تێڕامانێک لەبارەی چاوەڕوانی، پێزانین و تەنیایی تێنەگەیشتن لە پەیوەندییە مرۆییەکان
زێڕی ساردی خۆشەویستی/ عادڵ مرادپور
مرۆڤەکان نە ئەوەندە بێوەفان کە لە کاتی ئازاردا وامان پێبێت، و نە ئەوەندە سپاسکار و چاکەبێژ کە لە خەونەکانماندا ئاواتیان بۆ دەخوازین.
ئایا ئێمە مرۆڤەکان خۆشدەوێین، یان ئەو وێنانەی کە لە چاوەڕوانییەکانمان بۆیان دروست دەکەین؟
لەوانەیە ئەم پرسیارە، لەو پرسیارانە بێت کە زۆرجار لە ژیانی ڕۆژانەدا لێی ڕائەکەین و هەڵدێین، بەڵام لە ساتەکانی ئازار و دڵشکاندا وەک سێبەرێک دێتە پێش چاو و داوای وەڵام دەکات.
مرۆڤ، زۆرجار زیاتر لەوەی بە هۆی ڕق و دوژمنایەتیی خەڵکی دیکە ئازار بچێژێت، بە هۆی ئەوە دڵڕەنجاو دەبێت کە خۆشەویستییەکەی نەبینرێت و تێنەگەیشترابێت. ڕق، ڕوون و ئاشکرایە؛ بەڵام خۆشەویستیی نەناسراو، برینێکی بێدەنگ لە ناخی مرۆڤدا جێدەهێڵێت. برینێک کە نە بە خیانەت ناودەبرێت و نە بە بێبایەخی تەواو. وەک ئەوەی شتێک هەبووبێت، بەڵام نەبینرابێت؛ یان بەو شێوەیەی دەبوو، تێنەگەیشترابێت.
لە ژیانی خۆماندا، زۆربەمان ئەو ساتانەمان تاقیکردووەتەوە کە بۆ کەسێک لە دڵ و گیان مایەمان داناوە؛ بە ئامادەبوونێک، هەوڵێک، نووسینێک، هاودەردییەک، یان تەنانەت بێدەنگییەکی لەسەر بنەمای ڕێز. بەڵام دواتر بە گلەییەکی دڵتەنگانە ڕووبەڕوو بووینەتەوە:
چاوەڕوانیم لە تۆ زیاتر بوو!
لەو کاتانەدا، مرۆڤ بە پرسیارێکی تاڵ دەگات: ئایا خۆشەویستیش وەک کاڵا نرخ و پێوانەی هەیە؟ ئایا هاوڕێیەتی دفتەرێکی ژمێریارییە کە هەر کردەیەکی خۆشەویستانە دەبێت هاوسەنگییەکی دیاریکراوی هەبێت؟
لەوانەیە تراژیدیای پەیوەندییە مرۆییەکان لێرەوە دەست پێ بکات؛ لە نێوان ئەوەی ئێمە کردوومانە و ئەوەی ئەوی دیکە چاوەڕوانی کردووە.
زۆرجار خۆمان بە قوربانیی ناسپاسی دەزانین، بەڵام کەمتر لە خۆمان دەپرسین: ئایا چاوەڕوانییەکانی ئێمەش جۆرێک لە خۆناوەندی و خۆپەسەندی نین؟ ئایا وامان نەزانیوە کە ئەوی دیکە دەبێت بە هەمان شێوەی ئێمە خۆشەویستی تێبگات؟
ئەوەی بۆ من لووتکەی دڵسۆزییە، لەوانەیە بۆ ئەوی دیکە تەنیا کەمترین ئەرک بێت. یەکێک ئامادەبوون لە ڕێوڕەسم بە بەڵگەی هاوڕێیەتی دەزانێت، یەکێکی دیکە دانیشتن لە ماڵ و هاوبەشیی ماتەم. یەکێک بێدەنگی بە ڕێز دەزانێت، ئەوی دیکە قسەکردن بە هاودەردی.
مرۆڤەکان تەنیا بە زمانی جیاواز قسە ناکەن؛ بەڵکو بە زمانی جیاوازیچ خۆشیان دەوێت.
بۆیە، زۆرێک لە ئازارە ئەخلاقییەکانمان نە لە نەبوونی خۆشەویستی، بەڵکو لە شکستی وەرگێڕانی خۆشەویستییە.
لە ئەفسانەی یۆنانی، مایداس داوای کرد هەر شتێک دەستی لێ بدات ببێتە زێڕ. ئەو ئاوات و ئارەزووە کە سەرەتا نیعمەتێکی ئاسمانی دەهاتە بەرچاو، بە نەفرەتێکی ترسناک کۆتایی هات؛ چونکە خواردن، ئاو، تەنانەت خۆشەویستترین کەسی ژیانی، بوون بە زێڕێکی سارد و بێگیان.
ئاسەواری مایداس زۆرجار وەک ئاگادارکردنەوەیەک لە دژی چاوچنۆکی و ماددیگەرایی دەخوێندرێتەوە، بەڵام لەوانەیە بتوانرێت وەک متافۆرێک بۆ پەیوەندییە مرۆییەکانیش لێک بدرێتەوە.
ئێمەش هەندێک جار دەبینە مایداسە سۆزدارییەکان.
هەر کاتێک بە یەک پێوانە لە خۆشەویستی بڕوانین، هەر کاتێک تەنیا شێوازی خۆمان لە هاودەردی بە دروست بزانین، هەر کاتێک چاوەڕوانی بکەین ئەوی دیکە بە ڕێزمانی سۆزی ئێمە بجووڵێت، ئەوەی زیندوو و گەرمە دەیکەین بە شتێکی بەستوو و سارد.
خۆشەویستی هەر هەیە، بەڵام گەرمایی خۆی لەدەست داوە؛ دەبێتە زێڕێک کە نرخدارە، بەڵام گیانی تێدا نییە.
لەوانەیە یەکێک لە دژبەرییە بنەڕەتییەکانی بوونی مرۆڤ ئەوە بێت کە هەم پێویستی بە ئەوی دیکە هەیە و هەم هەرگیز بە تەواوی پێی ناگات.
مرۆڤ، وەک فیلسوفانی بوونگەرا ئاماژەیان پێداوە، بوونەوەرێکە مەحکووم بە تەنیایی. نە بەو مانایەی بە تەنیا دەژی، بەڵکو لەبەر ئەوەی هیچ کەسێک ناتوانێت جیهان وەک ئەو لە ناوەوە ئەزموون بکات.
هیچ کەس ناتوانێت بە تەواوی لە ئازارەکانی تێبگات، چاوەڕوانییەکانی بخوێنێتەوە، یان مانای ئەو کردانەی بداتەوە کە خۆی پێیان دەبەخشێت.
هاوڕێیەتی و خۆشەویستی، نە هەڵوەشاندنەوەی ئەم تەنیاییە، بەڵکو هەوڵێکی ئازایانەیە بۆ کەمکردنەوەی ئەو دوورییانەی کە هەرگیز بە تەواوی نامێنن.
لەو ڕوانگەیەوە، پێزانین و ئەمەگناسی زیاتر لە سپاسێکی سادەیە. ئەمەگناسی توانای بینینی هەوڵی ناتەواوی بەڵام دڵسۆزانەی ئەوی دیکەیە. ناسپاسی تەنیا نەبینینی چاکەی خەڵکی نییە؛ هەندێک جار نەتوانینە لە دەستدانانی ئەو وێنە ئایدیاڵییەی کە لە چاوەڕوانییەکانماندا دروستمان کردووە.
بەڵام ڕەخنە دەبێت ئاراستەی خۆمانیش بێت.
