کاتێک هۆکارەکانی داپۆشینی لەش هەر لە کڵاوە هەتا پێڵاوەکان، ئەگەر بە ئایەرەی لەش نەدوورابێت بە راستی لەش تێیدا ئارام نیە. دیدرۆ لە بەراوردێکی جلوبەرگی ئیستە و رابڕدوودا دەڵێت»جلوبەرگی رابردوو بە پێی ئایەرەی لەشم بووە و ئەو هی من بووە و منیش هی ئەو، واتە: من کوێخای ئەو بووم بەڵام ئیستە من کۆیلەی ئەوم «[۱۸]
لەو لێکۆڵینەوەدا هەوڵ ئەدرێت هۆکارەکانی سەرهەڵدانی جلوبەرگی مرۆڤایەتی بە شێوازی کورت و هەروەها دەور و دەسرنگینی ژنان لە گەشە و نەشەی ئەو هونەرەدا شرۆڤە بکرێت. جلوبەرگ هەتا ئەو کاتەی ئیستە کە ئێمەی مرۆڤ لەشی خۆمانمان تێیدا شاردۆتەوە هەوراز و نشێوی زۆر بریوە و بە تایبەتی بەشی گرنگی ئەو رەوتە لە رەگەزایەتی بوونی جلوبەرگ دایە کە گەشە سەندنەکە بە دوو ئاقاری نێر و مێدا رۆیشتووە و لەو کێبەرکێیەدا پشکی ژنان گەشەی زیاتری بە خۆوە بینوە کە هۆکارەکەی دەگەرێتەوە بۆ فرەرەنگی و تێکەڵبوونی خشڵ و زێرە بەو پرۆسەیە. پێگەیشتوویی و گەشەی جلوبەرگی کوردی ئامانجی سەرەکی ئەو وتارەیە کە هەوڵ ئەدرێت لە هەموو رەهەندەکانەوە توێژینەوەی بۆ بکرێت.یەکەم قۆناخ
بە پێی فەرموودەی قورئانی پیرۆز و سەرجەم کتێبە ئاسمانییەکان، کاتێک مرۆڤ دێتە سەر زەوی، رووت و بێ جلوبەرگ دەبێت و پاشان بە گەڵای دارەکان شەرمگای خۆیان داپۆشیوە. بە پێی ئەو بەڵگەیە بێت مرۆڤ بە شێوەی دەروونی و زاتی شەرمیان لە رووتی بەدەن کردووە و بەرەبەرە هەوڵیان بۆ پۆشتەیی داوە. کەشوهەوای ناوچەکان، شێوازی ژیانی کۆمەڵایەتی، سەرهەڵدانی ئاینەکان و سەرهەڵدانی پیشەسازی، دەوری سەرەکییان هەبووە لە گەشە و پێشکەوتنی جلوبەرگ و پۆشتەبووندا. شێوازی جلوبەرگ لە سێ قۆناخی بەربەرییەت، وەحشیگەری و شارژیارییدا، هەر یەک بۆ خۆی شایانی باس و توێژینەوەیەکی جیاوازە کە لە لێکۆڵینەوەیەکی وەهادا و لە چوارچێوەی وتارێکدا ناگونجێت هەر بۆیە لێرەدا هەوڵ ئەدرێت بە پێی زانیارییەکان و بەڵگەکان و بە کورتی شرۆڤەی ئەو بابەتە بکرێ.
مرۆڤ لە بەهەشتدا وەک فریشتەکان بێ جلوبەرگ ژیاوە و کاتێک هاتۆتە سەرزەوی نە بیرەوەرییەکی لە جلوبەرگ هەبووە و نە پرسێکی باو و گرنگ بووە بۆی هەر بۆیە ئەتوانین بڵێین کە مرۆڤ هەتا پەرەسەندن و بڵاوەکردنیان بە جیهاندا بە رووتی و نیوەرووتی ژیاون. جوغرافیا و دۆخی کەشوهەوا یەکێک لە هۆکارەکانی پێویستی پۆشتەیی جلوبەرگ بووە بۆ مرۆڤەکان «هۆکاری پەیدابوونی جلوبەرگ رێکەوتنە لە گەل سروشت و ژینگەدا بە مەبەستی پاراستنی لەش لە گەزتنی سەرما، گەرما و خزیلکەکان «[۱].
لە ناوچە گەرم و خۆش ئاو و هەواکانی وەک هێڵی ئیستوا، ئەفریقا و هیندوستاندا مرۆڤ پێویستی بە جلوبەرگ نەبووە و لە ژێر سێبەری دارستان و ئەشکەوتەکاندا و بە گەرمیان و کێوستان کردن خۆیان لە سەرما، گەرما و کەمبوونەوەی خۆراک پاراستووە، تەنانەت «هەتا ئیستەش زۆرێک لە کمۆن و تایەفەکان هەن کە هیچ شەرمێکیان لە رووتی تەواوی لەشیان نیە «[۲].
لە نیوگۆی باکووری زەوییدا کە مرۆڤەکان دەستیان بە ناوچە گەرمێنەکان نەگەیشتووە، رەوتی گەشە سەندن و پێویستی جلوبەرگ خێراتر و پێشکەوتووتر بووە هەتا ناوچە خواروو و گەرمەکانی گۆی زەوی. مرۆڤە سەرەتاییەکان بە تایبەت ژنان لە «پێست، خوری، پەڕی ئاژەڵ و پەلەوەرەکان و هەرەها لە پێست، ساقە و گەڵای دار و گژ و گیاکان وەکوو جلوبەرگ، ژێرەخەرە، سەرین و دەسەچینە»[۳][٤] کەڵکیان وەرگرتووە. جلوبەرگی مرۆڤەکان لە ناوچە گەرمیانەکاندا هەر ئیستەش ساکارە و بە هۆکاری کەشوهەواوە بە زۆری رەنگی سپییە بەڵام لە ناوچە سارد و کێوستانییەکاندا رەنگاورەنگ و فرە چەشنە. کەڵک وەرگرتن لە پەموو، خوری و هەورێشم لە لایەن خەڵکانی میزوپۆتامیا، زاگرۆس، چین و هیندوستانەوە ئاڵوگۆری بەرینی لە جلوبەرگ و پۆشتەیی مرۆڤەکاندا پێکهێنا.
«سەرەرای رەنگاورەنگی و مەیلە جیاوازەکانی دانیشتوانی گۆی زەوی، بە هۆی ئاڵوگۆرە بەردەوامەکانی ئوروپاوە، کە بەردەوام لە گەشەدا بووە و دواتر لە شەری جیهانی دوهەم بەدواوە کە بنەمای شارستانیەتی راچڵەکاند، گەشە و نەشەی جلوبەرگ حاڵەتێکی رادیکاڵی بە خۆوە گرت و وەکوو کاڵایەک بایەخی دوو لایەنەی پەیدا کرد»[٥]
داهێنانی جلوبەرگ لە سەرەتای ژیانی مرۆڤایەتییدا زیاتر بە مەبەستی پاراستنی لەش، لە سەرما و گەرما بووە و دواتر بە پێی کەشو هەوای ناوچەکان و کۆمەڵگا جیاوازەکانەوە وەکوو فاکتێکی نەتەوەیی لە بەستێنی ناسنامە و پێناسەی تاکەکەس و کۆمەڵدا گەشەی کردووە.
لایەن و باری فیزیۆلۆژی ژنان دەوری گرنگی هەبووە لە داهێنان و هونەری بەرێوەبردن و وردەکارییەکانی ژیاندا کە جلوبەرگ و هونەری رستن و چنین یەکێ لەو تەوەرانەیە. ناسک بوونی هندێک ئەندامی لەشی مرۆڤ وەکوو زێ، مەمک و سینەی ژنان و حاڵەتی سووری مانگانە و تەنانەت دەزگای زاوزێی پیاوانیش، لە هۆکارە سەرەکییەکانی پۆشتەیی و سەرهەڵدانی جلوبەرگە کە پێدەچێ سەرەتا پۆشتەبوون لەو ناوچانەی جوغرافیای لەشەوە دەستی پێکردبێت و بەرەبەرە تەواوی لەشی گرتبێتەوە.
کۆتایی هاتنی ژیانی بە کۆمەڵ و سەرهەڵدانی سیستمی هاوسەرگیری هۆکارێک بووە بۆ داوێنپاکی و خۆپاراستنی ژنان لەو پیاوانەی کە هیچ بەرژەوەندییەکیان بۆ ئەو نەبووە لێرەدایە کە»جلوبەرگ دێتە ناو گۆرەپانی ژیانەوە و وەک پەردەیەک لە نێوان ژنان و پیاوانی لاوەکییدا سەر هەڵدەدات.لە ناو هندێک کۆلۆنییدا ژن کاتێک شووی دەکرد، جلوبەرگی دەپۆشی»[٦]
ژنانی سەرەتایی کەمتر خۆیان دەرگیری راوکردن و کاروباری دەرەوە وەک ئاژەڵداری، کشتوکاڵ، بازرگانی و شەرەکان کردووە و بە زۆر هۆکارەوە لە ماڵەوە لە نێو مناڵەکاندا ماونەتەوە. مانەوەی ژن لە ماڵەوە مێشکی ژنی بۆ هندێک وردەکاری گرنگ و بناخەیی هانداوە کە هیچکات پیاوان بیرییان لێ نەکردۆتەوە. درووستکردنی ئامرازگەلی دروومان و بە کارهێنانی خوری و پەموو، ئاڵوگۆری بنەرەتی لە پرۆسەی هونەری رستن و چنیندا پێکهێنا.
هەڵبژاردنی رەنگی جلوبەرگ بەشێکی پێوەندی بە کەشوهەواوە هەیە و بەشێکی دیکە پێوەندی بە «مەیل و تامەزرۆیی هەمیشەیی مرۆڤەوە هەیە بۆ نیشاندانی دیمەنێکی جوان، جیاواز و ئەفسووناوی لە خۆی»[۷ ]. لە هیندوستان گەرچی رەنگی سپی رەنگی زاڵە بەڵام بە هۆی گەشەی پیشەسازی رەنگرێژییەوە رەنگەکانی دیکەش سەبارەت بە جلوبەرگ هەم بوونە رەنگی باو و هەم هەناردەی وڵاتانی دیکەش کرا. «قۆناخی تێپەرین لە پۆشینی چەرمی ئاژەڵانەوە بۆ خوری و کاری دروومان، ئیشی رستن و چنین وەک هونەرێکی ژنانە دەستپێکرد و هەروەها لە رەنگدانەی گژوگیا و خاکی رەنگاورەنگ بۆ رەنگکردنی جلوبەرگ کەڵکیان وەرگرت «[۸]
بە گشتی دەتوانین بڵێین کە داهێنان و گەشەپێدانی جلوبەرگ بەرهەمی بیر و دەسترەنگینی ژنانە. ژنان لە کاتی منداڵ بینیندا، لە دوای گۆچ کردن و شیرپێدان، بیریان لە چۆنێتی پۆشتەکردن و پاراستنی منداڵەکەیان لە سەرما و گەرما و هەر مەترسییەکی دیکە کردۆتەوە. پرس و بابەتی رستن و چنین گەیی بە ئاستێک کە هەموو بنەماڵەیەک نیاز و پێویستییەکانی جلوبەرگی خۆیان دابینکردووە. پێدەچێت جلوبەرگی ژنان و پیاوان بۆ سەردەمانێکی زۆر یەکدەست و یەکرەنگ و هاوبەش بووبێت بەڵام بە هۆی زەوقی هونەری ژنانەوە بەرەبەرە جلوبەرگی ژنان لە هی پیاوان جیا بووییەوە و هەروەها خشڵ و زیوەر بە جلوبەرگی ژنان زیاد کرا. لە راستیدا رەگەزایەتی بوونی جلوبەرگ پێوەندی بەو سەردەمانەوە هەیە کە خشڵ، خاڵکوتاندن و رەنگ کردنی ڤژ و ،،، هاتە ناو پرۆسەی ژیانی ژنانەوە. بە درێژایی مێژوو، زۆربەی کۆمەڵگاکان لە هەموو برگەکاندا، پیاوسالار بوون و سەرەڕای ئەوەیکە هەموو دەسەڵات و سەرمایەکان لە دەستی پیاودا بووە بەڵام بە هۆی ئەوەیکە پیشەی رستن و چنین و پرۆسەی جلوبەرگ لە ژێر چاوەدێری ژناندا بووە ئیتر گەشە و نەشەی جلوبەرگی ژنان خێراتر، بەربڵاوتر و رازاوەتر بووە هەتا پیاوان. لایەنێکی دیکەی گەشەکردنی جلوبەرگی ژنان خەمڵاندن و راکێشانی سەرنجی سیکسی پیاوان بووە کە خودی پیاوانیش بۆ ئەو مەبەستە دەرەتانیان بە ژنان داوە.»ژنان بۆ راکێشانی سەرنجی پیاوان جلوبەرگی سیکسی و پیاوانیش جلوبەرگێک لە بەر دەکەن کە ئاستی بەرزی ئابووری و چینایەتی نیشان بدات. «[۹] بە کورتی لەو سەدەیەدا جلوبەرگ پێشکەوتنێکی بەرچاوی بە خۆوە دیوە و لە زانکۆکاندا وەکوو وانە ئەگوترێتەوە و ساڵانە مۆدێل و فاشنەکان دواین دەسکەوت و پێشکەوتنی جلوبەرگی نەتەوەکان نیشان ئەدەن.
ئاین و باڵاپۆشی:
ئاینەکان سەرچاوەی ئیخلاق بوون و پرسی باڵا پۆشییان بۆ پیاوان و بە زیاترەوە بۆ ژنان فرۆمۆڵیزە کردووە. باڵاپۆشی یا حیجاب تەنیا خۆ داپۆشین نیە بەڵکوو درووستکردنی کەوشەن و سنوورێکی تایبەتە کە لە هەڵسوکەوت، ئاخاوتن، پێوەندی گرتنەکان، جلوبەرگ و،،، کاردانەوەی هەیە و پەردەیەک لە نێوان ژنان و پیاواندا درووست ئەکات. لە ئیسلامدا ئیخلاقمەندی و سنووربەندێکە بە رەچاوکردنی وردەکارییەکانەوە گەییوە بە ئاستێکی نەگۆڕ و مەترسییدار کە» وردبوونەوەی نامەحرەم زینای چاوە، قسەکردن لە گەل نامەحرەم زینای زمانە»[۱۰]. ئاینەکان بە تایبەتی ئاینی ئیسلام سەرەرای ئەوەیکە پشتیوانیان لە رەگەزایەتیکردنی جلوبەرگ کردووە بەڵکوو زیادەرەوی و سنووربەزاندنیان لەو بوارەدا قەدەغەن و حەرام کردووە. بە پێی دوو فەرموودەی پێغەمبەری ئیسلام (ص )پۆشینی جلوبەرگی ژنان بۆ پیاوان و پیاوان بۆ ژنان حەرامە و هەروەها لە بەرکردنی جلوبەرگی کورت، تسک، زرقەوبەقەدار و سەرنجراکێش بۆ ژنان حەرام و قەدەغەنە. سەرپۆش یا سەروێن هەر لە سەرەتای دەسپێکی ژیانەوە بێ جیاوازی بۆ ژنان و پیاوان رەچاو کراوە. سێ ئاینی جوولەکە، مەسیحیەت و ئیسلام بابەتی سەروێنیان لە باڵاپۆشی جیا نەکردۆتەوە و بە تایبەت ئاینی ئیسلام(حەنەفییەکان) هەنگاوێک زیاتر لە هەموو لایەک جەختیان لە سەر رووبەند و داپۆشینی دەموچاوی ژنان کردووە.
سیستمی ئاینی ئیسلام بە جۆرێک لێک هەڵپێکراو و توندوتۆڵە کە گرنگی نەدان و کەمتەرخەمی سەبارەت بە بابەتێک- وەک سەروێن یا باڵاپۆشی- رەچاوکردنی هەموو لایەنەکانی دیکەی دین رووبەرووی ئاستەنگ دەکاتەوە. حیجاب و باڵاپۆشی مەتەرێزی هەرە پێشەوەی ئاینی ئیسلامە و ئەو بابەتە بۆ مرۆڤی ئیماندار بە تایبەت ژنان ئەوەندە ئیخلاقی و بایەخمەند کراوەتەوە کە بە رەچاونەکردنی مرۆڤ تووشی تاوانی گەورە دەبێتەوە.
جوغرافیای کوردستان لە کەشوهەواییەکی مەدیتەرانەیی و هەروەها جوغرافیاییەکی سروشتی، کێوستانی، نیوەکێوستانی و گەرمێنیدا، بارودۆخێکی بۆ دانیشتووانی ئەو هەرێمە پێکهێناوە کە بە پێی سروشتی ناوچەکە داهێنان لە جلوبەرگدا بکەن.ئەڵبەت بێجگە لە جوغرافیای سروشتی فاکتگەلی دیکەی وەک «ئاین، پیشە و جوغرافیای فەرهەنگی»[۱۱] دەوری گرنگیان لە هونەری بەرگدووری و پۆشاکدا هەبووە و هەیە. هەرێمی زاگرۆس و میزۆپۆتامیا ناوەندی شارستانییەتی چەندین هەزار ساڵەیە کە زانستی مێژووناسی زانیاری وردی لە سەر ئەوان بە دەستەوە نیە. ئیلامییەکان وەک شارستانییەتێکی کۆنی شەش هەزار ساڵە لە بواری جلوبەرگدا پێشکەوتوو بوون.
ـ وێنە بە جێماوەکانی سەر سواڵەتەکانی شارستانییەتی ئیلام» رستنی خوری لە لایەن ژنان، پۆشتەبوونی شا و شابانۆەکان بە جلوبەرگی رازاوە و هەروەها نزاکارانی باڵاپۆش «[۱۲] وێنا دەکات. بابەتی پۆشاک و جلوبەرگ لە سەردەمی مادەکاندا گەیشتووە بە تەشقی خۆی و دیاکۆنۆف لە مێژووی «ماد»دا ئاماژەی بە ئاسەوار و هەڵکنراوەکانی ئەو سەردەمە دەکات کە بێجگە لە جلوبەرگ، پۆشینی خشڵ، تاج و زێریش بۆ پاشاکان و ژنانیش بەدی ئەکرێت.
هیرۆدۆت باسی کەسێکی مادی ئەکات کە «کڵاوێکی نەووگینی لە سەردایە، پارچەیەکی رەنگاورەنگی قۆڵدار و زرێ بەرگێکی حەڵقەرێزی لە بەرکردبوو هەروەها شەڵوارێکی لە پێدا بوو کە هەتا قولاپەی داپۆشیبوو»[۱۳]. گەشەسەندنی بازرگانی لە دوو سەدەی پێش زایندا دەبێتە هۆی درووستبوونی رێگای هەورێشم کە هەروەک بە ناوەکەیدا دیارە، هەموو کاڵایەک بە تایبەتی هەورێشم لە خۆرهەڵاتەوە بۆ خۆرئاوا دەگوازرایەوە.
رستن و چنین، تەونکردن و هۆنینەوە لە هەرێمی زاگرۆسدا بە جلوبەرگەوە نەوەستا و گەشەی کرد بۆ بوارگەلی دیکە وەک رەشماڵ، قاڵی، بەڕ، جاجم، مەوج، خورج، گوریس، قەیاسە و،،، کە هەتا سەردەمی گەشەسەندنی پیشەسازی و تیکنۆلۆژیا ئەو دیاردەیە هەر درێژەی هەبوو. سەرچاوەکان باسی هونەری چنینی فەرش دەکەن کە هەزار و پێنسەد ساڵ لەوەپێش لە هەرێمی زاگرۆسدا گەیشتبوو بە لوتکە. بۆ نموونە کاتی سەرکەوتنی سپای ئیسلام لە مەداین ( کە ئەو کات خەڵک و جوغرافیایەکەی کورد بوون)و دەست بە سەرداگرتنی کۆشکی خەسرەو شادا، موسڵمانان دەستیان بە سەر فەرشێکدا گرت کە مێژووی تەبەری بەو شێوەیە باسی دەکات:
«فەرشێکی یەکپارچە هەبوو شەست زەراع لە شەست زەراع (84× 84)cm بە ئەندازەی جریبێک»
(زەوینێک لە ٥۰×٤۰ میتری) کە بە رێرەوی رەنگاورەنگ و روباری شین( نەخشێندرابوو) و لابەلاکەی وەک مروارید بوو هەروەها کەنێرەکانی وەک شینایی و سەوزەڵانی بوو. (فەرشێک) لە حەریر و پۆکەی لە زێر و خەمڵێنراو بەگوڵی ئاڵتون و نوقرە»[۱٤].
گەشەسەندنی پێشەسازی رستن، چنین و هۆنینەوە بە زۆری پێوەندی بەو ناوچانەوە هەیە کە خەڵکەکەی یەکجارنشین بوون. هەورامان و ناوچەی گۆران بە هۆی کەشوهەوا و ئاینی تایبەتەوە کەمتر خۆیان لە شێوەژیانی کۆچەری داوە و بەو بۆنەوە بێجگە لە ژنانی دەسترەنگین، پیاوانیش خۆیان تێکەلی ئەو هونەرە کردوە و پاشان بەرهەمە زیادەکانیان هەناردەی ناوچەکانی دەورووبەری خۆیان کردووە. بە پێی ئەو داتاگەلە بێت بەرهەمهێنانی جلوبەرگی شاڵ، فەرەنجی، پەسەک، کڵاش، تەقلە، پوزەوانە، گۆرەوی و،،، تایبەتی ناوچەی هەورامانە و پێدەچێت لەوێوە گوێزرابێتەوە بۆ ناوچە دوورەکانیتری وەک زاخۆ و بانە.
لە زاگرۆسی ناوەندیدا واتە لە ناوچە باشوورییەکانی لورستاندا، جلوبەرگ لە ژێرکاریگەری کەشوهەوا، پیشە و کار و پێوەندی لە گەل دراوسییەکانییدا گەشە و نەشەی کردووە. جلوبەرگی ناسراو بە چۆخەی بەختیاری پێوەندی بە هۆزی گەورەی بەختیارییەوە هەیە و لە هەموو ناوچە لوڕنشینەکانی وەک خوزستان، لورستان، چوار محاڵ و ئیسفەهاندا بووە بە جلوبەرگێکی باو.
«جلوبەرگی لوری گەورە پێکهاتووە لە چۆخەیەک بە رەنگی سپی و رەش کە باڵاپۆشێکە هەتا ئەژنۆ درێژ بۆتەوە و بەرەکەی کراوەیە، کڵاوێکی نەووگی، پشتوێن و شڵوارێکی رەش و پانوپۆڕ بە ناوی دەبێت و گیوەی پێ «[۱٥]. جلوبەرگی ژنانی لور وەکوو هی پیاوان ساکار نیە و پێکهاتوە لە «لەچکێک کە سەر و گوێی پێ دادەپۆشن، مینا، پارچەیەکی رۆشن و رەنگی کە دوو تا پێنج میترە و پانتایەکەی یەک میتر دەبێت و لە پشتەوەی لەچک هەڵدەپێکرێت.
جوو، یا کراسێکی یەکپارچە کە هەتا ئەژنۆ دادەپۆشێ و دەکەوێتە ژێر مینا، جلیزقە(هێلەک)، کە بە سەر کراسدا دەکرێتە بەر، تەنبوون یا شەڵواری ژنانە تەنوورەیەکی چیندارە و بە زۆری لە رەنگەکانی سەوز، سوور و کەوەدا دەبینرێت و بۆ ژنانی بە تەمەن رەنگەکان تێرتر دەبنەوە «[۱٦]. لورەکان پێیانوایە چۆخە هێمایەکە لە تەلاری زیگۆراتی چوغارزەنبیل و رەنگی سپی نیشانەی رووناکی و کردەوەی باشە و هێڵە رەشەکانی ناوشان نیشانەی تاریکی و ئەهریمەنە کە بەردەوام لە شەردان. پێدەچێت رانک و «چۆخە»ی زاگرۆسی ژووروو هەر لەوەییەوە وەرگیرابێت. جلوبەرگی دانیشتووانی هەرێمی زاگرۆس هەر هەمووی بە هندێک جیاوازییەوە لێک نزیکە. بە هۆکارگەلی وەک پێوەندی کوردەکان لە گەل نەتەوەکانی دراوسێ، رێگای هەورێشم، ئاین و بۆنە کۆمەڵایەتی و مەزهەبییەکان و ،،، پرۆسەی جلوبەرگ و به گشتی و هونەری رستن و چنین بەخێرایی گەشەی کردووە و هەروەها شارستانییەتەکانی ئەمدیو و ئەودیوی زاگرۆس کاریگەری لە سەر ئەوان داناوە. یەکەم پێتەختی سیاسی هەر لە مادەکانەوە هەتا ساسانییەکان و،،، بە زۆری لە جوغرافیای کوردستاندا بووە و ئەو هەرێمە بەردەوام دەسەڵاتی میرنشینی و خۆماڵی هەبووە کە ئەوەش پێوەندی بە گەشە سەندنی هەموو رەهەندە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە کە گەشەی رستن، چنین لە بازنەی رەهەندە کولتووری و هونەرییەکان دایە.
جلوبەرگی کوردی بێجگە لە هەموو بابەتە هونەری و جوانیناسانەکانی، پیرۆزکراوە و پێغەمبەری گەورەی ئیسلام(ص) ئەو جلوبەرگەی پۆشیوە و نوێژی پێوە کردووە. پێغەمبەری خۆشەویستمان(ص) بە جلوبەرگێکی خەت خەتەوە نوێژ دەکات و دوای نوێژەکەی دەفەرمێت «ئەو جلوبەرگە خەت خەتییە لە کاتی نوێژکردندا سەرقاڵی کردم و بیدەنەوە بە ئەبی جەهمە و ئەوی دیکە کە ناوی ئەنبیجانەیە، بۆمی بنێرێت»[۱۷]. مامۆستای هەرتەلی دەفەرمێت کە مەبەست لە ئانبیجانە شاری مەنبەجە کە سەردەمی خۆی جلوبەرگی تێدا بەرهەم هاتووە و لە لایەن کوردەکانی ئەو دەڤەرەوە بە دیاری بۆ مەدینە براوە. ئیسحاق بنی راهویە( فەوتی 238 ی کۆچی) لە بەڵگەکاندا چەندجار لە جێی ئەنبیجانی ناوی مەنبەجی هێناوە. لایەنی تەندرووستی و پوختەیی جلوبەرگی کوردی لە رابردوو و ئیستەشدا پێوەندی بە پێکهاتەی درووستکردنی ئەو قوماشەوە هەیە کە لە خوری، پەموو، هەورێشم و مووی بزنەوە(مەرەز) درووستکراوە و هەروەها گوشادی و پانوپۆری لە شێوازی دووریندا، ئازادی و ئاسایشی هەموو جومگە، ماسولکە و رەگەکانی لەشی مرۆڤی تێدا بەدی ئەکرێت. کاتێک هۆکارەکانی داپۆشینی لەش هەر لە کڵاوە هەتا پێڵاوەکان، ئەگەر بە ئایەرەی لەش نەدوورابێت بە راستی لەش تێیدا ئارام نیە. دیدرۆ لە بەراوردێکی جلوبەرگی ئیستە و رابڕدوودا دەڵێت»جلوبەرگی رابردوو بە پێی ئایەرەی لەشم بووە و ئەو هی من بووە و منیش هی ئەو، واتە: من کوێخای ئەو بووم بەڵام ئیستە من کۆیلەی ئەوم «[۱۸]
هەرێمی زاگرۆس هەر لە رابردووە هەتا ئیستە ناوەندی ئاین و مەزهەبە جیاوازەکان بووە و ئەو دیاردەیەش کاریگەری لە سەر جلوبەرگ هەبووە و بێجگە لە چینی ژنان، پیاوانیش هاندراوە بۆ پۆشتەیی و پاڵاپۆشی. رەشتی، جامانە، چەفتی، حەگاڵ، مێزەر، ئاغابانوو، سەروێن، دەسەرە، گوڵوەنی، کلێتە، کڵاوی لوری، دەسماڵ سەر، کودەری و... نموونەی سەرپۆشە کە هەتا ئەو سەردەمەی ئێمەش بەدی ئەکرێت.
کاتێک ستایل و مۆدێلێک لە جلوبەرگدا لایەنێکی گشتی، جەماوەری و یەکدەستی پەیدا کرد ئیتر دەبێت بە پێناسە و فاکتێکی نەتەوەیی و زمانحاڵی ئەو گەلە. جلوبەرگ «یەکێ لە بەرچاوترین و خێراترین هۆکاری گوازتنەوەی سیمبولە فەرهەنگی و ناسنامەخوازانەکانە «[۱۹]. بەو پێیە بێت ئەتوانین بڵێین جلوبەرگ میدیایەکی بێدەنگە بۆ پێناسەی مرۆڤ و کۆمەڵ. ئەگەر جلوبەرگ هۆکارێک بێت بۆ ناساندنی لایەنی دەرەوەی مرۆڤ، بێگوومان لە باری سایکۆلۆژی و دەروونییەوە پێناسەی ناوەوەی مرۆڤیش دەکات. پۆشتە و پەرداخی مرۆڤ یا شل و شێواوی، رەنگاورەنگی جلوبەرگ و... تاد هەر یەک تا رادەیەک پێناسەی باری فەرهەنگی و دەروونی و کەسێتی مرۆڤ دەکات. بۆ نموونە، جلوبەرگی رەش هێمای خەمباری و نارەحەتی و بێوە بوونە، جلوبەرگی خاکی هێمای خاکی و ساکار بوون و لایەنی سەربازی و چەکداری( کورد)یە، جلوبەرگی سپی بۆ ژنان هێمای بووکێنی بوون ئاینخوازی( ژنانی ئیزەدی لە شەنگاڵ و تەنانەت ژنانی خەلیفەی دەروێشیان و حەجاج )و بەتەمەن بوونە، پشتوێن و مێزەری سەوز هیمای سەید و شێخ بوونە و... شایانی باسە لە رابردووی کوردستاندا پۆشینی جلوبەرگ بە پێی جێگە و پێگەی مرۆڤەکان تەنانەت ناوچە بۆ ناوچە، جیاوازی هەبووە. جلوبەرگی میر و خانەکان، مامۆستایانی ئاینی، شێخان و پیرانی ئاینی، خەڵکی ئاسایی و،،، پێکەوە جیاوازی هەبووە و ئەوەیکە ئیستە هەمووان لە بواری یەکدەستی و یەکرەنگی پۆشینی جلوبەرگدا دەیبینین بەراستی لە رابردوودا جیاوازتر بووە.
جلوبەرگی کوردی بە هۆکاری خۆگونجاندن لە گەل دنیای نوێدا هەم وەک کەلەپوور، ناسنامە و چییەتی خۆی پاراستووە و هەم داهێنانی نوێ و سەردەمیانەی کردووە کە بێجگە لەوەیکە لە بیرەوەری درێژ مەودای خەڵکدا نەسراوەتەوە بەڵکوو لە شێواز و ستایلگەلی سەردەمیانەدا و لە ناو چینی لاو و نەوەی نوێدا بەردەوام نۆژەن و رۆژەڤ بۆتەوە. جلوبەرگی کوردی لە ژێر ناو و مودێل گەلی وەک مراو خانی، ستار خانی، نەچیری، کەتافی، کراسی، زاخۆیی، چۆخەیی، سەقزی، کرمانجی، مەریوانی، ئەردەڵانی، لەیلاخی و... گەشەی کردووە و هەروەها هەر بۆنە، کاتوسات و تەمەنێک جلوبەرگی تایبەت بە خۆی هەیە. جلوبەرگی شایی و زەماوەند، شینگێری و پرسانە، جلوبەرگی منداڵی، تەمەنەی لاوی و پیری، جلی خەو و پشوودان و،،، هەریەک بۆ خۆی جیاوازی، هێما و رەنگاورنگیی تایبەت بە خۆی هەیە و لە لایەن زۆربەی خەڵکەوە بە تایبەت لە لایەن ژنانەوە بە وردی رەچاو دەکرێت. رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە هەموو پارچەکانیتر لە ئاست جلوبەرگدا مامەڵەی زانستی و سەردەمیانەی کردووە و پێدەچێت زاگرۆس نیشتمانی دایکی هەموو کوردان بێت و کوردەکان لەوێوە بەرەو ناوچەکانی ئەمدیو و ئەودیوی زاگرۆس کۆچیان کردبێت هەر بۆیە هۆگری و تامەزرۆیی دانیشتووانی کوردستانی رۆژهەڵات سەبارەت بە پاراستنی زمان، نەریت، کلتوور و جلوبەرگی رەسەن و خۆماڵی زیاترە لە بەشەکانیتر. سەرهەڵدانی رەزاخان و سیاسەتی بە مۆدێرن و سەردەمیانەکردنی ئێران، لە یەکەم هەڵوێستەکانیدا، هەوڵی ریفۆرم و چاکسازی لە بواری جلوبەرگ و باڵاپۆشییدا ئەنجامدا و بە هۆییەوە لە ناوچە کوردنشینەکاندا بەرپەرچی ئەو بریارە درایەوە.
بابەتی جلوبەرگی کوردی لە فولکلۆر و ئەدەبی زارەکییدا رەنگدانەوەی هەبووە و گۆرانبێژان و بەیتبێژان بە شێوەی ناهوشیار بانگەشەیان بۆ لایەنی جوانیناسی جلوبەرگی کوردی بە تایبەت هی ژنان لە گۆرانییەکانیاندا کردووە.
وتە و پەندی پێشینیان سەبارەت بە جلوبەرگ، دەرخەری بایەخ و گرنگی ئەو بابەتەیە «مرۆڤ دانگێکە و جلوبەرگەکەی پێنج دانگ»، دەربرینێکی نارسیستییە سەبارەت بە جلوبەرگ و دەیان چیرۆکی وەک «کەواکە نان بخۆ « و... لە ئەدەبی زارەکییدا هەبووە و هەیە.
ئاکام و سەرئەنجام:
سەبارەت بە پرسی پۆشاک و جلوبەرگ بۆچوون و روانگەی جیاواز و دژ بە یەک هەیە. «روانگە ئەرێنی و نەرینییەکان سەبارەت بە مۆد، لە شرۆڤە لیبراڵ، ریفۆرمخواز و رادیکاڵەکانەوە سەرچاوە دەگرێت کە پێیانوایە مۆد بە زۆری لە سەر ژنان چڕ بۆتەوە «[۲۰] مێژوو دەڵێت کە هونەری پۆشاک و پۆشتەیی بە زۆری بەرهەمی هزر و توانستەکانی ژنان بووە. روانگە فمینیستییەکان پێیانوایە کە سەپاندنی جلوبەرگ و باڵاپۆشی بە سەر ژناندا، یەکێک لە هۆکارەکانی ژێردەستەیی و بە کۆیلەکردنی ژنانە، چوونکا ئەو جلوبەرگە لە سەر حەز و مەیلی پیاوانە و کونترۆڵ و چاوەدێری ژنانی بە سەر لەش و تەنی ئەواندا لێ ستاندووە. بەشێکی دیکە پێیانوایە کە جلوبەرگی نوێی ژنان، مۆدگەلی واتادارن و ژنان لەو بوارەدا بە زمانی هونەر، بەرپەرچی نەریتە زۆرەملییەکانی پیاوان ئەدەنەوە. لە لایەکی دیکەوە هندێک روانگە، پێیوایە کە مۆدیل و ستایلەکانی رۆژ نەک دەلاقەیەک نیە بۆ ئازادی ژنان بەڵکوو ئامانج و ئاکامی ئەو مۆدێلانە، پەسەند و لایکی پیاوانە و ئەندامانی لەشی ژن بە هۆی جلوبەرگی نوێیەوە لە بارودۆخێکی ئەستەم و دژواردایە. کێبەرکێی سەخت و بەردەوامی ژنان بۆ پەسەندبوون بە جلوبەرگ و سوتینی توند و تۆڵەوە نەوەستاوە و «ئارایشت، رژیم و وەرزشە لەشجوانییەکان و نەشتەرگەرییەکانی ئەندامانی لەشی»[۲۱ ] پێزیاد بووە کە ژنی کردووە بە بووکەڵەیەکی دەستکرد کە بێجگە لەوەیکە لەشی لە بەندیخانەی مۆددا بەند کردووە بەڵکوو بەندیخانەش، خراوەتە ناو لەشییەوە و بە دەستی خۆی هزر و رۆح و ئیرادەشی لە گۆڕ ناوە. بە گشتی هەموو روانگە فمینیستییەکان باوریان وایە کە مرۆڤ لە هەڵبژاردنی جلوبەرگدا ئازادە و هەروەها لە بوارگەلی سەربازی و ئیداریدا بە جۆرێک جلوبەرگەکان بۆ ژنان و پیاوان یەکرەنگ و یەەکدەست بۆتەوە.
لە کوردستاندا بە هۆکارگەلی وەک تامەزرۆیی و هۆگری مێژوویی و ناسیۆناڵیستانەی خەڵک و مامەڵەی هونەرمەندانەی بەرگدوور و مۆدێلەکان سەبارەت بە جلوبەرگی کوردی، هێشتا جلوبەرگ، فاکتێکی گرنگی شوناسخوازی و ناسنامەی کوردییە و لە هەمووی گرنگتر پرسی جلوبەرگی کوردی لە هاوکێشییە ئابووری و بازرگانییەکاندا جێگە و پێگەی قورسی هەیه و بە تایبەتی لە هەرێمی زاگرۆس و بادیناندا بابەتەکە زەق و بەرچاوترە. میدیا و تۆرە کۆمەڵایەتییەکان و هەروەها کەسایەتییە سیاسی و سیلبریتییەکان سەبارەت بە پاراستن و گەشەپێدانی جلوبەرگ دەتوانن دەوری گرنگ و بەرچاو بگێرن.
بە یاساییکردن و گونجاندنی پرسی جلوبەرگ و بە تایبەت وەک یۆنیفۆرمێکی فەرمی لە هندێک ئۆرگان و ناوەندەکانی دەوڵەتییدا، کردنەوەی پەیمانگەی هونەرە جوانەکان سەبارەت بە جلوبەرگ و هەروەها کردنەوەی مۆزەخانەی تایبەت بە جلوبەرگ، شکۆ و مەزنی جلوبەرگی کوردی لە لوتکەدا دەهێڵێتەوە و بایەخی ستراتیژیکی پێئەدات . جوانیناسی جلوبەرگ لە هندێک لایەنی وەک دووخت، رەنگ، هێڵ، خاڵ و... تاد خۆی وێنا دەکات کە بەرگدوور و فەشنەکانی کورد لە ناوخۆ و دەرەوە، پێویستە وەکوو مۆدێلە جیهانییەکان لە «ستایلگەلی وەرزشی، تام بۆی(پیاوانە)، ئاندرۆژنی(هێمای دوو رەگەزی و نەهێشتنی سنوور بۆ پیاو و ژن)، ویمیسکاڵی(فانتێزی، شاعێرانە و خەیاڵاوی)، ستایلی کیدکوور (نۆستاڵۆژیای سەردەمی منداڵی)، ئۆلدمانی(هێمای رەسەنایەتی، شکۆ و دەوڵەمەندییە بە شێوازی کلاسیک و نەهێنی) و ،،،»[۲۲] جلوبەرگی کوردی بەرۆژ و سەردەمیانە بکەنەوە هەتا ئێمەش وەکوو گەلانی دیکە لەو بوارەدا جێ نەمێنین.
وڵاتانی پێشکەوتووی رۆژهەڵات وەکوو هیندوستان، ژاپۆن، وڵاتانی عەرەبی و... لە ناو جمگە و بەدەنەی دەسەڵاتدا بە بایەخەوە لە گەل پرسی جلوبەرگی خۆماڵی و رەسەندا هەڵسووکەوت دەکەن هەر بۆیە رەچاوکردنی ئەو بابەتە بۆ کورد نەک دواکەوتوویی نیە بەڵکوو هۆکارێکە بۆ دیاریکردنی کەوشەنی فەرهەنگی خۆت لە گەل ئەویتر.
1_ زارع مرضییە. رهبرنیا زارع. نگاهی جامعەشناسانە بە مفهوم لباس در هنر معاصر با تکیە بر آرا بوردیو
2_ دورانت ویل. تاریخ تمدن. احمد آرام. چاپ چهاردهم . ص 58
3_ رید ایولین. مادر سالاری. افشنگ مقصودی صص 213 .215 . 217
4_ منبع شمارە 2 . ص 18
5_ ترنرویل کاکس، روت. تاریخ لباس. 5000 هزار سال پوشاک زنان و مردان جهان. ترجمە شیرین بزرگمهر .ص6
6_منبع شمارە 2. ص 58
7_منبع شمارە 1
8 _ منبع شمارە 2. ص 123
9_ ستودە سیامک. زن و سکس در تاریخ. ص 47
10_محمد فقی رسول، جمال . زن در اندیشە اسلامی. ترجمە دکتر محمود ابراهیمی. ص 167
11_ یاسینی، سیدە راضییە. ارزیابی جامعە شناختی ـ زیبایی شناختی پوشاک سنتی زنان مناطق کویری ایران
با تمرکز بر اقلیم فرهنگی و طبیعی
12_ هینتس، والتر. شهریاری ایلام .
ترجمە پرویز رجبی . نشر ماهی .1388 _ صص 199 - 97 - 34
13_تایخ هرودوت
14_ طبری، محمد بن جریر.تاریخ طبری.ترجمە ابولقاسم پایندە. جلد پنجم . انتشارات اساطیر . ص۱۸۲٤
15_ آرنگ، معصومە. تحلیل پیشینە لباس چوقا در فرهنگ بختیاری
16_ صادقیان، سیما . لباس محلی بختیاری. 28 اسفند 1392. Manahonar.com
17_ هەرتەلی، عەبدوڵا. ژیانی پێغەمبەری رێزدار(ص)
لاپەرەی 206
18 _ منبع شما
آدرس کوتاه خبر:

