پنج شنبه، 9 بهمن 1404
روژان پرس » اخبار » مامۆستا مەلا عارەفی ئاشنا بناسین

نووسین و توێژینەوە: ساسان مونفەرید[بێوەر]

مامۆستا مەلا عارەفی ئاشنا بناسین

0
کد خبر: 3447

مامۆستا مەلا عارەفی ئاشنا بناسین

بە ئەمری شێخ عوسمانی دووڕۆ لە گەڵ مامۆستا مەلانەریری دەگاگا بەڕێ کراوە بۆ ئاوایی ڕوەوەرێ [رودبر هەورامان]و لەوێ بووەتە ئیمامی جومعە و جەماعەتی ئەو ئاواییە...
هەورامان، ئەو شوێنەیه کە پەڕەپەڕەی مێژووی گەر هەڵدەینەوە پڕە له شانازی و سەروەری؛ ئەو لانکەیه کەداوێنی مەکۆیەک بووە بۆ پەروەردەی کەڵەپیاوان و شاژنان.
یەکێ تر لەو کەڵەپیاوانەی کەساڵەهای ساڵ لە سەنگەری ئاییندا خزمەتی بەوڵات کردووە مامۆستای خۆشناو مەلا عارفی ئاشنایه:
خوالێخۆشوو مامۆستا مەللاعارف ئاشنا کوڕی موحەممەد ڕەحیم و خاتوون شەهناز لە 16ی گوڵانی 1316ی ک.ە لە ئاوایی «سیاناو»دا چاوی بە ژیان هەڵێناوە بەڵام گەورەبوو و نیشتەجێی ئاوایی کەماڵەیە سەربە هەورامان لە شارستانی سەوڵاوا.
هەرلە منداڵیەوە چێژی تاڵی بێ دایکی ئەچێژێ و ئەو کۆستە دەبێتەهۆی ئەوەی کە بۆ ئەهوەن کردنەوەی دەروونی زامداری ڕوو بکاتە مەنزڵگای خوێندن هەر بۆیە لەتەمەنی 10ساڵیەوە ئەمیش وەک زۆربەی مامۆستایان لە کانیاوی زانستدا دەسنوێژ دەگرێت و باخی دڵی بە علوومی ئایینی پاراو دەکات و سەرەتا هەر لە زێدەکەی خویدا لە خزمەت مەڵاعەلی دەست دەکا بەخوێندن و دوواتر لە شوێنگەلێ وەکوو حۆجرەی سیاناو، وەیسه، بانی بنۆک، بیارە و پێنجوێندا درێژەی بەخوێندن داوە و شانازی ئەوەی پێبەخشراوە کە له خزمەت مامۆستایان مەللا مەحموودعالی سیاناو، مەلاعەبدۆڵڵای کاتب ناسراو بە فەنایی[له بیارە]، مەلامستەفای سەرگەت، مەلاموحەمممەد زەینەب، ملاعەبدۆڵڵای زەینەب، مەلافایەقی ئاڵمانەیی[لە وەیسە بەماوەی 2ساڵ] مەلاسەیید موحەممەد موسەنەفی چۆڕی، مەلامۆحەممەد پیلە(مسوێ پێنجوێن بەماوەی 3مانگ)،مەلاڕەشید زەلکەیی، مەلاعەلی سیاناوی، مامۆستا شێخ زاهێد بارام ئاوایی، مامۆستا کەریم سیاناوی و چەند ئوستادێکی تر فێرەزانست ببێ و لە خزمەت مامۆستا موحەممەدئەمین عالی کانیسانانی ئیجازەنامەی مەلایەتی وەربگرێ و لە ئاواییەکانی گەرمیان، تەرخاناوا(لەدەهەی چلدا دەوری 1342ک.ە)ئیمام جۆمعه وجەماعەت بووە لەوێ[سەوڵاوا،ڕوەوەرێ، هەورامان،وەیسه، بنۆڵ و کەڵەکانی سنە مەلایەتی کردووە ولە بەشێکیاندا وەک مەلاڕەمەزانی بووە و دوواتر خویشی لە بەرگی ئۆستادێکدا دەرکەوێت و شاگردانێ وەکوو مەللا حامیدی هاشمی کەماڵا و مەللا فەهمین فەریادی کەماڵا و مەلاجەلال موحەممەدی ڕۆوەوەرێ و زۆرێک تر لە مامۆستایانی لاوی ناوچەجیاجیاکانی هەورامان، پەروەردە بکات و چرای ئاوەدانی حۆجرەکان گەش بهێڵێتەوە و وانەو کتێبگەلێ وەکوو قورئان و تەفسیر و سەرف ونحۆ و ئەحمەدی و دووڕشتە و سەرچاوە و عەوامڵ و جامێعەلمۆقەدەمات و هێدایە و ڕۆڵە بزانی و...بەجوانی بە گوێی دڵی شاگردەکانی بگەیێنێ و لە پاڵ وانەوتنەوەکەیدا هەوڵی داوە خەڵک هان بدا بەرەو کتێب خوێندنەوەی زۆرتر و قورئان خوێندنەوە و عێرفان  وتەسەوف و ئێرشادی مۆسڵمانان و ئەمری بەچاکە ونوێژ وڕۆژۆ وزۆر کاری ئایینی تر.
بیرەوەریە خۆشەکانی مامۆستاعارف تایبەتە بەو کاتانەی کە لە گەڵ شێخ عوسمانی نەقشبەندی و مەللاعەبدۆڵڵای کاتب و مامۆستا سەییدئەحمەدهاشمی و مەلانەزیری دەگاگا بەسەربردووە و هەنگی تەمەنی له شیلەی گوڵزاری ئەو ئازیزانەدا چێژی بردووە.
بە ئەمری شێخ عوسمانی دووڕۆ لە گەڵ مامۆستا مەلانەریری دەگاگا بەڕێ کراوە بۆ ئاوایی ڕوەوەرێ [رودبر هەورامان]و لەوێ بووەتە ئیمامی جومعە و جەماعەتی ئەو ئاواییە و دواتر بۆ ماوەیێ دەچێتە ئاوایی بنۆڵ وکەڵەکان و پاش سێ ساڵ مانەوە ی لە ڕوەوەرێ دەچێتە ئاوایی وەیسیان و لەوێ تووشی نەخۆشینێک دەبێت کە ئیتر ناتوانێ درێژە بە مەلایەتی بدات هەربۆیه زەوییەک لە ژووری ئاوایی کەماڵە دەکڕێت [به نەرخی 500تمەن]و ئەو شوێنە دەبێتە شوێنی ژیانی و دوواتر لە ساڵەکانی 1357ک.ە تا 1377 لە بەرگی کرێکاریدا ئەبێت و ڕوو ئەکاتە شارەکانی تاران و بەندەرەکانی ئیران  کە بە ڕوانین بە شێعرەکانیدا هەست بەو تاڵی وناخۆشیانەی ژیانی دەکەین کە لە غوربەتدا بەسەری بردووە:
ئەمجارەش له نۆ هاتینۆ تاران
بۆ ئاەو ناڵە چوون قەدیم ساڵان
ئەڵبەتە بەشم وەها دریاگە
لە وڵاتی خۆم بەشم بڕیاگە
یا لە یادداشتێکی تریدا ئەڵێن:
لە دیداری خوێش خزم و ئاشنا
له ناو عاڵەما من بووم بە تەنها
تەقدیرە چی بکەم بێ دەسەڵاتم
ئای لە حاڵی من چەند دوور وڵاتم.

زۆربەی یاداشتەکانی هی دەورانێکە کە لە تاراندا خەریکی کرێکاری و سەرایەداری ونگهبانی و...بووه.مامۆستا خاوەن دەنگێکی تایبەتیش بووە بە جۆرێ کە قورئان خوێندنەوەی کاریگەری بووە له سەر دەروونی ئەو کەسانەی کەلە دەوروبەری بوونە و خاوەن بەسەرهاتگەلێ تایبەتە لەو بۆارەوە.
ئەوکاتەی لەهەورامان دەبێت  هەر بە ئەمری شێخ دەچێتە خواستبینی کچی سۆفی ئەحمەدمیرزایی و
لە گەڵ فیروزە میرزایی کە ئەبێتە خۆشکی مامۆستا میرزای هەورامی ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە و خاوەن 4 کوڕ و2کچە و دوواتر له ساڵی 1377، بەهۆی نەخۆشینی دڵەوە لە تەمەنی 48ساڵیدا هاوسەری ئازیزیان کۆچی دوایی دەکات و پاش کۆچی هاوژینەکەی زۆربەی کاتەکانی تەرخان دەکاتەوە به خوێندنەوەی کتێبی زۆرتر و ماڵەکەی دەکات بە شوێنی بۆ قورئان خوێندنی مناڵان و لاوان و تازەلاوان.
مامۆستا ئاشنا جیا لە زمانی زاڵی سەردەم شارەزاییەکی تەواوی بە خوێندن ونووسین به زمانی عەرەبی،کوردی،هەورامی و...بووەو هەروەها کاریگەری زۆری لە سەر منداڵانی خۆی بووە و هەر چوار کوڕەکەی بە جۆرێ له سەرڕێبازی ماونەتەوە کە مامۆستا مەڵاڕەئووف  کارناس خوێندنەکانی ئایینیه و لە ساڵەکانی 1371تا بەئەمڕۆ لە بەرگی مامۆستاییدا لە ئاواییەکانی دێهگولان و مەریوان خزمەتی نواندووە، مامۆستا مەعرووفی ئاشنا کە وەک دەبیرێکی قورئان وکتێبە دینیەکان زیاتر لە 26ساڵە لە قوتابخانەکاندا بە بەڵگەی کارناسی عەرەبی خەریکی  خزمەتە و هەروەها کاک عەدنان ئاشنا کە کارناسی باڵای فەلسەفە و کاک مۆحەممەد کە ئەویش کارناسی مافە.
مامۆستا مەللاعارف ئاشنا جیا لەوەی کە لە بەرگی مامۆستایدا خزمەتی نواندووە وەک شاعێرێکیش دەستی کردووە به هۆنینەوەی شێعر و هەروەهاخاوەن دەفتەرەشێعرێکی چاپ نەکراو و پەڕاوێک تایبەت بە نووسینی بەسەرهاتەکانی خۆی و سەربۆردەی خۆیە وبە ڕوانین بە نووسینەکەیدا دەردەکەوێ بۆمان کە  بە زمانی کوردی و فارسی و عەرەبی وهەورامی شارەزایی تەواوی هەبووە و زۆربەی یاداشتەکانی بۆاری عێرفانی دەگریتەوە و ڕەنگ وبۆی خۆشەویسی و ئەوین بە پەروەردگاری تێدا دەبینرێ.
بەداخەوە لە ڕەشەمەی 1388ک.ە بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە سەرئێشەیەکی زۆری پێدا دەپێچیێت بەجورێ کە ئیتر بە هیچ شێوەیەک ناتوانێ کتێب بخوێنێتەوە و بە ناچاری بۆ هەمیشە ماڵاوایی له خوێندن دەکات و ئەو زامە بە ئازارە وازی لێ ناهێنێ و له 6ی بەفرانباری ساڵی 1394ک.ە بەهۆی شێرپەنجەوە پێ دەنێتە نێو هەوارگەی هەمیشەیی و ماڵاوایی له ژیانی پڕله حەسرەت وچەرمەسەری دەکات و له گۆڕستانی ئاوایی کەماڵا سەربەشاری هەورامان دەنێژرێت.
مامۆستا عارف خاوەن دو پەڕتووکی چاپنەکراوەیه کە یەکیان کۆمەڵەشێعرێکە به زمانی کوردی و ئەویتریان کتێبێکه لە ژێرناوی صیدالخاطر کە بەشێکە لە ژیان وبەسەرهاتەکانی.
چەند نموونەیەک له نووسین و شێعرەکانی:
کەرەم فەراوان" قاضی الحاجات"
بمبەخشە بەنوور فەخری کائێنات
لەهەردوو دنیا کەرەم بنوێنە
حەقی ئاواتمان لێمان مەسێنە
"عارف" غەریبە، لێ مەگرە تاوان
دەربەدەرت کرد لە دێی و شاران
کاکە گیان دنیا کۆتا مەنزڵە
بێ عەقڵ تێیایا کوێر و غافڵە
بەڵام نەسێحەت بۆ هەموومانە
دنیای هیچ وپووچ چوون بای هەوانە
عەفووم من ئەوێ، کەریم وستار
"رب نَجّنی مِن عَذاب النّار"
ئیتاعەی بکە بە دڵ وبەگیان
ملکەچی درگای سۆبح وئێواران
تەنیا خۆیەتی کارسازی کاران
مۆحتاجن بە ئەو دێهاتی وشاران
لە هەرلایێ خوا درگات لێ داخا
لە لایێکیتر دەر بۆت باز ئەکا
ئەوەیە داوای"ئاشنا"کەی تۆ
بە ئاخرخەیری بێتەوە لای تۆ
عارفم عارف، دوورم له ماڵم
خۆت ئاگاداری بە حاڵ وباڵم
تاران.مۆتەهری،ڕێکەوتی 2ی گەڵاڕێزانی 1375ی ک.ە
ئەمەش نموونەیەک تر له دڵنووس ونەزمەکانی:
یاڕەب ئاگادار بە حاڵی دەردم
بە گوناهباری و بە ڕەنگی زەردم
بە بێ تۆشەو زاد ڕێگەی نەهاتم
بە خۆف و لەرزی پردی سیڕاتم
عارف عەبدێکی خەجاڵەت بارە
بەهیوای عەفووی خوای غەففاره
عارف تۆ داماو تۆ سەرگەردانی
تۆ پەنابەری حەیی سۆبحانی
بە خالیس ڕوو که لە پەروەردگار
بڵێ ئەی خوای غەفوور وغەفار
بۆ هەموو کارێ تۆ فریاڕەسی
تۆ بۆ بێ کەسان خاسترین کەسی
سەد جار دەرم کەن باز هم دێمەوە
من پشت هەڵناکەم لە لۆتفی ئێوە
مەیلتان بێ و نەبێ، مەیلم لاتانە
بۆ هەر دوو دنیا هیوام پێتانە
بەهەموو عەیبێ ڕووم کردە ئێوە
ئێوەن چوون داران گشت مێوەی پێوە
خوایە بمبەخشە تا بەم خانەقا
جێگەی عەفوواتە تا "یوم البقا"
سڵاوتان لێ بێ شێخان بیاره
فەیز و ڕەحمەتتان هەزار هەزاره
قەڵەم شاهێد بە دەفتەر له پاڵی
یاڕەبی عارف چاک ببێ حاڵی
"عارف"گوناهبار بە هیواتانە
گیروودەی دەوران ڕۆزگارانە
هیچ کەس دەرناچێ لەم بەندوباوە
هەزارانمان دی کەسیان نەماوە
چەن پادشاهان کەمەر زەڕینان
هان له ژێر خاکا بێ نام ونیشان
بالاتان ببێ ئەم یادگاره
گیروودەی جەفای ئەم ڕۆژگاره
جەم بوو لە دەورم پەشێو بوو حاڵم
بەتاق وتەنیا بۆ خۆم ئەناڵم
خێزان باری کرد، مناڵ تەفرەقە
گێجەنەی دەرگا بوو لۆق و لەقە
ئەگەر ئەتەوێ سافی و بێ کەدەر
کەوە شوێن ڕێگەی بووبەکر و عۆمەر
عۆسمان و عەلیچ وەکوو ئەوانن
شێرانی بێشە و مەردی مەیدانن.
سەرچاوەکان:
وتووێژێ لە گەڵ برایان کاک عەدنان و کاک مەعرووفی ئاشنا و هەروەها یاداشتێکی فارسی کە بە قەڵەمی کاک مەعرووف ئاشنا نووسرابوو.
له ڕۆژنامه‌ی ڕۆژان چاپ کراوه

نظر شما

  • نظرات ارسال شده شما، پس از بررسی و تأیید در وب سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.
نام شما : *
ایمیل شما :*
نظر شما :*
کد امنیتی : *
عکس خوانده نمی‌شود
برای کد جدید روی آن کلیک کنید