هەندێک جار، وەستان کۆتایی ڕێگا نییە؛ بەڵکو دەرفەتێکە بۆ بینینی ئاسۆی نوێ.
هەندێک جار، بەردەوامبوون بەو مانایە نییە کە هەمیشە دەبێت بڕۆین؛ هەندێک جار پێویستە بوەستین، نەک بۆ ئەوەی ڕێگا جێبهێڵین، بەڵکو بۆ ئەوەی بزانین بۆ کوێ دەڕۆین.وەستانی ئاگایی، ئەو ساتەیە کە مرۆڤ لە جەنجاڵی ڕۆژانە دوور دەکەوێتەوە و بە خۆی دەڵێت: ئایا ئەم هەنگاوەی ئێستا دەنێم، من بەرەو ئامانجەکەم دەبات؟
زۆرجار ماندووبوونمان لە خودی ڕێگا نییە؛ لەوەیە کەبە بێ ئاگایی بەردەوام دەڕۆین. هەنگاو لە دوای هەنگاو، بەڵام بێ ئەوەی بزانین ئایا ئاراستەکەمان دروستە یان نا.
لەبەر ئەوە، وەستان کۆتایی بەردەوامبوون نییە؛ بەڵکو چاوپێداخشاندنەوەیە بەسەر ڕێگادا.
کاتێک بوەستین، دەتوانین ماندوویی خۆمان ببینین، هەڵەکانمان بناسین، ئاراستەکەمان ڕاست بکەینەوە و بە هێزی نوێ هەنگاوێکی تر بنێین.
بەردەوامیی ڕاستەقینە ئەوە نییە کە هەرگیز نەوەستیت؛ ئەوەیە هەر جارێک بە ئاگاییەوە بوەستین، و دووبارە بە هۆشیاری هەنگاو بنێین. چونکە هەندێک وەستان، ڕێگایەکە بۆ هەنگاوێکی دروستتر.
ڕێگاکان هەندێک جار ماندوومان دەکەن، هەندێک جار دڵمان دەشکێنن و هەندێک جار وا هەست دەکەین کە چیتر توانای بەردەوامبوونمان نییە؛ بەڵام بەردەوامبوون بەو مانایە نییە کە هەمیشە بەهێز بین و هەرگیز ماندوو نەبین؛ بەڵکو بەو مانایەیە کە تەنانەت لە کاتی ماندووبوونیشدا، هەنگاوێکی بچووک بەرەو پێشەوە هەڵبگرین.
ئەگەر ناتوانین بە خێرایی بڕۆین، با بە هێواشی هەنگاو بێنین چونکە مامۆستا وای فێری کردووین ئەگەر ناتوانین هەنگاوێکی گەورە بنێین، با هەنگاوێکی بچووک بنێین.
ئەگەر پێویستمان بە وەستان هەیە، با بوەستین بۆ ئەوەی هێز کۆبکەینەوە، نەک بۆ ئەوەی دەست لە ڕێگاکە هەڵبگرین.
گرنگ ئەوە نییە چەند جار کەوتووین؛ گرنگ ئەوەیە هەر جارێک کەوتین، هۆکارێکمان هەبێت بۆ هەستانەوە بەردەوام بین؛ چونکە ڕێگا هەمیشە ئاسان نیە بەڵکوو پڕ لەهەوراز و نشێۆه و ئەو شتەی بۆی دەڕۆین، شایەنی ئەوەیە کە پێی بگەین.
هەندێک جار، وەستان کۆتایی ڕێگا نییە؛ بەڵکو دەرفەتێکە بۆ بینینی ئاسۆی نوێ.
لە ڕێگای عیرفاندا، وەستان، وەستانی ماندوویەتی نییە بەڵکوو وەستانی ئاگاییە، واتە کرانەوەی دەرگایەکی بێدەنگە بۆ گەڕانەوە بۆ ناخ، بۆ پاککردنەوەی دیدەی دڵ و بۆ ئەوەی مرۆڤ لە نێوان هیوا و ئاگایی، ئاسۆیەکی نوێ بدۆزێتەوە.
هەندێک جار گەورەترین هەنگاو ئەوەیە بوەستیت، ببیسیت، خۆت بناسیت و بە دڵێکی ئاگاترەوە دەست بە دۆزینهوهی ڕێگای نوێ بکەیت.
هیچ ڕێگایەک لە سەرەتاوە ئاسان نییە؛ بە تایبەتی کاتێک مرۆڤ هەنگاوێک بۆ دەرەوەی سنوورەکانی خۆی دەنێت.
زۆر جار تەنها ئەوە دەبینین کە کەسێک ئامادەیە بنووسێت، قسە بکات یان بەشداری بکات؛ بەڵام لە پشت ئەو ئامادەبوونەوە، پرۆسەیەکی درێژ هەیە لە فێربوون، ئاگایی، هەڵەکردن، دوودڵبوون، گوێگرتن و دووبارە هەستانەوە. هیچ کەسێک لە نادیارەوە بەرەو ئەزموون ئەگەر بڕوای تەواوی بە خۆی نەبێت ناگاتە ناو هیچ بوارێک.
منیش ئەمڕۆ ئەگەر بتوانم بە ئاسودەیی بنووسم یان قسە بکەم، ئەوە بەرهەمی دەستی مامۆستایەکە و ئەو ڕێگایهی کە تێیدا زۆر جار کەوتووم، ترساوم، دڵسارد بوومەتەوە و بێ هیوا بووم و هەندێک جار هەستم کردووە که توانای بەردەوامبوونم نییە. بەڵام کۆڵم نەداوە و ئاسۆیەکی ڕوون لە بەرچاوما بووە و قسەی مامۆستاکانمان لەبیر نەکردووە کە چرایەک بوون بۆ ڕێگەی تاریکی من و ڕووناکیان کردووتەوە. بیرمە کە نزیکەی نۆ ساڵ پێش، کە یەکەم وتارم لە ڕۆژنامەی ڕۆژان بڵاوکردەوە؛ بەناوی «بۆ مامۆستاکەم». ئەگەر ئەمڕۆ بە پێوەر و ئەزموونی ئێستام سەیری بکەم، بێگومان کەموکوڕی زۆری تێدا دەبینم. بەڵام هەرگیز دەستی بۆ نابەم، کە گۆڕانکاری تیا بکەم چونکە ئەو وتارە بۆ من تەنها نووسینێکی هەکەزایی و کۆن نییە؛ بەڵگەیەکە کە لە کوێوە دەستم پێکردووە.
لە یەکەم ئەزموونی نووسینم بۆ ڕۆژنامە، ترس و دڵەڕاوکێ ئەوەندە لەگەڵ دەستم و پێنووسەکەم بوو کە چەندین جار بابەتەکەمم دووبارە نووسییەوە. بەڵام لە کۆتاییدا بڵاوکرایەوە. ئەو دەنگە لەرزۆکەی سەرەتا، بە هەمان بەردەوامیی، هەنگاو هەنگاو گەیشتە دەنگێکی دڵنیاتر.
ئەمەوێت بڵێم بە هەموو ئەوانەی تازە دەستیان بە ڕێگاکە کردووە، بە تایبەتی ئەو ئافرەتانەی تواناکانی خۆیان بە کەم دەبینن:
تکایە خۆتان بە سەرەتای ڕێگاکەتان مەپێون.
ئەوەی ئەمڕۆ بە چاوێکی کەم دەیبینیت، ڕەنگە سبەی ببێتە بەڵگەی گەورەترین گۆڕانکارییەکە.
ترس، هەڵەکردن، دوودڵبوون و تەنانەت کەوتنیش، بەشێکن لە گەشەکردن؛ نە نیشانەی ئەوەی کە تۆ ناتوانیت.
کات بە خۆتان بدەن، هەوڵ بدەن کۆڵ مەدەن؛ بەردەوام بن هەڵە بکەن و لێی فێر بن؛ گوێ بگرن و بخوێننەوە. دووبارە هەڵسنەوە و هەنگاوێکی تر بنێن. چونکە ئەو بڕوایەی ئەمڕۆ هەیە، زۆرجار لە ناو ئەو ترس و دەنگە لەرزۆکانە دروست بووە کە ڕۆژێک پێیان دەگوتین: «ناتوانیت.»
بڕواتان بە خۆتان هەبێت؛ هیچ دەستپێکێک بچووک نییە، ئەگەر بەردەوامی لە پشتەوەی بێت. ئەم قسانەی کە من نووسیوومە بەرهەمی ئەوە مامۆستایهیە کە منی فێری خوێندن و نووسین کرد و منی هاندا بەرەو پێشکەوتن و فێری کردم کە نووسین (بە ئینگلیزی: Write) هونەر و کردارێکە کە مرۆڤ لە ڕێگەی وشە و دێڕەکانەوە بیر و هەست و تێڕوانینەکانی خۆی دەخاتەڕوو و ئەوەی لە ناوخۆیدایە، دەیگوازێتەوە بۆ جیهانی وشەکان؛ بۆیە لە ڕۆژی مامۆستایاندا دەڵێم: مامۆستا؛ پەیژەی ڕۆشنبیرییە.
مامۆستا تەنها ئەو کەسە نییە کە زانیاری دەگوازێتەوە؛ بەڵکو ئەو کەسەیە کە چرای تێگەیشتن لە ناخی مرۆڤدا دادەگیرسێنێت.
مامۆستا پەیژەی ڕۆشنبیرییە؛ چونکە بە وشەیەک دەتوانێت بیرێک بگۆڕێت، بە ڕێنمایییەک ڕێگایەک ڕوون بکاتەوە و بە باوەڕێک مرۆڤێک هان بدات بۆ ئەوەی خۆی و جیهانی دەوروبەری باشتر بناسێت.
ڕۆشنبیری تەنها زانینی زانیاری نییە؛ توانای بیرکردنەوە، پرسیارکردن، جیاکردنەوەی ڕاست لە هەڵە و مرۆڤانە ژیانکردنە. لەو ڕێگایەدا مامۆستا ڕۆڵێکی بنەڕەتی هەیە.
لەوانەیە وانەی مامۆستا لە پۆلێکدا کۆتایی بێت، بەڵام کاریگەرییەکەی لە ژیانی قوتابییەکدا ساڵانێک بەردەوام دەبێت.
مامۆستا، تەنها مامۆستای وانە نییە؛ مامۆستای ژیان و پەیژەیەکە بۆ ڕۆشنبیری و ئاگایی.
مامۆستا ڕێگا نیشان دەدات، پرسیار دروست دەکات و مرۆڤ هان دەدات بە چاوێکی ڕوونترهوه سەیری خۆی و جیهان بکات.
ڕۆشنبیری لە وشە و کتێبەوە دەست پێدەکات، بەڵام لە مرۆڤێکی ڕۆشنبیردا دەگاتە کردار کە ئەو کەسەش مامۆستایە.
مامۆستا تەنها دروستکەری خوێندکار نییە؛ دروستکەری نەوەیەکە؛ نەوەیەک کە ئەگەر ڕۆشنبیر بێت، کۆمەڵگا ڕۆشنبیر دەکات؛ و ئەگەر بەئاگا بێت، داهاتوو دەگۆڕێت. بۆیە مامۆستا تەنها پەیژەی ڕۆشنبیری نییە؛ بناغەی ڕووناکیی داهاتووی نەتەوەیەکە.بەڵام زیاتر لە وشەیەکە، کە ئەوی مرۆڤێک کە لە کاتێکدا هێشتا خۆی نەدۆزیوەتەوە، باوەڕی پێی دەکات و هانی دەدات بۆ ئەوەی خۆی بدۆزێتەوە.
هەندێ وشە هەیە کە مامۆستا لە پۆلدا ووتوویەتی و لەگەڵ تەواوبوونی وانەکە کۆتاییان پێ نایەت؛ ساڵانێک لە یاددا دەمێننەوە. چونکە مامۆستا تەنها خوێندکار فێری وانه ناکات، بەڵکو هیوایەک، باوەڕێک و هەستێکی بەهادار لە دڵی خوێندکاردا جێدەهێڵێت.
ڕەنگە خوێندکارێک ناوی زۆرێک لە وانەکانی لەبیر بکات، بەڵام هەرگیز ئەو مامۆستایە لەبیر ناکات کە لە ڕۆژێکی سەختدا باوەڕی پێ هێناوە و یارمەتی داوە تا داهاتوویەکی گەشەی هەبێت، ئەمەیە جوانترین کاریگەریی مامۆستا؛ ئەو ڕۆشنایییەی کە لە دڵی مرۆڤێک دادیدەگیرسێنێت و ساڵانێک دواتر هێشتا بەردەوامە.
مامۆستا تەنها وانە و زانیاری ناگوازێتەوە؛ بەڵکوو یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی مرۆڤ بیر بکاتەوە، تێبگات و بە چاوێکی کراوەتر سەیری ژیان بکات؛ مامۆستا تەنها وانەبێژ نییە؛ پەیژەیەکە بۆ بەرزبوونەوەی ئاگایی.
مامۆستا باخەوانی گوڵەکانە؛ چونکە هەر قوتابییەک وەک گوڵێکە، تایبەتمەندی و بۆن و توانای خۆیانیان هەیە. مامۆستا بە ئاگایی و ئەزموون و خۆشەویستی و ئارامی، چاودێری ئەم گوڵانە دەکات و یارمەتییان دەدات کە گەشە بکەن و جوانیی خۆیان نیشان بدەن.
هەموو گوڵێک بە یەک شێوە و لە یەک کاتدا چرۆ ناکەن بۆیە هەموو قوتابییەکیش بە یەک شێوە فێر نابن و گەشە ناکەن؛ مامۆستا بە باشی لەمە تێدەگات کە هەر قوتابییەک بە پێی تواناکانی خۆی شت فێر دەبێت بۆیە پشتیوانیان لێدەکات و جیاوازی دانانێت لەنێوانیاندا.
لە ڕاستیدا، جوانترین کاری مامۆستا ئەوەیە کە بە خۆشەویستی و هیوابەخشییەوە، ڕێگا بۆ قوتابییەکانی خۆی خۆش دەکات تا هەر یەکەیان بتوانن ببنە باشترین و جوانترین نەوەی داهاتوو.
مامۆستا باخەوانە؛ و جوانترین بەرهەمی ئەو باخە، ئەو گوڵانەن کە ڕۆژێک لە باخەکە دەچنە دەرەوە و خۆیان دەبنە باخەوان.
مامۆستا تەنها مرۆڤ پەروەردە ناکات؛ داهاتووی مرۆڤ دروست دەکات. وەک باخەوانێک، تۆوی باوەڕ و زانین لە دڵی قوتابییەک دەچێنێت، تا ڕۆژێک ئەو قوتابییە خۆی ببێتە ڕووناکیی ڕێگای کەسانی تر.
ڕۆژتان پیرۆ بێت.
آدرس کوتاه خبر: