کا و گزرە لە کادێن کران، کۆدە و پۆڵکە و نەرمەگیا لە تایە و گیشە دران، تفاقی زستان داخرا، دێمکێڵ بەهیوای بارانی ڕەحمەت و هەقەپەڵەی پاییز، دێمەکار و ئیشکەکەندیان داچاند.

کا و گزرە لە کادێن کران، کۆدە و پۆڵکە و نەرمەگیا لە تایە و گیشە دران، تفاقی زستان داخرا، دێمکێڵ بەهیوای بارانی ڕەحمەت و هەقەپەڵەی پاییز، دێمەکار و ئیشکەکەندیان داچاند.
جارجار هەوری سپی و تەنک بەدەم باوە بە پەلە بەئاسماندا تێپەڕین، چەند پڕیشکی بڵاویان وەراند. دڵی شکارتەکێڵی بێزەوییان داخورپاند و ترسان نەوەکوو ئەوەندووکە دەغڵەی ئاوماڵان بۆیان داچاندوون گەندەنێ بێ و بەجارێک قووتبڕاو و بێسەڵات بکەونەوە. دار و دەوەن خەزەڵیان دا، مێرگ و چیمەن بێ دیمەن بوون، لاپاڵی بژوێن بوونە ڕێچکە، نواڵەی زەنوێر کاتۆر کران، تەلان و بەندەن ڕووتانەوە، ڕووباری خوڕێن لە خوڕین کەوتن، ڕێبواری خورێن لە تەنکاویان دا. سوار بۆ بوار نەگەڕان، گیابەرزە بوونە ئیشکەڵ، دڕوو بوونە نەشتەر، تیکان بوونە پەیکان، پێکوڵ و کونجی بوونە بزمار و دەرزی و لە پێی گالەوەڕێنی پێخواس هەڵچوون و گردەنشینیان کرد. بابردەڵە وەک لەشکری بەزیو و شکاو ڕەتێنرا، خۆی بۆ نەگیراوە، بڵاو بوو. پووش و پڵاش وەک ترسەنۆک و دوورەپەرێزان خۆیان لە خوارە بایان گرت. لە نەدیو و پەسیو و بوودڕ و کەنداڵان خزین، هەوار خاڵی بوون، چادر و چیغ پێچرانەوە. سێپەک هەڵپەسێران، مەشکە بەرچیغیان تێ هەڵکێشرا و لەبنمیچی قوڕماوی نران. دۆدانە و شیرمەشک لە خەرارە کۆنان پێچران و لەبەر هەیوان و بێڵا بە سینگ داکران. نێرەی بێخێر هەڵاوەسران، گوریس و پەتک هەڵوێزنران. شەنگەبێری قۆڵچاغەیان داڕنی، بووزەڵە و بەربێنکەیان شانەوشان کرد. جامی مەڕدۆش و گادۆشکەیان لەبن پێڕک و هەرزاڵان ئاخنی، بێژنگ و دەستاڕیان وەکار خست تا زەمهەڕ بۆ زستانی دوور و درێژ گێژەو بکەن، ساوار بهاڕن، بڕوێش بەبا کەن، بۆدراو لێ بکەن. کاکی شوان کە لە کوێستانی مەزن و هەواری سازگاری مەڕی لە چڕگەن دەچەقاوە و دەمی دە لەوەڕی پڕ و تەڕ و ناسک دەنا و یەکی لە یەکی دەرنەدەچوو، بۆ خۆشی لەسەر بەردێک دادەنیشت و قامکی لە بلوێر دەبزاوت و ئەوی لێی دەدا لێی نەدەداوە و پاشای بەسەپانی خۆی نەدەگرت، ئێستا بلوێری لەماڵ داناوە چونکە مەڕی کوێستان کە لەنگ و لۆر و دەغەزداری تێدا نەماوە و بێ چاوێنی بێ سمڕە و ساکەتەی دووگی دەڵێی لینگە دەستاڕە و پشتی گرێی لێ بڕاوە، کوا لە ئارانی قاقڕ و کڕاڕ دادەمەزرێ و دەچەقێتەوە؟ لە دەشتی کاکی بەکاکیدا پەڕ هەڵداوێ. پەڕەم پەڕەم دەبێ، هەر کرتکەی ڕوو لە لایەک دەکا شوان ئەگەر وەک ددانی ماریش بێ، پێ ڕاناگا پێشی بگرێ، تێکی بکاتەوە. مەڕی قەڵەو و ساغ لە ئارانی بێ لەوەڕ چۆن چێشتاوان مۆڵ دەخوا؟ پاڵێنان کۆڕ دەبەستێ؟ شێوەخۆران ڕادەوەستێ و شەوێنان لە حەوشەدا گیر دەبێ؟ شوان دەبێ چاوێکی ببێتە چوار چاو و خەو و خواردن لە خۆ حەرام بکا. گورگی فێڵباز و دز هەمیشە لە کەلێندایە شوان بخافڵێنێ، سەگ بخیچێنێ، تا کەلاک بستێنێ، کام مەڕی شاز و قەڵەو بڕفێنێ و ئەگەر خودای نەخواستە شوان لەخەو بمێنێ و دەزبێنی نەگرتبێ مێگەل ڕابدا و یەکی نەهێڵێ و هەمووی بخنکێنێ. جا لەو حاڵەدا شوان کوا مەجالی هەیە لە بلوێر بتووڕێنێ و عالەمێک وەجۆش بێنێ؟
ساڵان لەم وەرزەدا کە کاری دێهات کەم دەبوو، سواغ و پینە و پەڕۆی بان و دەرک و دیواران تەواو دەبوو و ئاوردوو دادەخرا، جەنگە ڕاوە تاژی دەهات...
ژێدەر: مامۆستا هێمن، چەپکێ گوڵ، چەپکێ نێرگیز
دسته بندی: کوردی
آدرس کوتاه خبر: