جمعه، 1 تیر 1403
روژان پرس » اخبار » قەڵەمێک لە ڕووناکی و پێدەشتێ لە هزری جوان

ساسان مۆنفەرێد[بێوەر]

قەڵەمێک لە ڕووناکی و پێدەشتێ لە هزری جوان

0
کد خبر: 1897

قەڵەمێک لە ڕووناکی و پێدەشتێ لە هزری جوان

مامۆستا عەبدۆلعەزێز پاش وەرگرتنی ئیجازەنامەکەشی دیسان بۆ فێربوونی زیاتر بە ماوەی 6ساڵ دەچێتەخزمەتی مامۆستا مۆجتەهدی سنە ودوواتر بە جێی دەورەی ئیجباری بۆ  سپای دانش لە ئاوایی گجیکران بەڕێی دەکەن.
لە مێژەوە تا ئەمڕۆ له هەر ئاواییەک کەسایەتیگەلێک بوونە کە لە بۆاری حەقۆقیەوە چالاکیان هەبووە و خزمەتیان بە ئاو و خاکەکەیان کردووە، ئاواییەکانی نسڵ وگۆشخانیش سەربەناوچەی شاری سەوڵاوا لەم بابەتەوە بێبەش نەبوونە و کەسانێکی تێدا هەڵکەوتووە کە بەجۆرێ ئەتوانین وەک ڕچەشکێنێک لەبۆاری ماف وحەقۆقیەوە لە گوندەکەی خۆیانا ناویان لێ ببەین[ئەڵبەت بە شێوەی ئاکادمیک و زانکۆیی مەبەستمانە چوون پێشتر مامۆستایان و کەیخوا و میرزا و...ئەو کارانەیان بە ڕەوشگەلێکی تر بەڕێوە بردووە کەجێ سپاس وپێزانینە و پێش ئەم کەسایەتیەلە کەسانێکی تریش ڕەنگە هەر بووبێتن کە یا ناونیشانەکانیان زۆر بەرچاو نەکەوتبێ ویا بەهەر هۆکارێک بەڵگە ودەسنووسەکانیان لەناو چووبێت]بەڵام چەند کەسایەتیەک بوونە و هەن کە ئەتوانین بڵین یەکیان یەکەم قازی هەڵکەوتووی ئاوایی گۆشخانی بووە و ئەویشیان یەکەم پارێزەری ئاوایی نسڵ.
بەڕێزان قازی مەلاعەزیز گۆشخانی و پارێزەر کاک شەوڕشی مەزهەری نسڵ کە ڕوانین بە ژیاننامەیاندا دەرکەوتنی هێز ودەرخستنی ئیرادەی قەڵەم و قەڵەم بەدەستانە.

1. مامۆستا مەلاعەبدولعەزیز ڕەحیمی[قازی عەزیز گۆشخانی]
قەڵەمێک لە ڕووناکی، پێدەشتێ لە هزری جوان، شەپۆلێ له زانست و ئاوێنەیەک لە ئایین.
ئەم مەڵبەندە شەنگ و دڵڕفێنە پیاوان و ژنانێکی دڵسۆزی بەخۆیەوە دیتووە کە ڕوانین بەژیاننامەیاندا، ڕوانینە بە نیشتمانێک تەژی لە شانازی و ڕوانینە بە شاکتێبێکی پڕ لە وشەی زێڕین.
یەکێ لەو ئەستێرە گەشانەی ئاسمانی وێژەی ئەم نیشتمانە کە ترووسکەی ناو و یادی لەدڵی خەڵکدا ماوەتەوە مامۆستا عەبدۆلعەزیزی ڕەحیمیه.
مامۆستا عەبدۆلعەزیز ڕەحیمی کوڕی موحەممەد ئەمین له ساڵی 1317کۆچی هەتاوی لە کەمەرەچەمی شامیان لە ئاوایی سەربەرزی گۆشخانی چاوی بە دنیا هەڵێناوە و لە ساڵی 1329کۆچی هەتاوی ئەوکات کە یەکەمین قوتابخانە بە هەوڵی خوالێخووشبووان عابدمەزهەرپوور، شێخ بورهان مەزهەری و کەسانێک تر دادەمزرێنن  عەبدۆلعەزیز لە ڕێژەی یەکەمین قوتابیانی لێهاتووی ئەو قوتابخانەیە بوو کە بە ئەڤینەوە تا پۆلی چوارەمی سەرەتایی لەوێ خوێندوویەتی و وەک قوتابیەکی زیرەک دەردەکەوێ.
[شایانی باسه و هەروەها کە لەکتێبچەی «دیارسین» و پەڕتووکی مێژووی ڕامیاری کۆمەڵایەتی ڕەزاویش نووسراوە کە»یەکەمین قوتابخانەی سەرەتایی لەناوچەی سەوڵاوا لە ساڵی 1305ی کۆچی هەتاوی له ئاوایی ڕەزاو دامەزراوە، ماڵێکی ئیجارەیی  کە لەسەرەتاوە بە 15 نەفەر قوتابی دەستی پێ کردووه و پووتی حەڵەبی، کورسی ژێری قوتابیان بووە ودوواتر درگاژەنانەی قوتابخانەی  چوارکەلاسەی  ڕوودەکی ڕەزاو لە لایەن مەرحووم مەحموود ئەنوەرەوە  لە ساڵی 1307ە دەسپێدەکا پاشان لە ساڵی 1341یەکەمین مەدرەسەی ناوچەی سەوڵاوا له ڕەزاو ساز وچێ ئەکریێ و لە ئاوایی گۆشخانی کەسانێک وەک شێخ بورهان، مەلاعەلی شاوەیسی،میرزافەرەج مەحموودی و...لەو کەسانە بوونە کە لەو قوتابخانەدا وانەیان خوێندووە]»
وەک ئەڵێن مامۆستاکانی ئەودەم له شارەکانی ترەوە ڕەوانەی گۆشخانی کراون و دڵسۆزانی ئەوکاتی ئاوایی بە چووارپا کورسییان لە شاری سنەوە بەرەو قوتابخانەکە هێناوە و خۆدی قوتابیەکان لەوەرزی سەرماوسۆڵەدا ئەبوایێ هێزمیان بۆ سۆپای قوتابخانەکە ئامادەکردایێ.
  ڕۆژێک عەبدۆلعەزیز لەگەڵ دو هاوڕێی خۆیدا بەناوەکانی ع... وئی... بەرەو داوێنی کەژوکێوەکانی گۆشخانی بەنیازی هێزم کۆکردنەوە و دارکردنەوە کە پێداویستی ئەوکاتی لادێ نشینان بوو، ڕێدەپێوێ و پاش گەڕانەوەی بەرەو ماڵەباوان، بەباوکی ئەڵێت: من تاقەت و حەوسەڵەی ئەم هاوڕێیانە و ئەم کسمەم نیە و پێمخۆشە بچمە سەر ڕێگەی زانین و ئایین، هەربۆیە بۆپاراوکردنی باخی زانستی  بەماوەی ساڵێک دەچێتە خزمەت مامۆستا و شاعێری ناودار مەلاسادق نگڵ و پاشان تینوویەتی زانستی زیاتر ئارامی لێ ئەبڕێت و  بەماوەی 2ساڵ لەخزمەت مەلائیسماعیلی کەڕاوا دەمێنێتەوە و پاشان دەچێتە ناوچەی کەڵاتەرزان و لەشوێشە له خزمەت مەلاعەبدولڕەحمان، کە هەمیشە لەبەر ئەوەی کە کوڕێکی وریا ولێهاتوو بووە  کەوتووەتەبەری چەپڵەڕێزانی مامۆستاکانی و وەک ئەڵێن هێندە لە لەبەرکردنی بابەتەکان زیرەک بووە کە توانیویە وانەیەک کە ئەمڕۆ پێیان گوتبێ تا سەرلەبەیانی ڕۆژی دواتر هەمووی لە بەربێ و پاشان لەگەڵ مەلاڕەحمانی گۆشخانی بە ماوەی 3ساڵ ڕوودەکەنە شاری هەولێری باشووری کوردستان و لە ئاوایی بیارەی باشوور ئیجازەنامەی مامۆستایی لە دەستانی ئۆستادەکانی وەردەگرێ و بەماوەی ساڵێ دەگەڕێتەوە ئامێزی زێدەکەی خۆی.
بەڵام مامۆستا عەبدۆلعەزێز پاش وەرگرتنی ئیجازەنامەکەشی دیسان بۆ فێربوونی زیاتر بە ماوەی 6ساڵ دەچێتەخزمەتی مامۆستا مۆجتەهدی سنە ودوواتر بە جێی دەورەی ئیجباری بۆ  سپای دانش لە ئاوایی گجیکران بەڕێی دەکەن(سپای دانش شوێنێک بووە وەک قوتابخانەیەک کە پێش شەوڕشی ئیسلامی ئیران،لەوێ خەریکی وانەوتنەوەبوونە)و پاش تەواو کردنی ئەم کولیژە لەبنەماڵەیەکی بەڕێزی شاری سنە کچێک مارەدەبڕێ و لەوێ بەماوەی 3تا 4ساڵ بەرەو شارەکانی مەراغە و تاران  ڕێدەکەوێ و لەگەڵ هاوڕێی خۆشەویستیا مامۆستاحەیدەری گۆشخانی لە ساڵی 1355کۆچی هەتاوی لە بۆاری ماف[کارناسی حەقۆق لە زانکۆی تاران] بەڵگەی کارناسی وەردەگرن و دەچنە ڕێژەی یەکەمین خوێندکاری ئاوایی گۆشخانی وپاش تەواو کردنی زانکۆ، مەلاحەیدەر وەک بەرپرسێ لە ئیدارەی ئەوقاف دادەمزرێ و مەلاعەبدۆلعەزیر ڕووئەکاتەوە شاری سنە و دوواتر وەک قازییەک لە شاری کرمانشان بەرگی خزمەت بە نیشتمان دەپۆشێ کە ڕۆژێک لە گەڵ  ئەمنیەکانی ئەوکاتی حەمەڕزاشا بۆ وەرگرتی حۆکمی بەرپرسی دادستانی خۆی بەرەو سنە ڕێدەکەون کە لە مەودای تۆنێلەکانی بەینی ڕێگای سنە - کرمانشان بە شێوەی مەشکووک وبە هۆکارێکی نادیار کۆچی دوایی ئەکات وبە بنەماڵەکەی ڕادەگەیێنن کە لە ڕووداوێکی هاتووچوودا قازی عەبدۆلعەزیز هەردوپێیەکانی  شکاوە کە دوواتر بنەماڵەی مامۆستا ئاگاداردەبنەوە کە ئەمە دوورە لە ڕاستی و قازی عەزیز بۆهەتایه ماڵاوایی له ژیان کردووە[لەتەمەنی دەوری 40ساڵیدا].
بەو هۆیەوە کە بنەماڵەکەی نێشتەجێ سنە ئەبن هەر لە گۆڕستانی شاری سنە ئەسپەردە ئەکرێت و تەرمی ناگەڕێننەوە بۆ باوەشی زێدەکەی خۆی.
قازی عەزیز خاوەنی دەستخەتێکی شەنگ وجوان بووە بەجۆرێ کە ئەو پەڕتووک و وانەگەلەی کە لە خزمەت مامۆستاکانی خوێندبووی بە دەستخەتی جوانی خۆی جارێکی تر هێناویتە سەری قاقەز تا کەسانێ تر کە لەو کاتەدا دەسەڵاتی ئەوەیان نەبووە کتێبەکان بکڕن بتوانن لەبابەتەکان بەجوانی کەڵک وەربگرن و هۆکاری تری ئەو کارەش ئەتوانین ئاماژە بکەین بە نەبوونی چاپخانە لەناوچە، کەم دەسکەوتنی پەڕتووک، گران
بوونی کتێبەکان یا تایبەت بە کەسانێ تایبەت بوونە و...
قازی عەزیز لە پاڵی خەتتاتی و نووسینە جوانەکانی خاوەنی هەست وزەوقی شاعێرانەش بووە[هیوادارین بتوانین نموونەشێعرەکانی لە داهاتوودا بخەینە پێش چاوان]و کاری وەرگێڕاندن له زمانی عەرەبیەوە بۆ سەر کوردی وفارسی و بەپێچەوانەشی بەڕێوە بردووە.
قازی عەبدۆلعەزیز مۆمی تەمەنی خۆی لە ڕێگای زانست وفێربوون و ئاییندا تواندووەتەوە و خۆی بەخزمەتکاری خەڵک زانیوە و وەک ئەڵێن میراتی باوکی خۆی بە براکانی بەخشیوەو خاوەنی 4مناڵ بووە و لەگەڵ شێخ عۆسمانی نەقشبەندیەی دووڕووش دۆستایەتیەکی گەرم وگۆڕی هەبووە و ئەڵێن :ڕۆژێک سۆفیەک و قازی عەزیز و شێخ عۆسمان پێکەوە بەرەو ئەشکەوتێ لە کێوێکدا ڕێدەکەون و لە ناو ڕێگادا مامەسۆفی ئێژێ بە شێخ عۆسمانی تەبیب، یاشێخ! چاوەکانم زۆر ئێشن، چ بکەم؟
شێخیش لە پاڵی قازی عەزیزدا دەبێ و ئەڵێ:
مامەسۆفی تۆسقاڵێ ژەنگی گوێچکەی ڕاست بخە ناو چاوی چەپت و تۆسقاڵێ له ژەنگی گوێچکەی چەپت بخه دڵ چاوی ڕاستت و چاکەو دەبی و ئێش لەچاوانتا نامێنێ
لەوکاتەدا قازی عەزیز بزەیێ دێنێتە سەر لێوەکانی و شێخ پێی ئەڵێ؟بەچی پێدەکەنی مەلاعەزیز؟
ئەویش ئەڵێ:یاشێخ ئەمە تۆ ئێژی گەر وابکات خۆ کوێر ئەبێ و وەک ئەڵێن ژەنگی گوێی  نایکرێت لەگەڵ دڵی چاوا
شێخیش پێدەکەنێ و ئەڵێ مەلاعەزیز زۆر وریان ئێوە بەڵام ئەمجارە جیاوازە و ئەگەر مامەسۆفی هاوڕێمان بەگوێم بکات دڵنیام شیفای گەیشتووە و...گوایه مامەسۆفیش بەگوێی شێخ دەکات و پاش چەند خولەک  بەمەیلی خوا شیفای دۆزیوەتەوە.
سەرچاوەکان:وتووێژی ساڵانی پێشووم لەگەڵ کاک ڕەسوول ڕەحیمی و کاک ئەمین ڕەحیمی برایانی قازی عەزیز و هەروەها شاعێری برازاگی کاک بەختیار ڕەحیمی گۆشخانی.

2. پارێزەر دوکتور شەوڕش مەزهەری
دوکتور شەوڕشی مەزهەری کوڕی خوالێخووشبوو شێخ مەهدی کوڕی شێخ هادی کوڕی شێخ مەزهەر٭ لە جاماڵی تەریقەتی نەقشبەندی لە ساڵی 1357ی کۆچی هەتاوی لە ئاوایی زاناپەروەری نسڵ لە چەمی شامیان چاوی بە ژیان هەڵێناوە.
دەورانی سەرەتایی خوێندنەکانی له ئاوایی نسڵ دەسپێدەکا بەڵام بەهۆی ئەوەی کە بنەماڵەکەیان بۆ ماوەیێ بەرەو شارەکانی تاران کۆچ دەکەن پۆلی دووهەمی خوێندنی سەرەتاییەکەی لە شاری ڕوودسەری پارێزگای مازەندەران تەواو دەکات و پۆلی سێهەمی لە لەواساناتی تاران.
دەورانی پێش ناوەندی له ئاوایی گۆشخانی تێپەڕ ئەکات و دەورانی خوێندنی ناوەندی لە قوتابخانەکانی شاری سەوڵاوا تەواودەکات و له ساڵی 1375 وەک یەکەمین کەس لە زێدەکەیدا  لە بۆاری «حەقۆقی قەزایی» لە زانکۆی تاراندا سەردەکەوێ و پاشان لە ساڵی 1379دەڕواتە دەورەی ئیجباری و دوواتر لە ساڵی 1382ی کۆچی هەتاوی  درێژە بەخوێندەکانی ئەدات و وەک کارناسی باڵای بۆاری  مافی نێونەتەوەیی[حقوق بین المللی]  لە زانکۆ وەردەگیرێی(تاساڵی 1385)و پاشان لەساڵی 1388 بۆجارێکی تر لە تاقیکردنەوەی گشتی  کارناسی باڵا بەشداری دەکات ولە بۆاری مافی تایبەتی[حقوق خصوصی] لەزانکۆی تەحقێقات تاران بە ڕۆتبەی 2 سەردەکەوێ و پاشان لە ساڵی 1384ی کۆچی هەتاوی بەشداری تاقیکردنەوەی وکاڵەت دەبێت و پاش سەرکەوتنی[بەڕۆتبەی 9]وەک پارێزەرێک لە دەورووبەری تاران هەڵدەبژێرێت و دوواتریش  لە ساڵی 1392بە ڕۆتبەیەکی باشەوە له  قۆناغی دوکتۆرا دا لە بۆاری حەقۆقی خسووسی درێژە بەخوێندنی ئەداتەوە.
پارێزەری خۆشناو بەڕێز کاک شەوڕشی مەزهەری ئەمڕۆ وەک یەکێک لە پارێزەرە بەناوبانگەکان لە پایتەخت نیشتەجێیە و وەک مامۆستایەکی بەشی حەقۆقی خەریکی وانەوتنەوەیە و لە پاڵیدا وەک بەڕێوبەری بنکەی حەقۆقی عەداڵەت  پیشگامی ئاسیا چالاکانە خەریکی خزمەت بە وڵاتە و ئەندامی گرووپی پارێزەرانی کوردە لە تارانە.
پارێزەر کاک شەوڕشی مەزهەری هەردەم خۆی بە مەدیوونی بنەماڵەکەی زانیوە و بە زێدەکەی شانازی کردووە و دڵی جێگایێ بووە بۆ نیشتمانەکەی و ڕێگای مرۆڤایەتی بە جوانترین ڕێگە داناوە.
هیوای تەمەندرێژی بۆ کاک شەوڕش و سەرجەم ڕێبوارانی ڕێبازی خوێندن و خزمەت.
٭(شێخ مەزهەر یەکێ لەکەسایەتیە بەناوبانگەکانی ناوچەکەیه کە لە ساڵی 1275 لە ئاوایی تەوێڵە و بیارەی باشووری کوردستان لە سەر ئیزنی باوکی ئازیزی: شێخ مۆحەممەد بەهائەددینی نەقشبەندی و بەپێی بڕیاری برای خۆشناوی: شێخ حەسامەددینی نەقشبەندی بۆ ئیرشاد و پەرەپێدانی تەریقەت و ئایین لە گەڵ برایەکی تریا بەناوی شێخ جەعفەر بەرەو ئاوایی گۆشخانی کۆچیان کردووە و وەک ئەڵێن: پاشان دەبێتە خاوەنی دو دانگ لە شش دانگی ئاواییەکانی نسڵ وگۆشخانی.
شێخ مەزهەر لە ساڵی 1308 کۆچی هەتاوی له ئاوایی گۆشخانی ماڵاوایی له ژیان کردووە و گڵکۆی پیرۆزیان هەر لە پاڵی بنەماڵەکەیدا لە  گۆڕستانی گۆشخانیە).
سەرچاوەکان: وتووێژی نووسەر  لە گەڵ کاک شەوڕشی مەزهەری.

تبلیغ

نظر شما

  • نظرات ارسال شده شما، پس از بررسی و تأیید در وب سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.
نام شما : *
ایمیل شما :*
نظر شما :*
کد امنیتی : *
عکس خوانده نمی‌شود
برای کد جدید روی آن کلیک کنید