دوشنبه، 31 اردیبهشت 1403
روژان پرس » اخبار » ساندويچی نيوه خوراو

خه‌سره‌و مێهرزاد

ساندويچی نيوه خوراو

0
کد خبر: 1504

ساندويچی نيوه خوراو

هەستا. دەستی گوشيم. چاوی بڕی له چاوم. ئەسرينی گيرسايەوه. هەنسکی بڕايەوه. روومەتی گەشايەوه. وەک بڵێی باری سووک بووبێ.
بەر له هەمووان پێي دەنایه حەوشەی فێرگە. بڕێ وەخت فەڕاشەکه درگەی نەکردبۆوه، لەسەر پۆلی دەرسيشدا مووی نالەری. دەتگوت تاشەبەردی له شاخ چەقيوه، بەڵام بيلبيلەی چاوی بريسکەی دەهات، ديار بوو له قوولايی چاويدا له پشت بريسکەوه شانۆيە! ئەکتەرەکان سەرقالن. له کاتی پشوودانی پۆلدا له سووچی ديواری حەوشەدا کڕ و مت ڕاوەستا! ماوه‌یه‌که زۆرتر هێمن و ئارامه. پێم وايه تەنيا دڵی لێ ئەدا! به زەنگی پشوودانی فێرگەش ڕاناچڵەکێ! له حەوشەدا هەردەم هانا بۆ سووچێ دەبا و له فکران ڕۆ دەچێ! کە فێرگەش کۆتايی دێ، منداڵان بۆ نانی نيوەڕۆ به پەله و هەڵتيقان دەڕۆنه‌‌‌‌وه. به‌لام ئەو به دڵێکی پڕ و لەسەر خۆ! به نابەدڵی به کاوه‌خۆ به‌ره‌و ماڵ هه‌نگاو دەنێ! کردەوەی ڕۆحی منيشی بۆ نێو خەياڵان، کوێرکێش دەکا. نەمدەوێرا تێر سەيری کەم، يا به ڕاشکاوی ئەو پرسيارانەی که دەيانلێواندم ئاراستەيکەم! شەوان لە‌گەڵ خۆما مشت و مڕم بوو. ئەمجار بينيم بەرۆکی دەگرم! چ دەبێ؟ چ دەکات! ئەوڕۆ نەمدی؛ چاوم گێڕا؛ پرسيار بووم. خەبەرێکی لێ نەبوو؛ نەهاتبوو بۆ فێرگە! سبەيش هەر نەهاتەوه! دوێنێ بينيم، ديسانەوه وەکوو جاران؛ بەڵکو خراپتر بەرچاوم کەوت! ڕۆژێکی يەکجار سارد بوو، دەم و چاوی دەڕچاند. رۆژی وام نەديبوو، هەمووان لەسەرمان سوور بوونەوه. کزەی سەرما تەنانەت کوڵمە دز و قەرزاريشی سوور هەڵدەگەڕاند! بەڵام کوڵمی ئەو نه تەنيا سوور نەيدەنواند، بەڵکو زەردتر له جاران بەدی دەکرا! لێی نزيک بوومەوه. له تەنيشتی دانيشتم. پێم له جەرگی خۆم  نا؛ به گۆشەی چاوی بريسکەداری که پڕ بوو له هەزاران ڕەمز و ڕاز و نهێنی‌سەيرێکی پڕواتای کردم!!
گوتم: چيه؟ چی‌ قەوماوه؟ بۆ چي وای؟ چيت ئەوێ، هەتا کەنگێ گۆشەگيری؟ چيت ون کردووه؟ نەخۆشی؟ دەردت چيه؟ چ بەڵێنێکت بدەمێ دەدوێی؟ چ ڕازێکه نايدرکێنی؟ له چی ترساوی؟
بێ‌پەروا دەيان پرسياری تريشم کرد! هەر پرسيارێ به بير و زارما هات نەمگێڕاوه! به هەستەوه سەرقاڵی پرسيار بووم، لەپڕ کوڕیکی‌تر به هەناسەبڕکێ پەريه نێوانمان! چاويلکەێيکی کۆنی ئەستوور  و قورس له چاويدا بوو. لێو بارگرتوو! دەست و پل وشک هەڵاتوو! لانەوازی لێ دەباری! به شەرمەوه زێپی کيفه دڕاوەکەی کردەوه! ساندويچێکی نيوەخوراوی دەرهێنا! بەوی دا، نيگاێيکی قووڵی کرد و ڕۆيشت! له دواوه بۆی ڕوانيم. له هەنگاوەکانی کوێرەوەری و بێ‌دەرەتانی دەباری! ڕۆێشتنی هەژارانەی وام نەديبوو! ديار بوو ئەو له ئەم چارەڕه‌شتر بوو!
