کۆبهرههمی "بزووتنەوەی بارزان" گەورەترین پڕۆژەی مێژوونووسی کوردستان لە ئێران چاپ کرا
ئەم بەرهەمە بە کەڵک وەرگرتن لە بەڵگە بەنرخەکان لە کۆمەڵە کتێبێکی ۶ بەرگیدا بە دوو زمانی کوردی و فارسی چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
ڕۆژان پرێس- مەنسوور جیهانی: کۆمەڵە کتێبی ۶ بەرگی "بزووتنەوەی بارزان" لە لایەن ئەنستیتۆی فەرهەنگی کوردستان لە تاران بە هەوڵ و قەڵەمی "بەهرام وەلەدبەیگی" ڕۆژنامەنووس و توێژەری مێژووی هاوچەرخ لە لایەن دەزگای ناوداری "نەشری سالس" چاپ کرا.

ئەم بەرهەمە گرینگە کە بە گەورەترین پڕۆژەی مێژوونووسیی کوردستان دێتە ئەژمار بە کەڵک وەرگرتن لە بەڵگە بەنرخەکان لە ناوەندە بەڵگەییەکان و ئەرشیڤی ئێران و تورکیا لە کۆمەڵە کتێبێکی ۶ بەرگیدا بە دوو زمانی کوردی و فارسی چاپ و بڵاو کراوەتەوە. ئەم کۆمەڵە مێژوونووسییە خەباتەکان و ژیانی سیاسیی سێ کەسایەتی ناوداری کوردستان لەوانە: شێخ "عەبدوالسەلام بارزان"، شێخ "ئەحمەد بارزان" و مەلا "مستەفا بارزانی" لە سەد ساڵی دواییدا لە نێوان بەڵگەکان و لە پێناو خەبات دژی لەبیرکردنەوەی مێژوویی بڵاو کراونەتەوە.
"بەهرام وەلەدبەیگی" بەرپرسی ئەنستیتۆی فەرهەنگی کوردستان لە تاران و نووسەری کۆمەڵە کتێبی 6 بەرگیی "بزووتنەوەی بارزان" سەبارەت بەم بەرهەمەی بواری مێژوونووسی گوتی: ئەم بەرهەمە کە لە ڕاستیدا گەورەترین پڕۆژەی مێژوونووسی کوردستانە، تیایدا بۆ یەکەمین جار، هەوڵ دراوە بزووتنەوە و هەروەها سێ ڕێبەری کوردەکان لەسەر بنەما و بەڵگەکان، نووسراوە فەرمییەکان و دیوانی ئێران و عوسمانی بخاتە بەر لێکۆڵینەوە و شیکارییەوە. هەروەها هەوڵی داوە تاکوو مۆدێلێکی گشتی و شیاویی پەسەند لە کۆکردنەوە و نووسینی مێژووی کوردستان بە پێی بەڵگەکان بخاتە ڕوو کە لە لایەن توێژەران و مێژوونووسانەوە کەڵکی لێ وەربگیرێت.
بەرپرسی ئەنستیتۆی فەرهەنگی کوردستان لە تاران ڕایگەیاند کە لە ڕێوڕەسمی پەردەلادان لەم پڕۆژە گەورە مێژووییە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا لە شاری هەولێر پێتەختی هەرێمی کوردستان و هەروەها لە مانگی گوڵانی ساڵی ۱۴۰۱ی هەتاوییدا لە شاری تارانی پێتەختی ئێران بەڕێوەدەچێت، هاوکات لەگەڵ گەورەترین ڕووداوی فەرهەنگی واتە پێشانگای نێودەڵەتی کتێبی تاران، بە ئامادەبوونی کەسایەتییەکانی زانستی، سیاسی و فەرهەنگی لە ڕێوڕەسمێکدا ڕوونوێنی لێ دەکرێت.

ئەم کۆمەڵە بەڵگە گرینگە کە بۆ یەکەمین جار لەم ئاستەدا بڵاو دەکرێنەوە، 6 کتێبی بە دوو زمانی فارسی و کوردی لە خۆ گرتووە و بە مانشێتی "بارزان" لە قەوارەیەکی جوان و هەرماندا دیزاین و پێشکەش کراون، کە بریتین لە:
۱ ـ شیخ عبدالسلام بارزان در اسناد ایران و عثمانی در ۶۷۶ صفحه
۲ ـ شیخ احمد بارزان در اسناد ایران در 955 صفحه
۳ ـ ملامصطفی بارزانی در اسناد ملی ایران در 933 صفحه
۴ـ شێخ "عەبدوالسەلام بارزان" لە بەڵگەکانی ئێران و عوسمانیدا لە ۱۱۱۹ لاپەڕە
۵ ـ شێخ "ئەحمەد بارزان" لە بەڵگەکانی ئێراندا لە ۹۵۵ لاپەڕە
۶ ـ مەلا "مستەفا بارزانی" لە ڕوانگەی ڕۆژنامەکانی ئێراندا لە ۹۳۳ لاپەڕە
آدرس کوتاه خبر: