دوشنبه، 10 اردیبهشت 1403
روژان پرس » اخبار » ڕێبین و پەیکەرەی ئاشتی

سەلام ئیسماعیل سورخ

ڕێبین و پەیکەرەی ئاشتی

0
کد خبر: 1262

ڕێبین و پەیکەرەی ئاشتی

بۆ دیتنی «ڕێبین حەیدەری» لە شاری بۆکان لەگەڵ کاک جەلیل سەفیاری کە وەک ھونەرخواز لە خزمەت کاک ڕێبیندا دەرس دەخوێنی و ھونەری پەیکەرەساری فێر دەبێ، ڕۆژی یەکەمی گەلاوێژی 1402ی ھەتاوی لە دیوان‌دەرەوە بەرەو شاری بۆکان وەڕێکەوتین.
ھەیاران و مەیاران، لە دنیای پڕ لە زرمە و گرمە و ھەرادا کە کۆی ڕووداوەکان وەھا کەوتوونە سەر یەک، لە دنیای پڕ لە تەوژم و گوشاردا سەرت ناپەرژێ سەراسۆیەکی دەوروبەری خۆت بدەی و مێژووی زانیاری و تیشکی پڕ لە ڕازی ھونەر بەسەربکەیتەوە، ھەروەھا لە قەڵای مێژووی نادیار و ئەفسووناویی ھونەر و ئەندێشەوە بڕوانیتە لاپەڕە درەوشاوەکانی ھونەر و جوانی، کە لە ڕەوتی زەماندا دەستی داگیرکەران و تاڵانچییان زەفەریان پێ نەبردووە، بە دیتن و بیستنیان دڵی ماندوومان بحەسێنینەوە و ئاوپژێنی بکەین. 
ئەگەر ھونەر و جوانی لە زەبری وەکوو کۆلکەزێڕینە بەری ئاسمانی تەم گرتوو ڕووناک دەکاتەوە، نەبوایە تازەبووکی بەھاریش ھەر دەبوو بە زستان. ڕۆژیش دەبوو بە شەوی تاریکەسەلات. ئەگەر موعجیزەی ھونەر نەبوایە، تەواوی وەرزەکانی ساڵ ھەر دەبوونە پاییز. کانییەکان ویشک دەبووون. ڕووبارەکان نەدەگەیشتنە دەریا. ئەگەر بەخشەندەیی ھونەر و جوانی نەبوایە، کۆمەڵگا لیپاولیپ دەبوو لە بوغز و ڕق و تۆڵە. دنیا دەبوو بە زەوییەکی قاقڕ و ویشکارۆ. ھونەر ئەو بارانەیە کە بوورە و بەیار تێراو دەکات و دەیگەشێنێتەوە. دەلاقەی دڵ و دەروونمان بەرەو خۆرەتاو دەکاتەوە. ھونەر ئەو پێناسەیە بۆ نەتەوەی ژێردەست کە خولیای ئاواتەکانه قەت بەرۆکی بەرنادەن و ڕۆحی خولیاکانی قەت لە بن نایەن. زاتی ھونەر بەخشەندەیی و جوانییە، بۆیە قەت دیتن و بیستن و خوێندنەوەی ماندووت ناکات. ھونەر ئەو ڕازەیە کە ڕازدارتە، وەک سێبەرێک کە ڕێبواری ماندوو لە سایەیدا دەحەسێنەوە. ھونەر خۆ سەرقاڵکردن و ڕابواردن نییە؛ بەڵکوو ڕازی ئەو ڕازەوانەیە کە بە ھۆی زانینی ھونەری شاخەوانی بە شاخی زۆر ئەستەم و چڕ و ھەڵەمووتدا ھەڵدەزنێ. خۆ دۆزینەوەیەکە کە لە وەگەڕ خستنی ئەندێشە و زانیاری وردە وردە لە ڕۆحی زەماندا ناسیاوی پەیدا دەکات و لە بیرەوەریی خەڵک و زەماندا تا ھەتایە ناسڕدرێتەوە.  ھونەر ئەو دەنگە خۆشەیە کە وەک شاخێکی بەرز و ھەزار بە ھەزار ڕاتدەچڵەکێنێ. لە کاتی ئازارەکاندا لایەلایەت بۆ دەکات و سەبووری لە دڵ و ھەناوت دەگێڕێ. ھونەر ڕازی ئەو بەردە نەخشێنراوەیە کە باوک و باوەرەی ئێمە لە ھەزاران ساڵ لەمەوبەرەوە لە دڵی ئەشکەوتەکان و لە سەر تاشەبەردەکان خولیا و ئاواتەکانی خۆیان نەخشاندووە. بە ئەشقەوە سینگی بەردەکانیان ھەڵکۆڵیوە بۆ ئەوەی ھەوارێکی نوێ بۆ داھاتووی ژیانیان دەستەبەر بکەن و ژیانی خۆیان بکەنە ئاوێنە بۆ ڕۆڵەکانی داھاتوو. ھونەر ڕازی ئەو ئەلف و بێیە بوو کە کەوتە سەر یەک و زانست و پەروەردەی خولقاند و وشەی ئەشق و ئازادیی پێ نووسرا.
لە دنیای ھەراوی ھونەردا لە شێعر و مۆسیقا و بەیت و حەیرانەوە بگرە ھەتا ژانر و بووارەکانی دیکەی ھونەر، کەم تا زۆر کۆمەڵگای ئێمە لە گەڵی تێکەڵاوە و چێژی لێ وەرگرتووە؛ بەڵام پەیکەرەسازی و کۆتەڵ ھونەرێکی تازەیە کە ھاتۆتە گۆڕەپانی دونیای ھونەری کۆمەڵگای ئێمەوە. ئامڕازێکە بۆ پێوەندی گرتن کە دەمانکاتە ھاونشینی سفرەی دڵەکان. ئەوەش شوێنی جیاواز دەخاتە سەر مرۆڤ بۆ تێگەیشتنێکی نوێ لە ژیان. 
ھەر بەو بۆنەوە بۆ دیتنی «ڕێبین حەیدەری» لە شاری بۆکان لەگەڵ کاک جەلیل سەفیاری کە وەک ھونەرخواز لە خزمەت کاک ڕێبیندا دەرس دەخوێنی و ھونەری پەیکەرەساری فێر دەبێ، ڕۆژی یەکەمی گەلاوێژی 1402ی ھەتاوی لە دیوان‌دەرەوە بەرەو شاری بۆکان وەڕێکەوتین.
لە گەڕەکی فەرھەنگیان، دەرک و دیوارێکی جیاواز و ھەراو، بە پێچەوانەی ماڵەکانی دیکە کە بە دیوار و شوورەی بەرز و گرانبایی وەک زیندان گەمارۆ درابوون، سەرنجی ڕاکێشاین. ئەو ماڵە جیاواز و بەرینە ئاکادمی و ماڵی ھونەرمەندی پەنجە‌ڕەنگین و پەیکەرەساز ڕێبین حەیدەری بوو. نە دیواری بەرز و نە باڵەخانەی ئاسمان قەڵێش؛ تەنیا ڕیزەدارێکی کاج و دەرگایەکی گەورە و ھەراو، کە زۆر جیاواز بوو لە دوورەوە بۆنی ئەو ماڵە ڕەنگین و زەنگینەی لە قاو دەدا. ماڵێک کە ڕازاوەتەوە بە ھونەر و جوانی. 
سامی پەیکەرەیەکی گەورەی سێ میتری لە حەوشە و حەسارێکی بەرین بە ناوی پەیکەرەی (ئاشتی) ڕایچڵەکاندین. کاتی وا بە دەست خۆت نییە، سامی ئەو پەیکەرە مەزنە بتگرێ. پەیکەرەیەک کە ھەزار بەیتی نەنووسراوەی بۆ ئاشتی و ئازادی پێیە. پەیکەرەیەک کە بە زمانی بێزمانی لە دنیای ھەڵات‌ھەڵات و ڕاکە‌ڕاکەی ئەمڕودا کە ھەموو شتێک بەری لە جوانی و مانایە، باڵ بە خەیاڵ و ھەست دەگرێ و بەرەو دنیای حەز و جوانی و ژوانگەی ھونەر و خەیاڵ ڕاتدەکێشێ و دەتخاتە باوەشی ئاشتی و ئازادییەوە و لە دنیای دووکەڵاوی و مردوودا ئەو دوو ھێما بەرز و جوانەت بۆ زیندوو دەکاتەوە. 
دڕدۆنگییەکانی ڕێبین شەڕ، کوشتن، قەیران، نەزانیین، ھەروەھا داھاتووی مرۆڤ و ژینگەیەکی لەبار کە لە لایەن دەسەڵاتداران و شەڕخوازانەوە دایمە ھەڕەشەی لێدەکرێت. پەیکەرەی ئاشتی بەر چاوترین کۆتەڵەی ئەوە کە کات و ساتی زۆری بۆ تەرخان کراوە و تەنانەت کەوتۆتە سەر پێ. وەک بۆ خۆی باس دەکا و دەڵێ: «من لەگەڵ ئەو پەیکەرەەدا ژیاوم. ئەو منی تێکدا و دروستی کردمەوە. دروست کردنی ئەو پەیکەرەیە نزیکەی ساڵێکی خایاند. ئەو پەیکەرەیە دەسەڵاتدارێکە کە لە ھەڕەتی دەسەڵاتدا دوو شمشێری شکاوی بە دەستەوەیە و داوای سوڵح و ئاشتی دەکا.» 
پەیکەرەی ئاشتی، سیمبولێک لە ئاواتەکانی ڕێبین و خوازە و خولیاکانی بەشی ھەرە زۆزی خەڵکی سەر گۆی زەوییە. لە نێوان عەرز و ئاسماندا، وەک مرۆڤێکی ئاسایی نییە. وڵاتی ئەو لە سەر عەرز نییە. وەک ئاوات و ئارەزووەکانی. ڕێبین ئاوا بۆمان دەدوێ: «داھاتووی مرۆڤ شەڕ بەرەو ھەڵدێری نەمانی دەبات. ئەوە فەلسەفەی ژیانە بۆ داھاتوو. ئیرادە تەنیا وزەیەک نییە بۆ سوڵح و ئاشتی. مرۆڤ بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانی دەبێ بە چاوی دڵ بڕوانێت و ئیرادە بکات. تەنیا چاوی ئەقڵ یاریدەدەر نییە.» بۆ چەند ساتێکیش بێ لە ژێر باری قورسی ژانی شپرزە و کاولی ئەمڕۆ دێینە دەرێ، بە تایبەت خوڵقاندن و ئەندێشە و نەزم لە پەیکەرەکانیدا ھێندە بەرز و بە نرخە، جوانی و حەز و بیر و ھەست ھێندە جوان و سەرسووڕھێنەرن بێ ئیختار بەرەو لای خۆیان ڕاتدەکێشن. وەبیر میکل ئانژ دەکەوێتەوە کە چۆن لە کوچکێکی ناڕێک و قورس و گران کۆتەڵی حەزرەتی داودی داتاشیوە. 
ڕێبین تەنیا لە دنیای ئاوات و ئارەزووەکانیدا نییە کە سەیری دنیای خۆی دەکات، ئەو لە پانتای زانستەوە دەستی پێکردووە و لە بۆکانەوە بۆ ھەندەران ئۆغر دەکات. من نامەوێ باسی ئەوە بکەم کە چۆن کێشە و ئاستەنگەکانی ڕۆحی نەسرەوتووی لە بێخ و ڕیشەی دەرناھینن. 
ڕێبین دوای کۆچ لە زانکۆی (پافا) لە شاری فیلادلفیای ئەمریکا دەگیرسێتەوە و سەرقاڵی خوێندن دەبێ. وەک کەسایەتییەکی ھەڵکەوتە و ئازار چێشتووی کورد ھیچ دەرفەتێک بۆ فێر بوون لە کیس نادات، وەک مرۆڤێکی بە ئەمەگ کە کۆمەڵگەی کوردەواری و شاری بۆکان بە کوردستانی بەخشی، بە دڵاواییەوە وەک مامۆستایەکی پەیکەرەساز و داھێنەر، جگە لەوەی کە لە شاره گەورەکانی ئیتالیا و دانیمارک و فەنلاند و سوئێد کۆتەڵە دەستکردەکانی گۆڕەپان و شەقامەکان دەڕازێنێتەوە، ساڵی 2000ی زایینی لە ئەمریکا کارەکانی خراونەتە بەر چاوی ھۆگرانی ھونەر و پیشانگای کردۆتەوە. بەڵام ئەمڕۆکە بەھرەیەکی بە وەجی بە نیشتمان و وڵاتەکەی بەخشیوە و گەڕاوەتەوە بۆ شاری بۆکان. قوتابیی زۆر باش و لێھاتووی ھەیە و لاوان لە شارە دوور و نزیکەکانەوە دێن بۆ لای لە خزمەتیدا دەرس دەخوێنن و ھونەری پەیکەرەسازی فێر دەبن. ماڵەکەی جگە لەوەی وەک زانکۆیەک وایە، پیشانگایەکی خنجیلانەشە بە کار و بەرھەمەکانی. 
پەیکەرە و کۆتەڵەکانی ڕێبین بە شێوەیەکی قورس و قایم باس لە ھەڵوێستەیەک دەکەن کە شوناس(ھویت)ی خۆ دۆزینەوەیەکن لە بەرژەوەندیی مرۆڤ و نەتەوەیەک کە خەم و ئازاری خوی ھەیە. ئیرادە ھێزی گەورەی مرۆڤە بۆ وەدی ھاتنی ئاواتەکان. ڕۆنێسانس و وەگەڕخستنی بیر و ئەندێشە بۆ داماڵینی ھەرچی ناحەزی ئەوە شوناسی پەیکەرەکانی ڕێبینە. ئەو تەنیا ئێش و ئازارەکان پێناسە ناکات. بە لەبەر چاوگرتنی ئیرادە و حەزەکان بە تیشکی جوانی ھونەری پەیکەرە وەھا لە بەر دەمی پەیکەرەکان قەتیس دەمێنێ، کە ئەو دەم بڕوا دەکەی ڕازی ھونەر ئەوەیە. کۆی پەیکەرەکانی ڕێبین جیا لە ھونەرێکی  جوانی بەر چاو کە لە سیمایاندا شەپۆل دەدا، بە تیشکی زانست و فەلسەفەش درەوشاوەیە و لە وڵاتانی ڕۆژاوا وەک ئەمریکا و سوئێد و لە زانکۆکانیان خۆی پێگەیاندووە. ڕێبین بە لێھاتوویی خۆی وەک قوتابییەکی ھەڵسووڕاو بە تیشکی زانست و ئەندێشە و ئاگاداری لە دنیای ھونەر، خۆی و پەیکەرەکانی ڕەشبینی و بێ ھیوایی پێیانەوە دیار نییە. ھەر چەند وەک ھەر مرۆڤێک ئێش و ئازاری خۆی ھەیە. بۆ ڕزگار بوون لە ئێش و ئازارەکان، لایەنێکی دیکەی ھونەر بۆ ئازادی و قوتار بوون لە لە کۆیلەتی، ئیرادە و نەسرەوتنە کە ھونەر بەدی دەھێنێ. ھونەر لە بەرەبەیانی مێژووەوە ئاوێنەی ژیانی مرۆڤ بووە. ھەر چەند ھونەر لە مانای خویدا زۆر ساکار بوو، بەڵام بە ھەناوی مرۆڤ و مێژووی بیر و فەلسەفەی ژیانیدا شۆڕ بۆتەوە و دەسکەوتەکانی ھونەر ئەمڕۆکە بۆ ئاسۆی ژیانی مرۆڤ لە ھەموو بوارێکدا زۆر بەرچاوە.
پەیکەرەکانی ڕێبین بەرھەمی ھزر و ئەندێشە و لێھاتوویی مرۆڤی ئازار چێشتووی کوردە کە بۆمان نامۆ نییە و تێگەیشتنی ئێمەی لێ دەکەوێتەوە. ڕێبین ھەست بە چەوساوەیی نەتەوەکی دەکات و وەک ھونەرمەندێکی بە ئەمەگ و ھۆشیار بە چێ کردنی پەیکەرەکانی داکۆکی لە نەتەوەکەی و ویژدانی مرۆڤایەتی دەکات. ئەو خۆشەویستانەی کورد کە بە ھۆی ھونەر و ئەندێشە بەرزەکەیانەوە لە دڵی نەتەوەی کورددا ماون، ھەتا ھەتایە بەشێکن لە ڕۆح و گیان و ھەست و نەستی نەتەوەکەی خۆیان و تۆزی فەرامۆشییان لە سەر نانیشێ. لە لای کاک ڕێبینیش ڕێزیان لێ گیراوە و ئاوێتەی ھونەری ئەو خۆشەویستە بوون. کەسانێکی بەرز و نەمری وەک: حەسەن زیرەک، مامۆستا ھەژار، ژینڕاڵ مەلا مستەفا بارزانی، موجتەبا میرزادە، سەردار عەزیز خان، قالە مەڕە، مامۆستا حەقیقی، پەیکەرەکانیان لە پیشانگاکەیدا جێگای تایبەتیان ھەیە و زۆری زەحمەت پێوە کێشاون و بینەر بە دیتنیان دەچێ بۆ شاری خەون و خولیا و خۆزگەکان.
ڕێبین بە زمانی مۆسیقاش لە پیشانگاکەی ئۆخژنمان بە دڵ و دەروون دەبەخشێ. ئامێری تار دەژەنێ و تاریش دروست دەکات. کۆتەڵی مۆسیقازانان و ھونەرمەندانی گۆرانیبێژ لە پیشانگاکەیدا زۆ بەرچاوە و پێیوایە تەواوی ھونەرەکان دەگەن بە دەرەجەی مۆسیقا و ھەموو ھونەرەکان دەبێ مۆسیقایان تێدا ھەبێ. وەک ڕیتم و مێلۆدی، کێش، چونکە پەیکەرەش جیا لە مۆسیقا نییە. ھونەر ئەگەر وەزن و نەزمی نەبێ، ڕیتمی نەبێ، نابێتە ھونەر و چێژ بە بەردەنگەکەی نابەخشێ. ھەر بۆیە وەک وەفایەک بۆ خزمەت بە بارەگەی ھەرمانی مامۆستای گۆرانیی کوردی (حەسەن زیرەک) بە بێ ھیچ چاوەڕوانییەک پەیکەرەی ئەو کەڵە ھونەرمەندەی چێ کردووە و لە سەر زیارەتانی حەسەن زیرەک داندراوە. ئەو پەیکەرە جوان و مەزنە بە قەڵافەتی ھونەرمەندانەی دڵی پڕ زام و کوڵی خەڵکی ھونەر دۆست ساڕێژ دەکات.  کۆتەڵەکانی ڕێبین پێگەی مێژوویی و کۆمەڵایەتی و مۆدێڕنی خۆیان ھەیە و جگە لە ئەزموونی ژیان و ئازار و کێشەکانی مرۆڤی ئەم سەردەمە کە گیان و ھەستیان گەمارۆ داوە، ئاسۆیەکی نوێ بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ جیھانی دەوروبەریش پیشان دەدا. زۆربەی کۆتەڵەکانی ڕێبین لە بەردی گڕانێت ساز کراون. ئەگەر چی قوتابییەکانی  و فێرخوازان کە لە ڕێگەی دوور و نزیکەوە ھاتوون و لە دەوری ئاپۆرەیان بەستووە و تامەزرۆیانە دەیانھەوێ فێری ھونەری پەیکەرتاشی بن، بەڵام زۆر بە حەوسەلە بۆ تێگەیشتن لە پەیکەرەکان ڕێنماییمان دەکات. وەڵامی پرسیارەکانمان دەداتەوە و بۆ قاتی سەرێی پیشانگاکەی بانگھێشتنمان دەکات. دیارە دیتنی ئەو بەرھەمە ھونەرییانە یارمەتیدەرمانن بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکان و جوانییەکان. بە تایبەت پەیکەرەیەک کە کە مرۆڤێکە کراسە جوانەکەی بەری دادەکەنێ و ھەر چەند ژێرکراسەکەی کۆن و نالەبارە لەگەڵی ھەڵدەکا. ئەو پەیکەرەیەش ناوم لێ نا شوناس(ھویت). لەو پەیکەرەیەدا ھێزێکی خۆسازدانەوە و دروستکردنەوەی شوناسی خۆی تێدا بەدی دەکرێ. کە بە پێچەوانەی ڕووکێشێکی کە بۆیان ساز کردووە، کەسایەتیی سەرەکیی خۆی دەدۆزێتەوە و ئەو ڕووکێشە نامۆیە لە بەری خۆی دادەماڵێ و سەرلە نوێ مرۆڤ بوون لە قووڵایی ناخی خۆیدا دروست دەکاتەوە و ئەو ناسنامە و شوناسانەی بۆیان دروست کردووەی لە خۆی دادەماڵێت و ئەو شوناس و ناسنامەی بە دەستی خۆی بونیادی ناوە، دەست پێدەکاتەوە. ئەو کۆتەڵ و پەیکەرانە دەسکەوت و بەرھەمی گەڕان و خوێندن و شەونخوونییەکانی ڕێبینن کە دایڕشتوون و دەسەڵاتی ھونەری و داھێنانی بێ ئەملاوئەولای ڕێبینن بۆ خوڵقاندنی مانا کە یارمەتیمان دەدات بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکان و جوانییەکان و پەچە داماڵین لە سەر فێڵ و فریوکارییەکانی شاراوەی کۆمەڵگا و یارمەتیمان دەدات بۆ ڕاپەڕین و ڕاوەستان لە ھەمبەر فریوکاری و ئاڵۆزییەکانی ئەم سەردەمە. 
پەیکەرەکانی ڕێبین دەلاقەیەک بەرەو بینینێکی جیاواز و ھەمەلایەنەی ئێمە ئاواڵە دەکەن کە زۆر چێژ بەخشە و داوا لە ھونەر دۆستان دەکەم بۆ کورتە کاتێکیش بێ پیشانگاکەی کە لە ماڵی خۆی لە گەڕەکی فەرھەنگیانی بۆکانە بەسەر بکەنەوە و بە دیتنی ئەو بەرھەمە بە نرخانە چیژ و شادی بە دڵی خۆتان ببەخشن. ئەو کاتە دڵنیام لە ناخی دڵەوە سەری کڕنۆش بۆ ھونەرە بەرزەکەی ڕێبین دادەنوێنن و ماندوونەبوونی پێدەڵێن.
تەواو
سه‌رچاوه: ڕۆژنامه‌ی ڕۆژان
تبلیغ

نظر شما

  • نظرات ارسال شده شما، پس از بررسی و تأیید در وب سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.
نام شما : *
ایمیل شما :*
نظر شما :*
کد امنیتی : *
عکس خوانده نمی‌شود
برای کد جدید روی آن کلیک کنید