دوشنبه، 17 اردیبهشت 1403
روژان پرس » اخبار » پێناسەیێکی مێژوویی گەڵواخییەکان

«خالید ئه‌حمه‌دی» خالید به‌گی گەڵواخیی

پێناسەیێکی مێژوویی گەڵواخییەکان

0
کد خبر: 1024

پێناسەیێکی مێژوویی گەڵواخییەکان

لە چوار گۆشەی ئەم جیهانە پان و به‌رینەدا سەدان نەتەوە و رەگەزی جۆرواجۆر سەرقاڵی ژیانن کە زۆربەی هەرەزۆریان بە ماف و داخوازی خۆیان گەیشتوون و خاوەن وڵات و حکوومەتی سەربەخۆی خۆیانن، گەلی کورد کە ٧٠٠ ساڵ پێش زایین خاوەن حکوومەت و دەسەڵات بوون پاش ١٥١ ساڵ حوکمڕانی لە ٥٤٩ ساڵ پێش زایین دەسەڵاتیان لێ زەوت کرا و ئێستاش هێشتا بێ‌وڵات و دابەشکراو لە بوونیشیان نکۆڵی دەکرێت.
لە چوار گۆشەی ئەم جیهانە پان و به‌رینەدا سەدان نەتەوە و رەگەزی جۆرواجۆر سەرقاڵی ژیانن کە زۆربەی هەرەزۆریان بە ماف و داخوازی خۆیان گەیشتوون و خاوەن وڵات و حکوومەتی سەربەخۆی خۆیانن، گەلی کورد کە ٧٠٠ ساڵ پێش زایین خاوەن حکوومەت و دەسەڵات بوون پاش ١٥١ ساڵ حوکمڕانی لە ٥٤٩ ساڵ پێش زایین دەسەڵاتیان لێ زەوت کرا و ئێستاش هێشتا بێ‌وڵات و دابەشکراو لە بوونیشیان نکۆڵی دەکرێت.
پاش ڕووخانی حکوومەتی ماد و دابڕان بە دەیان و سەدان تیرە و تایفە لە سەردەمی حکوومەتی سەفەوی بنەماڵەی ئەردەڵان بە سەرۆکایەتی بابا ئەردەڵانی گەورە بە هێندێ وادە و بەڵێنی و باج دان بە حکوومەتی ناوەندی خۆیان خزاندە لای کار و بار و دەسەڵاتی میرایەتی و مۆردارییەوە لە سەردەمی حکوومەتی شاه ئیسمایل سەفەویدا بیگەبەکی ئەردەڵان لە ساڵی ٩٠٠ ک.م و میرایەتیەکەی گەورەتر کردەوە و بەشێک لە ناوچەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی خستە ژێر ڕکێفی خۆیەوە بە پێی نووسراوەی لاپەڕەکانی شەرەفنامەی ئەمیر شەرەفخان بدلیسی لەکاتی حوکم و دەسەڵاتی بیگەبەگی ئەردەڵاندا پیاوێکی ناودار و لێهاتوو لە خێڵی ئیستاجلوە بەناوی عەبباس‌ئاغای گەڵواخی لەبەر ڕووداوێک لە خزم و خێڵی خۆی ئاوارە دەبێت و پەنا دەبات بۆ بیگەبەگی ئەردەڵان. پاش وەرگیران و متمانەی تایبەت لەلایەن بیگەبەگەوە پلەی مۆرداری و میرایەتی بەشێک لە ناوچەکانی شارەزوور و مەریوانی پێی بەخشراوە و بەبۆنەی سەداقەت و دڵپاکی و ڕاستگۆییەوە لەناو دڵی بیگەبەگدا جێگای تایبەتی خۆی گرت بەڵام پاش چەند ساڵێک خزمەت کردنی ڕاستەقینە و سەداقەت و ڕاستگۆیی، بەهۆی دووزمانیی نەیارانەوە نێوان بیگەبەگ و عەبباس ئاغا تێک دەچێ و عەبباس‌ئاغا و یارۆڵڵاخان خۆشکەزای لە ساڵی ٩١٥ی کۆچی لە حکوومەتی بیگەبەگ جیا دەبنەوە ڕوو دەکەنەوە ناوچەی بێڵەواری کامیاران و لەگەڵ چەند هۆز و تیرەی ئەو ناوچەیە پێوەندی قورس و قایم دادەمەزرێنن؛ پاشان لەگەڵ شاه ئیسمایل سەفەوەی ڕێک دەکەون بۆ هێرش کردنه سەر وڵاتی ئۆزبەکستان کە دوایی لە یەک هێرشدا شا و وەزیرەکانی ئۆزبەکستانیان بە دیل گرت و بە قۆڵبەسراوی هێنایانە بەردەست شاتاماسب سەفەوی. ئەویش ئافەرینی پێی وتن و حوکمی ١٢ ئیماق و بێڵەواری بۆ نووسین و عەبباس‌ئاغا و یارۆڵڵاخان پاش وەرگرتنی ئەو حوکمە لەگەڵ هۆزەکانی سلێمانی و لەک و مادەکی و کەڵهوڕ و وەرمەزیار تێکڕا بەناوی هۆزی گەڵواخی ناودێر بوون و بوونە هۆزێکی گەورە و خاوەن دەسەڵات بەڵام لە ساڵی ٩٣٨ی ک.