جمعه، 10 بهمن 1404
روژان پرس » اخبار » ژنان وەک ئۆبژەی سێکسی و توندوتیژیی هێمادار

بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان

ژنان وەک ئۆبژەی سێکسی و توندوتیژیی هێمادار

0
کد خبر: 3557

ژنان وەک ئۆبژەی سێکسی و توندوتیژیی هێمادار

ژنان کاتێک بەهێزن کە ئامرازەکانی خۆئاگاداری ڕاستەقینەیان هەبێت.
لۆقمان قەنبه‌ری، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان:
بە درێژایی مێژوو جەستەی ژن هەمیشە هەڵگری دەسەڵاتی پیاوانە و توندوتیژی بووە. جەستەی بەهێز زاڵ بووە بەسەر جەستە لاوازەکاندا و ئەم پرۆسەیە تا ئەمڕۆش بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوامە. بەڵام توندوتیژی هێمادار یا سۆمبلیک چییە؟ توندوتیژی هێمادار یا ڕەمزی جۆرێکە لە توندوتیژی دژ بە ژنانه کە تیایدا توندوتیژی لە لایەنە ئاشکرا و جەستەییەکانی خۆی تێپەڕیوە و بووەتە شاراوە و ڕەمزی. توندوتیژی ڕەمزی دیاردەیەکی سەردەمی مۆدێرنە و بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕێگەی ناوەکیکردنی سیستەمی هەژموونییەوە ئەنجام دەدرێت. بە واتایەکی تر توندوتیژی ڕەمزی دژ بە ژنان دەرکەوتەی توندوتیژی مۆدێرنە کە ڕەنگدانەوەی پەیوەندی نێوان باڵادەستی پیاو و ژێردەستەیی ژنە. ئەمڕۆ هەژموونی بەسەر ژناندا فۆرمێکی ڕەمزی وەرگرتووە و خاڵی گرنگتر ئەوەیە کە لە پرۆسەی سەپاندنی توندوتیژیی ڕەمزی بەسەر ژناندا، ڕەنگە ژن و پیاو بە نائاگاییەوە سیستەمی هەژموونی هێمادار قبوڵ بکەن وەک ئەوەی ئەم پەیوەندییە باڵا دەستەییە و ژێردەستەییە هەر لە سەرەتاوە سروشتی بووبێت. خاڵی گرنگ ئەوەیە، بەداخەوە لە هەندێک کۆمەڵگەی نەریتی و ئیسلامیدا، ئەم پەیوەندییە هێندە بە سروشتی دادەنرێت کە هەندێک جار فۆرمێکی تابوو وەردەگرێت و دژایەتیکردنی قبوڵکراو نییە. لە ڕاستیدا توندوتیژی ڕەمزی واتە سەپاندنی سیستەم و هێما و مانای پیاو بەسەر ژناندا. بە واتایەکی تر لێرەدا هەژموونی پیاوان و توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان بە بەرهەمی نەزمێکی بایۆلۆژی دادەنرێت. 
لە دۆخی ئێستای کۆمەڵگادا، ئەگەر ژن وەک کەرەستەی سێکسی پێشکەش بکرێت بۆ ئەوەی پیاوان چێژیان لێ وەربگرێت، ئەمە هێمای زاڵبوون بەسەر جەستەی ژن و بە کاڵاکردنی جەستەی مێینەیە. بە واتایەکی تر ئەمە جۆرێکە لە زاڵبوونه کە تیایدا توندوتیژی و زاڵبوون بە شێوەیەکی ڕەمزی بەسەر جەستە، هزر و فیکری مێینەدا جێبەجێ دەکرێت.
بۆیە ئەمڕۆ بارودۆخی ئیستغلالکردن و چەوسانەوە ژنان لەچاو ڕابردوو ڕوویەکی ڕەمزیتری وەرگرتووە و بە بارودۆخێکی سروشتی و تەنانەت چێژبەخشیش دادەنرێت.
توندوتیژی ڕەمزی لە کایەی جێندەروه ڕێگە بە چینی باڵادەست، واتە پیاوان دەدات، بە پێناسەکردن و شێواندنی ڕاستیەکان بەو شێوەیەی کە خۆیان دەیانەوێت، ژن بکەنە ئۆبژەی سێکسی خۆیان؛ ئەمەش بەو مانایەیە کە شێوازی نوێی کۆنترۆڵکردنی جەستەی ژنان بە جۆرێکە کە کۆنترۆڵکردنی جەستە و  فیکری ژنان لە ڕێگەی سەرکوتکردنی ڕاستەوخۆی کردارەکانەوە بەدی نایەت، بەڵکو ئەمڕۆ ئامێری باڵادەستی پیاو بە داڕشتنی ئەجێندا و دروستکردنی چەمکێکی وەک ئافرەتێکی جوان و مانکین، سەلیقەکانی ژن بەڕێوە دەبات.
لە دونیای مۆدێرنی ئەمڕۆدا جەستەی ئافرەتان بووەتە بازاڕێکی بەکاربەر. سیستەمی باڵادەستی بە ئاراستەکردنی جەستەی ژنان، خواستێکی کاریگەر بۆ فرۆشتنی کاڵای بەکاربەر دروست دەکات. لە ڕاستیدا ئامێری هەژموونی پیاو لە پێناو قازانجی ئابووری خۆیدا جەستەی ژنان دروست دەکات و ئەندازیاری دەکات. پیاوان لە ڕێگەی ئامێرێکی میدیاییەوە ڕوانگەی نێرینە شەرعیەت دەدەن، یاسا پێکهاتەییەکان لە دەقی کتێب و گۆڤارەکاندا دەچەسپێنن و لێکدانەوەیەکی تایبەت بۆ دەقە ئایینییەکان دەخەنە ڕوو.
بۆ نموونە پیشەسازی فیلم هەوڵ دەدات کچان لە ڕووی ئابوورییەوە بە نمایشکردنی جەستەیان بقۆزێتەوە. بە واتایەکی تر کەڵک وەرگرتن لە جەستەی ژنان لە دونیای مۆدێرن بۆتە بەشێک لە بەرژەوەندی و سەلیقەی بازرگانی و ئابووری چینێکی دیاریکراوی پیاوان.
زاڵبوونی سیمبۆلیکی لەسەر جەستەی ئافرەت بەو مانایەیە کە ژنان لە خودی ڕاستەقینەی خۆیان خاڵی دەبنەوە و لەگەڵ چاوەڕوانییە کۆمەڵایەتییەکان خۆیان دەگونجێن کە  بێگومان مەرج نییە ڕاست بیت. بەڵام ژنان کاتێک بەهێزن کە ئامرازەکانی خۆئاگاداری ڕاستەقینەیان هەبێت و داواکاریی وێرانکەریان هەبێت و تەحەدای گێڕانەوەی گەورەی ئێستا و سەرچاوەکانی دەسەڵات لە دەستی پیاوان بکەن.
پێویستە ژنان بزانن کە تێگەیشتنیان لە جەستەی خۆیان چەمکێک نییە کە لەخۆوە دروست بێت، بەڵکو تێگەیشتن لەم بابەتە پرۆسەیەک بووە کە لە لایەن هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و هەژموونی پیاوەوە بنیات نراوە. چینی پیاوسالاری ئەمڕۆ پێویستی بە سزادانی ژنان نییە بۆ ئەوەی ڕامیان بکات چونکە  ژنان خۆیان ئەمڕۆ هاوار دەکەن بۆ داواکاری پیاوان. ئەو جۆرە توندوتیژی و دەستکاریکردنانەی کە ژنان خۆیان بەسەر خۆیاندا دەیکەن، وەک نەشتەرگەری جەستە و دەموچاو، مانکین و بە کورتی هەموو ئەو بەرهەمە ژنانەی کە لە کۆمەڵگادا باون، جگە لە وەڵامێکی ئەرێنی بۆ هەژموون و داخوازییەکانی پیاو هیچی تر نین.

لە کۆتاییدا دەبێ بگوترێ ژنان تا مێینایەتی خۆیان لە چاوی پیاوانەوە ببینن، ڕێگایەک بۆ دەربازبوون لە هەژموونی خۆیان نادۆزنەوە. بینینی مێینەیی ئەوان لە چاوی پیاوەوە بەو مانایەیە کە ماکیاژ و نەشتەرگەری جەستە و نمایشی سێکسی جەستە لەلایەن ناوەندە کولتوورییە پیاوسالارەکانەوە بۆ زیاتر ملکەچکردنی ژنان دیاری دەکرێت و دەسەپێنرێت. ئەمانە هەموو دەرکەوتنی نوێی زاڵبوون و توندوتیژی ڕەمزین.
دسته بندی: اخبار / کرمانشاه / کوردی

نظر شما

  • نظرات ارسال شده شما، پس از بررسی و تأیید در وب سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.
نام شما : *
ایمیل شما :*
نظر شما :*
کد امنیتی : *
عکس خوانده نمی‌شود
برای کد جدید روی آن کلیک کنید