جمعه، 10 بهمن 1404
روژان پرس » اخبار » بیرەوەرییەک لە مامۆستا هێدی

سه‌لام ئیسماعیل سورخ

بیرەوەرییەک لە مامۆستا هێدی

0
کد خبر: 3155

بیرەوەرییەک لە مامۆستا هێدی

بە ڕووی خۆشییەوە وەریگرتم، زۆری پێ خۆش بوو. کوتم مامۆستا هەر لە مێرمنداڵییەوە کە ئەبووبەکری پۆڵادڕەک شێعری جەنابتی لە دێێ «عەزیزکەند» بۆ دەخوێندمەوە، هۆگری بە شێعر و هەڵبەستی ئێوەم. 
ئەوڕۆ شەممە 6ی خەزەڵوەر 1395ی هەتاوی هەواڵی کۆچی شاعێر و پیری بە‌ئەزموون، تێکۆشەری نەسرەوتووی ئەو ئاو و خاکەم پێگەیشت، زۆر خەمبار بووم. بە بیرەوەرییەک یادی پیرۆز ڕادەگرم. ساڵەکانی 51 و 52ی هەتاوی، ماڵمان لە ئاوایی عەزیزکەندی ڕۆژئاوای بۆکان بوو. هاوینان کە لە بۆکان دەرسم تەواو دەبوو دەگەڕامەوە عەزیزکەند.
«ئەبووبەکر پۆڵادڕەک»، خەڵکی ئاوایی «شێخاڵی»، دەرما‌ن‌فرۆشی گەڕۆک بوو؛ زاوای بنەماڵەی مامۆستا هێدی لە شێخاڵی بوو. هەر چەند بێسەواد بوو، بەڵام پیاوێکی بە‌ئەزموون و بەهۆش بوو و زۆرێک لە شێعرەکانی ئەودەمی مامۆستا هێدی لەبەر بوو و بەم شێوە (ئەودەم مامۆستا هێدی لەو وڵاتە قاچاغ بوو و چووبووە گەرمێن) منێکی مێرمنداڵ زۆر بە تامەزرۆیی بە ئەدەبی کوردی وە سەر زەوقی دەخستم کە بیستنی شێعرم پێخۆش بێ و باڵی خەیاڵی ڕۆحی منداڵانەم وە فڕێن بکەوێ و ئاوپڕژێنی دەروونم بکا. بە‌تایبەت ئەو هەڵبەستەی کە بۆ دووری وڵاتەکەی هۆندبوویەوە:
 «چاوەکـانم بەسیـە غـوربـەت بێـرەوە       
 چۆن بژیم من، تۆ لە وێ من لێرەوە»
 کۆچ‌کردوو ئه بووبکر پولادره‌ک، زاوای مامۆستا هێدی که هه‌وه‌ڵ جار سالی 1351 له ئاوایی عه‌زیز که ند شیعری مامۆستا هێدی بۆ خویندمه‌وه که ده‌رمان فرۆشی ده‌کرد


زەمان تێپەڕی، سووڕی دەوران وەهای پێک هێنا ساڵی 1361ی هەتاوی لە سەربازی بکەومە بەر هەستیارێکی زۆر هونەرمەندی سابڵاغی کە هەتا ئەو دەمە یەکترمان نەدەناسی، خۆش‌نووس بە‌تایبەت وێنەکێش، کوردی‌نووس  و کوردی‌خوێن، «سمایل پاکزاد» کە پێی خۆش بوو پێی بڵێن سمکۆ. هەر دەرفەتێکمان وە دەست دەکەوت ئاڵ‌و‌گۆڕی ئەدەبیمان دەکرد. کوردی فێر دەکردین، شێعری بۆ مانا دەکردینەوە، لە هەر بوارێک پەنجە‌نەخشین و دەست‌ڕەنگین بوو؛ بە‌تایبەت شارەزا بە زمانی «سوارە ئیلخانی‌زادە» بوو. ئەو دەم «خەوەبەردینەی» بۆ نووسین و بۆی مانا کردینەوە. خودا هەڵناگرێ دەنگیشی زۆر خۆش بوو؛ غەزەلەکانی مامۆستا هێدی جوان دەخوێندەوە. هەر کات هەست بکەم دەتوانم لەززەت لە جوانیی ئەدەب ببەم، قەرزداری سمایل پاکزادم. دوای سەربازی پێوەندیمان هەر نەپچڕا. هەر کات دەرفەتێکم بۆ هەوڵکەوتایە، دەچوومە سابڵاغ، دەچوومە ماڵێیان وەک مووزەیەکی کوردی وا بوو. کاک «عەبباس»ی ڕەحمەتی باوکی کوردییەکی جوانی قسە دەکرد. بە دڵاوایی هەرچی لە بەر دەستی هەبا لە شێعر، نەواری خۆش، کتێب دەیدامێ.
گەرمەی هاوینی ساڵی 1366ی هەتاوی بوو، تەلەفوونم بۆ سمکۆ کرد بۆ غەزەلی تازەی مامۆستا هێدی. کوتی ڕێگای دوورت بۆ نزیک دەکەمەوە. مامۆستا هێدی بۆ دیتنی خزم و کەسەکانی هاتووەتەوە بۆکان، دەتوانی لە ماڵە «عوبەید»ی برای مامۆستا بیبینی. دوانیوەڕۆیەکی فێنکی سەر لە ئێوارێ، خودا و ڕاستان لە خەیابانی بۆکان دووراودوور چاوم پێکەوت، لەگەڵ عوبەیدی برای و"عەڕەب"ی برازای بوو. بە‌تایبەت لەگەڵ عەڕەب دۆستایەتیم هەبوو. بەرەوڕوویان چووم، پیاوێکی چوارشانەی باڵابەرزی بەهەیبەت، پیرێکی زۆر قەوارە جوان، هەتا بڵێی خۆش‌لیباس، بە کراواتێکی سوور. سڵاوم لێ کردن و دەستم لە نێو دەستی نا. کوتم مامۆستا من نەوەی حاج عەلی سمایلە سوورم، زەمانی حاجی حەمەداغای مەڕحوومی باوکت ماڵی لە شێخاڵی بووە باوەڕپێکراوی حەمەدئاغا بوو.
  بە ڕووی خۆشییەوە وەریگرتم، زۆری پێ خۆش بوو. کوتم مامۆستا هەر لە مێرمنداڵییەوە کە ئەبووبەکری پۆڵادڕەک شێعری جەنابتی لە دێێ «عەزیزکەند» بۆ دەخوێندمەوە، هۆگری بە شێعر و هەڵبەستی ئێوەم. لە شێعری تازەی جەنابتان دەگەڕام، عەرزیان کردی لە بۆکانێیە و هەر بەو بۆنەوە هاتوومە خزمەتتان.
ئەو پیاوە گەورەیە، نەدیو و نەناس، زۆر بە ڕووی خۆشییەوە فەرمووی لێرە غەزەلەکانم پێ نییە، سێ غەزەلی تازەم هەیە، شەو وەرە ماڵی عوبەید، بە خەتی خۆم بۆت دەنووسمەوە.
 ئای لەو خۆشییە، زۆر گەشامەوە، ماڵی عوبەید لە گەڕەکی نزیک ئیدارەی «ئامووزش و پەروەرش»ی بۆکان بوو. شەو چوومە ماڵیان. کەسایەتی مامۆستا هێدی و هەستی ئینسانی، ڕووح‌سووکی و بێ گرێ‌و‌گۆڵی، بە‌تایبەت ڕێز و ئیحتڕامی ئەو بنەماڵەیەم قەت لە بیر ناچێ. مامۆستافەرمووی غەزەلی «ئاوات»م زۆربەدڵە.
سه‌رچاوه ڕۆژنامه‌ی ڕۆژان

نظر شما

  • نظرات ارسال شده شما، پس از بررسی و تأیید در وب سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.
نام شما : *
ایمیل شما :*
نظر شما :*
کد امنیتی : *
عکس خوانده نمی‌شود
برای کد جدید روی آن کلیک کنید