سه شنبه، 3 تیر 1404
روژان پرس » کوردی » کۆڵوانە سوور/ چیرۆک

وەرگێر: ھیوا بابایی

کۆڵوانە سوور/ چیرۆک

0
کد خبر: 2210

کۆڵوانە سوور/ چیرۆک

کۆڵوانە سوور لە سەر جادەی سەرەکی بەڕێ کەوتەوە. بەڵام لەو شوێنەی کە دووربوونەوە لە کۆمەڵگا ببوو بە ھۆکارێک بۆ ئەوەی گورگ چی‌تر خۆی بە شوێنکەوتەی بیرۆکەی ڕۆژئاوایی نەزانێت، ناوبڕێکی بۆ گەیشتن بە ماڵی دایە پیرە ھەڵبژارد. 
کتێبی داستان گەلی لە ڕەھەندی سیاسییەوە بێکێشە نووسراوەی جێیمز فین گارنێر نووسەری ئەمریکاییە و بەڕێز ئەحمەدی پووری وەریگێڕاوەتەوە سەر زمانی فارسی.
لە سەرەتای ساڵەکانی 1990 زایینی دەروونناسانی ئەمریکایی بڕیاریان‌دا تاکوو ئەو چیرۆک و داستانانەی کە لە مێژووی وڵاتەکەیان‌دا پشت بە پشت ھاتووە، لە سەرەتاوە بینووسنەوە و ئەگەر کێشەیێک لە ڕوانگەی دەروونی یان ڕەگەزپەرەستی تێدابوو بسڕدرێتەوە. لەو کاتەدا جێیمز کە لاوێکی تازە پێ‌گەیشتوو بوو پێشدەستی کرد و 13 چیرۆکی بەناوبانگی ئەو کاتەی کۆ کردەوە و بە زمانی تەنز و گاڵتە و کەڵک وەرگرتن لە هه‌ندێک وشە کە ھاوکات دوو مانای بوو شاکارێکی بۆ مێژووی ئەدەبیاتی نوێ خولقاند. منیش بەنۆبەی خۆم ھەوڵم‌دا کە ئەم داستانانە بە ئەمانەت و لە سەر شێوەی نووسینی نووسەر و وەرگێڕ، وەریبگێڕمەوە سەر زمانی کوردی و ھەر حەوتە چیرۆکێکتان پێشکەش کەم ھیوا دارم کە ببێت بە جێ ڕەزامەندی ئێوە خوێنەری ھێژا.
وەرگێڕ: ھیوابابایی
چیرۆکی یەکەم: کۆڵوانە سوور
لە ڕۆژگارێکی دوور خانمێکی کەم تەمەن بە ناو کۆڵوانە سوور لە نێو دارستانێکی گەورە لەگەڵ دایکی‌دا دەژیا. ڕۆژێک دایکی داوای لێ کرد کە سەوەتەیەک میوە و بڕێک ئاو مەعدەنی ببات بۆ دایەگەورەی. ھەڵبەت مەبەستی ئەو ئەوە نەبوو کە بڵێت ئەم کارانە کارێکی ژنانەیە و تەنیا دەبێت ژنان ئەم کارانە ئەنجام بدەن، بەڵکوو دەیویست بە کۆڵوانە سوور پیشان بدات کە ئەم کارانە ھەستی ھاودەردی کۆمەڵایەتی لە نێو مرۆڤەکاندا دەبزوێنێتەوە. ڕاستییەکی تریش بوونی ھەبوو ئەویش ئەوەی کە دایە پیرە تووشی ھیچ نەخۆشییەک نەبوو و لە نەزەری جەستە و مێشکەوە لە سڵامەتی تەواودا دەژیا و بە تەواوی دەیتوانی وەکوو مرۆڤێکی عاقڵ و پێگەیشتوو ھۆشی بە خۆیەوە بێت.
ھەر بۆیە کۆڵوانە سوور سەوەتەکەی ھەڵگرت و بە نێو دارستان‌دا بەڕێکەوت.
زۆرکەس ئەم دارستانەیان بە جێی مەترسی دەزانی و ھیچکات ھەنگاویان بەرەو ئەوێ ھەڵنەدەگرت. بەڵام کۆڵوانە سوور لە نووچکەی پێگەیشتوویی جەستەیی‌دا ئەونە متمانەی بە خۆی بوو کە سەرنجی بەم ھەڕەشە و گوڕەشانە نەدا کە دەتوانین بڵێین بە ئاشکرا دەستکەوتی خەیاڵاتی فڕۆیدی بوون.
لە ڕێگەدا تووشی گورگێک ھات. گورگ لێی پرسی کە لە نێو سەوەتەکە چی پێیە؟ کۆڵوانە سوور وتی: ((خواردەمەنییەکی ئامادە و سالمە بۆ دایە پیرە کە بە تەواوی عاقڵ و پێگەیشتووە و دەتوانێ ھۆشی بە خۆیەوە بێت.))
گورگ وتی: (( چاولێکە ئازیزم، بە تەنیایی ڕێکردن لەم دارستانە بۆ کەنیشکێکی چکۆلە وەکوو تۆ جێ مەترسییە.))
کۆڵوانە سوور لە وڵام دا وتی: ((من ئەم بەشە لە وتەکانت کە بۆنی پیاوسالاری لێ دێ وەکوو سووکایەتیەکی گەورە بە خۆم دەبینم، بەڵام لەو جێگەوە کە دەزانم ناڕەحەتی تۆ بەبۆنەی دوورخرانەوە لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتیە کە بووە بە ھۆکارێک بۆ ئەوەی تۆ ڕوانینی تایبەت بە خۆت بەرانبەر بە دنیا ببێت، وتەکانت بە دڵ ناگرم . ئێستەیش تکایە بڕۆ ئەو لاوە چونکا من دەمھەوێ بڕۆم.))
کۆڵوانە سوور لە سەر جادەی سەرەکی بەڕێ کەوتەوە. بەڵام لەو شوێنەی کە دووربوونەوە لە کۆمەڵگا ببوو بە ھۆکارێک بۆ ئەوەی گورگ چی‌تر خۆی بە شوێنکەوتەی بیرۆکەی ڕۆژئاوایی نەزانێت، ناوبڕێکی بۆ گەیشتن بە ماڵی دایە پیرە ھەڵبژارد. ڕۆیشتە ماڵەوە و دایە پیرەی خوارد. کارێک کە بۆ گیانەوەرێکی گۆشت خۆر وەکوو ئەو زۆر ئاسایی بوو. دواتریش بێ ئەوەی کە یەک زەڕڕە پابەند بێت بە ئەرزش و داب و نەریتەکانی پۆشینی جل و بەرگی ژنانە و پیاوانە جل و بەرگی خەوی دایە پیرەی لە بەر کرد و خۆی خزاندە نێو جێ خەوەکەی.
کۆڵوانە سوور چووە ماڵەوە و وتی: ((دایە پیرە ھەندێک خواردەمەنی کەم چەوری و خوێم بۆتان ھاوردووە بەو ھیوایەی کە بتوانم تا ڕادەیەکی کەم سپاس گوزاری نەخشی دایکانە و عاقڵانەی ئێوە بکەم لە ژیانماندا.))
گورگ لە نێو جێوە بە نەرمی وتی: (( ئازیزم وەرە نزیکترەوە تا بە جوانی چاوم لێت بێ.))
کۆڵوانە سوور وتی: (( ببوورن کە لە بیرم نەبوو ئێوە چ چاوێکی تیژتان ھەیە.))
گورگ وتی: ((بەڵێ ئازیزەکەم چ شتگەلێک کە ئەم دوو چاوە نەیاندیوە ...))
(( دایە پیرە لووتتان چەنێک گەورەیە – ھەڵبەت تۆزێک گەورەیە و زۆریش بە ئێوە دەکەوێت.))
(( چ شتگەلێک کە ئەم لووتە بۆنی نەکردووە ...))
(( دایە پیرە ددانەکانتان چەنێک گەورەیە.))
گورگ وتی: ((ھەر ئەوەیە کە ھەیە. زۆر خۆم بە بەختەوەر دەزانم بۆ ئەو شتەی کە ھەم و ئەو شتانەی وا ھەمە.))
گورگ لە نێو جێگا دەرپەڕی و ھەڵمەتی برد بۆ کۆڵوانە سوور و لە پەنجەی گرت و ویستی کە قووتی بدا. کۆڵوانە سوور قیژانی، نە لە بەر ئەوەی کە گورگ وێراویەتی جل و بەرگی ژنانە بکاتە بەری، بەڵکوو لە بەر ئەوەی کە بە ڕاشکاوی سنووری ئەوی بەزاندووە و دەسدرێژی کردووەتە سەر ھەرێمی تاکە کەسی و خۆیی ئەو.
دەنگی ھاوارەکەی گەیشت بە گوێی دارتاشێک (ھەڵبەت خۆی پێی خۆشە کە پێی‌بڵێن تێکنیسیەنی سووتەمەنی دارستان). بە پەلە خۆی گەیاندە لایان و دیتی کە ئەو دوانە تووشی شەڕ ھاتوون. دارتاش ویستی کە ناوجێیی بکات. ھەر کە تەورەکەی بەرزەوە کرد کۆڵوانە سوور و گورگ لە جێی خۆیان وشک ڕاوەستان.
کۆڵوانە سوور پرسی: (( ھیچ دیارە کە دەتەوێ چی بکەی؟))
دارتاش چاوێکی ترووکاندوو ویستی کە وڵامێک بداتەوە بەڵام نەیتوانی. کۆڵوانە سوور ئەم جار بە تووڕەییەوە وتی: (( ھەر وا سەرت داخستووە و وەكوو مرۆڤێکی وەحشی ھاتوویتەتە ژوورەوە و تەورێکت بەدەستەوە گرتووە کە چی؟ ئەی پیاوسالاری دەمارگر. چۆن وێراوتە بیر لەوە بکەیتەوە کە ژنەکان و گورگەکان ناتوانن بە بێ یارمەتی پیاوێک کێشەکانیان چارەسەر بکەن؟))
دایە پیرە کاتێک کە وتارە حەماسیەکەی کۆڵوانە سووری بیست لە زگی گورگ دەر پەڕی و پڕی کرد بە تەورەکەی دارتاش و سەری دارتاشی پەڕاند.
دوای ئەم ڕووداوە کۆڵوانە سوور و دایە پیرە و گورگ بەو قەناعەتە گەیشتن کە خاڵێکی ھاوبەشیان لە نێوان خۆیاندا دۆزیوەتەوەو ھەر بۆیەش بڕیاریان‌دا کە خانوویەکی ھاوبەش لە سەر ڕێز و قەدر و ھاوکاری بەیناوبەینی و ھەڤبەر دابمەرزێنن. ئەوان تا دوایین چرکەی ژیانیان بە خۆشی و شادی لەو ماڵەدا ژیان.
کلید واژه ها:
کۆڵوانە سوور
دسته بندی: کوردی

نظر شما

  • نظرات ارسال شده شما، پس از بررسی و تأیید در وب سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.
نام شما : *
ایمیل شما :*
نظر شما :*
کد امنیتی : *
عکس خوانده نمی‌شود
برای کد جدید روی آن کلیک کنید