دوشنبه، 10 اردیبهشت 1403
روژان پرس » اخبار » هۆزی هەمەوەند لە لاپەڕەکانی مێژوودا

محەمەد سۆران هەمەوەندی

هۆزی هەمەوەند لە لاپەڕەکانی مێژوودا

0
کد خبر: 1767

هۆزی هەمەوەند لە لاپەڕەکانی مێژوودا

هەمەوەند یەکێکە لە هۆزە گەورەکانی کورد و تا ساڵی ۱۹۲۵یش لە بەناوبانگترین جەنگاوەره‌کان بوون.
هۆزی هەمەوەند لەچاو چەند هۆزێکی کەمی کورد ڕێژەیەکی کەمتری هەیە. بەڵام لەچەندین کاتدا خاڵی یەکلاکەرەوەی کێشەکان بووە و لەنێو ئەرشیقی وڵاتانی دەوروبەر و لەچاوی گەریدە رۆژهەڵاتناسانەوە زۆر کاریگەر و جێگە و پێگەیەکی تایبەت و دیاریان هەیە. بەتایبەتی لە مەسەلەی بەرگری لەخۆکردن و نەچوونە ژێر باری هەموو فەرمانێکی عوسمانییەکان. تەنانەت لەچاوی رۆژهەڵاتناسێکی وەک (ئیدمۆنزەوە) کە دەڵێت: هەمەوەند یەکێکە لە هۆزە گەورەکانی کورد و تا ساڵی ۱۹۲۵یش لە بەناوبانگترین جەنگاوەره‌کان بوون.
فەقێ قادری هەمەوەند
دەگوترێ ئەوان لە سەدەی هەژدەوە لە شاری "وان"ه‌وە هاتوون بۆ ڕۆژئاوای ئێران و لەوێ گیرساونەتەوە. زه‌مانێ که نادرشای ئەفشار (1688) بووە بەشای ئێران، سەرلەشکری گشتی ئێران کە بەوەکالەت شاهنشاهی دەبرد بەڕێوە. دوای ئەوەی ناکۆکی دروست دەبێت لەنێوان ئەحمەد پاشای مەمالیک والی ئیمپڕاتۆری عوسمانی لە بەغداد. بەو هۆیەوە دەکەونە لەشکر کۆکردنەوە لەدژی یەکتر. کۆمەڵێک لەو لەشکرە لەکاتی گەڕانەوەیان دەچنە ناو هەندێک لەخێڵی هەمەوەند لەبناری شاخی داڵاهۆوە. داوای چەکدار دەکەن بەناوی شای ئێرانەوە. بۆ ئەم مەبەستە خوداداد وەڵامی دەداتەوە کە ئێمە ئەوەمان بۆ ناکرێت چونکە ئێمە خەریکی ئاژەڵدارین؛ ئەگەر ببین بە چەکدار کێ ئەم ئاژەڵ و ماڵاتە بەخێودەکات. بۆیە ساردی دەکەوێتە نێوانیان و ناچار دەبن بەشێکیان ئێران بەجێدەهێڵن و لەهۆزە سەرەکییەکە دادەبڕێن و دێنە ناوچەی هەنگەژاڵ لەپێنجوێن.
مەحمود خدر ئاغای هەمەوەند
بەهۆی هاتنی خێڵانی جاف بۆ ئەو ناوچە کوێستانیانە هێواش هێواش لەیەکتری نزیک بوونەته‌وە و بوون به هاوکۆچەریان و زستان دەهاتنە گەرمەسێر لەگەڵیاندا. بەڵام خاکی ئێستایان چەمچەماڵ و بازیانە. (لەو کاتە عوسمانیه‌کان حوکمی ناوچەی دا پێیان لەبەر ئەوەی شەڕکەری باش بوون و لەگەڵ بابانییەکان بوون. کێشەیەکی زۆریان بۆ دەوڵەتی عوسمانی دروست کردبوو لەم ناوچەیەدا. سنوری هۆزی هەمەوەند لە باکورەوە شوان و بازیان و شاخی تۆکمە، لە باشوورەوە تاووغ سو، لە خۆرئاواشەوە قەرەحەسەن و شوانی خاسه، لە رۆژهەڵاتەوە زنجیرە شاخی تاسڵوجە و بن زەرد). نیشتەجێ بوون و شێوەی ئاخاوتنیان لە ئاخاوتنی کرماشانی دەچێت کە (زاراوەی ماچۆ)یە تێکەڵەیەک لە (زاراوەی هەورامی و زاراوەی زەنگەنە)یە.
هەر لە سەرەتاوە بوونە پشتیوانی بابانییەکان و شەڕیان لەدژی عوسمانییەکان دەست پێکرد. 