م مەرگ بنەو بارگەی عەبباس‌ئاغای پێچایەوە و فەرمانڕەوایی کەوتە سەر شانی عەلی‌بەگی کوڕی عەبباس‌ئاغا. پاش مەرگی عەبباس‌ئاغەش، عەلی‌بەگی کوڕی پێوەندی لەگەڵ بەیگەبەگی ئەردەڵان دامەزراندەوە و کاتێک سەنان‌پاشای عوسمانی هێرشی کردوەتە سەر نەهاوەند، عەلی‌بەگ خێرا خۆی گەیاندوتە لای سەنان‌پاشا و ئەویش نامەیەیێکی بۆی نووسیوە بۆ دیوانی بەرزی عوسمانی لە ئەستەمبوڵ کە یاڕۆڵڵاخان نامەکەی بردوە بۆ ئەستەمبوڵ لە دیوانی بەرزی عوسمانی و حوکمی کرێند و شێخان و چەکران و قەڵاتیفاب و قەڵاتەپۆ و خوڕخوڕە و تیرە زند و چەند شوێنی دیکە بە سەنجەقەوە بۆ عەلی‌ئاغای گەڵواخی نووسیوە و ئەرکی ڕەنگەڕێژان و سپانانیشی بە یاروڵڵاخان سپاردوە کە بەم جۆرە پێوەندی عەلی‌بەگ و یارۆڵڵاخان لەگەڵ حوکومەتەکانی ئەردەڵان و سەفەوی و ئیمپراتوری عوسمانی قورس و قایم بووە و تا ساڵی ٩٦٨ی ک.م کە مەرگی ناوەخت لە یەک ساڵدا بارگە و بنەی عەلی‌بەگی گەڵواخی و یارۆڵڵاخانی پێچایەوە و حوکمی فەرمانڕەوایی کەوتە دەستی حەیدەربەگ، زۆری نەخایاند لە هەموو بوارێکدا جێگای باوکی خۆی گرتەوە بەڵام لە ساڵی ٩٩١ی ک.م بە هۆی شەڕی براکوژیەوە کۆتایی بە دەسەڵاتی حەیدەربەگیش هات و دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی گەڵواخییەکان کەوتە دەستی سورخاب‌بەگ و حوسێن بەگ و کوڕەکانی یاروڵڵاخان کە بریتی بوون لە ئەسەد و موحەممەد و شاوەیس و فەرمانڕەواییان تا ساڵی ١٠٢٤ی ک.م درێژەی بووه بەڵام لە ساڵی ١٠٢٤ بە هۆی پیلان و پەلاماری کەڵهوڕەکانەوە کۆتایی بە دەسەڵاتی گەڵواخیەکان لەو ناوچانە هات و لە ئاوی سیروان کردیانە ئەو بەرەوە و بە ناچاریی چوونە ژێر حوکم و دەسەڵاتی هەڵۆخانی ئەردەڵان؛ هەڵۆخانیش پیاوانە یارمەتی داون و لە ناوچەکانی ساراڵ و خوڕخوڕە و بەرپلەی ساراڵ سەقامگیریانی کردووە. 
گەڵواخییەکانیش لەژێر چاودێری هەڵۆخاندا خۆیان سەرقاڵی ئاژەڵداریی و گەرمیان و کوێستان کردن کرد و لەکاتی ئەو گەرمیان و کوێستان کردنە لەگەڵ چەندین تیرە و رەگەزی کوردەکانی ناوچەی شارەزوور و ناوچەکانی دیکەی کوردستانی باشوور بوون بە دۆست و هەڤاڵی گیانی‌گیانی؛ هەر بەبۆنەی ئەو دۆستایەتی و تێکەڵاوییەوە بوو کە بەشێک لەو تیرە و رەگەزانە هاتنە ناو ڕیزی تایفەکانی هۆزی گەڵواخی کە ئێستاش ئاسەواریان لەناو گەڵواخییەکاندا هەر دەبیندرێ و هەموویان بەناوی گەڵواخی ناودێر بوون بەمجۆرە گەڵواخییەکان سەرلەنوێ بوونەوە هۆزێکی گەورە و لە بن نەهاتوو بەناوی شەش تایفەی یەکگرتوو بەم ناوانە:
١. قەمەریی
٢. کاک‌سەوەندی
٣. وەرمەزیار
٤. مورادگۆرانی
٥. چۆخەڕەشی
٦. گاملی
هەندێک بیر و بۆچوونیش هەیە کە دەڵێن قاڵقاڵییەکانیش هەر گەڵواخین بەڵام هیچ ئاسەوار و بەڵگەیەک لە دەستدا نییە. بەمجۆرە گەڵواخییەکان بوونەوە بە هۆزێکی خاوەن دەسەڵات و کۆسپێکی هەرەگەورە بۆ سەر ڕێگای دەسەڵاتدارانی شای ئێران بەتایبەت حکوومەتی قاجاڕەکان، چونکوو جموجووڵی عەشایەری لە هەموو شوێن و ناوچەکانی ئێران دەستی پیێ کردبوو بەتایبەت لە شیراز _ اصفهان _ ڕەشت و مازەندەران و ورمێ و ئیلام و کەڵهوڕ و لوڕستان و کرماشان و کوردستانیش لەو جموجووڵە بێ‌بەش نەبوو.
ئەمە خۆی بوو بە ئامرازێک بۆ هێرش کردنی حکوومەت بۆ سەر دەسەڵاتی عەشایرەکان بەتایبەت عەشایرەکانی کوردستان، بەڵام بە هەڵگیرسانی شەڕی یەکەمی جیهانی لە ساڵی ١٩١٤ی زایینی تاکوو ساڵی ١٩١٨ی زایینی و گەلەکۆمەی حکوومەتە زلهێزەکانی دنیا بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لەو هێرش و ململانیەدا وڵاتی ئێران کەوتە بەر هێرشی حکوومەتەکانی بریتانیا و ڕووسیە و ئاڵمان کە حکوومەتی قاجاڕەکانیش زۆر کز و لاواز و بێ‌دەسەڵات مایەوە بەتایبەت لە ڕۆژئاوای ئێراندا؛ بۆیە هۆزەکانی کوردستان هەر لە ورمێەوە تاکوو کرماشان و ئیلام و کەڵهوڕ هاتنە گۆڕەپانی مەیدانی خەبات و بەربەرەکانێ لە هەموو ناوچەکانی کوردستاندا. لەشکری ڕووس کەوتنە بەر پەلاماری هێزی عەشایرەکان و لە نێوان سنە و دیواندەرە بە فەرمانده‌یی فاتمەخانی گەڵواخی (فاتەڕەش) زەبرێکی گەورەیان لێ کەوت و لە کێوی زێڕاوایشدا کەوتنە بەر پەلاماری هۆزی مەنمییەکان و سەدان کەسیان لێکوژرا کە دوایی بەناوبژێوی سەیید نجم الدین هەمرۆڵە، ڕووسەکان بە دانی هێندێک باج و وادە و بەڵێنی توانیان بەرەو سنە پێشڕەوی بکەن و فاتمەخانی گەڵواخیش شەهید کرا. هەرچەند ناوبانگ و قارەمانیەتی شەڕی ڕووس بە باڵای سنجەرخانی‌نەڕاندا بڕا بەڵام هەموو عەشایرەکان لە بەرانبەر ڕووسەکاندا شەڕیان کردووە چوون بە داگیرکەری وڵاتیان دەزانی بەڵام دوایی حکوومەتی قاجاڕەکان بە هاوپەیمانی ڕووسەکان، کەوتنە پیلان دانان و ڕاوێژ کردن بۆ لەناوبردنی هۆزە سەرهەڵداوەکان بە تایبەت لە کوردستان مەنمییەکان و گەڵواخییەکان کرانە ئامانج، لەو هێرشە بێ‌بەش نەبوون و کەوتنە ناو لیستی ئەو پرۆژەیە قاجاڕەکانیش بۆ دامرکاندنی خەباتی عەشایرەکان و بارودۆخی کوردستان عەلی‌محمدخان بەنی‌ئادەم ناسراو بە شریفە الدوڵەیان بۆ حاکمی کوردستان و گەڕووس دیاری کرد تا بتوانێ بە پیلان ڕێنوێنی بریتانیا و ڕووسیە هەموو هۆزە سەرهەڵداوەکانی کوردستان لەناو بەرێ.
سەرەتا بە وتووێژ لە سەردار ڕەشید ڕەوانسەرەوە دەستی پێ کرد و بە فێڵ و تەڵەکە چەند کەسێک لە پیاوە ناودارەکانی سنەی کردە پاڵپشتی خۆی کە پاش ئەوەی سەرنج و متمانەی ئەوانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا هێزە چەکدارەکانی حکوومەت و هێزەکانی سەردار ڕەشیدی کۆ کردەوە هێرشیان کردە سەر هۆزی مەنمییەکان و گەڵواخییەکان لە کێوی هەوازۆی تەورێزخاتوون کە لەو هێرش و پەلامارەدا سەدان کەس لە هەر دوو لا بوونە قوربانی سیاسەتەکانی شەریفەدەوڵە و کاپیتان وارین ئینگلیس. 
پاش چەند مانگ بەربەرەکانێ و خۆڕاگری، هێزەکانی حکوومەت شکستیان هێنا و گەڕانەوە بنکەکانی خۆیان، ئەم جارە بە فێڵ و تەڵەکە ڕاگەیاندراویان بڵاو کردەوە بۆ سەرۆک هۆزەکان که ئەگەر لە ماوەی بیست ڕۆژدا خۆیان تەسلیم هێزەکانی حکوومەت بکەن قەڵەمی بەخشین بەسەر هەموو تاوانەکانیاندا ئەکێشرێت بەڵام هێشتا ماوەی بیست ڕۆژ تێنەپەڕیبوو بە فەرمانی شەریفەدەوڵە هێزەکانی حکوومەت دووبارە هێرشیان کردەوە سەر مەنمییەکان و گەڵواخییەکان. سەرەتا دوو ئوردووی گەورەی چەکداریان بردە گوندەکانی ئافراسیاو و ینگی‌یەخ لە ناوچەی ساراڵ؛ پاشان هێزە چەکدارەکان هێرشیان کردە سەر هۆزی مەنمییەکان لە کێوی زێڕاوای شێرکوژ کە پاش چەن ڕۆژ خەبات و بەربەرەکانێ ژمارەیەک لە هەر دوو لا کوژران. یەکێ لە کوژراوەکانی حکوومەت حوشمەتولمولک فەرماندەی هێزە چەکدارەکان بوو و پێنج کەس لە مەنمییەکانیش لەبەر تەواو بوونی تەقەمەنی بە دیلی کەوتنە دەستی هێزەکانی حکوومەت. ناوی بە دیل گیراوەکان ئەمانەیە:
١. عەزیزخان
٢. تەکش‌خان
٣. موحەممەدخان
٤. عەبدول سەمەدخان
٥. گوڵ‌موحەممەدخان
کە پاش بە دیل گیرانیان عەزیز خانیان لەناو ئوردووی ئافراسیاودا زیندەبەگۆڕ کرد و تەکش‌خانیان لە گوندی ینگی‌یەخدا گوللەباران کرد و ئەو سێ کەسەکەی دیکەش لە شاری سنەدا گوللەباران کران.


پاش شەڕی زێڕاوای شێرکوژ چەند کەسێک لە سەرۆک هۆزەکانی گەڵواخی و مەنمی و شێخ ئیسماعیلی و مەحموودخان کانی‌سانان و مەحموودخانی دزڵی بیروبۆچوونیان هاتە سەر ئەم باوەڕە لەم بارودۆخە نالەبارە خۆیان تەسلیم بکەن تا چارەنووسیان وەکوو عەزیزخان و تەکش‌خان و براکانیان نەبێت و بە دیلی نەکەونە دەستی دوژمن و لەناو بچن، بۆیە لە ماوەیەکی کورتدا نیزیک بە ٢٥ کەس لە سەرۆک هۆزەکان خۆیان تەسلیم هێزەکانی حکوومەت کرد و بە فەرمانی شەریفەدەوڵە پاش پێشوازیێکی کاتی هەموو سەرۆک هۆزەکان بە زەمانەت ئاغای موشیردیوان ئازاد کران و پێیان ڕاگەیاندرا دەبێ لەنێو شاری سنەدا بمێننەوە؛ ئەوانیش بۆ بەجێ هێنانی ئەمری شەریفەدەوڵە خانوویان لە شاری سنەدا گرت و لە ژێر چاودێڕیدا مانەوە. پاش چەند ڕۆژێک مانەوە شەریفەدەوڵە فەرمانیدا بە هێزە چەکدارەکانی هەموو سەرۆک هۆزەکانیان کۆ کردەوە بۆ بەشداری لە پرسە و سەرخۆشی حاجی موحەممەد عەلی‌خان ناسراو بە سەردار موکەڕڕەم کە پاش تەواو بوونی مەراسمەکە هەموو سەرۆک هۆزەکان لە لایەن هێزەکانی حکوومەتەوە بە دیل گیران و ڕەوانەی بەندیخانە کران کە پاش چەند ڕۆژێک بیروڕاگۆڕینەوە لەگەڵ کاربەدەستانی تاران و بریتانیا بڕیاری لە سێدارەدانی گەڵواخییەکان و مەنمییەکان و شێخ ئیسماعیلییەکانی وەرگرت و حوکمی ڕەوانە کردنی مەحموودخانی کانی‌سانان و مەحموودخان دزڵی بۆ زیندانی بەغدا و حوکمی بەدیل‌گیرانی سەردار ڕەشید ڕەوانسەریش بە دەسبەن و پاوەنەوە بۆ بەندیخانەی تاران دەرکرد کە پاش دەرچوونی ئەو حوکمە ٢١ کەس لە گەڵواخییەکان و مەنمییەکان و شێخ ئیسماعیلییەکان لە دارلحەکەمەی شاری سنەدا لە سێدارە دران و تەرمەکانیان لە چینی دیواری دەروازەی دارلحەکەمەدا نێژران بۆ چاوترساندنی هۆزە سەرهەڵداوەکانی دیکەی کوردستان.
 پاش بەڕێوەبردنی ئەو جینایەتە سامناکە کاربەدەستانی حکوومەت لە چەند کۆبوونەوەیێکدا بیروباوەڕیان هاتەسەر ئەم‌بڕیارە که دووبارە هێرش بکەنەوە سەر گەڵواخییەکان بۆ لەناوچوون و پاک‌کردنەوەی یەکجاریی گەڵواخییەکان. سەرەتا هێرشیان کردە سەر چەند گوندێک لەژێر دەسەڵاتی گەڵواخییەکان بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ لەسەر بەرزاییەکان ئوردووی دیدەبانیان دامەزراند بەڵام بەپێی نووسراوەکانی ئاغای مەردۆخ لە شەوی ٢٧ی ڕەمەزانی ساڵی ٣٨ی ک.م کەوتنە بەر پەلاماری گەڵواخییەکان و هەموو تۆپ و چەک و تەقەمەنیەکانیان بەجێ‌هێشت و بەرەو بنکەکانی خۆیان لە شاری سنە هەڵاتن و دەسکەوتێکی زۆریش کەوتە دەستی گەڵواخییەکان بەڵام کاربەدەستانی حکوومەت بە پووچەڵ کردنەوەی ئەو پیلانە وازیان لە هێرش کردن نەهێنا و لە ڕێکەوتی مانگی ذی‌القعدەی ساڵی ٣٨ی ک.م دوبارە هێرشیان کردەوە سەر گەڵواخییەکان، سەرەتا چەند ئوردوویێکی چەکداری بەهێزیان لەسەر بەرزاییەکانی قەڵای ئاڵۆڵاخ دامەزراند تا بتوانن جموجووڵیان چاوەدێری بکەن بەڵام گەڵواخییەکان بە پیلانێکی ڕێکوپێک هێرشیان کردە سەر چەکدارەکانی حکوومەت و هەموویانیان تەفروتونا کرد و دەستیان گرت بەسەر دوو تۆپی دوورهاوێژ و دەیان قەفزە چەکی جۆراوجۆر و بەشێکی زۆر کەرستەی شەڕیشیان بە دەسکەوت گرت و دەیان کەس لە هێزە چەکدارەکانی حوکومەتیش بە دیل گیران کە ئاغای مەردۆخ لە کتێبی کوردستان و کورددا بە تێر و تەسەلی باسی ئەو شەڕەی کردووە.
وەک ئەوەی دەڵێن ئاش بە نۆرەیە، پاش ململانیێکی زۆر لەگەڵ گەڵواخییەکان و مەنمییەکان نۆرە گەیشتە خزمەت کاربەدەستانی حکوومەت؛ سەرەتا سەردارڕەشیدیان بە دەستبەن و پاوەنەوە ڕەوانەی بەندیخانەی تاران کرا و بەپێی گەڵاڵەیێکی ڕێکوپێک سنجەرخانی نەڕانیان بە دەستی خەلیل‌خان برای خۆی کوژرا و میرزا یووسف خان موشیردیوان کۆچی دوایی کرد و پیلانیان ساز کرد بۆ کوژرانی ئایەتوڵڵا مەردۆخ  بەڵام چون مەردۆخ لە ئەوان وریاتر بوو زۆر زوو هەڵات و خۆی گەیاندە لای حەسەن خانی ڕەزا و چەند نامەیێکی بە شیعرەوە بۆ شەریفەدەوڵە نووسیوە و ئیزهاری پەشیمانی خزمەتەکانی خۆی لە بەرانبەر شەریفەدەوڵە کردوە بەڵام هێشتا ئاواتە لە مێژینەکەی شەریفەدەوڵە نەهاتبووە دی کە هەموو پیاوە سەرناسەکانی سنە و هۆزە سەرهەڵداوەکانی کوردستان قەڵاچۆ بکات لەناکاو  حکوومەتی قاجاڕیش بارگە و بنەی دەسەڵاتیان پێچایەوە و جنایەتەکانیان بوو بە داستانی مێژوو بۆ هەتاهەتایە و دەسەڵاتی حکوومەتیش لە ساڵی ١٣٠٣ی.هـ کەوتە دەستی ڕەزا خانی پەهلەوی.
 ڕەزا خانیش پاش بە دەستەوەگرتنی جڵەوی دەسەڵات کەوتە پەلەقاژە و جموجووڵ بۆ لەناوبردنی دەسەڵاتی هەموو عەشایەرە سەرهەڵداوەکانی ئێران بەتایبەت هۆزە سەرهەڵداوەکانی کوردستان. پاش ئەوەی شۆڕشەکانی میرزاکووچک‌خان جەنگەڵی ڕەشت و قەدەم‌خێرخانم لوڕستان و غوڵامڕەزا خان ئەبووقەدارا و سماعیل ئاغای سمکۆ و هۆزەکانی ئیلام و پشت کۆی والی دامرکاند، وردە وردە هێزەکانی خۆی کۆ کردەوە و هێرشی کردە سەر هۆزەکانی جوانڕۆ و هەورامان و مەریوان کە لەو هێرش و پەلامارەدا بەشێک لە چەکدارانی هۆزەکان بە دیل گیران، چەند کەسێکیان کوژران و بەشێکیشیان ئاوارە و پەڕیوەی دوورە‌وڵات بوون و ژن و منداڵیشیان کەوتەبەر پرۆژەی کۆچی زۆرەملی بۆ شارە دوورەکانی دیکەی ئێران.
 مه‌حموود خانی کانی سانان
پاش دامرکاندنی دەسەڵاتی ئەو هۆزانە لە زستانی ساڵی ١٣١٥ی هـ. نۆرە گەیشتە گەڵواخییەکانیش؛ جا لەبەر ئەوەی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی گەڵواخییەکان لە ماوەی ١٢ ساڵ سەربەخۆییدا وەکوو ناوچەیەیێکی ئازاد و سەربەخۆ بوو بە مەکۆی زۆربەی سەربازە هەڵاتووکانی ناوچەکانی دیکە  و پشت و پەنای هەڵاتووە ڕامیارییەکانی کوردستان  بەتایبەت بۆ بنەماڵەی شێخ مەحموودی نەمر کە لە سەردەمی حکوومەتی قاجاڕدا بۆ ماوەیێکی کورت سالارلدەوڵە لە دەسەڵاتی حکوومەت یاخی ببوو لەناو گەڵواخییەکاندا ژیاوە بە هۆی ئەو تایبەتمەندییانەوە بوو کە مێشک‌وبیری ڕەزاخان و هاوبیرەکانی ڕاکێشا دەبێ بە هەر شێوەیێک بێ ‌دەسەڵاتی گەڵواخییەکان لەناو بچێت، بۆیە لە زستانی ساڵی ١٣١٥ی هـ. بە هاوکاری پوازە ناوخووییەکان لەچەند لاوە هێرشیان کردە سەر گەڵواخییەکان و لە چۆمی بەردە هەنگەکەی ئاڵۆڵاخدا چەند کەسێک لە گەڵواخییەکان کوژران و دەیان کەسیان بە دیل گیران و لەگەڵ ژن و منداڵەکانیان بێ‌بەزەییانە بەناو بەفر و سەهۆڵ‌بەنداندا کۆچی زۆرەملی دران و باقی چەکدارەکانیش بەرەو وڵاتی ئێراق هەڵاتن کە لە سنووری ئێران و ئێراقدا لەناو گەمارۆی بەفر و بۆران و سەهۆڵ و کڕێوەی کوێستانەکاندا ٧ شەو و ڕۆژ مانەوە کە لەو کارەساتە زیاتر لە ٧٠ کەسیان لێی رەق هەڵاتووە کە بەپێی ئەو بیرەوەریانەی پیاوە گەورەکان دەیگێڕنەوە لەتاو برسیەتی لە ئەسپەکانی خۆیان کوشتووە و گۆشتەکەیان خواردووە. 
پاش دەربازبوون، خۆیان گەیاندوەتە لای سڵێمان‌خان روخزادی جاف و ئەویش پیاوانە بە هانایانەوە هاتووە و پەنای داون تاکوو بەهاری ساڵی ١٣١٦ی هـ. بە ناوبژێوی سەیید بابا شێخ زەمبیل گەڵواخیە هەڵاتووەکان دوبارە گەڕاونەتەوە ئێران بەڵام حکوومەتی ڕەزا خان فێڵی لەگەڵ کردن، لە هاوینی ساڵی  ١٣١٦ لە چەند پیلانێکدا بەشێکی دیکەی لە سەرۆک عەشیرەتەکانی هۆزی گەڵواخی بە دیل گیران و بەشێکیشیان دوبارە بەرەو وڵاتی ئێراق گەڕانەوە و ژن و منداڵ و پیر و پەککەوتەکانیشیان کۆچ دران بۆ شارەکانی ئیسفەهان و یەزد و ساری و سەوزەوار و قەزوێن و دەیان شاری دیکە و بە دیل گیراوەکانیش لە بەندیخانەی قزلحەساری کەرج بەندی کران تا کۆتایی دەسەڵاتی ڕەزاخان.
بە کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ڕەزا خان لە مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٢٠ی دەرگای بەندیخانەکان بە ڕووی بەندکراوەکاندا کرایەوە و ئاوارەکانی دوورە وڵات و کۆچدراوەکانیش پۆل پۆل گەڕانەوە سەر خاک و وڵاتی خۆیان بەڵام چوونکوو جڵەوی دەسەڵات لە باوکەوە گەیشت بە دەستی کوڕەکەی، واتە حەمەڕەزا شا، ئەویش پیشەی باوکی خۆی گرتە دەست و هێرشی کردە سەر گەڵواخییەکان و لە نێوان جادەی سنە - دیواندەرە چەندین جار تێکهەڵچوونی جۆراوجۆریان بووە که لەو هێرش و پەلامارە دەیان کەس لە گەوڵواخییەکان بە دیل گیراون و لە بەندیخانەکانی کرماشان و هەمەداندا بەندی کراون کە پاش شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی حکوومەت لەگەڵ گەڵواخییەکان چەکدارەکانی حەمەڕەشیدخان‌بانە لە شاری دیواندەرە هێرشیان کردە سەر هێزەکانی حکوومەت کە بوو بە هۆی کوژرانی ژنراڵ ئەمین و عەلی‌خان حەبیبی و کوژرانی دەیان سەرباز و چەکدارەکانی حەمەڕەشید خانیش بەرەو سەقز پاشەکشەیان کرد. 
لە بەهاری ساڵی  ١٣٢١بە ناوبژێوی سەیید عەبدوڵڵا نەقشبەندی (گەوەنتوو) و سەرهەنگ جەعفەرخان ئاسەف وەزیری و تیمسار ئەحمەد ئاغای شاه‌بەختی فەرماندەی گشتی هێزەکانی حکوومەت لە لایەن حەمەڕەزا شای ئێرانەوە حوکمی لێخۆشبوونی گشتی بۆ هەموو گەڵواخییەکان دەرکرا و بە وتووێژ و دیالۆگ هەموو گەڵواخییە بەند کراوەکان ئازاد کران و ئاوارەکان و کۆچ دراوەکانیش بە بێ ترس و دڵەڕاوکێ گەڕانەوە سەر جێگا و موتەنی باب و باپیرانی خۆیان و بۆ هەتاهەتایە نیشتەجێ بوون.
بە ڕێکەوتنی گەڵواخییەکان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی ئەم ٥ کەسە وەکوو سەرۆک عەشیرەتی گەڵواخییەکان دیاری کران:
١. حەمەعەلی‌خان ئەمیرحەسەنی سەرۆک عەشیرەتی کاک‌سەوەندییەکان
٢. ئیجلالەسوڵتان سەرۆک عەشیرەتی قەمەرییەکان
٣. حەمەعەلی‌خان مورادی سەرۆک عەشیرەتی مورادگۆرانییەکان
٤. حاجی مەجیدخان سەلیمی سەرۆک عەشیرەتی چۆخەڕەشییەکان
٥. مێخان‌بەگی ئەحمەدی سەرۆک عەشیرەتی گاملییەکان.
فاطمە خان گەڵواخی ملقب بە «فاتە ڕەش» فرمانده جنگ با روس‌ها در زمان سنجرخان

پاش دیاری‌کردنی ئەو ٥ کەسە بە بەخشینی میداڵی شاهی و تۆزقاڵێک چەک و کەرەستەی خواردەمەنی و بەخشینی هەندێک بەرپرسایەتی و مل‌ڕاکێشانی لاوەکان بۆ سەربازی کردن وردە وردە هێمنایەتی رووی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی گەڵواخییەکان کردووە و پێوەندیان لەگەڵ هۆز و تیرە و تایفەکانی مەنمی و جاف و تیلەکۆ و کۆماسی و هەورامی و فەیزوڵڵابەگی و بەگ‌زادەکانی مەریوان و قاڵقاڵی و شێخ ئیسماعیلی و بەراز و شێخ و سادات دامەزراند و پاشان خۆیان سەرقاڵی پیشەی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری کردووە و خەباتی چەکدارییان بۆ هەمیشە وەلا ناوە و زۆربەی ماڵە دەوڵەمەندو پیاوە سەرناسەکان دەستیان کرد بە کڕینی مڵکی گوندەکان، هەرچەند لە پرۆژەی چاکسازی (ئیسڵاحات ئەرزی)‌دا هێندێک لە مڵکەکانیان لە دەست داوە بەڵام کۆڵیان نەداوە تاکوو سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧بەبۆنەی بارودۆخی حکوومەت و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران و وەزعی ئاڵۆزی ناوچەکان و توندوتێژی لایەنەکان و حکوومەت لەگەڵ گوندنشینەکان بەشێک لە خەڵکی لادێیەکان ڕوویان کرد لە شارەکان و بەشێک لە گوندەکانی ناوچەی ساراڵ بوونە وێرانە بەڵام بەو کۆچ‌کردنە ئاڵوگۆڕێکی بەرچاو لەباری ئابووری و زانستی و کۆمەڵایەتییەوە ڕووی لە گەڵواخییە شار نشینەکان کرد. بۆ وێنە زۆربەی نەوەکانیان پلەی زانستی باشیان بە دەست هێنا کە لە مامۆستای زانستگاکانەوە بگرە تاکوو دەگاتە دوکتۆر و ئەندازیار (موهەندس) و دادوەر و کارناس لە بووارەکانی جۆراوجۆردا و لە بەشێک لە ناوەندە دەوڵەتییەکانیشدا جێگای خۆیان کردەوە و لەباری ئابووریشەوە پێشکەوتنی باشیان بەدەست هێنا کە لەباری فەرهەنگیشەوە تا ڕادەیێک بیروبۆچوونیان ڕوو لە گەشە کردن کرد.
لە ساڵی ١٣٨١ کتێبی مێژووی فەرمانڕەوایی گەڵواخییەکان چاپ کرا و بوو بە سەرچاوەیێکی مێژوویی بۆ گەڵواخییەکان و لە ساڵی ٨٩ لە لایەن گەڵواخییەکانی باشووری کوردستانەوە یادوارەیێکی گرینگ بەناوی هەوازۆ لە شاری سلێمانی بەڕێوە چوو کە سەدان کەس لە ڕووناکبیران و کەسایەتیە سیاسییەکانی کوردستان تێیدا بەشدار بوون و لە ڕێکەوتی ٢٤/٢/١٣٩٠ دووبارە لە شاری سلێمانی کونگرەی یەکەمی گەڵواخییەکان بە دروشمی هەنگاوێک بەرەو فراوان بوونی کلتووری کوردی بە بەشداری سەدان کەس لە ڕووناکبیران و کەسایەتییە مەزنەکانی کوردستانی باشوور بەڕێوە چوو کە یەکێ لەوانە شێرکۆ بێکەس بوو.
پاش گرتنی ئەو کونگرەیە گەڵواخییەکان بوون‌بە خاوەن ناوەندێکی ڕەسمی و حوکمی بۆ پەرەپێدانی کاروباری فەرهەنگی و ڕووناکبیریی لە هەموو بوارێکی زانستیەوە و لە ساڵی ١٣٩٩ بۆ جاری دووەم کتێبی فەرمانڕەوایی گەڵواخییەکان بە زیاتر لە ٦٠٠ لاپەڕەوە لە چاپ درایەوە و لە ڕێکەوتی ١٣/١٢/١٣٩٩ ڕووماڵی کتێبەکە لە سینمابەهمەنی سنە بە بەشداری سەدان کەس لە ڕووناکبیرانی کوردستان بەڕێوە چوو و پێشوازیێکی باشی لێکرا کە بەم شێوە هەڵسوکەوتە ئەتوانین بڵێین گەڵواخییەکان خاوەن پێناسەیێکی مێژوویی چەندین ساڵەن.
........................................
بۆ نووسوینی ئەم پێناسەیە لەم سەرچاوانە کەڵک وەر گیراوە:
١. شەرەفنامەی شەرەف خان بدلیسی
2. شەرفنامەی کوردی وەرگێڕاوی هەژار
3. کورد و کوردستان ئایەتوڵڵا مەردۆخ    
4. کورد و کوردستان سدیق بۆرەکەیی
5. کورد و کوردستان ئەمین زەکی بەگ
6. مەشاهیر کورد بەرگی سێهەم بابا مەردۆخ ڕۆحانی
7. کوردستان در مسیر تاریخ بە روایت ئەسناد عومەر فاروقی
8. کوردەکان و لێکۆڵینەوەیێکی مێژوویی حەسەن ئەرفەع
9. بۆ تاریکستان بابا عەلی بەرزنجی
10. جەنگ‌نامە مەنمییەکان بهالدین ڕەحیمی
11. گۆڤارەکانی ئاوێنە و سروە
12. بەسەرهاتی فەرمانڕەوایی گەڵواخییەکان خالید ئەحمەدی

سه‌رچاوه: ڕۆژنامه‌ی کوردستان ڕۆژان ژماره 728
تبلیغ

نظر شما

  • نظرات ارسال شده شما، پس از بررسی و تأیید در وب سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.
نام شما : *
ایمیل شما :*
نظر شما :*
کد امنیتی : *
عکس خوانده نمی‌شود
برای کد جدید روی آن کلیک کنید