جمعه، 10 بهمن 1404
روژان پرس » اخبار » لەناو ئەم جیهانە ئاڵۆزەدا با بە خۆشەویستی بژین

دیمانەی رۆژان لە گه‌ل خاوەنی کتێبی بنکۆڵ

لەناو ئەم جیهانە ئاڵۆزەدا با بە خۆشەویستی بژین

0
کد خبر: 3537

لەناو ئەم جیهانە ئاڵۆزەدا با بە خۆشەویستی بژین

لەوەڵامی ئەم پرسیارە کە چۆن دەستم پێکرد، وەک هەر کارێکی تر، سەرەتایەکی سادەوساکار بە تێکستەکانمەوە دیاربوو.
بەناوی خالقی جوانیە‌کانیە
پێویستم بەهیوا و وزە و تاقە بوو بەڵام هەوراز و نشیوەکانی ژیان بێهیوایان کردبووم و پێویستم بەهیوا بوو. پێنووسم هەڵگرت کە بنووسم، بەڵام هیچ شتێک بەخەیاڵمدا نەدەهات تا هیوایەک بۆ خۆم دروست بکەم. سرووشتی مرۆڤ ئاوایە هەمیشە ناتوانێت خۆشحاڵ یان ناڕەحەت بێت؛ ناڕەحەت بوون و خۆشحاڵبوون بەشێکن لە ژیانی ئێمە، لەلووتکەی بێ هیواییدا چاوم بەکتێبێک کەوت بەناوی"بنکۆل" واتە هەڵکۆڵین، ئێمەی مرۆڤ کاتێک خۆمان ون دەکەین بۆ ئەوەی خۆمان بدۆزینەوە دەبێت بکەوینە هەڵکۆڵینی ڕۆح و جەستەمان تا خۆمان بدۆزینەوە.
بنکۆڵی ئەمجاری من لە چەمچەماڵەوە سەری هەڵدا، پێنووسەکەم لەمه‌ریوانەوە میوانداری لە شاعیرێک دەکات کە هەست‌ناسک و هەستیار و ڕۆح جوانە.
ئەویش خاتوو زەینەبە، کە خاوەنی کتێبی بنکۆڵە. دیمانەکەم، لەوانەیە سادە دیار بێت، بەڵام پەیامێکی پڕ لەهیوای مرۆڤایەتی پێیە و ئامانجمان ئەوەیە بە خۆشەویستیەوە بژین لەناو ئەم جیهانە پڕ لە ئاڵۆزەدا.
مه‌رزیه خاکی
* تکایە خۆت بۆ ڕۆژنامەی ڕۆژان بناسێنە.
- سپاس بۆ قەبووڵکردنی ئەم گفتۆگۆیە؟
سڵاوتان لێ بێت ئازیزان، خۆشحاڵم کە بووم بە میوانی ڕۆژنامەکەتان(ڕۆژان)
ناوم زەینەب محەمەدە لە دایکبووی ساڵی ١٩٩٩، شاری چەمچەماڵم مامۆستای باخچەی منداڵان خاوەنی ڕۆمانی «وێڵی ئومێدم»٢٠٢٠ بە شێوەی ئەلیکترۆنی Pdf.
لەبارەی ڕۆمانە چاپکراوەکەوە: بنکۆڵ؛ ڕۆمانێکی کۆمەڵایەتییە، باس لە ژیانی کوڕێک دەکات بە ناوی باهۆز دەیەوێت لەڕێی تەواوکردنی خوێندنەکەیەوە بگات بە ئاواتەکانی، بەڵام ڕووداوێکی گەورە ژیانی بەتەواوی دەگۆڕێت.
سەرگوزشتە؛ یەک لە دوا یەکەمانی ئەم کتێبە یارمەتیمان دەدەن لە دۆزینەوەی کێشەکانی کۆمەڵگە، پیاوسالاری و شکستی ئەڤین، هاوڕێیەتی و درۆ، پەشیمانی و هەوڵدان بۆ بەردەوامبوون و هتد...
«بنکۆڵ»مانا و بەهای ژیان دەخاتە ژێر پرسیارەوە !
* چۆن دەستتکرد بەنووسین (چۆن بوو بوویت بە نووسەر)؟
- لەوەڵامی ئەم پرسیارە کە چۆن دەستم پێکرد، وەک هەر کارێکی تر، سەرەتایەکی سادەوساکار بە تێکستەکانمەوە دیاربوو. هەڵەی زۆر و بەرز و نزمی لەڕادەبەدەر دەمنووسی و دەمسڕیەوە، دەمنووسی و توڕم دەدا و فەرامۆشم دەکرد، تاکوو وای لێهات پەنجەکانم ئاشق بوون بە جووڵەی کیبۆرد و پێنووسەکەم خەیاڵیشم لای رێکخستنی ئەو چیرۆکانە بوو کە ختوکەی ڕۆحییان دەدام.
* پەیامی کتێبەکەت بەکورتی؟
- پەیامی ڕۆمانەکەم تەنها شتێکی دیاریکراو نییە بەڵکوو دەرگایەک بەڕووی هەزاران پرسیار و ئەگەر و گومان بەڕووی مرۆڤایەتیی و بەتایبەت کۆمەڵگەی کوردیی دەکاتەوە. بۆ نموونە(چیی ڕوودەدات ژیان خاڵی بێت لە خۆشەویستی، چۆن مامەڵە بکەین لەگەڵ ڕاستییەکاندا، هاوڕێی تەمەن کێییە، مرۆڤ پێویستە چی بکات بۆ پاراستنی ئارامی ناخی، کلتوور و دابونەریتەکان چی بەسەر بیرکردنەوەی مرۆڤدا دەهێنن، ژیان بەبێ خۆشەویستەکەمان یاخود مردن لەگەڵ ئەودا...هتد).
* چی وای لەتۆ کرد کە دەست بکەی بە نووسینی ئەم کتێبە؟
- یەکەمین پاڵنەر کە وایکرد ئەم کتێبە بنووسم پەیامی ڕۆحم بوو بۆ کۆمەڵگەی خۆم و پاشان مرۆڤایەتی، دووەمین شت بینینی هەموو ئەو ئازار و برینانەی دەوروبەر، کە بەهۆی دابڕان و تێکشکان و دووری و نەبوونی خۆشەویستی و هیواوە بوو، تاکوو هیچ نەبێت لە ئازاری ئەو ژنانە کەم بکەمەوە کە بەزۆر خراونەتە نێو ماڵێکەوە لەژێر ناوی هاوسەرگیری، یاخود باسی ئازاری ئەو گەنجانە بکەم کە ڕۆژانە هەزاران هیوا و خەونییان لێ پوچەڵدەکرێتەوە، هەروەها کۆمەڵگایەک کە هێشتا لە ژێر کاریگەری عەیبە و قسەی خەڵک و ڕق و دژایەتییەوە ڕۆژگار تێدەپەڕێنێت!
* خاڵی گرنگی ئەم کتێبە چیە بۆ کۆمەڵگا؟
- هەروا لە پێشتریشدا ئاماژەم پێ کرد نووسینی ئەم کتێبە وەک گەیاندنی پەیامێکی مرۆڤانە دەبینم تاکوو بەرەو بیری باشتر و ژیانێکی جوانتر هەنگاو بنێین، بیر لە کەموکورتییەکان بکەینەوە و چارەسەریان بکەین.
* چەن ساڵ دەنووسیت و ئامانجت چیە لەنووسین؟
- شەش ساڵە دەنووسم بەڵام ماوەی دوو ساڵێکە ڕێگەم بەخۆم داوە تێکست و چیرۆک و نووسراوەکانم بکەونە بەر دیدی خوێنەر، دواجار هەموو نووسەرێک دەیەوێت باشترین وەشانی خۆی بڵاوبکاتەوە تا بە کەمترین هەڵە و جوانترین هەستەوە بگات بە خوێنەر، بڵاوکراوەکانی پێشتریشم وەک سەرەتایەک بۆ ئەزموونێکی جوان وێنا دەکەم.
* چۆن پرۆسەی؛نووسین  ڕێکدەخەیت؟
- نووسین وەک پێشتر ئاماژەم پێداوە کات و وزەیەکی تایبەتی دەوێت، هەرکات بمەوێت ناتوانم بنووسم یاخود لەهەر شوێنێک بمەوێت بەڵکوو سەرەتا زەمینەسازی فکری دەوێت پێشتر دەبێت ئەو بابەتەی لێی دەنووسم بیری لێبکەمەوە و لە مێشکی خۆمدا شەنوکەوی بکەم، پاشان ئارامی و دووربوون لە دڵەڕاوکێی دەوێت.
خۆ لەوانەیە لەناو قەرەباڵخییەکدا فکرەی جوانترین چیرۆک بە مێشکمدا بێت بەڵام دواجار ئەوەش پێویستی یە داڕشتنەوە و چاککردن و ڕێکخستن هەیە تاکوو دەقێکی باشی لێ بەرهەم بێت و شایستە بە خوێندنەوە بێت.
* سوود لە چ ئامرازێکی نووسین وەردەگریت؟
- وەکوو ئامرازی نووسینیش یاخود ئیلهامی نووسینی من زیاتر چیرۆکە ڕاستەقینەکانی ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگا و ئازارەکانیانە، لەپاڵ ئەوەشدا سروشت و مۆسیقا و کتێب و فیلم و شتی تریش دەکرێت هۆکارێک بن بۆ کۆکردنەوەی بیرۆکە و خوڵقی نووسین سەرئەنجام لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی تریش دەگۆڕێت.
* سەختترین بەش لەنووسین ئەم کتێبە چی بوو؟
سەختترینی بەشی نووسینی کتێبەکەم دەتوانم بڵێم گێڕانەوە بوو لە بری ڕەگەزێکی تر، چ لە ڕووی بیرکردنەوە و چ لە ڕووی هەستەوە ئەوە کارێکی ئاسان نییە ڕۆڵەکان بە هاوسەنگی دابەشبکرێت و بێ کەموکورتی دەنگی کارەکتەرەکان بگات بە خوێنەر.هەوڵێکی زۆری ویستووە تا بگەم بەو گێڕانەوەیەی کە لە ئاستێکی باشدایە بۆ دەنگ سەرەڕای ئەمانە بێ عەیب نییە و دەکرا باشتر و تۆکمەتر نووسیبام، لەهەمان کاتدا هیوام هەیە بۆ بەرهەمێکی تر باشتر ئەو ڕۆڵە بەرجەستە بکەم.
* کردار و ئەخلاق چی جێگایەکی هەیە لە نووسیندا؟
- کاتێک کەسێک دەیەوێت ببێت بە نووسەر پێش هەموو شتێک دەبێت ئەو بەڵێنە بە خۆی و خوێنەر بدات کە هیچ کات خیانەت ناکات لە حەقیقەت چونکە لەکۆتاییدا گەر بیشیکات دەدۆڕێت و ڕاستییەکان دێنە مەیدان.وەک چۆن ئەخلاقی قسەکردن و ڕێکردن و پەیوەندیکردنمان هەیە بە دیدی من ئەخلاقی نووسین و خوێندنەوەشمان هەیە، تا ئەندازەیەکی زۆر نووسەر بەرپرسە لە دروست گەیانی پەیام و بیرۆکەکانی بە ڕۆحی خوێنەر، دواجار ئەمەش ئاماژەیە بۆ کەسایەتی نووسەر.
* نووسین بۆ تۆ چییە؟ پیشەیە؟ هیوایە؟ یان په‌ناگەیە بۆ ئارامی؟
- نووسین بۆ من پێش هەموو شتێک ئارامیی دەروونە پاشان پەیام و هەڵوێستە لەپای ئەو بەهرە و توانایەی خودا بە منی بەخشییوە، لای من هیچ بوونێک لە خۆڕا و بێ ئامانج درووست نەبووە.
* کتێبی داهاتووت لەسەر چی دەبێت؟
- لەنووسین بەردەوام دەبم چ بە ئاشکرا یاخود نهێنی، بێگومان هەمیشە چیرۆکگەلی زۆر هەن بۆ گێڕانەوە بەڵام وەکوو کتێبی چاپ خودا یار بێت لە داهاتوودا دەمبێت.
* پەیامی کۆتاییت بۆ خوێنەرانی ڕۆژنامەی ڕۆژان؟
- دەخوازم توانیبێتم بەو ئەزموون و تێگەیشتنەی کە هەمە پریشکی ئومێد و گەشبینی ڕۆحم گەیشتبێت بە خوێنەرانی خۆشەویست، هیوادارم کار بکەن لەسەر پەیامی ڕۆحیان و بەهەند وەریبگرن.
پەیامی منیش وەک نووسەری ئەم دیمانەیە ئەوەیە کە ئەڵێم:
بە ئومێدەوە بژین، هەرچەند بێ هیوایش بن دەزانی بۆچی؟ چونکه هیوا ڕووناکییەکی بچووکە کە تەنانەت لە تاریکیشدا ڕێگەیەکتان پیشان دەدات کە هێمای گەیشتنە بە ئاسوودە بوون.
کلید واژه ها:
بنکۆڵ
دسته بندی: اخبار / اسلایدر / کوردی

نظر شما

  • نظرات ارسال شده شما، پس از بررسی و تأیید در وب سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.
نام شما : *
ایمیل شما :*
نظر شما :*
کد امنیتی : *
عکس خوانده نمی‌شود
برای کد جدید روی آن کلیک کنید