هاوکات لەگەڵ مۆسیقادا هەڵپەڕکێ یەکێکە لە پێکهاتە کولتووریەکانیش، بەڵام ناتوانرێت وەک نیشاندەری سەرەکی کولتووری کۆمەڵگایەک هەژمار بکرێت. کولتوور چەندین نیشاندەری هەیە وەک سیستەمی کۆمەڵایەتی، پەروەردە، ئایین، ئابووری و زانست. کولتوور لە بەشە جۆراوجۆرەکان پێکهاتووە کە هەریەکەیان ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە پێکهاتنی شوناسی کۆمەڵایەتی و تاکەکەسیدا هەیە. زمان ئامرازی سەرەکی گواستنەوەی مەعریفە و هزر و ئەزموونەکانە و ئەدەبیش پارێزەری مێژوو و ئەفسانە و بیری نەتەوەیەک بووە. بڕی بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی کتێب و بابەت و بەرهەمی ئەدەبی، نیشاندەرێکی گرنگە لە هەڵسەنگاندنی کولتووری کۆمەڵگایەکدا. ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ، ئازادیە تاکەکەسیەکان و کۆمەڵایەتیەکان و ئاستی بەشداریکردن لە چالاکیە کۆمەڵایەتیەکان لە پێوەرەکانی شیکردنەوەی بەها کولتووریەکانن. هونەر بە شێوازیکی جیاجیا وەک مۆسیقا، نیگارکێشی، شانۆ، سینەما و پەیکەرسازی خۆی نیشان ئەدات. بڕی بەرهەمە هونەریەکان، ژمارەی مۆزەخانە، گەلەری و ناوەندە ڕۆشنبیریەکان بە نیشاندەری گرنگی کولتووری کۆمەڵگا دائەنرێت.
پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان، پێگەی خێزان و ڕادەی هاوپشتی کۆمەڵایەتی، نیشاندەری گرنگی کولتوورن. هەروەها جۆری پێکهاتەی خێزان و پێگەی ژن و منداڵ لە کۆمەڵگا ئاماژەیە بۆ جۆری کولتووری ئەو کۆمەڵگایە. میراتی کولتووری بریتیە لە شوێنەوارە مێژوویەکان، بەرهەمە هونەریەکان، زمانە ڕەسەنەکان و داب و نەریت. ئاستی پاراستنی بەرهەمە مێژوویەکان وەک مۆسیقای نەریتی، کاری دەستی و زمانە ناوخۆیەکان لە بەردەوامی کولتوور زۆر گرنگە. گەشەسەندنی زانستی و ئاستی خوێندەواری کۆمەڵگا نیشاندەری کولتووری کۆمەڵگایەکن. ژماره ی زانکۆکان، بڕی توێژینەوه، گهشه پێدانی زانستی و بوونی خوێندن و کوالیتی سیستەمی خوێندن ئاماژەی پێگەی کولتووری کۆمەڵگا ئەکەن. هەروەها میدیا ڕۆڵێکی گرنگ ئەگێڕێت لە گواستنەوەی زانست و هۆشیاری کۆمەڵایەتی. ئاستی دەستڕاگەیێشتن بە ئینتەرنێت و تەلەفێزیۆن و ڕۆژنامە و گۆڤار و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ئاستی هۆشیاری کولتوری کۆمەڵگا دیاری ئەکات. پەیوەندی نێودەوڵەتی و ئاستی بەشداریکردن لە فێستیڤاڵ و بۆنە کولتووریە جیهانیەکان ئاماژەن بۆ ئاستی فراوانبوونی کولتووری نەتەوەیەک، هەروەها بڕی هەناردە و هاوردەکردنی بەرهەمە کولتووریەکان و ژمارەی گەشتیارانی ناوخۆ و بیانی وەک نیشاندەری کولتووری دیکە هەژمار ئەکرێن.
یەکێک لە تەحەددای بنەڕەتی لە شیکردنەوەی کولتووردا، تێڕوانینی نەریتگەرایە. زۆرێک لە تێڕوانینە هەڵە کولتووریەکان لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە دەگوازرێنەوە، بەبێ لێکۆڵینەوە و ڕاستنەکراوە. لە کاتێکا کەلتوور توخمێکی دینامیکیە و پێویستە لەسەر بنەمای لۆژیک و شیکردنەوە و ڕەخنەی بنیاتنەر لێبکۆڵرێتەوە. هەندێک نەریتی نادروست، وەک بەکارهێنانی تێکستەکان بەبێ مانای گونجاو لە مۆسیقا، ڕەفتاری ناعەقڵانی لە پرسە کۆمەڵایەتیەکان، یان قبوڵکردنی بێ پرسیار لە بیروباوەڕە کۆنەکان، پێویستیان بە پێداچوونەوە و ڕاستکردنەوە هەیە.
کولتوور چەمکێکی فرەڕەهەندە کە بە هەموو توخمەکانی کۆمەڵگایەکدا دەڕژێت. سنووردارکردنی کولتوور بە گۆرانی و هەڵپەڕکێ و داب و نەریتی ناوخۆیی، تێڕوانینێکی ناتەواو بۆ ئەم چەمکە قووڵەیە. بۆ ئەوەی بەڕاستی لە کولتوور تێبگەین، پێویستە لە پێوەرە جۆراوجۆرەکانی وەک ئاستی پەروەردە، بڕی بەرهەمە هونەری و ئەدەبیەکان، سیستەمی بەها، میدیا و پەیوەندیە جیهانیەکان بپشکنرێت. ڕوانگەیەکی لۆژیکی و زانستی بۆ کولتوور، جگە لە پاراستنی شوناسی کولتووری، ئەگەری ڕاستکردنەوەی نەریتە نادروستەکان و گەشەسەندنی بەردەوامی کۆمەڵگا دەڕەخسێنێت. ناسینی کولتوور بە پێوەرێکی ورد و بەڵگەدار بە شێوەیەک شی بکرێتەوە کە گەرەنتی گەشەسەندنی فکری و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگایەک بکات.