جمعه، 15 آبان 1405
روژان پرس » اخبار » "توونی بابا"؛ لە نێوان ئەفسانە و ڕاستی‌‌دا

شوێنە مەترسی‌داره‌که‌ی گه‌رمیان

"توونی بابا"؛ لە نێوان ئەفسانە و ڕاستی‌‌دا

0
کد خبر: 3991

"توونی بابا"؛ لە نێوان ئەفسانە و ڕاستی‌‌دا

لە ناو توونەکەدا چوار تاڤگەی ئاوی سازگار هەن کە بەشێکی سەرنجڕاکێشی ئەم شوێنەیە.
ڕۆژنامەی ڕۆژان: له‌کورده‌واریدا هه‌ر شاخ و دوڵ و کێو و ئه‌شکه‌وت و رووبارێک ناو و  نیشان و چیرۆکی تایبەتمەندی خۆی هه‌یه که ده‌م‌به‌ده‌م له باوو باپیرانمانه‌وه به ئێمه گه‌یشتووه.
«توونی بابا عەمرە» له ناوچه‌ی گه‌رمیانیش یەکێکە لەو شوێنانە کە ئەفسانە و سروشت لە تەنیشتی یەکتر دەژین.
پێشینیان وا باس دەکەن کە توونی بابا عەمرە حەشارگەی جنۆکەکانە و هەرکەسێک سنووری حەشارگەکەیان ببەزێنێت، بەرده‌بارانی دەکەن. پەندێکی کۆنی ناوچەی گەرمیانیش هەیە بۆ کەسێ کە نادیار بێت و ون‌بووبێت دەڵێن: «چۆتە نێو توونی باباوە.»
ئەحمەدعەلی شاخەوانی بەئەزموونی سلێمانی کە ئەم شوێنەی بەسەر کردووەتەوە لە چەند دێڕێکدا بۆ "ڕۆژنامەی ڕۆژان" دەنووسێت: بڕیارمان دا تەنها گوێ لە ئەفسانە نەگرین؛ خۆمان بچینە ناو توونەکە و لەنزیکەوە ببینین، بۆیە لە سەرەتای چالاکییەکانی گروپێکی شاخەوانی سلێمانی، لەگەڵ چەند هاوڕێیەکم ڕێگامان گرتە بەر بەرەو توونی بابا، لە باشووری دەربەندیخان.
شوێنەکە لە یەکەم چاوپێکەوتندا سەرنجڕاکێشە؛ دۆڵ و شاخ و کەندەڵان و دیوارە بەردینەکان لەگەڵ سروشتی گەرمسێری گەرمیان، وێنەیەکی تایبەتی دروست دەکەن.
وێنەی یەکێک لەو 4 تافگەیه
لە ناو توونەکەدا چوار تاڤگەی ئاوی سازگار هەن کە بەشێکی سەرنجڕاکێشی ئەم شوێنەیە. ئاوێکی سارد و خاوێن لە ناو ئەو ژینگە گەرمەسێرەدا، بۆ گەشتیارێک کە ماوەیەک بە پێ ڕێگای بڕیوە، خۆی بە تەنیا دەتوانێت ببێتە هۆی پشوودان و حەسانەوە.
نزیکەی ١٠ کیلۆمەتر بە پێ لە ناو توونەکەدا گەڕاین؛ لە کۆتاییدا گەیشتینە بەربەستێک کە ڕێگاکەی گرتبوو و ناچار بووین بگەڕێینەوە بۆ شوێنی دەستپێک.
بەڵام لە گەڕانەوەدا، شتێک ڕووی دا کە بۆ چەند چرکەیەک ئەفسانەکەی خستەوە بیرمان.
چەند بەردێک بڕێ دوورتر لەئێمه لە سەر که‌نده‌ڵانه‌کانه‌وه به‌ربوونه خواره‌وه که ئەگەرچی زیانی پێ نەگەیاندین، بەڵام هەر دەنگی کەوتنەخوارەوەیان بەس بوو بۆ ئەوەی ئەفسانە کۆنه‌که جارێکی دیکە لە مێشکماندا زیندوو ببێتەوە کە: «توونی بابا بەردباران دەکات!»
باس کردن لە ڕاستییەکەی توونی بابا هه‌رچه‌ند سادەترە به‌ڵام لە ئەفسانەکە مەترسیدارترە. دیوارەی دۆڵەکە لە هەندێک شوێن پێک هاتووه له خۆڵی نه‌رم و خڕه‌به‌رد. بۆیه، ئه‌گه‌ری هه‌یه بە هەر جوڵانەوەیەکی بچووک، بەردێک لە شوێنی خۆی جیا ببێتەوە و بکه‌وێته خوارەوە؛ تەنانەت فڕینی باڵندەیەک یان دەنگێکی بەرزیش دەتوانێت هۆکاری به‌ربوونه‌وی بەردێک بێت.
بویه ئەگەر ئەفسانەکان بڵێن توونی بابا عەمرە بەردبارانتان دەکات، سروشتیش بە بێ ئەفسانه هۆکاری خۆی هەیە بۆ ئەوەی ئاگادارمان بکاتەوە.
هەر شاخەوان و گەشتیارێک کە ده‌رواته ئەم ناوچەیە، پێویستە کڵاوی پاراستنی گونجاو لەسەر بکات، خۆی لە شوێنە مەترسیدارەکان دوور بگرێت و لە ناو دۆڵەکەدا تا دەتوانێت بێدەنگ و بە ئارامی بجوڵێت.
توونی بابا تەنها حەشارگەیەکی پڕ لە ئەفسانە نییە؛ شوێنێکە کە سروشت، جوانی و مەترسی لە یەک شوێندا کۆبوونەتەوە.
لەوانەیە پێشینان بە زمانێکی ئەفسانەیی ئاگاداریان کردبێتین، بەڵام ئەمڕۆ سروشت بە زمانی خۆی هەمان پەیاممان پێ دەڵێت: لەگەڵ شاخ بە وریایی مامەڵە بکە.

نظر شما

  • نظرات ارسال شده شما، پس از بررسی و تأیید در وب سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.
نام شما : *
ایمیل شما :*
نظر شما :*
کد امنیتی : *
عکس خوانده نمی‌شود
برای کد جدید روی آن کلیک کنید