سه شنبه، 24 مهر 1403
روژان پرس » اخبار » مامۆستا حامد ئیدراکی ژیواری/ پەیڤێ لە ئەڤین و ورشەیەک بە ئاسمانی ئەدەبەوە

ساسان مۆنفەرێد(بێوەر)

مامۆستا حامد ئیدراکی ژیواری/ پەیڤێ لە ئەڤین و ورشەیەک بە ئاسمانی ئەدەبەوە

0
کد خبر: 2076

مامۆستا حامد ئیدراکی ژیواری/ پەیڤێ لە ئەڤین و ورشەیەک بە ئاسمانی ئەدەبەوە

مامۆستا مەلا حامید پاش 40 ساڵ خزمەت به ئایین و کۆمەڵگا، ڕۆژی 21ی خەرمانانی 1403 چرای تەمەنی ئەکوژێتەوە و تێکەڵ بە کاروانی زانایانی نەمر دەبێت.
ڕۆژان پرێس: بەداخەوە هەواڵی کۆچی دوایی مەزنە پیاوێکی تری وڵاتەکەمان هەوری ماتەمی بە سەر دڵمانا باراند و خەسارێکی گەورەی به نیشتمان و خەمێکی قورسی پێمان بەخشی؛ بەم بۆنەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزیان و سەرجەم نیشتمان دەکەین.
ژیوار لەمێژەوە تا بە ئەمڕۆ مەتەرێزێ بووە بۆ پاراستنی فەرهەنگی ڕەسەن و  لانک و مەنزڵگایێ بووە بۆ پەروەردە کرنی زانایانێ کە ناویان وەک  ئەستێرەیەکی گەش دیارە بە تەنیشت ئاسمانی مێژووەوە؛ ژیواریش وەکۆ زۆربەی گوندەکانی تری وڵات کۆگایەکە تەژی له لاپەڕەی زێڕین، یەکێ تر لەو ئازیزانەی کە جێ پەنجەی خزمەتی بە وڵاتەوە دیاره بەڕێز مامۆستا حامید ئەدراکی ژیوارە کە سەرەنجتان بۆ گۆشە نیگایەک لە سەر بووردەی ئەم ئازیزە ڕادەکێشین:
مامۆستا حامید ژیواری کوڕی سۆفێ مۆحەممەد ڕەحیمی ژیوار و خاتوون ئامینەی سلێنی ساڵی 1336ی کۆچی هەتاوی لە گوندی ژیوار سەر بەناوچەی سەوڵاوا  لە بنەماڵەیەکی ئایینی چاوی بەژیان هەڵێناوە. (لە لایەن دایک و باوکیەوە له بنەماڵەکانی مورید و مەنسووبی شێخانی بیاره بوونە)
قۆناغەکانی سەرەتایی خوێندن و خەتمی قورئانی پیرۆزی لە تەمەنی مناڵیدا لە خزمەت مامۆستا عەبدۆڵڵای سلێن  تێپەڕ کردووە و بە هۆی وەسیەتی باوکیەوە بە ڕێنمایی مامەی خوالێخووشبووی مۆحەممەد کەریم ژیواری لە گەڵ مامۆستا سەیید عەلی ژیواری ڕێگای فەقییەتی دەگرێتە بەر و هەر وەها کە بەڕێز نووسەر و توێژەر کاک سەعد ئەدراکی کوڕی خوالێخووشبوو مامۆستا حامێدیش لە دەقێکدا ئاماژەی پێکردووە "لە شار و ئاواییەکانی باشوور و ناوخۆ لە خزمەت گەلێک لە زانایان وەکوو مامۆستا عەلی ژیواری، مامۆستا عەبدولخالق دزاوەری، مامۆستا مۆحەممەد بەهائەلدینی خورماڵ، مامۆستا مۆحەممەد خوداجویی(زەینەب)، مامۆستا ئەحمەد نەعمەتی، مامۆستا عەلی سەعادەتی هەوشاری، مامۆستا مەلا هادی دزاوەری، مامۆستا مەلا عەزیز بندۆڵێ، مامۆستا مەلا عەلی بیارە، مامۆستا شێخ جەلال فارۆقی و زۆرێک تر لە زانا  گەورەکان دەخوێنێت و لە کۆتایی خوێندنیا لە ساڵی 1358ی کۆچی هەتاوی له خانقای دووڕو لە شاری سەوڵاوا، لە خزمەت مامۆستا مەلا مەحموود مۆدەڕسدا ئیجازەنامەی مەلایەتی وەردەگرێ و دەگەڕێتەوە بۆ ئامێزی زێدەکەی و لەوێ بە بۆنەی داخرانی مەکتەبەکان بە هۆی شۆڕشی گەلانی ئێران دژ بە پاشایەتی مامۆستا حامید بە ئەرکی ئایینی و کۆمەڵایەتی خۆی زانیوە بناغەی حۆجرەیەک دابمزرێنت و وانە وتنەوە بە مناڵانی ئاوایی دەس پێبکا کە لە ئاکامدا زیاتر لە 200 کەس لە مناڵانی ژیوار، قورئانی پیرۆز خەتم دەکەن و 25 کەسیان تا دووایین مادەکانی مەلایەتی ئەخوێنن و ئەرکی خزمەت بە کۆمەڵگایان لە شار و گوندەکانی کوردستان لە ئەستۆ گرتووە.
هاوکات مامۆستا حامید لە ساڵی 1361 تا 1371 لە مەکتەبی فەرمی ژیوار وەک مۆعەلیم و مامۆستای وانە وتنەوە درێژەی بە ژیان داوە و خزمەتی زانستی بە لاوانی ئاوایی ژیوار کردووە. گرینگی حۆجرەی مامۆستا لەوەدا بوو کە کاتێ مەکتەبی فەرمی لە ژیوار کەمتر لە 20 خوێندکاری هەبووە، ڕێژەی فەقێیەکانی خزمەتی مامۆستا تا 60 کەس ڕۆیشتووە؛ واتە لە مەکتەبی فەرمی ئاوایی زۆرتر خوێندکار لە خزمەت مامۆستادا خوێندوویانە و فێرگەی ئایینی ژیوار بە بەڕێوبەرایەتی مامۆستا حامید پشوودانی نەبووە و 12 مانگە بووە؛ تەنانەت لە کاتی هەواروەزیدا وانە وتنەوە درێژەی هەبووە.
مامۆستا حامید لە ساڵانی 1371 تا 1398 لە مزگەوتەکانی شارۆچکەی هێجرەت‌ [جووجەسازی]، تاڵەقانی (گەڕەکی میانەییەکان)، حەزرەتی سولەیمان (گەڕەکی بلچەسووری)، و لە مزگەوتی حەزرەتی عومەری شاری مەریواندا ئەرکی تەدریس و پێشنوێژی لە ئەستۆ بووە و بۆ ماوەی 10ساڵیش (1390 تا 1400) وەک بەڕێوبەر و مۆدەڕێسی قوتابخانەی ئایینی شوورای ڕۆحانی چالاکی کردووە و بۆ ماوەی 10 ساڵیش (1375 تا 1385)‌ مامۆستا حامید وەک نازری زێبحی شەرعی لە کوشتارگای مەریواندا هاوکاری لە گەڵ دایرەی دامپزشکی مەریوان کردووە و ئەرکی ڕێنمایی قەسابەکان بۆ بەرهەم هێنانی گۆشتی حەڵاڵ و پاراستنی مافە شەرعیەکان و بۆ ڕاگرتنی لەش ساغی کۆمەڵگا لە ئەستۆ بووە و لە بۆاری نووسینیشدا دەستێکی باڵای هەبووه و خاوەنی دوو بەرهەمە لە ژێر ناوی: تەسحیحی مەنزوومەی عەڕەبی[استنزال النصر بالتوسل باهل البدر] و هەر وەها [کەشکۆڵ]کە بەداخەوە تا ئێستا بەچاپ نەگەیشتووە.
مامۆستا حامێد له سەردەمی فەقێیەتیدا وەک  مەلەوانێکی تایبەتی ناسراوە و شێخ موحەممەد عوسمانی نەقشبەندی بە ناسناوی مەلا بەحری ناوی لێوە بردووە و ڕێزی لێ گرتووە."
مامۆستا مەلا حامید پاش 40 ساڵ خزمەت به ئایین و کۆمەڵگا، و خانەنشین بوونی له شاری مەریوان، بەداخەوە له ڕۆژی 21ی خەرمانانی 1403 چرای تەمەنی ئەکوژێتەوە و تێکەڵ بە کاروانی زانایانی نەمر دەبێت و ئەسپەردەی خاکی گۆڕستانی ملەکۆی ژیوار دەبێ.
شایانی باسە پوختەی ژیاننامە و خزمەتەکان و بیرەوەری بەڕێزیان لە لایەن توێژەر کاک سەعد ئێدراکی کوڕیانەوە ئامادەی لە چاپ دانە.

ئەمەش پارچە شێعرێک کە لە لایەن بەڕێز سه‌ی بەهای ژیواری پێشکەش بە ڕۆحی مامۆستا کراوە:

"ها شیم  وه  فەنا هاشیم وە فەنا
فیراقت یەکجار بەرڎاش وە فەنا

فیراقت یەک سەر  دڵش  بەرڎەنا
تێکەڵوو کۆگاو  غەماش  کەرڎەنا

هیجرانت ئازام تەمام ئارڎش چڵ
هەرسیم   متێرە  گڕەوانێ بە دڵ

مامۆسای ئازییز حامیڎ  ئەدراکی
ڕاهنما و دینی و مایە و رووناکی

پەی دینی و دنیێ خاس چراوێبێ
گۆفتارش   دەواو  لەرز و  یاوێبێ

نیشتەیرە چەنیش لەزەت بێ و سەفا
شیت پەی  کەرێوە   دینی   مۆستەفا

نەسێحەتەکەش پەر بێ جە وەشی
چە سڵامەتینە   چە   بە   نەوەشی

تەوسیف  مەکریا  سیفاتێ  خاسش
ئانە   لازم   بی   لا   وێشۆ   ناسش

ئێرائەش   داری   بە        مۆسڵمانا
تا    گۆمڕێ     نەبا     راوێشا   زانا

سا ساحیب   کەرەم   کەرم فراوان
عالمی   گەورە  وە  خزمەت یاوان

کیانە پێشوازش مەلائێک رەحمەت
کەرە  خەڵاتش   باغەکەی  جەنەت

جایەگاش گۆڵزار قەبڕێش مۆنەووەر
هام رازش بۆ بە  رەسوولی  سەرور"
ئامین
رۆحش شاڎ یاڎش بە خەیر
              
سەرچاوەکان: لێدوان و دەقێکی نێردراو لە لایەن بەڕێز کاک سەعد ئێدراکی، کوڕی خوالێخووشبوو و شێعرێکی نێردراوی سه‌ی بەهای ئەحمەدی ژیوار 
نووسین وکۆکردنەوە: ساسان مۆنفەرێد(بێوەر)
تبلیغ

نظر شما

  • نظرات ارسال شده شما، پس از بررسی و تأیید در وب سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.
نام شما : *
ایمیل شما :*
نظر شما :*
کد امنیتی : *
عکس خوانده نمی‌شود
برای کد جدید روی آن کلیک کنید