شنبه، 31 خرداد 1404
روژان پرس » اخبار » دەنگی ژنێک بە تامی ژین/ خاتوو ئافاق ژنێکی نەناسراوی سیاچەمانەوێژ

نووسین ولێکۆڵینەوە: ساسان مۆنفەرێد[بێوەر]

دەنگی ژنێک بە تامی ژین/ خاتوو ئافاق ژنێکی نەناسراوی سیاچەمانەوێژ

0
کد خبر: 2366

دەنگی ژنێک بە تامی ژین/ خاتوو ئافاق ژنێکی نەناسراوی سیاچەمانەوێژ

لای لایەی وتنی دایکان و ئەڵڵا ئەڵڵا کردنیان بۆ کۆرپەکانیان ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت کە ژنان هەمیشە خاوەن هونەرگەلێکی شاراوە بوونە لەپاراستنی زۆرێک لە کولتوورەڕەسەنەکاندا هەنگاوی زۆریان هەڵگرتووە.
ژن بەشێکی مەزنە لە کۆمەڵگا و مێژوومان پڕە لەو ژنانەی کە لەبۆارە جیاجیاکانەوە هەوڵیان داوە و شان بەشانی پیاوان خزمەتیان بەم ئاو وخاکە کردووە و ناویان وەک مەداڵێک بە ملی نیشتمانەوە درۆشاوەتەوە.
لای لایەی وتنی دایکان و ئەڵڵا ئەڵڵا کردنیان بۆ کۆرپەکانیان ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت کە ژنان هەمیشە خاوەن هونەرگەلێکی شاراوە بوونە لەپاراستنی زۆرێک لە کولتوورەڕەسەنەکاندا هەنگاوی زۆریان هەڵگرتووە.
زۆرن ئەو ژنانەی بەهۆکارگەلێکی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی وزۆرجاریش کێشەگەلی ڕامیاری و ئایینی و تەنانە زاڵبوونی کەشی پیاوسالاری به سەر کۆمەڵگا وشەرم کردنیان ونەهێشتنی بنەماڵەیان و... نەکراوە دەنگیان تۆماربکرێت وهونەریان بڵاوبکرێتەوە و ئەم دەنگانە هەروا فەوتاون.
ئاواییەکانی شارستانی سەوڵاواش لەم شتە بێبەش نەبووە و زۆر ژنی تێیدا بووە کە له بۆاری فەرهەنگ وهونەردا و بۆارەکانی تردا شارەزاییان بووە و بەجۆرێ هەنگاویان هەڵگرتووە بەڵام کەمتر ناسراون یا هەر بەنەناسیاوی سەریان ناوەتەوە.
یەکێ لەوشێرەژنانەی ئەم وڵاتە کە خاوەن دەنگێکی تایبەت بووە و گەروویەکی نەناسراوە خاتوون ئافاق مۆردایە لە ئاوایی نسڵ سەربەشارستانی سەوڵاوا.
ڕێکەوتی 17ی گەڵاڕێزانی 1403ی ک.هەتاوی  سەردانی ماڵێکم کرد له پەڕی ئاوایی نسڵ و له قەراخەچەمی حەشۆڵێ و لە ژێرسای تاشەبەردەکانی دەیم عەرەودا، تەقە له درگائەدەم و پیرەپیاوێکی ڕدین سپی بە ڕوویەکی گەشەوە درگای ماڵەکەی لێم دەکاتەوەو بە خوڵکێکی گەرم و ڕوویەکی خۆش و دێهاتیانەوە بەخێرهاتنم دەکات و بە پێشوازیمەوە دێت
کوردوته‌نی: شێوەم دەکات و نامناسێ
تا وردە وردە خۆم دەناسێنم پێی و بە بزەیەکەوە دەڵێ پێم: پیری و هەزار عەیب... ئەها...ها... ناسیتم کاکە گیان بەخێر بی سەرچاوم، هەر ئەم کاتەمان بە تەمەن زانیوە کە لەلامانی...
هاوکات پیرەژنێکی قژسپی، گۆچان بەدەست، نەخۆش و بێدەنگ و بە ڕوومەتێ پڕ لە پەژارەوە بە سەرسۆڕماویەوە سەیرم دەکات و بەرانبەرم دانیشتووە و بە چاوێکی کەم حۆکم و دەستێکی لەرزانەوە ئاماژە بە شووەکەی دەکات وبەهەر جۆرێ نەبێ  تێیئەگەیێنێ کە ئەم مێوانەمان کێیه و بۆچی هاتووە؟
ئەویش وەکوو هاوڕێیەکی هەمیشەیی به بزەوە وڵامی ئەداتەوە و ئێژێ کوڕەکەی فڵانیه و هاتووە سەردانێکت بکات و بیرەوەریەکی بۆ بگێڕینینەوە، بەداخەوە بەهۆی نەخۆشینەوە خاتوون ئافاق وەکوو جاران ناتوانێ قسان بکات و هەر بۆیە وتووێژەکانمان دەسپێدەکەین لە گەڵ عەلی‌بەگی مۆحەممەدی کوڕی خەڵیفە سەعا کە ئەبێتە شووی خاتوون ئافاقی دەنگ خۆش.
خاتوون ئافاق کچی میرزا ئیبراهیم مراوەیسە لە گۆشخانی و  لە 5ی گوڵانی ساڵی 1321ی ک.ە چاوی بە ژیان هەڵێناوە و دانیشتووی ئاوایی نسڵە و خوێنەواری نیه و ئەمیش وەک زۆربەی ژنانی لادێ نشین تەمەنی لە ماڵداری و ئاژەڵداری و کشت وکاڵ و هەوارنشینی و...بە سەر بردووە و شان بە شانی مێردەکەی کە چێوار و باخدار بووە کاری کردووە و لە زیرەکی و ئازایی لەناو ژناندا ناوبانگی بووە و خاوەن شش کوڕ و دوکچ بووە [پێشتر کچێکی بە ناوی فەرخوندە و کوڕێکی بەناوی عوسمان کۆچی دوایی کردووە].
بەوتەی کاک عەلی و زۆرێک لە ژنان و پیاوانی بەساڵاچووی ئاوایی نسڵ سەردەمانێک ئەم خاتوونە بەڕێزە هێندە دەنگی خۆش بووە و هێندە لە بۆاری سیاچەمانەدا شارەزا بووه کە شریت وکاستێکیان لە زمسانی ساڵی 1370 لەگەڵ هونەرمەندی بەناوبانگ مامۆستا عوسمان هەورامی لە ئاوایی نسڵ  تۆمارکردووە، لە سەردەمانێک کە کەمتر ژنێک ڕوویان هەبووە دەنگی خۆی دەرخات و کەمتر ژنێک بووبێت کە توانیبێتی لەگەڵ مامۆستایەکی سیاچەمانەوێژدا بە خۆیا بپەرمێ گۆرانی بڵێ[چوون سیاچەمانەش وەک بڕێک گۆرانی نیه کە هەرکەس بتوانێ بیڵێ و هەناسە وگەرووی خۆی ئەوێ وتنی و شارەزایی پێویستە]ئەم بەڕێزە بەو پەڕی شەرمەوە دەنگی خۆی دەرخستووە کە وەک ئەڵێن:مامۆستا عوسمانی هەورامی هونەری ئەم ژنەی بەرزنرخاندووەو وتوویه لە پاش دایکم[  خاتوون مریەم دایکی کەڵەسیاچەمانەوێژی کورد عوسمان هەورامیش یەکێ بووە لەو ژنانەی کە له پاراستنی زۆرێک له سیاچەمانەکاندا ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە]   تەنیا دادە ئافاقی مۆرادی[ناسراو بە ئافاق عەلی بەگ لە نسڵ وگۆشخانی]توانیویه لە گەڵما سیاچەمانەبێژێ.
خاتوون ئافاق ئەگەرچی هەورامی زمان نەبووە بەڵام چڕینی سیاچەمانە،بەشێک بووە لە ئەوینی و ئەم ئەوینەی لەمنداڵیەوە تا پیری پاراستووە بەڵام بەداخەوە تەنیا چەند بەرهەمی لێ زەبت کراوەو و بەو هۆکارگەلەی کە گۆرانی وتن وسیاچەمانەچڕین لە نێو ژنانەدا لە کۆمەڵگای ئێمەدا مەنع کراوە و بە شوورەییان زانیوە نەیتوانیوە ڕۆخساری خۆی و دەنگی خۆی لە بەر چاوی کامێراکاندا بنوێنێ و پەراوێز خراوە و دەنگی تەنیا لە نێو هاوڕێیان و خزمان و بنەماڵەکەی خۆیدا زۆرتر دەرخستووە وئەم هونەرەی وەک زۆربەیێ تر لە ئافاقەکان بە شاراوەیی ماوەتەوە کە بەداخەوە زۆرن ئەو دەنگە بەسۆزانەی کە لە گەرووی ژندا کپکراون وتۆزی لە بیرچوونەوە دایانیپۆشیوە.
پاش کۆچی دوایی میمکێکی بە ناوی خاتوون نەسرەت، دادە ئافاق بە هۆی خۆشەویستیەکی زۆر کە هەنبەر بەو میمکەی بووە، کەمتر ڕوودەکاتە گۆرانی وتن وسیاچەمانە و دوواتر تووشی نەخۆشین دەبێت و چەند ساڵێکە توانایی قسەکردن و ڕێ ڕووین و...کەمتر ماوە و ئەمڕۆکەش لە ئاوایی نسڵ نیشتەجێیه.
عەلی بەگ هەروا درێژەی باسەکەی ئەدا و بیرەوەریەکانی بۆ دەگێڕامەوە و باسی ئەوەی ئەکرد کە لەهەموو زەماوەندەکانیا مامۆستا عوسمان هەورامی بەشدار بووە، باسی خۆشی ڕۆژگاری پێشووی دەکرد و دڵخۆشیەکانی زووی مرۆڤ، بەوردی باسی ئازایی و زەحمەت کێشانەکانی خاتوون ئافاقی بۆ دەکردم وبیرەوەریەخۆش وتاڵەکانی خۆی بۆم دەگووت کە گوایە ڕۆژێک لە شوێنێک بە ناوی بانەگەورە لە ئاوایی نسڵدا پاڵەوانێک لە گەڵ مەیموون و ورچەکەیدا ئەبێتەمێوانی ئەو ئاواییە و خەڵکانی ئاواییەکانی دەوروبەریش گشت بۆ تماشاکردنی  یاریەکانی پاڵەوان و ورچەکەی هاتبوونە نێو ئاوایی کە لە ناکاودا پاڵەوان ڕوو ئەکاتە تماشاچیەکان و ئەڵێ کێ ئەوێرێت کە لەگەڵ ئەم مامەورچەدا زۆرانێ بگرێت؟؟؟
عەلی بەگ مۆحەممەدی نەبێ کەس هەڵناسێتەوە،عەلی بەگ ڕوو ئەکاتە گۆڕەپان و بەرانبەر ورچی پابەند لەپێ و زرێ لەملی پاڵەوان ڕادەوستێ و بێ ترس دەست دەکا بە زۆران گرتن لەگەڵیا و دوجار ورچەقورسەکە بەعەرزادەکوتێت و پاڵەوان پێناخۆش ئەبێ و ئەڵێ ئەبێ تا سێ کەرەت ئەو کارە بکەی ئەگەر ورچت بەزاند ئەوکات براوەی،عەلی بەگ بۆ سێهمین جار دەچێتە ناو قەدی ورچی تووڕەدا و ڕوولە ورچەکە پێی ئەڵێ هۆ سیرووسه کوێر ئیسه حاڵیت ئەکەم [ورچەکەش کە چوون لینی بووە و بەجۆرێک دەستەمۆ کرابوو فێری تف کردن لە تماشاچی و هەڵمەت بۆ ترساندنی خەڵک و....کرابوو و ناویشیان نابوو سیرووسە کوێر]کە بۆ سێهەمین جار بەعەرزی دادەکوتێ لەو دەمەیدا تەڵەزمێک بە پشتی ورچدا دەچەقێ و ورچ کە بریندار دەبێ تووڕەتر دەردەکەوێ و ئەمجارە بە تووڕەییەوە چەپۆکێ له بناگویێ عەلی بەگ ئەدا و لایێ لە پێستی سەری هەڵدەکەنێ و جلەکانی عەلی بەگ شڕوشیتاڵ ئەکا و وەک خۆی ئەیوت ماوەیێ گوێم کەڕ دەبێ و ئەمبەنە خەستەخانەی کرمانشان و تاد.
بەگێڕاندنەوەی ئەو چیرۆکەڕاستەی بۆمان دەرکەوت کە عەلی بەگیش خاوەن هەیکەڵ و بۆخۆی پاڵەوانێکی چاونەترسیش بووە.[لە دایکبووی ساڵی 1324ک.ە]
عەلی بەگ هەروا بە پێکەنینەوە درێژەی بە بیرەوەریەکانی زووی ئەداو ئەیگووت:پێشتر ڕاوکەری باو بووە لەناوچەکەدا و کوڕەمیانە وکۆساڵانیش پڕ بوون لە نەچیر، کە ڕۆژێکیان شش نەچیرم بە قەڵای مەحمووئاوا لە دەوری باخی شێخ عوسمان بینی و منیش تەماحی ڕاوکردنی دامیگرت وبە دوای دانەیکیان کەوتم،تۆیێیک لەو ڕۆخانەی سیروانە سەهۆڵ دایگرتبوو بۆیە نەچیرەکان خۆیان دەرباز کرد و ڕوویان کردە داوێنی کۆساڵان و منیش له بۆارێکدا کە دەمویست بکەومە شوێنیان له پەڕێکدا ئاوی ڕۆخانەکە هەڵمیگرت وئاو بردمی وخۆم بە چڵێ بیکۆڵەوە گرتەوە تا خەڵیفە ئیبراهیمی نسڵ کە لەگەڵمابوو به ئەسپێکەوە فریام کەوت و ڕزگارمی کرد لەخنکان وپاش ئەوەی جلەکانم وشک کردەوە دیسان عارم نەگرت و هەربەدوای نەچیرەکێویەکاندا گەڕام و یەکیانم تا بە رزاییەکانی کوڕەمیانە و سەرمەرەز لە ئاوایی نسڵدا ڕاو ناو تا لەوێ ڕاوم کردو تاد.
سەرچاوەکان: وتووێژێ لە گەڵ عەلی بەگ مۆحەممەدی هاوژینی خاتوون ئافاق له ئاوایی نسڵ و هەروەها وتووێژێ لەگەڵ چەندبەساڵاچووی ئەو ئاواییا.
نووسین ولێکۆڵینەوە: ساسان مۆنفەرێد[بێوەر]

نظر شما

  • نظرات ارسال شده شما، پس از بررسی و تأیید در وب سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.
نام شما : *
ایمیل شما :*
نظر شما :*
کد امنیتی : *
عکس خوانده نمی‌شود
برای کد جدید روی آن کلیک کنید