ئەو ئێسکانە، کە ساڵانێکی زۆر لە ژێر خاکدا بێدەنگ ماونەتەوە، لەبەر چاومدا وەک پەیامێکی زیندوو دەردەکەوتن؛ وەک ئەوەی لە دوورترین قووڵایی کاتەوە هێشتا دەیانەوێت لەگەڵ ئێمە قسە بکەن.
ڕاپۆرتێکی مەیدانی و دەستپێکی لێکۆڵینەوەیەکی نوێ لە مێژوو و شوێنەوارەکانی دەڕنە
لە گێڕانەوەی سەفەرێکەوە بۆ پرۆژەیەکی توێژینەوەیی
هەنگاوێک لە ڕەوتی ژیانی ڕۆشنبیرانە
دوای ماوەیەکی زۆر، ڕۆژی هەینی ٢٧ی خەرمانانی ٢٧٢٦ی کوردی، جارێکی تر گەیشتمە دەڕنە. ئەمجارە گەشتەکە بۆ من سەردانێک بۆ شوێنێکی مێژوویی بوو؛ گەشتێک لە نێوان دەق و خاک، یادەوەری و شوێن، مێژوو و شوناس. ساڵانێکە لە لاپەڕەکانی سەفەرنامەنووسان و سەرچاوە مێژووییەکاندا بەدوای دەڕنەدا دەگەڕێم؛ شارێک کە ناوی لە تۆمارەکانی ڕابردوودا ماوەتەوە و هێشتا زۆر پرسیاری بێوڵامی لە دەوری خۆی کۆکردووەتەوە. ئەمجارە دەڕنە لە لاپەڕەکاندا نەبوو؛ لە خاک و بەرد و کانی ئاو و چەمی گزرە و گۆڕستانی گەورەی حەوت مەردەی قەڵای دەڕنە، بەردەزگپڕ، کونەهەڵم، قەڵای قواوخان، دۆڵی قەڵا و شوێنەوارەکانی بەردەم چاومدا بوو.لەم سەفەرەم و لە ناو ڕێگادا نزیک بە دەڕنە، دیمەنێک سەرنجی ڕاکێشام و هەنگاوەکانمی وەستاند. چەند گۆڕێکم بینی کە بەهۆی کەندنی خاک لەلایەن بنێشتکارەکانەوە، لە ژێر داروەنەکانی ناو گۆڕستان کەندراوبوون بۆ ئەوە خاکەکەیان بۆ بەستن و ئامادەکردنی کۆچەڵە بەکار هێنرابوو. بەهۆی ئەو کەندنەوەیە، چەند گۆڕێک ڕووخابوون و ئێسکەکانیان کەوتبوونە دەرەوە. لە ژێر خاکەکەدا، ئێسکەکانی چەند مرۆڤێکی کۆن دەرکەوتبوون. دیمەنەکە زۆر سەرنجڕاکێش و ناخ هەژێن بوو. ئەو ئێسکانە، کە ساڵانێکی زۆر لە ژێر خاکدا بێدەنگ ماونەتەوە، لەبەر چاومدا وەک پەیامێکی زیندوو دەردەکەوتن؛ وەک ئەوەی لە دوورترین قووڵایی کاتەوە هێشتا دەیانەوێت لەگەڵ ئێمە قسە بکەن. وەک ئەوەی بپرسن، ئێمە کێ بووین؟ چۆن لەم خاکەدا ژیاوین؟ چۆن ئەم شوێنەمان کرد بە ماڵ؟ زمانمان چی بوو؟ ژیان و ژیارمان چۆن بوو؟ چی مان دروست کرد؟ و چی مان لە دوای خۆمان بەجێهێشت؟ لەو ساتەدا پرسیارێکی تر لە ناخمدا سەری هەڵدا، بۆچی هێشتا بە تەواوی نەمان ناسیون؟ ئەو ئێسکانە وەک دەنگێکی بێدەنگ بوون؛ دەنگێک لە ڕابردووە لەو ڕێگەیەوە لەگەڵ ئێمە، ئێستا گفتوگۆ دەکات.
لەوێدا هەستم کرد شوێنەوارەکان هەمیشە بێدەنگ نین؛ هەندێک جار ئەوە ئێمەین کە گوێمان بۆ دەنگی ئەوان نەگرتووە. ئەو دیمەنە پرسیارێکی گەورەتر لە مێژوو و شوناسەوە بەرز کردەوە، چەند بەشی مێژووی ئێمە لە ژێر خاکدا ماوەتەوە؟ چەند بەشی لەبەر نەنووسین و نەخوێندنەوە لە یادەوەری کۆمەڵایەتیدا ون بووە؟ و چەند بەشی میراتی ئێمە هێشتا چاوەڕێیە بۆ ئەوەی بیخوێنینەوە؟لێرەدا دەڕنە بۆ من لە شوێنێکی مێژوویی دەگۆڕێت بۆ پرسیارێکی هزری، مێژوو لە کوێ دەژیت؟ لە لاپەڕەکاندا؟ یا لە سەفەرنامەکاندا؟ یا لە کتێبخانەکاندا؟ یان لە خاک و بەرد و کانی ئاو و چەم و گۆڕ و شوێنەوارەکاندا؟ وڵامەکە لە کۆمەڵێک سەرچاوە و بەڵگەدا پێکەوە دەردەکەوێت. مێژوو لە نێوان دەق و ماددە، یادەوەری و بەڵگە، مرۆڤ و شوێندا دەردەکەوێت. سەفەرنامەنووس دەنگێکە لە ڕابردوو؛ شوێنەوار دەنگێکی دیکەیە. یەکێک دەنووسێت، ئەوی دیکە بێدەنگ دەمێنێتەوە؛ ئەرکی توێژەر ئەوەیە ئەم دەنگانە بخوێنێتەوە، لەگەڵ یەکتر بەراوردیان بکات و ئەوەی لە نێوانیاندا شاراوەیە دەریبخات.
لە ڕوانگەیەکی کوردییەوە، ئەم پرسیارە قووڵاییەکی تایبەتی هەیە. مێژووی کورد کۆمەڵێک ڕووداو نییە کە لە کتێبەکاندا تۆمار کراوە؛ بەشێکی گرنگی لە شوێن، زمان، ناوی شار و گوند، گۆڕستان، ڕێگا، کۆچ، کۆمەڵگە، ئەدەب، خەبات و بەرخۆدان و بازرگانی و شێوازی ژیاندا زیندووە. لەبەر ئەوە، شوێنەوارەکان دەتوانن ببنە بەشێک لە مەعریفەی شوناس؛ چونکە شوناس لەگەڵ وڵامی پرسیاری ئێمە کێین؟ و لەتەکی پرسیارەکانی لە کوێوە هاتووین؟، چۆن ژیاوین؟، چی دروست کردووە؟، چی لەدەستمان داوە؟ و چی هێشتا نەخوێندراوەتەوە؟ تەواو دەبێت.
ئەم پرسیارانە مێژوو لە یادکردنەوەی ڕابردوو دەگۆڕن بۆ پڕۆژەیەکی مەعریفەیی بۆ ناسینی خۆمان. لەو مانایەدا، دەڕنە ناوی شارێکی کۆنە و دەتوانێت ببێتە نموونەیەک بۆ ئەوەی چۆن شوێنێکی مێژوویی لە نێوان سەفەرنامە، بەڵگە، شوێنەوار و یادەوەری کۆمەڵایەتییەوە دەخوێندرێتەوە. ئەمەش گرنگی ژیارە؛ چونکە ژیار لە بینای شار و ماڵ و بازار پێکهاتووە و لە هەمان کاتدا کۆی ئەو شێوازەیە کە مرۆڤ لەگەڵ شوێن، سروشت، کۆمەڵگە، زمان، باوەڕ، زانست و بەرهەمی مادی و مەعنەوی ژیانی خۆی دروست کردووە. کاتێک شوێنەوارەکان دەخوێنینەوە، لە پشت بەرد و گۆڕ و شار و ڕێگا، شێوەیەکی ژیان دەبینین. ئەگەر ئەو شێوەی ژیانە بکەین بە بابەتی توێژینەوە، ڕابردوو لە میراتەوە دەگۆڕێت بۆ مەعریفە و بەرهەم.
لەبەر ئەوە، ئەم سەردانە بۆ من بووە دەستپێکی توێژینەوەیەکی نوێ لەسەر دەڕنە؛ لەو توێژینەوەیەدا هەوڵ دەدەم سەفەرنامەکان، بەڵگە مێژووییەکان، شوێنەناوەکان، شوێنەوارەکان و یادەوەرییە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ یەکتر بخوێنمەوە؛ بۆ ئەوەی وێنەیەکی وردتر لە دەڕنە و جێگای ئەو لە جوغرافیای مێژوویی ناوچەکەدا پێشکەش بکەم و بزانم ئەم شوێنە چی دەڵێت لەبارەی ژیان و ژیاری ئەو مرۆڤانەی کە پێش ئێمە لێرە ژیاون.
ئەم کارە لە دەڕنەوە دەست پێدەکات، بەڵام پرسیارەکانی سنووری ئەم شارە تێدەپەڕێنن؛ چونکە هەر شوێنێکی مێژوویی دەتوانێت پەنجەرەیەک بێت بۆ خوێندنەوەی شێوازی ژیان، پەیوەندی مرۆڤ و شوێن، گواستنەوەی مەعریفە و دروستبوونی یادەوەریی کۆمەڵایەتی.
وەک زانیاریێ کە هەمانە مێژوو ئەوەیە کە لە ڕابردوو ڕوویداوە، بەڵام هەروەها ئەوەشە کە ئێمە لە ڕابردوو چۆن خۆمان دەخوێنینەوە. بۆنموونە ئەو ئێسکانەی لە ژێر خاکەوە دەرکەوتبوون، بۆ من وەک پەیامێکی بێدەنگ بوون، بۆ ئەوە ئەگەر دەمانەوێت خۆمان بناسین، ئەبێت شوێنەوار بخوێنینەوە؛ ئەگەر دەمانەوێت شوناسمان بناسین، ئەبێ مێژووەکەمان بخوێنینەوە؛ و ئەگەر دەمانەوێت داهاتوو بنیات بنێین، ئەبێت ڕابردوو نەکەینە شانازییەکی بێپرسیار؛ بەڵکوو بیگۆڕین بۆ بەرهەم و مەعریفە. بەم بۆنەیە وەک هەنگاوێک لە ڕەوتی هزری ژیانی ڕۆشنبیرانە لەم سەردەمەدا، بێدەنگی شوێنەوارەکان بگۆڕین بۆ پرسیار، پرسیار بۆ توێژینەوە، و توێژینەوە بۆ ناسیاری و مەعریفە؛ بۆ ئەوەی بتوانێن شوناس و ژیاری ئەمڕۆ بە ڕابردوو و داهاتووەوە پەیوەست بکەین. لەو مانایەدا، ئەم سەردانە بۆ دەڕنە کۆتایی گەشتێک نییە؛ دەستپێکی ڕێگایەکە بۆ خوێندنەوەی شوێن، مێژوو و ژیار؛ ڕێگایەک کە لە گێڕانەوەی سەفەرێکەوە دەست پێدەکات و دەتوانێت ببێتە پرۆژەیەکی درێژخایەنی توێژینەوەیی.
آدرس کوتاه خبر: