شنبه، 1 اردیبهشت 1403
روژان پرس » اسلایدر » بە بۆنەی کۆچی دوایی شاعیر و ئەدیبی مەهابادی

بەهرووز خەیریە- سنە

بە بۆنەی کۆچی دوایی شاعیر و ئەدیبی مەهابادی

0
کد خبر: 94

بە بۆنەی کۆچی دوایی شاعیر و ئەدیبی مەهابادی

ئەو کاتە من بەرپرسی بەشی ڕادیۆی سنە بووم. بێجگە لە هاوکارانی خۆم کە کورد وتەنی: «هەرکام بۆ خۆی پیاوێ بوون» دوو مێوانی مەهاباتیشمان بوو کە دەستی چارەنووس هێناویانیە سنە. یەکیان خوالێ خۆشبوو «ئەحمەدی شەریفی» بوو و یەکیان کاک «نەجمەددینی ئەنیسی».          


روژان پرس:‌ «سەید نەجمەدینی ئەنیسی» کێ بوو؟
دنیا ماڵبـارە لەیلاخ گەرمەسێر
بڕێ زوو بارکەن بڕێ کەفنە دێر
گوڵزاری بەربڵاو و گەشاوەی ئەدەبی کوردی بە درێژایی مێژوو زۆر باخەوان و پیاوچاکی بە خۆیەوە دیوە. کەڵە پیاوانێ کە هەرکام لە دەورانێکدا هاتوون و ئەم باخچە جوانەیان ئاودێری کردووە.
هەرچەند بە ئاسایی دیارە ئەو گەورە ژنان و گەورە پیاوانە لە باری پلەو پایەو شێوەی کار و دەستکردەوە پێکەوە جیاوازیان هەیەو ڕەنگە ڕێگەو شوێنی هەرکام تایبەتی خۆیان بێت، بەڵام هەرکام لەم بلیمەتانە بەش بە حاڵی خۆیان گوڵێک یان نەمامێکیان ناشتوە و ئاودێریان کردووە تاکوو ئەم باخە هەموو کات سەوز و شین بێت. ئەم گوڵزارە جوانە کە ئێستا ژن و پیاو و پیر و لاو بۆنی پێوە دەکەن و چێژی لێ وەردەگرن  حاسڵ و بەرهەمی شەو نخۆنی و ڕەنج و کۆششی ئەو ژن و پیاوە گەورەو بلیمەتانەیە. ڕەنجێک کە ڕەنگە هیچکام بۆ خۆیان بەهرەیکیان لێ وەرنەگردبێت و لە گۆشەی تەنیایی و بێ کەسیدا ئەم جیهانەیان بە جێ هێشتبێت.  
یەکێک لەو کەسانەی لەم سەردەمی دواییەدا خزمەتێکی زۆری بە شێعر و ئەدەبی کوردی کرد، خوا لێ خۆشبوو «سەیید نەجمەدینی ئەنیسی» بوو. کاتێ هەواڵی کۆچی دوایی ئەو زانامە بیست پێم خۆشبوو وەکوو ئەرکی سەر شانم چەن دێڕێک لەم بارەوە بنووسم، بەڵام هەرچەند بە پەلەیش نووسیومە هیوادارم لەم چەند دێڕەدا توانیبێتم یادی لە دڵی ئەویندارانی شعر و ئەدەبدا زیندوو کەمەوە.
ئەو مامۆستا پایە بەرزە لە شاری مەهەباد لە دایک بوو و بەو جۆرەی خۆی دەیوت پاش تەواو کردنی دەرس و وەر گرتنی دیپلۆم لە ساڵی ١٣٥٠ی کۆچی  لە ڕادیۆ مەهاباد دەستی بە کار کرد و بە بۆنەی زەوقی شێعری و پەیوەندی نەبڕانەوەی بە شێعر و ئەدەبی کوردیەوە هەر لە سەرەتاوە دەستی کرد بە نووسینی بەرنامەی کاروانی شێعر و گۆرانی و پاش ماوەیکیش بە ڕاستی لەو کارەدا شارەزا بوو.
ئەنیسی سەردەمێکیش لە ساڵانی  ١٣٦٦ هاتە ڕادیۆ سنە و ئەمە دەورانێک بوو کە ئێمەش لە نزیکەوە لە گەڵیا ئاشنا بوووین.
ئەو کاتە من بەرپرسی بەشی ڕادیۆی سنە بووم. بێجگە لە هاوکارانی خۆم کە کورد وتەنی: «هەرکام بۆ خۆی پیاوێ بوون» دوو مێوانی مەهاباتیشمان بوو کە دەستی چارەنووس هێناویانیە سنە. یەکیان خوالێ خۆشبوو «ئەحمەدی شەریفی» بوو و یەکیان کاک «نەجمەددینی ئەنیسی».
لەو سەردەمەدا بە پێ ئاشنایەتیک کە لەگەڵ زەوق وپەیوەندی ئەو دوو پیاوە بلیمەتەوە بوومان، بەرنامەی «بەیت و باوی کوردەواریمان» دابوو بە ئەحمەدی شەریفی و بەرنامەی «شعر و ئەدەبی» کوردیشمان دابوو بە کاک نەجمەددینی ئەنیسی.
کاک نەجمە تەواوی وەخت و کاتی خۆی دانابوو بۆ نووسینی ئەو بەرنامەیە و چونکە زۆر دەستخەت و دیوانی کۆنی شعری شاعرانی جۆر بە جۆری لە لا بوو بە ڕاستی کە جوانی دەنووسی و ئەو بەرنامەیە لای خەڵک و زانایان و شاعیرانی ئەو سەر دەمە جێگایه‌کی تایبەتی هەبوو و زۆر کەس لەم ناوچەیەدا هاوکاریان لە گەڵ دەکرد.
نەجمەددینی ئەنیسی یەکێک لەو کارانەی لە پاڵ نووسینی ئەو بەرنامەدا ئەیکرد کۆ کردنەوەی شێعری شاعیران بوو و جارێکیان لای من وتی: «ئەمەوێ دیوانی حەرێق واتە مەلا ساڵحی زیویەیی کۆ بکەمەوە و لە چاپی بدەم». کارێکی تریشی ئەوە بوو ئەیەویست دەفتەرێک لە شێعری شاعیرانی هاوچەرخ کۆ بکاتەوە و زۆر شێعر و ژیان‌نامەی شاعیرانی کۆ کردبووەوە و لە ئاکامدا بە هەوڵ و تەقالای زۆر تا لێرە بوو دیوانی حەرێقی لە چاپدا.
با وەکوو بە بۆنەی نەبوونی سەرمایە و پشتیوانەوە کتێبەکە لە باری چاپ و ڕووبەرگەوە وەکوو کتێبانی ئەمڕۆ نیە، بەڵام بۆ ئەو کات کارێکی گەورەو خزمەتێکی مەزن بە ئەدەبی کوردی بوو.  
 کاک نەجمە خوای لێ ڕازی بێت زۆر پیاوێکی دڵسۆز بوو. ئەو سەردەمە مووسیقا لە ژێر چاودێری بەرپرسی ڕادیۆ بوو و ئێمە بە ڕاسی گۆرانی نوێ و جوانمان کەم بوو. ڕۆژێک بەرپرسی ناوەندی کوردستان کە پیاوێکی ژیر و زانا بوو بە نێو ئا‌‌غەی «تاجیک ئیسماعیلی» و پێش لەوەی بێتە سنە بەرپرسی ڕادیۆ مەهاباد بوو و خۆی کاک نەجمەی هێنابووە سنە، بە منی وت: «چەند ڕۆژێک کاری ئاغەی ئەنیسی کەمەو بکە تا بڕواتە شوێن ئەو هونەرمەندانە و بڕێ گۆرانی و سروودمان بۆ ساز بکات».
کاک نەجمە ڕۆیشتە شوێن ئەوکاراو لە ماوەیکی کورتدا چەند گرووپی هێناو لە ئۆستۆدیۆی ڕادیۆدا ٢٣ گۆرانی جوانیان ساز کرد و خۆی لەو ماوەیەدا شەو و ڕۆژ لە گەڵ ئەو گرووپانە بوو و خزمەتیانی دەکرد. شێعری جوانی هەڵئەبژارد و بۆ هەر مەبەستێک گۆرانیکیان ساز دەکرد. بڕێک لە ئەو گۆرانیانە ئێستاش هەر لە سەر ڕادیۆ بڵاو ئەکرێتەوە.
کاتێکیش ڕۆیشتەوە بۆ مەڵبەندی خۆی و شوێنی لە دایک بوونی واتە مەهاباد هەر خەریکی خزمەتی فەرهەنگی بوو و جارێکیان لە پیشانگای کتێبی سنەدا کتێوێکم پێ چاو کەوت کە لە ڕاستیدا ئەو تکستانە و ئەو بەرنامانە بوو کە نەجمەددینی ئەنیسی لە ماوەی ژیانیدا بۆ ڕادیۆ نووسیبووی و کۆیان کردبووەوەو کردوویانە کتێبێک.
ئەمڕۆ کە ئەم چەن دێڕە ئەنووسم جێگای لە نێو ئێمەدا خاڵیە و نەبوونی ئەم جۆرە پیاوانە لە ناومانا هیجران و موسیبەتێکی گەورەیە، بەڵام یادی و ئاسەواری لە سەر ئەدەبی کوردی هەتا هەتایە هەر لە بیرمان دەمێنێ و هەرمانە.
کۆچی دوایی ئەو پیاوە زانایە لە بنەماڵەی بەڕێزی و لە هەمووی ئەدەب دۆستان و شاعران سەرخۆشی عەرز ئەکەین و لە خودای مەزن ئەپاڕینەوە  ڕۆحی بە جەننەت شاد بێت.

تبلیغ

نظر شما

  • نظرات ارسال شده شما، پس از بررسی و تأیید در وب سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.
نام شما : *
ایمیل شما :*
نظر شما :*
کد امنیتی : *
عکس خوانده نمی‌شود
برای کد جدید روی آن کلیک کنید