ئایا راناوو سیستەمی گێڕانەوەی رۆمانەکە ژیری دەستکردە؟ یان کامێرای هەسارەکەیە؟ یان ڕاناوی کۆی ئێمە و ئەوانە؟
ئەوەی لەلای هەمووان ئاشکرا و ڕوونە، ئەوەیە ڕۆمان هەژموونی خۆی بەسەر زۆربەی ژانرە ئەدەبییەکاندا سەپاندووە و باڵادەستە. ئەمە تەنیا پەیوەست نییە بە ئەدەب و زمانی کوردییەوە. بەڵکو لە بەشێکی زۆر لە وڵاتان ڕۆمان باڵا دەستە بەسەر ژانرەکانی تری ئەدەبدا. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ڕۆمان بە گشتی، هاوشێوەی هەویرە، واتا چۆن بیشێلیت ئاوا دەتوانیت شتی تری لێ دروست بکەین.لەنێو ئەدەبی کوردیشدا دوای ڕاپەڕین هەنگاوی زۆر گەورە نراوە و ڕۆمانی زۆر چاپکراوە؛ بەڵام چەند ڕۆمانێک زیاتر چوونەتە نێو خەڵکەوە، ئەمەش شتێکی ئاساییە. ژمارەیەکی زۆر ڕۆمان هەیە و چاپیش دەکرێت لە داهاتوودا، هەبوونیان لە نەبوونیان باشترە. چونکە ئەمە دەوڵەمەندی زمان و ئاگایی نووسەران دەردەخات.
ڕۆمانی (تابوتی پەیمانی خودا)، لە نووسینی سەلاح جەلال. لەو رۆمانە ناوازانەیە هاتە ناو کتێبخانەی کوردیەوە.
ماوەیەکی زۆرە دەمەوێت بابەتێک بنووسم بە ناونیشانی (جیهان لەژێر ڕەحمی زیرەکی دەستکردا). بەڵام نووسەر لە ڕۆمانەدا بەشێکی زۆر لە بۆچوونەکانی منی نووسیوەتەوە.
هەڵبەت بمانەوێت و نەمانەوێت لە ئێستادا تەکنەلۆجیا گەیشتووە بە ئاستێک هەموو کارەکانی مرۆڤ دەکات! ئەمە ئەگەر ٢٠ ساڵ پێش ئێستا بوایە لەوانەیە وەک نوکتە بەکاربهاتایە. بەڵام ئێستا هەموومان لەگەڵ سەردەمدا خۆمان گونجاندووە و کارەکانیشی ئاسان کردووین.
لەم ڕۆمانەدا چەند بوونەوەرێکی ئاسمانی کاراکتەری رۆمانەکەن و بونیان هەیە، کاتێک چیرۆکی گوندێک و جیهان دەگێڕنەوە. بەزمانێکی تەواو قورس و تەکنیک و هونەری سینەمایی نووسراوە، زۆر ئاساییە خوێنەر سەرەتا لێی تێنەگات. چونکە بەستنەوەی چیرۆکەکان و دروستکردنی وێنەی نێو ڕۆمانەکە قورسن زیاتر کارکردنن لەمیتادا بەو هۆیەوە بۆ بەشێک لە خوێنەران.
ئایا راناوو سیستەمی گێڕانەوەی رۆمانەکە ژیری دەستکردە؟ یان کامێرای هەسارەکەیە؟ یان ڕاناوی کۆی ئێمە و ئەوانە؟
بەمەش رەوتێکی نوێی بۆ رۆمان داهێنا.
لەم رۆمانەدا بەشێوازو تەکنیکی سینەما نوسراوە. ئەفسانەی ناو ئەم رۆمانە نەبیستراون نوسەر لەسەر سەردەمی تەکنەلۆژیا دروستی کردوون. ئەمەش وای کردووە ڕۆمانێکی قورس بێت بۆ کەسێکی ئاسایی. لەبەر ئەوەی بەشێکی زۆر لە بابەتەکانی لەخەیاڵەوە سەرچاوەیان گرتووە و لەلایەن نووسەرەوە دانراون.
ئەوەی گرنگە لەم ڕۆمانەدا بەرجەستەکردنی فەلسەفەی مەرگە. نوسەر بەوە بەناوبانگە توانیوتی ئەم فەلسەفەیە بەرجەستە بکات. لەکارە ئەدەبیەکانیدا بەگشتی.
روداوی رۆمانەکە دەگاتە سێ گۆشەئ بەرمودا، هەمو سەرکردە زلهێزەکانی جیهان رەمزی دەسەڵاتن بەملیۆنەها کۆلارەی پشتیانەوە دەکەونە ناو زریانەوە و ئەوەی رزگار دەبێت تەنی فەزایی هەسارەکە و تابوتی پەیمانی خودا بەملوێنەها کۆلارەی قوربانیەکانی بوونەوەو پلاپیتۆی جندۆکەیە بەئەسپی سفادلفاری و باڵندە سەمەندەلەکەوە. ئیتر لەسەر زەوی بونەوەری تێیدا نامێنیت و بەگەیشتنی تابوتی پەیمانی خوداش بۆ سەر هەسارەکە هەمو بونەوەران توشی تاعوونی تابوتەکە دەبن.
ئەوەی زیندووە لەگەردوندا ئەو کۆلارانەن قوربانیەکانن لە قابیلەوە هەتا ئێستا لە ڕێی ڕەمزەوە لەسەر هەسارەکەدا زیندوو دەبنەوە.
فەلسەفەی مەرگ لەم ڕۆمانەدا
سەرەتا بابەتی مەرگ وەک یەکێک لەگرنگترین بابەت گفتوگۆ دەکرێت لای مرۆڤایەتی، هەروەها مەرگ وەک شەپۆلێکی تاریک و ترسناک، پەیوەست بونی بە ژیانەوە هەیە، لەم رۆمانەشدا کۆمەڵێک لێکەوتەی فەلسەفی و کۆمەڵایەتی و میتافیزکی، هەروەها گەڕان لەدوای جوانی مەرگ لەنێو پێکهاتەی ئەدەبیاتدا، لەوانە گێڕانەوە بەتایبەت لە پێکهاتەی ئەم ڕۆماندا، دەیەها پرسیاری سەرسۆڕهێنەر دەسازێنن.
لێرەدا تیشک دەخەینە سەر بناغەی ئەنسرۆپۆلۆجی دوانەی مەرگ و ژیان، ئەو دوانەیەی نوسەری رۆمانەکە لە حەقیقەتی ژیانی مرۆڤەوە وەریدەگرێت وەک مرۆڤ، بەپلەی یەکەم مەرگ بۆ هەمو بونەوەرێکی زیندوو.
هاوسەنگی و چەسپاوی مەرگ لەنێو پێکهاتە و هێڵی گێڕانەوە و گۆڕانکاری ستونی لەهێڵی ئەم ڕۆمانەدا لەناو کات و شوێندا ، گوتاری بەیەکدا چڕژانی دەقیان ئافراندووە لەنێوان زەمەنەکاندا پاشان هەڵبژاردنی کارەکتەرێک ڕوبەڕو کار لەسەر مەرگ بکات، یان دەبێت بکوژێت یان دەکوژرێت، لەناو ئاڵۆزی مەرگێکدا نە پرس دەکات نە کەس دەیناسێت ئەمە ئەو فەلسەفەی مەرگەیە لەسەرەتای گەردونەوە بۆتە دەرئەنجامی هەموو بونەوەرێکی زیندوو ، گەرچی ژیان، تەکنەلۆجیا و ئەلیکتڕحن لەم رۆمانەدا هەنگاوی گەورە دەنێت، مەرگ وەک نهێنێیەکی ئاڵۆز، وەک مەتەڵێکی ئاڵۆز بەبێ چارەسەر دەمێنێتەوە، بەڵکو کۆمەڵێک هالە و خەیاڵات-ی پەیوەست بە جۆرێک لە ئەنتۆلۆجیای فیکری لەنێو گەڕان لەدوای دوانەی مەرگ و ژیان.
لەگەڵ ئەوەشدا نووسەر خۆی نەبەستوەتەوە بە کارەکتەرێکەوە، قورسیشە رۆڵی کاراکتەر دیاری بکرێت زۆر شێوەی نامۆی هێناوە وەک کاراکتەری تەکنەلۆژی و بایەلۆژی و ئاسایی و نیوە مرۆو نیوە بونەوەر و جندۆکەو شەیاتینی . ئەمە لەلای من زۆر جوانتر بوو. لەبەر ئەوەی ئەو شێوازە تەقلیدیە بشکێنین لە ئەدەبی جیهاندا هەیە و تەنیا یەک کەس کارەکتەری سەرەکی چیرۆکەکەبێت. دەکرێت ئەم ڕۆمانە بکرێت بە دەروازەیەک بۆ تازەگەری لە ڕۆماندا، لەبەر ئەوەی نووسەر وەک ئەوانی تر خۆی بە چەند بابەتێکەوە نەلکاندووە. بەتایبەت لەڕووی کارەکتەرەوە، ئەمەش خۆی لەخۆیدا بوێریە.
پرسیارەکانی نێو ئەم ڕۆمانە لەسەر بوون و فەلسەفەی مەرگ و زانستەکان دەمانخەنە ناو شەپۆلەکانی جیهانەوە. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی لە دوای خوێندنەوەی ئەم رۆمانە، جیهان بینینێکی جیاواز و خوێندنەوەی تایبەتمان هەیە بۆ ڕووداوەکان بەگشتی. لەبەر ئەوەی نووسەر چەند پرسێکی مرۆیی و سیاسی دەوروژێنێت و کاری لەسەر دەکات.
خاڵێکی تر لەوەی وایکردووە ڕۆمانێکی قورس بێت بۆ خوێنەر ئەوەیە ناوی کارەکتەرەکان قورسە و تێگەیشتن لێیان کاتی دەوێت، ئەگەر کەسێک خوێنەرێکی جدی نەبێت ناتوانێت وەک خۆی لێی تێبگات.
لەگەڵ ئەوەشدا نووسەر لەبەر دوو خاڵ وایکردووە:
یەکەم: لەبەر ئەوەی ئێمەی کورد لە چاو نەتەوەکامی تردا، داهێنانێکی ئەوتۆی گەورەمان نەکردووە شایەنی باس بێت. بەتایبەت تر لە بواری زیرەکی دەستکردا، ئێمەی کورد تەنیا بەکارهێنەرین.
دووەم: لەبەر ئەوەی بکرێت بە ڕۆمانێکی جیهانی و وەرگێڕانی بۆ زمانەکانی دیکە و بەتایبەت تر ئینگلیزی ئاسانتر بێت.
یەکێک لەو کارەکتەرانەی جێگەی سەرنج ڕاکێشانە( موزیک)ە منداڵێکی بچووک بووە، کاتێک بوونەوەرە ئاسمانیەکان دێنە گوندەکەیان. خۆی و خوشکەکەی لەماڵ دەبن، هەموو خەڵک هەڵدێن و ئەو لەماڵەوە جێدەمێنێت و بوونەوەرەکان دەیبەن. کاتێک زۆر دەگری ئەوانیش سەگێکیان لەگەڵ دەبێت و بەشیری سەگ ژیر دەبێتەوە. دواتر هەر بەناوی سەگەکەوە بانگی دەکەن و پێی دەڵێن( جۆرج ). هەتا کۆتایی هەر بە جۆرج دەمێنێتەوە. دواتر لەڕێگەی جادووگەرێکەوە نیوەی دەکەن بەبوونەوەر و نیوەکەی تری مرۆڤ. کاتێک دەگەڕێتەوە بۆ سەر زەوی لەبەر ئەوەی زانیاریان بۆ کۆبکاتەوە، تەماشا دەکات. ( سینارۆی ) خوشکی لە بەلەمەکەدا خنکاوە و باوکی دوای ئەوە مردووە، چیرۆکەکان لە زاری دایکییەوە دەزانێت. چیرۆکەکە زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام دەکرێت بکرێت بە ڕۆمانێکی جیهانی، لەبەر ئەوەی دەقێکی نامۆیە و لەنێو کورد و بەشێک لە نەتەوەکان ئەمە یەکەم ڕۆمانە بەو شێوازە نووسراوە. چونکە وێنەی داهاتوومان نیشاندەدات، پێمان دەڵێت: ئیدی هیچ شتێک بە نهێنی نامێنێتەوە.
دەکرێت سەد ساڵی دیکە بوونەوەرە ئاسمانییەکان حوکمی جیهان بکەن و هەموو ژیانی ئاسایی ئێمە بە کلیکێک ببیننەوە!
نووسەر هەر لەم ڕۆمانەدا ئەوەمان نیشاندەدات جیهان بەرەو تاکگەرایی دەڕوات، بەشێکی زۆر لە کارەکتەرەکان تەنیان یان بەتەنیا دەژین. ئەمە یەکێکە لە خاڵە نەرێنییەکانی زیرەکی دەستکرد، چونکە وادەکات ڕۆبۆت کارەکانی مرۆڤ بکات و ئیدی هیچ جێگەیەک پێویستی بە مرۆڤ نەبێت و هەموو لە ماڵێکدا بەتەنیا بژین. ئەمەش وادەکات مرۆڤ دوای ئارەزوو جەستییەکانی بکەوێت نووسەر لە ڕۆمانەکەدا ئەم وێنەیەمان زۆر بەجوانی نیشاندەدات. کاتێک هەموو کەسەکان لە ماڵێکدا بەتەنیا دەژین، ئیدی هیچ نامێنێت کاری لەسەر بکەن جگە لە خۆیان و ئارەزووەکانیان. ئەمەش زیاتر وێنەی تاکێکی ئەوروپی نیشاندەدات لە ماڵێکی ڕووبەر بچووکدا لەگەڵ سەگێک یان پشیلەیەکدا دەژین.
دواتر ئەمە ڕێگە خۆشکەر دەبێت بۆ هاوڕەگەزبازی، کاتێک نووسەر دووبارە ئەم باسە دەوروژێنێت و وێنەیەکی تەواو نامۆ بۆ کۆمەڵگای ئێمە نیشاندەدات.
پێویستە بڵێین، جیهان لە سایەی زیرەکی دەستکردا شارستانیەت و مرۆڤایەتی خۆی لەدەست دەدات، بۆچی؟ لەبەر ئەوەی هەموو مرۆڤەکان بیر لە خۆیان دەکەنەوە، ئەوەی دەمێنێتەوە تەنیا هەوڵدانە بۆ تێر کردنی سک دواتر تێر کردنی ئارەزووەکان و هیچ بیر لەوە ناکەنەوە بە چ ڕێگەیەک تێری دەکەن.
ئەوەی لێرەدا دەبێتە پرسیار ئەوەیە ئایا ڕووداوەکان دەبن بە ڕاستی؟
هەر دەقێک یان هەر ڕۆمانێک دەنووسرێت بە خەیاڵ، لەداهاتوودا دەبێت بە دوو شت: یان ئەوەتا دەبێت بە واقعی کۆمەڵگە و جیهان، یاخود دەبێت بە ئەفسانە. بەڵام بەشێکی زۆر لەو ڕووداوانەی لەم ڕۆمانەدا ڕوودەدەن بوونە بە واقعی کۆمەڵگا و جیهان.
خاڵێکی بەهێزتری ئەم ڕۆمانە لەلای زۆربەی خوێنەران هەست دەکەم جێگەی سەرنجە ئەویش خوێندنەوەیە بۆ ڕووداوە سیاسییە جیهانییەکان.
لەم رۆمانەدا سۆبرمانیەتێکی بێ وێنە دەبینین.
نووسەر بەبێ ترس کار بەسەرکردەی وڵاتە زلهێزەکان دەکات.
وەک ناتانیاهۆ، جۆو بایدن، ڤلادیمێر پۆتین و شی جی بینگ و دۆناڵد ترامپ وەک دادگایی جیهان بکات و شۆڕشی سپی یاساو رێڕەوی جیهان بگۆڕێت.
ئەگەر واش بێت بۆ نا، چونکە گۆڕانکاری لەجیهاندا لەڕێی ڕۆمانەوە دەکرێت.
هەر ڕۆمانە کۆمەڵگا و دەسەڵاتەکەن دەگۆڕێت. ئەوەی تێبینی کراوە، نووسەر دەیەوێت ئەوەمان پێ بڵێت وڵاتە زلهێزەکانی جیهان لە ڕێگەی زیرەکی دەستکرد و تەکنەلۆژیاوە دەتوانن هەژموونی خۆیان بەسەر وڵاتەکانی تردا بسەپێنن و هەلی کۆمەڵگوژیش زیاترە. لەبەر ئەوەی گەیشتووین بە ئاستێک هیچ نهێنییەکمان نەماوە. بۆیە دەبێت وردتر کار لەسەر بە کلتوور کردنی خۆمان و دابونەریتمان بکەین. چونکە ئێمە ئێستاش لەژێر جینۆسایدداین، خاک و زمان و گەنج و کۆمەڵگەمان داگیرکراوە. وەک پێشتر باسمان کرد، نووسەر بەبێ پەردە ناوی سەرکردەکان دەهێنێت، بۆیە دەبێت بڵێین ئەمەش یەکێکە لەو خاڵانەی وادەکات بەجیهانی بکەین و هەموو خەڵک ئاشنابن پێی.
ڕۆمان دەبێت لە داخراوی ناوچەییەوە بپەڕێتەوە بۆ جیهان.
پرسیار بکەین لەم ڕۆمانەدا کامەیە جوگرافیاکەی؟ هەسارەی خۆرهەڵاتە؟
گوندی دۆلفین و وڵاتی کەهرۆ موگناتیسیە؟ لە کاتێکدا زۆر ڕووبەر لەسەر زەوی و هەسارەکان نیشان دەدات؟
بەمەش لەبوعدی جیهانیشەوە پەڕیوەتەوە بۆ هەسارەکانی گەردوون.
پرسیارەکانی ئەم ڕۆمانە لە ڕوویی زانستی و ئەدەبی و هونەریەوە جیهان سەرقاڵ دەکەن و ڕۆمانی دایەلۆژی نەتەوەکانە. لەبەر ئەوەی ڕۆمانی کوردی بەگشتی لەداخراوی ناوچەیی و گێرانەوەی مێژودایە، بەڵام ئەم ڕۆمانە تێپەڕی جیهانیشی کردووە.
لێرەشدا پێشنیاز بۆ وەرگێڕە بەڕێزەکان دەکەم ئەم ڕۆمانە وەربگێڕنە سەر زمانە زیندووەکانی دونیا. پێویستە خۆمانیش وەگێڕانی پێچەوانە بکەین و نووسەرەکانمان بەجیهان بناسێنین.
آدرس کوتاه خبر: