جمعه، 10 بهمن 1404
روژان پرس » اخبار » دڵنامەیەک بۆ ڕۆحی زیندووی گەورەی کۆچکردوومان ناسرخان حەیدەری کانی‌سانانی

ئەلف.شین (افشین تاجران)

دڵنامەیەک بۆ ڕۆحی زیندووی گەورەی کۆچکردوومان ناسرخان حەیدەری کانی‌سانانی

0
کد خبر: 2894

دڵنامەیەک بۆ ڕۆحی زیندووی گەورەی کۆچکردوومان ناسرخان حەیدەری کانی‌سانانی

بە قەڵەمێکی چاوەڕوان، خولیاو حەزی داهاتووەیەکی ڕووناکت لە ناخمانا ڕوواند و باسی سەربەستیت بۆ کردین، سەربەستی خاک، سەربەستی چەم، سەربەستی ساڕێژ بوونی ناخ.
شار خەمبارە،
تەوژمی داخ، یەخەی شار و شاخی وڵاتی دڕیوە،
قەڵەم لە‌دەستا ئەنووست و تۆ هەر هێشتا وریا و بێدار،
پەنجەکانت هیچکات ڕەنگی مانوو بوونیان لێ دیار نەبوو،
 بەدەم سەمای قەڵەمەکەت دڵۆپ دڵۆپ، خامەت پڕ ئەکرد لە ئەسرین، خامەت دەشتی مەریوان بوو، بێ کۆتایی.
وەکوو ڕووبار، سەررێژی ئاخ، هاواری دڵ، هەستەکانت، بەرەو قەڵەمی ناو دەستت ڕێ ئەکەوتن سارێژ ئەبوون،
 زەریایەک لە وشەی قووڵ و کانیەک لە رستەی زوڵاڵ، پەیدا ئەبوون.
مانای زیندوو بوون ئەوە بوو،
هێمای زیندوو بوون، خواردن و ترپەی دڵ و هاتووچووی هەناسە نیە،
زیندوو بوون یانێ ساڕێژ بوون، ساڕێژ بوونی هەستێک، بیرێک، بۆ دەست و پەنجەو قەڵەم،
یا بۆ زار و لێو و وشە،
هێمای زیندوو بوون بووی بۆمان،
نە تێکەڵی گەمەی سیاسی سەردەم بوویت،
نە کڕیاری بازاڕی دینی ئەمڕۆیی،
 خۆت بوویت، تاک‌بوون لە تۆدا مانای بوو.
لە پێش هەڵهاتنی خۆری ڕووداوەکان دەرئەکەوتی، بە دەستی تۆ لەگەل ڕووداوەکان هاتین، لەگەل یادەوەرییەکانت لاپەڕەی مێژوومان هەڵدا
ڕەوایەتت دا بەم خاکە،
بە تەنافی دڵنیایی و ڕاسبێژی خۆت، ئێمەت ئەبڕدە قووڵایی ناخی مێژوو و بە پەیژەی پڕ لە متمانەت سەرئەکەوتین بۆ ڕۆشنایی ئەو دیو ڕۆژە تاریکەکانی ژین،
زۆرت نووسی لە داخەکان، لە یادەکان، شەن و کەوی زۆر ڕووداو و زۆر بابەت و پێشهادت کرد.
بە قەڵەمێکی دڵناسک، دڵت بردین بۆ ئەو پەڕێ تاڵی مێژوو و باسی وڵاتت بۆ کردین، باسی دۆڕان و سووتان و ئاوارەیی و باسی لەت لەت بوونی خاک و هەرزان فرۆشی وڵات و بە فیڕۆ چوونی دەسکەوتی هەزار ساڵە.
بە قەڵەمێکی چاوەڕوان، خولیاو حەزی داهاتووەیەکی ڕووناکت لە ناخمانا ڕوواند و باسی سەربەستیت بۆ کردین، سەربەستی خاک، سەربەستی چەم، سەربەستی ساڕێژ بوونی ناخ.
بە قەڵەمێکی سیاسی گوڵت دا لە یەخەی بەرد و ئاوپرژێنی زۆر ئاوری قین و قار و کڵپەی لاسار و شێتت کرد و برایەتیت بۆ باس کردین.
 ئەو کاتانەی سەر دێڕەکان پڕ بوون لە خوێن ڕشتن و شەڕ، تۆ ئەتنووسی برایەتی و لێبوردن و بەیەکۆ بوون.
ساڵانێک زۆر، مەلی ئاشتیت بۆ قارستانی برایان بەڕێ ئەکرد، بەڵام باڵ شکاو و ماندوو ئەگەڕاوۆ.
باش ئەمزانی، زرێبارێک لە ئازار و دارستانێ گڕی جەرگبڕ لە‌دڵتا بوو،
خەمی وڵات هەموو جارێ ڕێی قەڵەمی پێ ئەگرتی و پەنجەکانتی لێ ئەسەندی و وشە لە پەنای وشەدا وەکوو قەڵغان بۆ بەرگری لە ڕاستیەک ڕیز ئەکران.
ئەم شەوانە، وڵات خەو لە چاوی نایەت، ئەڵێی شاخێکی ون بووە
ڕۆژنامەکان وشەکانیان لێ تۆراوە، ڕادیۆ ڵاڵ و ویزەی سیگناڵی دەر نایە.
ئاخۆ زرێباری دوای تۆ چاوەڕێی دەروێشێ ناکات؟
ئاخۆ مەریوانی دوای تۆ چەن دڵتەنگ و خامۆش ئەبێ؟
خوایە کوفر نەبێ بڵێم، لەم سەندنەت پەشیمان نیت؟
خۆ ئەو قورسایی شارێکی لە سەر شان بوو.
دسته بندی: اخبار / اسلایدر / کوردی

نظر شما

  • نظرات ارسال شده شما، پس از بررسی و تأیید در وب سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.
نام شما : *
ایمیل شما :*
نظر شما :*
کد امنیتی : *
عکس خوانده نمی‌شود
برای کد جدید روی آن کلیک کنید