گوتم: کاکه ئەمه کێ بوو؟
سەری هەڵبڕی، چاوانی هەڵای بريسکەدار بوون، مانی شکاند. له حەسرەتدا دەلەرزی لێوی له گۆی نەدەکرد.
گوتی: ئەوه برام بوو، برا! براگەورحىم بوو، براگەوره!
چاوانی پڕ بوو له فرمێسک و ژان، چاوێ شڵەقا، بريسکەی نەما! بوو به گۆمێ مەنگی خوێن و ئەسرين و ڕق و قين! به رۆحی مەولەق هێنده گريا، وەکو خووناوکەی دوو دانگی به خوڕی باران! بيلبيلەی بريسکەداری نوقمەسار بوون. بەرپێ تەڕ بوو، ساندويچەکەشی بۆ نەخورا!!
وتی: برا گەورەکەم زانيويه دوو رۆژی دەريان کردووم! مێڵاکم نەچێشتووه! تەنيا پووڵی ساندوێچێکی بووه که خۆی نيوەی خواردووه! له قوتابخانەيەکی ترەوه به پەله هاتووه! ئەو نيوە ساندويچەی بۆ من هێناوه! ئاخر براين و هەتيوين، هەتيو، زۆر هەتيوين!!
هەنێسکی ئەدا، بەردی دەتواندەوه، گاور بۆی ئەهاته ڕوحم. هاوارەکانی له ناخەوه دەخنکاند! ديسان گۆتی: ئەوه برای گەورەم بوو، ئيمه هەتيوين!
گوتم: خوا گەورەيه.
سەری هەڵبڕی، گوتی: خوا  هەر گەورە بووه. (ساندويچەکه هەەر به دەستيەوه بوو، درێژەی پێ‌دا)... بژێوی ڕابردوومان وەک شريتێ دەخەمه سەر، بەر چاوم دێ، باش بوو، دەستی گەرمی باوکم سەرمانی شانه دەکرد، ئێمەیش وەکو خەڵکی ئەم شاره دەگەڕاين، سەيرانمان بوو، کەبابيشمان دەخوارد، جل و بەرگی تازەشی بۆمان دەکڕي، بەڵام دوای باوکم وشەی خۆشەويستی «گيان»م نەبيستووه! ئێسته وێڕای براکانم نامۆين! له يەک  دابڕاوين! وەکو گۆشتی قوربانی دابه‌شيان کردووين! (هێنده حەزين و به پەله زاخاوی هەڵدەڕشت، بێ‌ئاگا ساندويچەکه له دەستی کەوت) گوتی:  باوکم به ماشينه شينەکەی هاته کوشتن! دايک جێمانی هێشت! ئێسته له ماڵی باوانين، ماڵی باوان، تێگەيشتي!؟ باوان!
سێ براين، برا گەورەکەم سۆمای چاوی کزه، چاويلکەی به قەد بنی ئيسکان ئەستووره! زۆر داماوه، هەر دەم سەری دادەخات و له دڵيەوه دەکوڵێ، بێ‌هەياهوو و دەگري! زۆر لێی دەدەن! ئەو خوانەناسانه له ژێر لەقەو پێدا دايدەپڵوسن! به تەوسەوه لەگەڵی دەدوێن! پێی دەڵێن سەربار! شەوکوێر!!
گوتم: ئەو براکەت؟
وڵامی دايەوه: ماوەيەکه خەبەرم لێنيه! نەمديوه! ناهێڵن بيبينم! بەڵام بيستومه له ماڵی پوورمه! دەڵێن کاری ناو ماڵی پێدەکەن! نانی پێ دێنن، گسکی پێ دەدەن، تەنانەت جليشێ پێ دەشۆرن. به منه‌تەوه نيوه تێری دەکەن! ئێمه هەژارين! هەتيوێکی هەژارين! خۆيشم له ماڵی باوکی باوکمدام، باوکی باوکم! داپيرەشم هەيه، هەر دەم نوێژ دەخوێنن! باپيرەم له ريزی يەکەمی مزگه‌وت و داپيره‌شم به بەشێ له بەهەشت رازی نابێ!! بەڵام نانی بێ چەپۆکی دەرخوارد نەدوام! تا ئەوەی له بيرم بێ بێ‌هەنسک نەخەوتووم، بێ شەق و لەقەش لەخەو هەڵيان نەساندووم! جگه له تەوس و تەشەری ڕەق، وشەی نەرمی دڵدانەوەم نەبيستووه؛ وەکو تۆپی فووتباڵ له بەری پێيانا خلێر دەبمەوه. له کارواني هەفاڵانم به جێ ماوم، له خۆشم بێگانه‌م، دەنگ و سەدام له  لای بابم چەشنی خوێندنی کەڵەبابی ناوەخته، هەردەم قەڵەم بڕی بيانووی کەڵبەيی دەسوێ! ئێرەيی به ڕەنگ و بزەی کەس و ناکەس دەبم! تەنيا داری ڕق و تۆڵه‌م له دەروونی بێ‌دەسەڵاتمدا ڕەگاژۆی کردووه! داپيرەم دەڵێ له کۆڵمان ‌نابنەوە! گوڵە‌قاڵی‌نەماوه پێت لەسەری دانەنابێ! مێردەکەيشی وەکو سترانبێژی لەمەو پێش له دەمی دەگرێت! دەڵێ باوکيشت تا مابوو، دەساوی بۆ ماڵی من ئەهاورد! تەنانەت قەرزارمه! شواڵی کورت و کراسی دڵپی خەڵکيم له بەر دەکەم!!
داخۆ ناخی پڕ له هاوارم  له کوێ بەر بەم؟ سکاڵای دڵی تەژی له مەراقم لای کێ هەڵبژێرم؟ من خۆڵه‌مێشی ناو ديرۆکی چارەی خۆمم. وردەخەياڵی ڕابردووێيکی که‌کره‌تاڵەم. ژاری تلاوتلی ماسی لابرژاوی سياساڵی چۆمم، بيرەوەری بەرگری سيلەی ڕه‌حم تەزاندوومي. دووکەڵي جياوازی و تۆفير خستن هەته‌ری لێڵ کردووم. من بلۆقی کونەزامی بێ‌ڕەحمانم. من دواهەناسەی زەڕنەقووتەی هەڵلووشاوم، پشت‌شکاو و بەندڵ بڕاوم، ئاسۆم ونه، هەتا ماوم. هەر درگەێيک دەکوتم، دەمکوتن. له عەزرەتی ماڵی باوانا باوەش به گوللەی وێڵدا دەکەم. کەسيان ئاوڕمان لێ نادەنەوه. جگه له نەمان بيری هەر شتێ بۆژ و دژواره بۆم. ئەيی داهێنەری چارەڕەشی. ئەی بناغەی دانەری هەتيوی! من ڕچەشکێنی لانەوازيم. من له درگەی باوانی خۆم نامۆی نامۆم، من تاوێرەبەردی هەڵدێری هەناسە سارديم. تەنيا خنکان و سووتان و تاسان و نەمان، هەتوانی ئاوجزی زامانی بێ‌ئەمانمه.
ساڵگارێکه گڵۆڵەی خۆم و براکانم له نشێوه. له مێژه ملمان له ژێر نێلەی ويژدانه تۆپيوەکاندا ڕاست نەبۆتەوه‌و ونابێتەوه. من دواچۆڕی حەسێڵی چاوی هەڵچۆڕای تەريکيم. کەس سای داڵدەی به سەرا نەکێشاوم. دەستێ دەستی حەزی نەگوشيوم. تاسەی ماچێ باوک ئاسا ‌لەسەر لێو و کوڵمم بووەته گرێ، بووته خەون و خەياڵی بێ‌بڕانەوه. دەيان بوغزی نەوس و فرمێسک له چاوانی چاوەڕێم قەتيس ماوه. لەم ماوەيەدا ئامێزی گەرمە بەزەييم نەديوه. تەنانەت بۆ تاکەقسەێيکی خۆش و بێ‌منەت بێزوو دەکەم. نامەوێ ئيتر سەرباری دوو شمڵی بەرکەتی بەساڵا چوو بم، که تازه خاڵ و مێڵی تەمعيان ڕشتووه.
من بير له دنياێيکی ديکه دەکەمەوه و ئەوانيش له دەمی يەکەم دەرگای ئاوتما تاسەخوازی پەلەقاژێمن، سەتکا سەريان لەسەر لچێ گۆڕان دەلەرزێ، بەڵام هەر دەم بير له داپۆشينی قەبری من و براکانم دەکەنەوه. ئازاری بێ ڕادەيان، هەست و دڵی دانيشتوانی گەڕەک و خەڵکی دووريشی هەژاندووه. چيرۆکی تاڵی دابڕانی ئێمەی هەتيو عەرشی تەنيوه. دڵ ڕه‌قی خزمانم، دڕکە دەستيی ناحەزانه که به چاوی ئاوس به فەرمێسکمان ڕۆ دەچێ.
تانه و تەشەری خێڵی باوان، تەوقی شۆڕەوبووی گەردنمانه. لارەملی و بێ‌ڕۆچنەيی براکانم وێڕای هەنسکی نەبڕاوەمان، سەری لێشێواندووم و خەوی زڕاندووم. ديسان جگه له سووتان و تاسان و نەمان، چارەيان لێ قەپات کردووم. هەرچەند بير له داهاتووی خۆم و براکانم دەکەمەوه، خەڵکی دەڵێن خۆتان خۆش! يا وینه‌ی براگەورەکەم نووساو به ديواری دەراوسێ و لاديواری مزگەوتەوه دەبينم! يا دەنگی پرسه و سەرەخۆشی ئەو براکەی ترم دێته گوێ. يا ئاغەڕەۆ خوا شوکری خێڵی باوان بوغزم پێ دەبەخشێ. من  باری خەمم زۆر  ڕاگرتووه. لێڵاوی تانەم زۆر چێشتووه. شەقی منەتم زۆر خواردووه. جنێو و قۆڕەی بێ‌ئەژمارم بيستووه. هەزاران هەزار ‌زه‌خمي‌ زاری پوور و مامۆژن و زاوا و تەڕەماشی‌تر لەسەر دڵم ڕيشەی کوتاوه. دەيان شەوەی نەهات دەستی لێ وەشاندووم. ئاسەواری تفی خێڵ له ڕوومەتما وشک نەبۆتەوه. دوای هەورەگرمەی ڕق و پڵپيان، لێزمەی شەق و مست، کێڵگەی لەشمی خووساندووه و قارچکی برين لەسەر و ئەنامم هەڵتۆقاوه. هەموو ئەم زوڵم و زۆر و ئازارانه لام خەڵاتە، بەڵام بيستنی مەرگی برا گەورەکەم ئەستەمه، نەهاتێکی بەندڵ‌بڕ و قافێزچڕه. بەرگەی ديتنی وێنه‌ی بەقەد ديوارانەوه ناگرم. شەرافەتەم لێم ناگەڕێ شادەی خۆ کوشتنی براکانم بم! دەبێ خۆم به قۆچی قوڕبانی داهاتوويان بکەم؛ بەڵکو نەمانی من ويژدانی خێڵی باوانمان داتەکێنێ و داچڵەکێنێ! بۆيه سەردەمێکه کەڵکەڵەی دەربازبوون له دۆخی ئەم دۆزەخه بێ‌ئەمانه له کەللەی دوام.
گوتم: خوا گەورەيه.
گوتي: خوا هەر گەورە بووه!!!
گوتم: کەسی دایکت؟!
گوتی: قوڕی ئەوان هەستتر و پيستره. کەند و لەنديان ڕەقتر و بەرزتره. قفڵی ئەستووری ژەنگ‌گرتوويان لەسەر ئاڵقەی دەروازەی چاوپێکەوتنی دايکيشم داخستووه. ڕێخی نێو پێلاوی سيلەی ڕەحمن. تێلی دڕکاوی سنووری مروڤايەتين. لەغەمی نەپرتووکاوی خوێن بەدەمی ڕێگەی جێژوانی خؤشەويستێين. ولەتسنەی گەنکاوی فرت و فێڵن. داڵاشی خۆمت دەری لاکن. ديواری ئاسنينی دۆمەی دايک و ئەولادن. به پلانێکی داڕێژراو و ئەندازيارانه به کەوڵی ماف، له لۆفەی دادەوه شفرەيان هەردەم له گەڕه. ئەوانيش گاشەبەردی سيزيفيان له کوڵ ناوم، بۆيه دەڵێم ڕۆچنه نييه. ئاسۆم ونه. تا بيرم بڕ دەکا، داهاتووێيکي ڵێل و شووم پێشوازيم لێ دەکا.
هەستا. دەستی گوشيم. چاوی بڕی له چاوم. ئەسرينی گيرسايەوه. هەنسکی بڕايەوه. روومەتی گەشايەوه. وەک بڵێی باری سووک بووبێ. وەک بڵێی چاوە جواوی کرد. ناخی هەنسکی پێ نەدا. دڵيشی بەری گرت. بەڵام بريسکەی چاوی هاتەوه. ديمەنی ڕەنگی ئاوی لێ نيشتبو. بۆنی ئاوی ئەدا. وەکو ئاويش ماڵ‌ئاوايی کرد. به‌ڵام ئەمجار بەلەز ڕۆيشت، وەکوو بۆ پیشوازیه‌کی گرنگ بڕوا. ئه‌وڕو، ئه‌وشه‌و کاس و وڕ دۆش دامام. هه‌ر وشه‌یه‌کی چيرۆکێکی سەرسوورهێنەر بوو. بوومەلەرزەيەک بوو، سەراپای گيان و ژيانمی هەژاند. هەر هەناسەيەکی گڕکانێک بوو بير و دۆزمی دەپڕوزاند و دەسووتاند.
رۆژی دوايی له حەوشەی فێرگە مقۆمقۆ داکەوت. نيوەی منداڵەکان دەگريان. زۆريان لێک هاڵابوون. مامۆستاکان پەکەر بوون. له پڕ گوتيان منداڵينه هاوڕێيەکه‌تان خۆی کوشتووه. دەڵێن خۆی له سێداره داوه. بەرپرس وەک بڵێی منداڵی خۆی مردبێ. تکای دەکرد ئازادی کەن، حەڵاڵی کەن، هەموو بيبەخشن، حاڵ و هەواێيکێ تايبەت فێرگەی داگرت. هەموان دەگريان. ئاخيان هەڵده‌کێشا و وشەی «داخەکەم» له زاری هەموان دەبيسرا. من له گشتی پەکەرتر و پەرێشانتر بووم. من قەت فرمێسک و هەنسک و هەناسەی، ڕوومەتی مەعسووم و خاوێنی لەبەر چاو و له نێو دەروونمدا بزر نابێ. بۆيه هەر دڵۆپێ ئەسرينی مەراقی که به سەر گۆنای دەخشی شمشێريان له ماشێنه شينه‌کەی باوکی دەساوی. هەر هەناسەێیک هەڵیده‌کێشا هەزار تووک و تف بوو بۆ نێو چاوانی ئەوانەی کەوا بەر سيلەی ڕۆحميان لێ گرتووه و دايکيان لێ حەشار داوه.
هەر ئاخیکی بلێسەی گڕێ بوو دڵی ئاسنينی دەتواندەوه. هەر هەناسەيەکی سووناميەک بوو ويژدانێ گۆی زەوينی دەهەژاند. هەر نگاێيکی هەزاران پرسياری بێ‌وڵام بوو. سکاڵای زەرياێیک بوو هيچ مەلەوانێ نەيدەوێرا ڕووی لێ بکات. کاتێ دەيگوت برا لارەملەکەم ويستی خۆي بکۆژێ. ئيمه هەتیوين. هەتیويکی هەژارين. وەخته دەيری بم، چۆن له بيری ناکەم. دەيگوت خۆ له ئاو ناخنکێنم، نه وەک له زرێبارا له دووم گەڕن، خەڵکی سەرمايان دەبێ. خۆيشم ناسووتێنم نەک ژوورەکەم گڕ بگرێ، دوايی به سەر براکانما بنەڕێنن! بڵێن زەرەری لێمان داوه و شتمان سووتاوه! پەت له ناخم‌‌‌ دەخه‌م. با بۆ باوان بەلاش بێت، ئیسته‌ش سکاڵاکانی ئازارم ئەدا. بوونەته مۆتەکەی ڕۆحم. له بيرم ناچێ هەستی خاوێنی، گۆنای قوت و لووتی قنجيی. ديار بوو بيانهێشتبايه شەنگەکۆڕێ دەبوو. بەڵام هەموان دەزانن هيوای ژيانيان لێ سەند. چارەيان  لێ بڕی بۆيه تووی ڕەق و قينی هوکارەکانی له دڵی من و خەڵکی چەکەرەی کردووه. قەوماری دڵبڕی وام نەديوه. کەمم ديوه. زۆرم بيستووه. زۆرتريشم خوێندۆتەوه. کارەساتی وام نەديوه! چيرۆکی منداڵی حەمە دۆک! هەتيوه هەتيو خۆرەکانی کاتی ستالين. منداڵه بێ پەنا عەرمەنيەکانی مووش و قارس. مەرگی دڵتەزێنی سێ کوڕی ئەولەزيمی داسنی خوشک و برا ڕةق‌بووەکاني ڕێگەی فێرگەی سەی سادقی خۆمان. مەرگی تاقانەکەی کەريمی خاوەر و.... تراژيديای وا نابێ و نەبووه و نەکراوه!

دسته بندی: اخبار / کوردی
تبلیغ

نظر شما

  • نظرات ارسال شده شما، پس از بررسی و تأیید در وب سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.
نام شما : *
ایمیل شما :*
نظر شما :*
کد امنیتی : *
عکس خوانده نمی‌شود
برای کد جدید روی آن کلیک کنید