لەبەر ئەم هۆکارەش هەمەوەندەکان بنیادنەری چەمچەماڵ دادەنێرن. لەبەر ئەوەی ئەوان هاتوون ئاوەدانیان کردوەتەوە و لێرە نیشتەجێ بوونە. پێش ئەوە چەمچەماڵ سەربە بازیان بووە. هەروەک چۆن فەقێ قادر بۆ کۆچی دوایی (سلێمان کوێخا رەسوڵ) برا گەورەی نووسیوە لە دێڕی پێنجەمدا دەڵێ:
سەردار زۆر مشت سیا ماڵم ڕۆ
عەمارەت نومای چەمچەماڵم ڕۆ
لە زەهاوەوە تا قەسری شیرین
کاتێک لەبەهاری ساڵی 1850ی زاینیدا بەفەرمانی عەبدولکەریم نادر پاشا ناسراو بە (عەبدی)والی، عەبدوڵڵا پاشا لە قایمقامی سلێمانی لابرا و دوور خرایەوە بۆ بەغداد، ئیسماعیل پاشای میسر جێگای گرتەوە، عەزیز بەگی مامی بەمەبەستی رزگارکردنەوەی سلێمانی، بەهاوەڵی هەریەکە لە حسێن بەگی برای، محەمەد ئەمین بەگی کوڕی، عوسمان بەگی برای، قادر بەگ و حەسەن بەگ کوڕانی سلێمان پاشای برای لەگەڵ چەند بەگزادەیەکی دیکەی بابانی و 500 سواری هەمەوەند لە دەسەڵاتی عوسمانییەکان یاخی بوون کە چەلەبی قەدیمی هەمەوەند یەکێک بوو لە دوانزە سوارەی مەریوان. دوای رووخانی میرنشینی بابانیش، هەمەوەند بوونە بەربەست و دڕکی بەر پێی عوسمانییەکان. چەندین ساڵ لە شوێنی خۆیان دەربەدەر بوونە و شوێن گۆڕکێیان کردووە. سنووریان دەرباز کردووە و لە زەهاوەوە تا قەسری شیرین چوونە.
جوامێر ئاغای هەمەوەند
هەر دوو حکومەت لەدەستیان پەرێشان بوونە، تا کار گەیشتووەتە ئەوەی کوڕە گەورەی ناسرەدین شای قاجاری وا بەباش دەبینێ کە جوامێر ئاغای هەمەوەند وەک حاکم و دەسەڵاتداری ناوچەی زەهاو دابمەزرێنێت. بەڕای من سەرکەوتنی هەمەوەندەکان لەبەرگریان دژ بە هەوڵەکانی بەمەرکەزیکردنی دەوڵەتی عوسمانی، ئەوا بەشێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک: 
١- هەڵکەوتەی جوگرافی لەباری ئەوان، ئەمەش چ لەنێو شاخەکان چ لەناوچە دەشتاییەکانی سەرسنوور. ئەمان ناوچەکە بەتەواوەتی شارەزا بوونە و لەشەڕەکاندا جێگەی قایمیان بۆ خۆیان دیاری کردووە.
٢- تەنیا یەک کەس لەنێو سوارەکان پێشڕەویان بووە و قسەیان لێ وەرگرتووە. بەشێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین لەنێو خۆیاندا یەکدەنگ و یەکگرتووە بوون. 
٣- ڕۆڵی ئافرەت لەنێو هۆزی هەمەوەند کاریگەری تەواوی هەبووە. لەهەندێک شەڕەکانیشدا بەشدارییان کردووە. هەرچەند مێژوونوسان کەمتر گرنگیان بە ڕۆڵی ئافرەت داوە لەبزوتنەوەی ڕزگاریخوازی هۆزی هەمەوەنددا.
لەسەرانسەری کوردستاندا هەر لەسەرەتاوە هەتا ئێستا ئەگەر بزوتنەوەی قارەمانانەکەی کوردی باکوری لێدەربکەین کە ئافرەت ڕۆڵێکی زۆر بەرچاوی هەیە هیچ شۆڕشێکی ڕزگاریخوازی کورد وەک ئەوەی هەمەوەند ڕۆڵ و قورسایی ئافرەتی بەخۆیەوە نەبینیوە. ئەم بیر و ڕایە نووسەرانی بیانی زۆر دووپاتیدەکەنەوە.

چەند هێرشێکی سەرکەوتوو
مێجەرسۆن لە کتێبەکەیدا دەڵێت: هەمەوەندەکان لە 1874 دا هێرشیان بۆ باشوور کرد و شارۆچکەکانی سەر سنووریان سەغڵەت دەکرد، لەڕاستیدا ئابڵوقەی مەندەلییان دابوو، کە شاریکی گرنگی سەرسنوورە. بەهۆی لێدانی سوپا و تیرەکانی ترەوە، کشانەوە و چەند هێرشێکی سەرکەوتوویان بۆ باکوور کرد تا گوندەکانی مەسیحییەکان لە دەوروبەری بایەزید، ئیدی گەڕانەوە.
دوای چەندین ساڵ لەناکۆکی لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی بڕیار دەدەن هەمەوەندەکان دوور بخەنەوە.
لە ساڵی 1876 بەفەرمانی سوڵتان لەلایەن نوێنەری ئیسماعیل پاشاوە لە کەرکووک لەگەڵ چەند سەرۆک هۆزێک کۆدەبێتەوە. هەمەوەندیش وەک هەموو هێزەکانی ئەم ناوچەیە 200 سوار دەنێرن بۆ پێشوازی. ئەویش دەڵێ دەمەوێ لەگەڵ هەمەوەندەکان کۆببمەوە، نووسراوی سوڵتانم بۆیان هێناوە. بەم بیانووەوه هەمەوەندەکان دەهێڵێتەوە و دواتر دەستگیریان دەکات. بۆ ڕۆژی دواتر بە هەمەوەندەکان دەڵێت دەمانەوێ ئێوە بهێنین بۆ رومادی و دوای دووساڵ بڕۆنەوە بۆ ناوچەی خۆتان و دەبێت خێزانەکانیشتان بێنن. بەڵام ئەگەر وانەکەن دەتانبەین بۆ موسڵ. ئەوانیش ڕازی دەبن و خێزانەکانیان دێنن؛ بە هەموویان دەچنە 900 ماڵ. بەڵام ئەوان درۆیان لەگەڵ دەکەن و بە پیادە دەیانبەن بۆ موسڵ. لەوێ ماوەیەک سجن دەبن. دواتر هەر ئەوان خەڵکی موسڵ هاندەدەن کە نابێ ئەمانە لێرە بن. دووبارە بەپیادە دەیانبەن بۆ ئەدەنە لە تورکیا. کاتێک دەگەنه شاری "قونیە" چەند کەسێک لەدەستیان ڕادەکات و "مه‌حمود خدر" یەکێک دەبێت لەو کەسانە دواتر دێتەوە چەمچەماڵ.
دوای سێ مانگ دابەشدەکرێن بەسەر ئەم شوێنانەدا: قوبرس، مالتا، رۆدس، گرید، باکوری ئەفریقیا، جەزائیر و تەرابلوس. ئەم دابەشکردنە چەند ساڵێکی پێچووه.
بە یارمەتی ئەستێرەناسێک دوای 20 ساڵ هەمەوەندەکان کۆدەبنەوە لە بنغازی و بڕیاری گەڕانەوە دەدەن بۆ نیشتیمان. دوای نۆ مانگ بە پێ بە یارمەتی ئەستێرەناسێک کە (محەمەد عەلی غوڵام) بوو دێنەوە بۆ چەمچەماڵ. لەڕێگە تووشی چەندین شەڕ و ناکۆکی دەبن. لەگەڵ ئەوەشدا شایەنی باسە کە لەساڵی 1880 جوامێری هەمەوەند لەتیرەی (بەگزادە) سەری هەڵداو ناوی دەرکرد و (قەسری شیرین)ی کردە مەڵبەندی خۆی. ئەمیش لەگەڵ عوسمانییەکان ناکۆک بوو. لەگەڵ قاچارییەکانیش جاروبار ئاشت و دۆست و جاروباریش ناکۆک بوو چەقۆیان لەیەک ئەسوی، تا دوایی لەگەڵ ئێران تێک چوو. لە ئەنجامدا هەردوو حکومەت، عوسمانی و قاچار، قسەیان کرد بەیەک و سوپای ئێران بە سەرکردەی (حسام المللک) و هێزی عوسمانی بەسەرکردایەتی (قۆرت ئیسماعیل پاشا)ی دیاربەکر، لەگەڵ هێزی بەغداد کەوتنە ڕێ. سەرکردە ئێرانییەکە بە بەڵێنی ئاشت بوونەوە جوامێری بەفێڵ بانگ کرد و کوشتی. ئەمە لەساڵی 1886 دا ڕوویدا.
پاش ئەمە هۆزی هەمەوەند کشانەوە بۆ قەرەداغ. دەکرێت بڵێین جوامێری هەمەوەند کەسایەتی دیاری هەبووە. چونکە لەکاتی نەفی کردنی هەمەوەندەکانی باشوور. چەندین سەرکردە و پیاوی گەورەی هەمەوەند لەقەسری شیرین لەگەڵیدا بوون.
دوای ئەوەی کە بەشێک لەهەمەوەندەکان لە بنغازییەوە گەڕانەوە هەندێکی تریش لە تورکیا مابوون. ئەمانیش خۆیان پڕ چەک کرد و چوار دەوری موسڵیان گرت و داوای ئەوەیان کرد کە ئەوەندەی کە ماوە بیگەڕێننەوە بۆ ناوچەی چەمچەماڵ. ئەگەر وانەکەن کاولکاری دەکەین لە موسڵ. ئەوانیش بەم داواکارییە ڕازی بوون و ئەو چەند ماڵەی لەتورکیا مابوون بۆیانی هێنایەوە ناوچەی بازیان و چەمچەماڵ. ئەمەش ئەو ڕاستیە دەردەخات کە شاکر فەتاح لە ڕۆژنامەی چەمچەماڵ ساڵی 1946 دا دەڵێت: لەکاتی تەنگ و چەڵەمەشدا هەمەوەند سەربەستن و سەر دانەواندن نازانن، هەر کەسێ ئازاریان بدات دوو جار ئازاری دەدەنەوە و بێ باکن.

سەرچاوەکان:
1- کۆمەڵە شیعری فەقێ قادری هەمەوەند، کۆکردنەوەی مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس و فاتیح عەبدولکەریم. چاپی یەکەم 1980 لاپەڕە 43.
2- هەمەوەند لەسەردەمی دەوڵەتی عوسمانیدا، سەرتیپ حەمە ئەمین. چاپی یەکەم 2008 لاپەڕە 73-74.
3- الهماوند بین الوگن و المهجر، اعداد رشید ملا. 
2010 گبع اول 70.
4- هۆزی هەمەوەند و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردایەتی، کەریم ئاغای هەمەوەند. چاپی یەکەم 2010 لاپەڕە 58, 59, 251، 266.
5- مامەڵەی ستراتییژیانەی هۆزی هەمەوەند لە قۆستنەوەی دەرفەتەکانی ململانێی سنوورەکانی عوسمانی و ئێرانی، نووسینی: باربارا هێنیگ، وەرگێرانی: حەیدەر هەمەوەند. چاپی یەکەم 2016 لاپەڕە 25.
6- دوانزە سوارەی مەریوان، عومەر ئیسماعیل مارف. چاپی یەکەم 2020 لاپەڕە 65.
7- فەقێ قادری هەمەوەند لە بەڵگەنامەی عوسمانی و قاچاریدا،
کۆکردنەوەی هێمن عومەر خۆشناو. 
چاپی یەکەم 2021 لاپەڕە 18، 73.
8- ڕاپەڕینی ناوچەی چەمچەماڵ، ئومێد ختاب وەهاب.
چاپی یەکەم 2021 لاپەڕە 23.
9- کۆمەڵە ڕۆژنامەی چەمچەماڵ 1946، کۆکردنەوەی گۆران سەلام. چاپی یەکەم 2021 لاپەڕە 105.
تبلیغ

نظر شما

  • نظرات ارسال شده شما، پس از بررسی و تأیید در وب سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.
نام شما : *
ایمیل شما :*
نظر شما :*
کد امنیتی : *
عکس خوانده نمی‌شود
برای کد جدید روی آن کلیک کنید