ئەمساڵ لە یەکەمین ئەزموونمدا لە کێبەرکێی جیهانیی داهێنانەکانی ژنێڤ کە بە بەشداریی زیاتر لە ١٥٠٠ داهێنەر لە ٥٠ وڵاتەوە بەڕێوەچوو، بە هەڵسەنگاندنی ٣٥ داوەر لە ٣٠ وڵاتی جیهانەوە، توانیم مەدالیای زێڕ بەدەست بهێنم.
لە درێژەی قەتارەی ناساندنی کەسایەتیە داهێنەرەکانی داوێنی کۆساڵان وشارستانی سەوڵاوا، ئەمجارەش لاوێکی کەمتر ناسراوی ئەم ناوچەیەتان پێ دەناسێنین و وشەکانمان دەکەینە ملوانکەیەکی پڕەملە و لە گەردەنی بەرزی ئەم پارچەخاکەی دەئاڵێنین و ئاڵایەکی تری شانازی هەڵدەدەین و چەپکەیەکی تری سۆسەن و وەرکەمەری کاکۆ پێشکەش بە خوێنەرانی ئازیز دەکەین.گەر پێچاوپێچەکانی ڕێگای سەرەکی سنە- مەریوان بپێوێن لە چەند کیلوومتری شاری سەوڵاوا بەرەو مەریوان، لەو ئەو دێوی بازگەیێکەوە ، ئاواییەکی خنجیلانە بە لاتەمووی ڕێگاکەوە دیارە، ئاواییەکی بچووک بەڵام خاوەن کەسانێ گەورە، ئەم ئاواییە ئاوایی گورگەیی ناوە و بە ئیبراهیم ئاواش ناسراوە، گورگەیی پاڵی بە قۆچاڵ و ئەحمەدئاوایەوە داوە و لەو گوندەدا لە 20 ی خەرمانانی ساڵی 1366ی کۆچی هەتاوی، لە بنەماڵەیەکی مامناوەندی منداڵێک لە دایک دەبێ کە ئەم منداڵە ئەمڕۆکانە وەک داهێنەرێکی جیهانی ناوبانگی دەرکردووە و توانیویه مێداڵیای زێڕی له پێشبڕکێ جیهانیی داهێنانەکانی جنێڤ، تایبەت بە ئەندامانی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی داهێنەران IFIA وەربگرێ، شایانی باسە کە ئەو خولە پێشبڕکێیه، کێبڕکێی نێوان زێاتر له 1500 داهێنەر لە 50وڵاتی گەورەی جیهان بەڕێوەچووە و داهێنانەی ئەم دووایینەی پاش لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی ورد لە لایەن 35 دادوەری نێودەوڵەتی له 30 وڵاتەوە، بە بەدەستهێنانی بەرزترین نمرە توانیویە مێداڵیای زێڕ بەدەست بهێنێت.
ئەم بەهرەی داهێنانە هەر لە منداڵیەوە تێکەڵاوی بووه.
فەرهاد عەزیزی هەر لە زێدەکەی خۆیدا خوێندنەکانی سەرەتایی تێپەڕ کردووە و دوواتر قۆتاغەکانی مامناوەندیو ناوەندیشی لە شاری سەوڵاوا تێپەڕکردووە و پاشان بڕوانامەی کارناسی لە بەشی بەڕێوەبردنی بازرگانی لە زانکۆی مەریواندا وەرگرتووە و بە هۆی کار وپیشەکەیەوە نیشتەجێی ئەو شارەیه.
وەک خۆیان ئەڵێن:» ناوی باوکم فەرید و ناوی دایکم فەریدە یه. لە منداڵییەوە زۆر حەزم لە بابەتە زانستی و تەکنیکییەکان بووە و هەردەم خولیای خوێندنەوە و بەدواداچوونم بۆیان هەبووە.


لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین ئامێری پیشەسازی، سیستەم و ئیکۆسیستەمی ژێرخانی شار و پیشەسازیم گەڵاڵە و دیزاین کردووە و تەنانەت هەندێکیانم وەک نموونەی تاقیکاری ساز کردووە. لە ئێستادا ئەندامی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی داھێنەران (IFIA)م لە وڵاتی سویسرا. چەند داهێنانێکم بە شێوەی PCT (نێودەوڵەتی) تۆمار کردووە و چەندین داهێنانی دیکەشم لە قۆناغی پەرەپێدان و نووسین و تێپەڕاندنی قۆناغە یاساییەکاندان بۆ تۆمارکردنی جیهانی.ئەمساڵ لە یەکەمین ئەزموونمدا لە کێبەرکێی جیهانیی داهێنانەکانی ژنێڤ کە بە بەشداریی زیاتر لە ١٥٠٠ داهێنەر لە ٥٠ وڵاتەوە بەڕێوەچوو، بە هەڵسەنگاندنی ٣٥ داوەر لە ٣٠ وڵاتی جیهانەوە، توانیم مەدالیای زێڕ بەدەست بهێنم.
ڕەنگە یەکێک لە ئەزموونە جیاوازەکانی من لەم ڕێگایەدا ئەوە بووبێت کە هەموو قۆناغەکانی کارەکەم، لە بیرۆکە و دیزاینەوە بگرە تا کارە یاساییەکان، دروستکردنی نموونەی سەرەتایی و بەشداریکردن لە کێبەرکێیەکان، بە هەوڵ و کۆششی بەردەوام و بە شێوەیەکی تەواو سەربەخۆ (بە تەنیا) بردوەتە پێشەوە
من وەک «کارئافرین»ێکیش هەوڵێکی زۆرم داوە و لە ساڵی ١٣٩١ـەوە یەکەمین هێڵی بەرهەمهێنانی تەواو ئۆتۆماتیکی ڕۆڵفۆرمینگی پەڕەی داپۆشینی سەقفم(خط تمام اتوماتیک رولفرمینگ پوشش سقف) بۆ خزمەتکردن بە خەڵکی پارێزگاکەم دامەزراندووە».
لە درێژەی وتووێژەکەمدا لە گەڵ ئەم بەڕێزەدا پرسیاری دەسپێکی داهێنانەکان و لە بابەتی جۆری داهێنانەکان و دووایین وتەی بۆ خەڵک و بەرپرسان ئاخافتنمان بوو و هەر وەک ئەڵێن: لەبەر کێشە یاساییەکان و مەسەلەی تۆمارکردن (پاتێنت)، ناکرێت زانیاریی داهێنانەکان بە تەواوی ئاشکرا و گشتی بکرێت، من تەنیا دەتوانم بڵێم لە چ بوارێکدا بوون. ئەم داهێنانەم کە خەڵاتەکەی بردەوە، لە بواری سیستەمی مۆدیولاری گۆڕینی ئۆتۆماتیکی پاتریدا بووە(سیستم ماژولار تمام اتوماتیک تعویض باتری خودروهای برقی)، و داهێنانەکانی دیکەشم لە بواری ئامێرە فرەمەبەستە پیشەسازییەکانن(ماشینهای چند منظوره صنعتی).
بەداخەوە تەنانەت ناتوانم باسی یەکەم داهێنانیشم بکەم لەبەر مەسەلەی تۆمارکردنەکەی.
لەم ڕێگەیەدا بنەماڵەکەم هەمیشە پاڵپشتییان کردووم و دووایین قسەم:
۱. بۆ گەنجان:
چاوەڕێی ئیمکانات مەبن: بە خۆفێربوون و ئینتەرنێت دەست پێ بکەن؛ بیرۆکە گەورەکان مەرج نییە هەر لە سەرەتاوە پارەیەکی زۆریان بوێت.
چەند ڕەهەندی بن: لە پاڵ شارەزایی تەکنیکی، خۆتان ئاشنا بکەن بە کاروباری یاسایی، بازاڕیابی (بازاڕدۆزینەوە) و دیزاینیش.
لە شکەست و بەزین مەترسن: ڕێگای داهێنان پڕە لە تاقیکردنەوە و هەڵە؛ کۆڵ مەدەن و بێ هیوا مەبن.
۲. بۆ خەڵک و بنەماڵەکان:
کونجکۆڵی منداڵەکان سەرکوت مەکەن: فێربوونی کار و لێهاتوویی مەکەنە قوربانی نمرەی مەکتەب و بڕوانامە.
متمانەتان بە توانای ناوخۆیی هەبێت: بەهرە و ئیستعدادێکی زۆر باشمان لە شار و گوندە بچووکەکاندا هەیە کە پێویستیان بە بڕوابەخۆبوون و پاڵپشتی کۆمەڵگایە.
۳. بۆ بەرپرسان:
کۆسپە یاساییەکان کەم بکەنەوە: ڕۆتینی ئیداری و تێچووی تۆمارکردنی داهێنان بۆ داهێنەرە سەربەخۆکان کەم بکەنەوە.
پاڵپشتی لە دروستکردنی نموونەی سەرەتایی بکەن: لە جیاتی بەڕێوەبردنی کۆنفڕانس و کۆبوونەوە، بودجەکان تەرخان بکەن بۆ ڤۆرکشۆپ و پاڵپشتی دارایی بۆ دروستکردنی یەکەم نموونەی کارەکان (Prototype).
ببنە پردی پەیوەندی لەگەڵ پیشەسازی: هەلومەرجێک بڕەخسێنن تا داهێنەر بتوانێت ڕاستەوخۆ بیرۆکەکەی بخاتە بەردەم پیشەسازییە گەورەکان بۆ ئەوەی ببێتە هۆی چارەسەرکردنی کێشە ڕاستەقینەکان.»
سەرچاوەکان: وتووێژی له گەڵ کاک فەرهاد عەزیزی.
آدرس کوتاه خبر:
