جمعه، 1 تیر 1403
روژان پرس » کوردی » سێبەرەکە . . ./ چیرۆک

ف.ڕ.ئومێد*

سێبەرەکە . . ./ چیرۆک

0
کد خبر: 1890

سێبەرەکە . . ./ چیرۆک

هەمیشە لە ترسی سێبەرێکی جرپنی سەرەڕۆی خرپنی چاوشین بە چاوی کراوەوە دەنووستی . هەمیشە خەمێکی قووڵ میوانی چاوەشینەکانت بوون .
لە تەکسیەکە دابەزی. ویستی دەرکە قوپاوە سەوزەکەی پێوەدا کە چاوی بە ژنێ کەوت کە دەستی منداڵێکی سێ چوار ساڵانی لە نێو دەست بوو . ژنەکە دەیویست لەشەقامە قەرەباڵغەکە بپەڕێتەوە .سێبەرەکە هەنگاوێ پێش ژنەکە  کەوتبوو . دەرکەی تەکسیەکەی بە تەواوی دانەخست. شۆفیرەکە بۆڵە بۆڵێکی لێوەهات و دەرکەی تەکسیەکەی توند پێوەدا . تۆ هاوارت کرد دەستی ئەو منداڵە بەردە دەی زووبە. بەڵام نە ژنەکە دەنگی تۆی بیست و نە کەسانێ کە لە شەقامەکە سەرقاڵی هاتوچوو و کار و باری خۆیان بوون.
ژنێ لە نێوەڕاستی شەقامەکەدا لاقەفرتێی پێکەوتبوو . منداڵێ کە لەوبەر شەقامەکە دەگریا بەرەو جەستەیەکی لە خوێناگەوزاو هەڵدەهات.
تۆ دیسان سەرئێشەیەکی سەیرت گرت و بەرەو ماڵ بەڕێ کەوتی.
کاتێ کلیلەکەت لە قفڵی دەرکەی دەرەوە هەڵسووڕاند دەنگە دەنگ و گرمە گرمێکی ئاشنات هاتە گوێ.
پوورت لەگەڵ مێردەکەی لە دێوە هاتبوون . حەتمەن کار و باری بازاڕیان بووە یا کاری دوکتۆر و دەرمان. پوورم تەمەنی  پەنجا ساڵێک دەبوو . هەر وەکوو عەبەی مێردی پوورم دەیگوت قسمەتیان نەبووە کە منداڵیان بێ . هەر چەند لە چەند کەسم گوێ لێ ببوو کە دەیان گوت کێشەکە لە عەبەیە و منداڵی نابێ .ئەگینا هێند ماقووڵ نییە کێشە لە پوورم بێ و ئەم خۆڕاگر بێ و ژنی بە سەردا نەهێنێ.
دوای بەخێر هاتنێکی سارد و سڕ خۆت دەخزێنیتە ژوورەکەت و دەرکەکەیش لە سەر خۆت دادەخەی.
دەنگە دەنگ و قرمە قرمی عەبە دەتهێنێتەوە هۆش . پوورت ماچت دەکات و دوای خواحافیزی قرمە و هەرای عەبەش ون دەبێ . تۆ پیاوێک دەبینی کە سێبەرەکەی دوو هەنگاو پێش سێحێبەکەی هەنگاو دەنێ.
کاتێ منداڵ بوویت و هێشتا ماڵتان نەهاتبووە شار و لە گوند دەژیان هەمیشە گوێ بیستی حەقایەت و چیرۆک و بەیت و لاوک و حەیرانی پیاوانێ بوویت کە لە شەوانی درێژی پایز و زستاندا لەماڵ باوەگەورەت کۆ دەبوونەوە و شەوانی درێژ و ساردی پایز و زستانیان بەو شێوەیە تێدەپەڕاند.
منداڵێ لە سووچێکی دیوەخان کزی کردبوو و هەموو لەشی ببوو بە گوێ . چیرۆکی ئەوشەو چیرۆکێکی سەیر بوو کە ژیانی ئەو منداڵەی بە تەواوی گۆڕی.
حەقایەتەکەی حەمەی میرزا گەیشتبوو بەو شوێنەی کە کوڕە چاو شینەکە پێش ئەوەی کە کەسێ بمرێ دەیزانی و هەستی پێدەکرد . کوڕە چاو شینەکە دەیزانی ئەو کەسەی کە سێبەرەکەی پێشی بکەوێ یانی کاری تەواوە و مەرگی گەیشتووە.
ڕۆژێ کە کوڕە چاوشینەکە دەچێتەوە بۆ ماڵ باوکی دەبینێ کە جانتای سەفەری تێکناوە و دەیهەوێ بچێتە سەفەر. کاتێ کە دوو هەنگاو لە ماڵ دوور دەکەوێتەوە کوڕەکە دەبینێ سێبەرەکە سێ هەنگاو پێش باوکی هەنگاو دەنێ.
کوڕەکە دەیهەوێ هاوار بکات لە باوکی کە بگەڕێوە. دەنگی لە چاڵی قووڵی قوڕگی نایێتەدەر . دەیهەوێ بەرەو کۆڵانەکە هەڵبێ و پێش ڕۆشتنی باوکی بگرێ . کۆڵانەکە قەپی کردووە بە هەر دوو لاقیدا و هێزی جۆڵانەوەی نییە. پاش سێ ڕۆژ هەواڵی مەرگی باوکی دێننەوە بۆ کوڕە چاو شینەکە و بنەماڵەکەی.
ئیتر کوڕە چاو شینەکە بۆ هەمیشە زمانی لە گۆ دەکەوێ و کەس تاکە قسەیەکی لێ نابیستێ.
کاتێ حەقایەتەکەی حەمەی میرزا تەواو دەبێ و هەموان دەگەڕێنەوە بۆ ماڵ و حاڵی خۆیان منداڵێ  لە سووچی ژوورەکەدا کزی کردووە .
چەن ڕۆژێ ، چەن شەوێ تۆ خەو و خۆراکت نییە . گێژ و وڕی و دەڵەی دەرمان خواردیان کردووی.
ڕۆژی وایە دەچیتە پێش ئاوێنەکە و دەبینی کە چاوێکت لە ڕەشەوە بەرەو ڕەنگی شین دەگۆڕدرێ. جاری وایە  لە شەوی تاریکی بێ چرا و ڕووناکی گوندەکەدا هەر دوو چاوت دەڵەی چاوی پشیلەن لە دوورەوە بریقەیان دێ.
جارێکیان کە لە شووشەی ژوورەکەتەوە لە کۆڵانت دەڕوانی دیتت  کوڕە چاو شینەکە لەو دیو شووشەی پەنجەرەکەوە لێت دەڕوانێ. تۆش خێرا دەچیت خۆت لە ژێر لێفکە دەشاریەوە.
شەوێ کاتێ کە بە تەواویی خەو وڵاتی چاوان و دڵتی داگیر نەکردبوو کوڕە چاوشینەکەت دیت کە بەرەو لای تۆ دێت و بە هەر هەنگاوێکی تۆ لەوانەیە لە ترسان خۆت تەڕبکەی. بە تەواوی قورسایی نیگای کوڕە چاوشینەکە لە نێو گۆمی شڵەژاوی چاوانتدا هەست پێدەکەی. ئارام و ئۆقرەت لێ بڕاوە و هەست بە خنکانێکی زۆر دەکەی. دڵت وەکوو دڵی چۆلەکەیەکی ترساو توند توند لێدەدا و هەست دەکەی خەریکە لە دەمتەوە ئەیهێڵنجێنی .جووڵەت نەماوە و تەواو هەست بە مردن دەکەی. کوڕە چاو شینەکە بە سەر جەستەتدا ڕادەکشێ . تۆ ئیتر هەست بە هیچ قورسایەک ناکەی.
لە بەربەیانی هەینێ کوڕێ کە لەوانەیە حەوتەیەک، مانگێ یا شایەتیش ساڵێک خەو لەش و جەستەی داگیر کردبێ بە هەر دوو دەست چاوەکانی دەسڕێ. هەست بە ماندوو بوون و قورسایەکی ئێجگار زۆر دەکا.
هەست دەکات وەکوو ژنێکی دوو گیان وایە قورس و بێ دەماخ.
بەرەو ئاودەست خانەکە بەڕێ دەکەوێ. سەرسام سەرسام لە شووشەی دەرکەی ئاودەست خانەکە کوڕێ دەبینێ  ۱۷ـ ۱۸  ساڵە چاو شین و خرپن . لە پشیلە خرپنە چاو شینەکەی تووبای دراوسێیان دەچێ.
ڕۆژەکان بێ وێستان دەهاتن و دەچوون و تۆ قووڵتر دەچوویتەوە نێو ناخت. بە دەیان سێبەرت دیتبوو کە هەنگاوێ یا چەند هەنگاو پێش ساحێبەکەیان کەوتبوون. تۆ هەستت بەوە دەکرد کە لە گەڵ هەر هەنگاوێکی ئەوان ڕۆژێ یا چەن کاتژمێرێ لە تەمەنی تۆ کەم دەبێتەوە.
هیچ کات لەبیرم ناچێ ڕەحیمەی جیرانمان کە دووگیان بوو ئەرێ حەوت مانگان دوو گیان بوو و چاوەڕوانی ئەوەی نائەکرد کە بەم زوانە ژان بیگرێ.
کاتێ کە بە تەنیا لە ماڵ دەبێ ، لە ناکاو ژان دەیگرێ هەر چۆنێک دەبێ خۆی کێش دەکات هەتا ماڵی حاجی ڕەسووڵ. ژنەکەی حاجی ڕەسووڵ بە هاواریەوە دێت و دەیباتە ماڵ خۆیان. تۆ کە لە هاواری ڕەحیمە خاتوون هاتبوویتە پێش دەرکەکە دیتت کە سێبەرەکەی شەش حەوت هەنگاو پێش خۆی چووە ماڵ حاجی ڕەسووڵ .ئەوکات تەواو هەستت بەوە کرد کە چەن بێ دەسەڵاتی و بە هەر دوو دەست سەرت دەگووشی و لە ناخەوە سووتای لە ناخەوە گریای . جەرگ و هەناوت هەڵقرچا... .
کە چوویتە زانکۆ لەوێش هەرگیز ترس و دڵەڕاوکێ لە کۆڵت نەدبووەوە.
چەن جارێ دیبووت کە سێبەرێکی خرپنی چاوشین دەیویست پێش تۆ هەنگاو هەڵبگرێ و تۆ لەناکاو لە شوێنی خۆت وەک ئەوەی برق بتگرێ وێستابووی و بۆ چەن کات ژمێرێ ماق و جووڵەت لەخۆت بڕی بوو.
هەمیشە لە ترسی سێبەرێکی جرپنی سەرەڕۆی خرپنی چاوشین بە چاوی کراوەوە دەنووستی. هەمیشە خەمێکی قووڵ میوانی چاوەشینەکانت بوون.
کاتێ وەکوو مامۆستای ئەدەبیات دەسبەکار بووی بێ ئەوەی کە ئاگات لە خۆت بێ چەندین جار چیرۆکی کوڕە خرپنە چاوشینەکەت بۆ خوێندکارەکانت گێڕابووەوە.
چەندین جار کوڕە چاوشینەکەت دیتبوو کە لە سووچێ چاوی لە نێو چاوانت بڕی بوو.
دوای ئەوەی کە زەماوەندت کرد هەمیشە چاوەڕوانی ئەوەت دەکرد کە سێبەرەکەت   ببینی کە هەنگاوێ یا چەند هەنگاو پێش خۆت کەوتووە. مەرگ و ترس لە مەردن وای لێکردبووی کە بە چەندین ساڵ لە تەمەنی ڕاستەقینەی خۆت پیرتر بنوێنی.
هەوەڵ منداڵت کە هاتە دونیا چاوەڕوانی ئەوەت دەکرد کە کوڕێکی خرپنی چاوشین بێ . بەڵام کچێکی چاوڕەشی ئەسمەرتان بوو.
ڕۆژان دەهاتن و دەچوون، ساڵان دەهاتن و دەچوون و من پیرەپیاوێکی لەناخەوە ڕووخاو بووم. مامۆستایەکی ئەدەبیات کە بە دەیان کەڕەت چیرۆکی کوڕە چاوشینە خرپنەکەی بۆ خۆی گێڕابووەوە.
چەندین جار بۆ ئەوەی کە بتوانێ ئەم دەرد و زامە قووڵە لە بیربکات، شوێنی ژیان و کاری خۆی گۆڕابوو . لە دواین ساڵی مامۆستایەتی گەڕایەوە بۆ شاری خۆی و دیسان چەندین و چەندین جار چیرۆکی کوڕە خرپنە چاوشینەکەی بۆ خوێندکارانی گێڕایەوە.
ماندوو و پیر و کەنفت ئیدی چاوەڕوانی ئەوەی دەکرد کە کاتی ڕۆیشتن و ماڵاواییە. کەچی ماوەیەک بوو سێبەرەکەی نەمابوو یا شایەت چاوەکانی ئەم، دەستەکانی ئەم بێ هەست بووبێتن و هەستیان بە بوون و نەبوونی سێبەرەکە نەمابێ.
پیاوێکی تەمەن ٦٥ ـ ٦٦ ساڵان، چاوشین و خرپن لە ژووری وانەی ئەدەبیات گێڕانەوەی چیرۆکەکەی بەرەو کۆتایی دەڕوا . ماندوو و شەکەت لە سەر کورسیەکە دادەنیشێ و هەر دوو پەنجەی لەیەک گرێ دەدا.
کوڕێ کە چاوێکی ڕەشە و چاوێکی خەریکە شین دەبێ لە سووچێکی ژوورەکە کزی کردووە . کورسیەکە توند و قایم باوەشی بە کوڕەکەدا کردووە . کوڕێکی خرپنی ترساو وەک ژنە دوو گیانەکە جووڵەی لێ بڕاوە.
سێبەری مامۆستاکە هەتا مێز و کورسی کوڕە خرپنە چاو شینەکە خۆی ڕاکێشاوە.
دسته بندی: کوردی
تبلیغ

نظر شما

  • نظرات ارسال شده شما، پس از بررسی و تأیید در وب سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.
نام شما : *
ایمیل شما :*
نظر شما :*
کد امنیتی : *
عکس خوانده نمی‌شود
برای کد جدید روی آن کلیک کنید