ستایشکردنی بێمەرجی بامەرامبوون و سووکایەتی پێکردنی هەموو شێوازەکانی دیکەی ژیان، خۆی جۆرێک لە سادەکردنەوەی ڕاستییە.
مرۆڤی خوێندەوار لەوانەیە لە دەربڕینی سۆزدا لاواز بێت؛ هەروەها مرۆڤی گەرم و کۆمەڵایەتیش لەوانەیە لە بەرپرسیارێتی و پابەندبووندا کەم و کوڕی هەبێت. مەعریفەت نە مۆنۆپۆلی خوێندەوارانە و نە میراتی تایبەتی ئەوانەیە کە بە زمانی دڵ قسە دەکەن.
پێگەیشتنی ئەخلاقی لەوانەیە لەوێوە دەست پێ بکات کە قەبووڵ بکەین: هیچ کەسێک ئەرکی سەرشانی نییە بەو شێوەیەی ئێمە دەمەوێت خۆشمان بوێت؛ هەروەها ئێمەش ئەرکدار نین هەموو چاوەڕوانییە نانووسراوەکانی ئەوانی دیکە بەجێ بهێنین.
ئەم قەبووڵکردنە بانگەوازێک نییە بۆ کەمتەرخەمی، نە بیانوویەکە بۆ بێوەفایی؛ بەڵکو بانگەوازێکە بۆ خاکەڕایی و خۆ بەزلنەزانی و خۆنەگری بوون. بۆ ئەو ئاگاییەی کە هەر مرۆڤێک جیهانێکی سەربەخۆی هەیە؛ بە برینەکانی، کەم و کوڕییەکانی، بیرەوەرییەکانی و شێوازی تایبەتیی دڵبەستبوونی.
لە کۆتاییدا، لەوانەیە دەوڵەمەندیی ڕاستەقینە نە لە کۆکردنەوەی خۆشەویستییەکان بێت و نە لە ژماردنی سپاسە وەرگیراوەکان؛ بەڵکو لە پاراستنی گەرمای مرۆیی بێت، لە جیهانێکدا کە هەمیشە مەترسیی ساردبوون و بەستەبوونی لەسەرە.
هونەری ژیان لەوانەیە ئەوە بێت کە، بەبێ ئەوەی لە خۆشەویستبوون دەست هەڵبگرین، چاوەڕوانیی تێگەیشتنی تەواومان لە ئەوی دیکە نەبێت؛ و بەبێ ئەوەی کەرامەتی خۆمان لەبیر بکەین، نیشانە بچووکەکانی هاوڕێیەتی و دڵسۆزیش بە نرخ بزانین.
چونکە ئەوەی ژیان دەکات بە شتێکی بەرگەگیر، نە خەونی مەحاڵی تێگەیشتنی تەواوە؛ بەڵکو هەمان هەوڵە ناتەواوانەی نزیکبوونەوەی مرۆڤەکانە؛ هەوڵگەلێکی شکنەبەر، هەڵەکار و بە تەواوی مرۆیی.
مرۆڤەکان نە ئەوەندە بێوەفان کە لە کاتی ئازاردا وامان پێبێت، و نە ئەوەندە سپاسکار و چاکەبێژ کە لە خەونەکانماندا ئاواتیان بۆ دەخوازین.
لەوانەیە تراژیدیای مرۆڤ ئەوە بێت کە هەرگیز بە تەواوی تێناگات؛ بەڵام شکۆی مرۆڤیش لەوەدایە کە، لەگەڵ ئەم هەموو تێنەگەیشتنەدا، هێشتا هەوڵی نزیکبوونەوە و خۆشویستن دەدات. شاید هەر ئەم هەوڵە ناتەواوە بێت کە ژیان لە زێڕێکی سارد دەگۆڕێت بۆ گەرمایەکی مرۆیی.
ئێمە تەنیا مرۆڤین؛ و هەر ئەمەش هەم سەرچاوەی خەفەت و ئازارمانە، و هەم دوا هۆکاری هیوامان.
آدرس کوتاه خبر: