سه شنبه، 13 آذر 1403
روژان پرس » کوردی » تەنیا ئێمە باشین!

عیسا ئەحمەدی

تەنیا ئێمە باشین!

0
کد خبر: 2294

تەنیا ئێمە باشین!

کۆمەڵگای ئەمڕۆی کوردی بارودۆخی هەستیارترە لە ڕووسیای سەردەمی چێخوف. دەمڕاسانی کۆمەڵگا دەبێ خەڵک زۆرتر هان بدەن کە خۆیان بەرانبەر بە نیشتمان و کێشەکانی بە بەرپرس بزانن.
لە کوێستانێکی تەماوی، ڕێبوارێکی ماندوو کە ڕێگای ون کردبوو، شەو درەنگان لە دەرکەی دا. چەند کەس چوون و دەرکەیان کردەوە. ئەو پیاوە نە بۆ دۆعای خێر هاتبوو و نە چاوەڕوانی ئامۆژگاری و نەسیحەت بوو. تەنیا وتی برسیمە و نانم دەوێ. پاش نانخواردن، لە دەوری کۆ بوونەوە. وتیان ئێمە جەماعەتێکی دوورەپەرێزین کە لە خەڵک و کۆمەڵگا بڕاوین. هاتووین لەم کێوانەدا بە پاکی و درووستی بۆ خۆمان دەژین. زانایەکی مەزن ڕێبەرمانە. بە بزەی دەرکی بەهەشتمان بۆ ئاوەڵا دەکات. کاتێ گوێمان لە شێعر و وتاری  ئەو دەبێ، لەوپەڕی هەوران دەژین. بۆیە لەوە دڵنیاین کە تەنیا ئێمە ڕێگای ڕزگاریمان دۆزیوەتەوە.
جا کەوابوو بە وتەی پیران:دار پیر دەبێت و جارێک لە تەمەنیدا باز دەنیشێتە سەری. تۆش ئەم دەرفەتە زێڕینە لەکیس مەدە و لێرە بمێنەوە. دڵنیابە هەموومان چاومان لێتە. زۆر کەسان‌ وەکوو تۆ هاتن و لێرە مانەوە.
پیاوی ڕێبوار وتی: سپاس بۆ ئیوە و دەسخۆشی لە میوانداریتان. بەڵام بە ڕای من ئەمە شێوازی ژیان نییە کە ئێوە گرتووتانە بەر. مەرج ئەوەیە کە لەنێو خەڵکیدا بن و لەسەر عەرز بژین. دەنا خۆجیاکردنەوە لە خەڵک و لە ئاسمان سەیرکردن، هونەر نییە. وەهمە، خەونێکی درۆیە. ڕزگاری ئەوە نییە کە چەشنی ماسی بچنە قوڵاخەوە و لە دەردی گەل خۆتان گێل کەن.
ئێوە کاتێ بە مێشکی خۆتان بیر ناکەنەوە، کاتێ تەنیا خۆتان بە چاک دەزانن، هەر ئەوە خۆی ئەوپەڕی سەر لێ شێواوییە. کەس لێرە فێری حەماسە و عەشق نابێت.
هەر ئێستا کە ئێوە لێرەن بە هەزاران کەس لە شاران برسین، بەشی پڕپۆڵەیەک ئارد لە ماڵیاندا نییە. هاوکات کەسانێکیش هەن کە ئاخوڕیان پڕە و کۆمەڵگاشیان نوقمی گەندەڵی کردووە. تەنگیان بە هەژاران هەڵچنیوە. جا ئەگەر هەمووان دوور بگرن، ئەی کێ  هەوڵێک بدات بۆ داماوی و ڕوژڕەشی ئەو خەڵکە. کاتێ کەس خۆی بە خاوەنی دەردەکانی کۆمەڵگا نازانێت و سفرەی تاڵانکراوی لێقەوماوان نابینێت، پاک بوون مانای نامێنێت.
ئەو خەونە گرانە پیرۆزی خۆتان و ماڵیاوا.
پاش ڕۆیشتنی کابرای ڕێبوار، ئەم قسانەیان گەیاندە لای زانای مەزن. وتی من خۆم دەبێ بڕۆم و شار تاقی بکەمەوە. بۆیە ملی ڕێگای گرت و ڕووی لە شار کرد.
پاش چەندین ڕۆژ لە چاوڕەوانی شاگردان، زانای مەزن لە شار گەڕایەوە. له وڵامی پرسیاری شوێن کەوتووان، وەها دەگریا فریای فرمیسک نەدەکەوت. پاش زۆرێک شین و گریان، تکایان لێ کرد تا پێیان بلێت چی دیوە. فەرمووی بۆ یەکمجار لە شار هەستم بە بەهێزبوونی شەیتان کرد. لە شار ڕێم کەوتە گەڕەکی لەشفرۆشان. لەنجەی ژنانی بێ سەرپۆش وەکوو هەڵپەرکێی مار، مووچرکیان دەخستە  لەشی پیاوان...
ئەو شەو هەر بە گریان باسی ئەو چەند ڕۆژەی دەگێڕاوە.
بۆ سبەینێ، زانای مەزن کە لە خەو هەستا، کەسی بە دەورەوە نەمابوو. زانی هەر نیوەشەو شاگردان ڕێگای شاریان گرتۆتە بەر.
ئانتوان چیحۆف١٨٨٧/سروژ استپانیان
خوێنەری خاوەنبیر!
کاتێ کۆمەڵناسی گەورەی بریتانی، جورج وێڵز، لە پێنج نامیلکەدا باسی مافی مرۆڤ دێنێتە ئاراوە؛ پێشتر دەیباتە خزمەتی مهاتما گاندی گەورەی وڵاتی هێند. گاندی دەڵێت ئێمە بەر لەوەی باسی مافی مرۆڤ بکەین، دەبێ باسی ئەرکی مروڤ بکەین. کاتێ ئێمە ئەرکی خۆمان بەرانبەر بە کۆمەلگا بەجێ ناهێنین و خۆمان لە خەڵک جیا دەکەینەوە، مافەکانیش پێشێل دەبێت.
ئەو کەسانەی خۆیان بەرانبەر بە کۆمەڵگا بە بەرپرس نازانن، هاوکات ڕێگای خۆشیان به تەنیا ڕێگای ڕزگاری دەزانن، لە ڕاستیدا تووشی وەهم و خەیاڵن. ڕەنگە لە ئەزموونەکانی نێو کۆمەڵگاش سەرکەوتوو نەبن.
چۆلەکە بە باڵێک نافرێ و چەپڵە بە دەستێک لێ نادرێ. دەردەکانی کۆمەڵگا، زمان، کەلتوور و... هی هەمووانە و ئەو ئەرکەش لەسەر شانی هەمووانە.
کۆمەڵگای ئەمڕۆی کوردی بارودۆخی هەستیارترە لە ڕووسیای سەردەمی چێخوف. دەمڕاسانی کۆمەڵگا دەبێ خەڵک زۆرتر هان بدەن کە خۆیان بەرانبەر بە نیشتمان و کێشەکانی بە بەرپرس بزانن.
️عیسا ئەحمەدی١٤٠٣/٠٨/٢٤
دسته بندی: کوردی
تبلیغ

نظر شما

  • نظرات ارسال شده شما، پس از بررسی و تأیید در وب سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.
نام شما : *
ایمیل شما :*
نظر شما :*
کد امنیتی : *
عکس خوانده نمی‌شود
برای کد جدید روی آن کلیک کنید