ئەم شیعرە چونکە بیرەوەری کۆنە، منیش بە شێوەیک سادە و بە شێواز فولکلور دامڕژانگە.
شەوچلە
شەوچلە هاتەو چەپڵەڕێزانە
دۆڵمە و ڕشتەپڵاو لە سفره و خوانە
سفرەی پارچەیی ھین دایەگەورە
بێرین دایبخەین بە یاد ئەو دەورە
بەیان شەق ئەکرد بە مشتەکۆڵە
لەتلەتیان ئەکرد بۆ بووچک و گەورە
ئەوسا ئەیانوت چەقۆ بەی لە بەێ
زوو تاڵی ئەکا ناتوانی بیخوەی
سرینچک و مەویژ شادانەی برژیاگ
لەبان قورسی گەرم حازر و دانریاگ
نوقوڵ بیمشکی، ھەنار، ئاونەوات
شیرینی چلە، تۆم و چەرەزات
ئەنریا خوانچە بۆ زاوا و وەوی
لە ماڵ باوکەوە ڕۆژچلە و شەوی
ملەتاتکێ وەوی لە پشت پەنجەرە
بۆ خوانچەی ڕازیاگ ئەچووە ئەو بەرە
بە پلەزیقان قیژە و قاوەقاو
شەوچلە جەم بوون جوان و پیر و لاو
کاڵەک تورشی زەرد ھەنوور بە ئانوو
جا گەنم برژیاگ پڕ پیاڵەی دانوو
قەیسی و ھەنجیر تووی وشک و گەنم
تۆم گەدا و کاکڵە ئەخوریا نمنم
ئاردە توو و قاوت بەو تامە خوەشەو
دایە ئەیهاورد بە ڕوویەکی گەشەو
پڕ بوو لەمانە مجمعەی مسی
بۆ ماڵ هەژاران بۆ هەواڵپرسی
دەوڵەمەن ئەوسا جا دڵیان خاس بوو
بەشی ھەژاریان لە بیر نەدەچوو
چێشت هەم کاڵەک تورش لە ناو دێزەکان
بەشیان ئەکردەو بۆ نەدارەکان
لەبۆ شەوچلە گۆشتێ خوەش باو بوو
گۆشت سوورەوکریاگ قاورمەی ناو بوو
دوڵمەی کەلەرم و دۆشاو لە بانی
جا ڕۆن خوەمانی لەمشانە و شانی
خواردنێک بە چناڵ ناوی ئەبریا
بە کولێرەی تازەو دورس ئەکریا
لەناو کەرەی داخ تریت ئەکریا
ناو دەوری لەعاب بەشمان ئەدریا
ئاولەمەیش خوەراک دەوڵەمندان بوو
بەچکەی ناوسک پەز بەچکە حەیوان بوو
شیرینی حەفت فرسەق دێر ئەتاویاوە
تامە خوەشەکەی لە دەم ئەماوە
شیرینی گۆچان قەن هەمیش ئاودوونان
تامەکەی ئەچوو هەرتا بێخ دیان
جا چوکڵەدەمە وەبوە ئاونەوات
هەر ئەمانمژی تا دوایی ئەهات
هەنی شەوچلە قاشقاش ئەکریا
بە ناو مێمانا دابەش ئەکریا
بۆ پێشوازی بوو لە هاتن زمسان
دواماڵاوای لە پاییزی جوان
لە دوای نان خواردن بە گۆروابازی
مێمان خوەش کەیف و دڵگەلیان ڕازی
کایەی دەبڵنە، یاکایەی چووزان
توڕنابازی و کەواو کەواوی جوان
جاتۆڕنابازی، کایەی شا و وەزیر
سەرگەرمیک خوەش بوو ناچێتەو لە بیر
دایەگەورەگیان بە بەیت و باوی
بە وتن شیعر و پەندی پاراوی
ئەیڕازانەوە شەوچلە جاران
ڕەحمەت لە ڕۆحی نووری ئەواران
وەڵی داخەکەم ئەو دەورە نەما
خوەشی باری کرد دڵ ناکا سەما
قورسیمان نیە بەفر تۆریاگە
چلە وەک جاران لوتفی نەماگە
تۆپەڵەبازی لەبیرەو چووگە
خزخزەکانێ چما هەر نەوگە
جوانەکان بێکار مات و هەژارن
بەڕواڵەت دڵخوەش بە دڵ خەمبارن
کرۆنایش کوشتی جوانگەل نازار
فرەکەس تازیەبار گشتمان بێقەرار
بەشکەم بەم شیعرە خەممان بڕەوێ
ئابەم شەوچلە دڵمان بسرەوێ
دوعایەک ئەکەم گشت بێژن ئامین
وڵاتمان پڕ بێت لە مژدەی شیرین
هەرەسی گرانی لاچێ لە وڵات
ئاشتی هەرزانی ببێتە خەڵات
بەڵکوو وەک قەدیم وەھا بوارێت
بەفر بە کڕیوە وڵات داشارێت
شاخەی شەتاوان بەربێت لە چییا
کوردستان بێتە بەهەشتی دنیا
ئامین.....
ئانوو= هەنوورێ کە لە تاوسانا ئەیانخستە سەر تەناف بۆ شەوچلە
دانوو= ناوکەتاڵەی شڵانە واتە قەیسی کە ئەیانکوڵان و بەردەوام ئاوەکەیان ئەگۆڕا، هەتا تاڵیەکەی دەڕچێت و خوەشە بێت، ئیسەیشە هەر باوە لە لادێکانا
شەوچلەتان پیرۆزە کوردستانیان
شیلان گەیلانی
آدرس کوتاه خبر: