەبدولکەریمی مۆدەڕێس هاتووە کە مەلاحامدی بێسارانی کە بە کاتب الاسرار ناسراوە لە نەوادەگانی مەلابێسارانی بووە.
وهەروەها مەلامەحموود ناوێک و پیرمۆحەممەد ناوێک کە گوڵکۆی لە ئاوایی بالکە وهەروەها پیریووسف ناوێک کە مەزاری ل ئاوایی نشکاشی مەریوانە بەبراکانی مەلاموستەفا بێسارانی دانراون».
مەلامۆستەفا پاشان دەگەڕێتەوە ئامێزی زێدەکەی و لەوێ لە پاڵی کاری کشت و کاڵ خەریکی وانە وتنەوە و ئێرشادی خەڵک دەبێ؛ هەربۆیە ژنان و پیاوانی بەساڵاچووی ئەودەم  شێعرەکانی بێسارانیان له بەر کردووە و دەم بەدەم بە گوێی نەوەی داهاتووشیان گەیاندووە و زۆربەی شێعرەکانیشی بوونەتە گۆرانی و بەم شێوەیە له فەوتان ڕزگاریان بووە.
ئەم کەڵە شاعێرە خۆشناوەلە ساڵی 1113ی کۆچی مانگی ماڵاوایی لە ژیان دەکات [بۆ تاریخی فەوتیشیان ڕاکان جیاوازن و بۆ ساڵەکانی 1040 تا 1052ی کوچێ مانگیش دەیگێڕنەوە] و بەپێی وەسیەتی خۆی لە شاری سەوڵاوا له گۆڕستانی «پیرەهەژاره» لە شەخسه چیلکە لە بناری کۆساڵان، لە پاڵی مەحمووئاوا(باخ شێخ عوسمان نەقشبەندی، نزیکی مەڵەهوو یا بەرانبەری کانیاوی قوڵ ئەسپەردە دەکرێ.
«شەخسەچیلکە مەزاری کەڵەشاعێر مامۆستا بێسارانیە لە پیرەهەژارەی مەحمووئاوا لە پاڵی باخی شێخدا کە هەروەها کاک عەدنانی زه‌بیحی بێساران نووسیویەتی و لە زمانی توێژەر خوالێخووشبوو سەیید بابەشێخی حسەینی سەوڵاوا بیستوویەتی ئەڵێ: «ئەو قەبرە هی شەخسێک بووە کە لەسەر وەسیەتی خۆی هەر کەس ئارەزوو و ئاواتێکی هەبووە سەردانی کردووە و ویستوویەتی باوەشێ چۆکڵەی بۆ بەرێ و لە سەری داینێ! ئێستاش لە سەوڵاواو و دەور و بەری زۆر کەس بە کۆڵە چۆکڵەوە دەچنە سەری و ئەم ڕێوڕەسمە کەم تازۆرێک باوە و ماوە کە هەر کەس نیازێکی هەبێ و بچێ ئەم وەسییەتەی جێ بەجێ دەکات و چۆکڵەیێ وشکی بێ گیان و لاری لە سەر دادەنێ تانیشانەی ڕەنگی زەرد و قەد و باڵای لاروو شکاوە و چەماوەی بێت کە خەم و پەژارەی ڕۆژگار بەم ڕۆژەی گەیاندووە.
دوواتر ڕاستی وەسیەتەکەی بێسارانی لەم شێعرەی دا دەرکەوت:
بەی گشت دەردەوە...
بەی گشت زامەوە بەی گشت دەردەوە
بەی جە ستەی خەمین ڕەنگی زەردەوە
هاجەنەو قەبرم ئاوا کەردەوە
ئامانەن ئەو سا وە قەبرم بەران
نیشانەی جەستەی خەستەم بکەران
بەوەڵگی خەزان بپۆشان سەنگم
تانیشانە بۆ جە زەردی  ڕەنگم
کۆنە کەمانان باوەران وەبەر
هەریۆ خەمتەرەن بنیانیم وەسەر
بنیانیم وەسەر کۆنە کەمانێ
ئەو جە قامەتم دارۆ نیشانێ
تاوینان یاران چەفتی کەمانم
بزانان کو شتەی دەر دی خەمانم».

دیوانی بێسارانی یەکەم جار لە لایەنی بەڕێز کەیوومەرسی نیک ڕەفتار بە ئاریکاری عەلی مەحموود لە ساڵی 1982ی زایینی چاپ کراوەو پاشان حەکیم مەلاساڵح و سدیق بۆرکەیی و دوواتریش کاک عەبدۆڵڵای حەبیبی بە پێداچوونەوەیەکی زۆرتر خستوویەتیە پێش چاوی خوێنەران.
بەخوێندنەوەی دیوانی پڕبایەخی مامۆستابێسارانی بۆمان دەردەکەوێ کە ئەم شاعێرە بێ وێنەیە خوی له بەرگی شاعێری سروشتدا جێ کردووەتەوە و شێعرە ڕۆمانتیکەکانی بەزمانێکی شیرین و سانا هێناوەتە سەر قاقەز و لە بۆارەکانی شێعری عارفانە، عاشقانە، پەند و ئەندەرز، خواناسی، کۆمەڵایەتی و... شێعری بە سەبکێ تایبەت هۆنیوەتەوە و وەک ئەڵێن نووسینێکیشی بە ناوی»عەقیدە نامە»هەبووە کە نووسینێکی بۆاری ئایینی بووەو بیروڕائایینەکانی دووا ڕۆژ بووە کە بەداخەوە تائەمڕۆ دەسنووسەکانی نەدۆزراوەتەوە.
مامۆستا بێسارانی یەکێ لەو شاعێرە هەرەبەرزانەی دڵی نیشتمانە کە شێعرەکانی کاریگەریان لە سەر شاعێرگەلێ گەورە وەکوو پیرەمێرد، مەستوورەی ئەردەڵان و مامۆستامەولەوی تاوەگۆزی هەبووە هەر بۆیه مەولەوی بە سەودایی کامڵ ناوی لێ بردووەو[بەمانای ئەوەی کەبەقۆناغی دووایینی عێرفان وخواناسی وحەق گەیشتبێ]لە شێعرێکیدا هەستی ئامێتەی شێعرێ له مامۆستا بێسارانی دەکات و دەفەرمێ:
های ڕەحمەت ئەو قەبر سەودایی کامڵ
سەرمەشق مەینەت  بێساران مەنزڵ
«یانە وێرانی هەر وە من ئامان
مەتاوو گیرتەی کەسێوتەر دامان»
هەرواکە پێشتر وترا لەو ماوەیە کە لەمزگەوتی ئاوایی پایگەلاندا خەریکی خوێندن بووە بەهەڵکەوت عاشقی کچەجێرانێ دەبێ بەناو ئامینەخاتوون بەڵام هیچ کات مەجالی ئەوەیان نەبووە پێکەوە قسان بکەن و لەگڕی ئەوینداری یەکتریندا سووتاون، هەربۆیه دەم بەیانێک دەنگی یاری دەبیسێت و ئەمیش بە بیستنی دەنگی، کتێب لە دەست ڕوو ئەکاتە بانی مزگەوت تا لەوێوە بە دیتنی ڕۆخساری یار ئاگری دڵی دامرکێ وبەهیوای ئەوەی کە بتوانێ قسەی دڵێ بهێنێتە زار  بەڵام له بەختی شڕی چڵ وگەڵاو لەق وپۆی دارەتووێیکی پیر بەرچاوی دەگرێت و «با»وسەمای گەڵاکان ناهێڵێ تێر لە چاوانی ڕابمێنێ  هەر بۆیه بێسارانی هەر لەو کاتەدا چەند بەیتێ شێعر بە زمانی شیرینی دایکی دەهۆنێتەوە و ئەفەرمێ:
چڵێ نەپەنا چڵێ نەپەنا
چڵێ  چۆن ڕەقیب مدران نە پەنا
هۆرئامان مدران نەڕووی تەمەنا
مەرباد قۆدرەت بدەرۆش فەنا
وەباد قۆدرەت لەتار لەتار بۆ
نمازۆ باڵای قیبلەم دیار بۆ
بسۆچۆ باهر بازە دەی سەحەر
ڕیشەش جە زەمین بەربیۆ وەبەر
تاباڵای قیبلەم چۆن شەم خانان
بۆینووش بەچەم جە بەرزە بانان.
کە ئەم شێعرەی زۆربەی گورانیبێژەکانی  ئەمڕۆیی ناوچە بە تۆزێک دەستکاریەوە لە گۆرانیەکانیاندا کەڵکیان لێ وەرگرتووە و ئەڵێن:
یاخوا بای شەماڵ هەر لارە لار بۆ
نمازۆ باڵای یارم دیار بۆ
ئەمەش شێعرێکی دیکە له مامۆستا بێسارانی:
کەسم، کەسان بە.............
کەسم هەر تۆنی، دور جە کەسان بە
بێزار جە هامسای خاروخەسان به
تیژتر جە دیدەی بەد نەفەسان بە
کەسی کەسانیم، تۆیچ بێ کەسەنی
چێش کەروون بەکەس هەرتۆم وەسەنی
سپەردەی بارگەی بێ کەس بۆ، کەست
باهەر کەسێو بۆ ، تۆ فەریاد ڕەست.
سەرچاوەکان:دیوانی مەلامۆستەفابێسارانی
مەقالەیەکی نێردراوی ساڵانی پێشوو لە لایەن بەڕێز کاک ئیبراهیمی شەمس
مەقالەیەکی بڵاوکراوەی کاک هومایوون مۆحەممەدنژاد
کتێبی شعرای نامدار کرد بەقەڵەمی کاک فەخرەددینی ئامدیان
یاداشتێکی بەڕێز عەدنان زەبێحی بێساران وخوالێخووشبوو سەیید باوەشێخی سەوڵاوا.
کلید واژه ها:
بێسارانی بێوەر

نظر شما

  • نظرات ارسال شده شما، پس از بررسی و تأیید در وب سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.
نام شما : *
ایمیل شما :*
نظر شما :*
کد امنیتی : *
عکس خوانده نمی‌شود
برای کد جدید روی آن کلیک کنید