پنج شنبه، 29 شهریور 1403
روژان پرس » اخبار » لە بۆڕیەرەوە تا زانکۆی ئەلئەزهەر/ گەشتێک له سه‌ر ژیانی مامۆستا مەلائەسعەدی ڕیازی

ساسان مۆنفەرێد(بێوەر)

لە بۆڕیەرەوە تا زانکۆی ئەلئەزهەر/ گەشتێک له سه‌ر ژیانی مامۆستا مەلائەسعەدی ڕیازی

0
کد خبر: 2039

لە بۆڕیەرەوە تا زانکۆی ئەلئەزهەر/ گەشتێک له سه‌ر ژیانی مامۆستا مەلائەسعەدی ڕیازی

مامۆستا ئەسعەدی ڕیازی قەڵەمی نەبردوەتە قوربانگای دەسەڵات و  بەهۆی ئەوەی کە زوڵم قەبووڵ ناکات و لێهاتوویی و کەتمان نەکردنی لە کێشەگەلی کۆمەڵایەتی و شەرعی و یاسایی و...
وێنەی نووسەر و مەلاعەبدوڵڕەحمانی ڕیازی کوڕی مەلائەسعەدی ڕیازی
"بۆڕیەر" ئاواییەک کە بیستنی ناوی شەپۆلێ لە ورە و خەرمانێ لە نیشتمان‌دۆستی و گوڵجاڕێ لە زانست و هونەرمان دێنێتە پێش چاو.
لە ساڵی 1245ی هەتاوی له داوێنی کاڵیسەر، لە ئاوایی سەربەرزی بۆریەر سەر بە ناوچەی ژاوەرۆ لە بنەماڵەیەکی زانا پەروەر کەسایەتیەک لە دایک دەبێ کە دەبێتە ئەستێرەیەک لە ئاسمانی مێژووی وڵاتەکەمان:
عەللامە مامۆستا مەلا ئەسعەدی ڕیازی کوڕی مامۆستا عەبدولڕەحمان کوڕی مەلا جامی، کوڕی مەلا مەهدی لە بنچینەی خاندانی مەزنی مەردۆخی[عەبباس مەلاگشایش].
مامۆستا ئەسعەدی ڕیازی لە خزمەت باوکی ئازیزی قورئان و وانە ئایینیەکان بە جوانی فێر ئەبێت و پاشان بۆ تێراوکردنی هزری لە کانیاوی زانست، ڕوو دەکاتە ئاوایی بێساران و لە خزمەت مامۆستا عەبدولسلام زەبیحی فێری زانینی زیاتر ئەبێت و پاشان بۆ گوڵمژین لە گوڵستانی زانست ڕوو دەکاتە شارەکانی کەرکووک و سلێمانی و بەغداد و پاشان لە گەڵ پولێک لە هاوڕێیانی ڕوو دەکەنە دەمیشق و تورکیە و دوواتر بۆ زانکۆی ئەلئەزهەری میسر و لەوێیە دیسان بۆ خوێندنی زیاتر بارگەی سەفەر دەپێچێتەوە بۆ سەمەرقەند و بوخارا و پاشان دەگەڕێتەوە بەغداد و کەرکووک و لەوێ دەڕواتە خزمەتی مامۆستای خۆشناو عەللامە ئەسعەد ئەفەندی خیلانی ڕەواندزی[لە خەڵیفەکانی شێخ حێسامەددین]. 
لەوێ فێری بۆارەکانی فقە، ئووسووڵ و حێکمەت دەبێ و پاشان دەچێتە خزمەتی مامۆستا عەلی حێکمەت ئەفەندی سیامەنسووری کەرکووکی و لەوێش فێری بۆارەکانی ڕیازی و نجووم و فه‌له‌کیات ئەبێ  و (ئەوەندە شارەزای ڕیازی دەبێ ناسناوی ڕیازی پێوە دەلکێنن).
ئیجازەنامەی فتوا و مامۆستایی وەردەگرێ و پاش وەر گرتنی ئیجازەنامەی فەرمی لە ساڵی 1277ی هەتاوی دەگەڕێتەوە زێدەکەی خۆی و وەک ئۆستادێک وانە ئەڵێتەوە.
مەلا ئەحمەدی ڕیازی کوڕی مەلا ئەسعەد، دانیشتووی سەقز
مامۆستا ئەسعەدی ڕیازی قەڵەمی نەبردوەتە قوربانگای دەسەڵات و  بەهۆی ئەوەی کە زوڵم قەبووڵ ناکات و لێهاتوویی و کەتمان نەکردنی لە کێشەگەلی کۆمەڵایەتی و شەرعی و یاسایی و... لەگەڵ هاوڕێیەکیا بەناوی شێخ ئیسماعیلی بۆڕیەر ئەکەوێتە بەر تووڕەیی عەلی ئەشرەف خان؛ هەر بەو بۆنەوە مەلا ئەسعەد ناچار ئەکات کە کۆچ بکاتە ئاوایی پایگەلان سەر بە ناوچەی ژاوەرۆ لە سەوڵاوا. مامۆستا ڕیازی له ئاخری کتێبی "تقریب المرام" کە بە خەتی خۆی نووسیوە کە لە ساڵی 1307ی کۆچی هەتاوی له بۆریەرەو بەرەو پایگەلان کۆچی کردووە. زۆربەی مامۆستایانی خۆشناوی ئەوکات وەکوو عەلامە مەولانا باقربالک، مامۆستا عەبدولمەجید موەحددەولەت ئاباد جوانڕۆ، شێخ حەیدەر سیویه کوڕی شێخ موحەممەدی سیویە، مه‌لا حەیدەر فەهیم ئەوێهەنگی، مەلا تەیووب نسڵی، مەلا عەبدۆڵڵای ڕزاو، مەلا ڕەحمانی کەیهانی سەرهوویە، مەلا مەعرووف مەردۆخی پایگەلان، مەلا سەلاحەددینی زەبێحی، مەلا بورهان مەردۆخی ژان، مەلا فایەق ئەسەدی ژان، مەلا ڕەسووڵ ئاریانی، مەلا سدێقی سوورەتوویی، مەلا عەلی سەبار بێسارانی، مەلا عەلی ڕیازی کوڕی، مەلا ئەحمەد ڕیازێ کوڕی، شێخ مۆحەممەد سەعید نەقشبەندی و شێخ عەتائەڵڵای ئامۆزای شێخ حیسامەددین و... وەک شاگردێ لە خزمەتیان بوونە و لە گەڵ شێخ سراجەددینی سانی و شێخ حێسامەددین هاوڕێیەتیان بووە و دەفتەری تەڵاق و نیکاح لە ئاوایی پایگەلان دادەمزرێنێ.
نموونەیەک لە دەستخەتی مەلائەسعەدی ڕیازی کە نامەیەکە لە ساڵی 1330 بۆ بەڕێز مەلا مەعرووفی عەلیزادەی نسڵی ناردووه
مامۆستا ئەسعەدی ڕیازی لەو ماوەدا کە بە وڵاتە ئیسلامیەکاندا سەفەری کردووە لە پاڵی فێربوونی زانستی هەوڵی داوە کەسایەتیە بە ناو بانگەکانی کوردستانیش بە جیهانی ئیسلام بناسێنێت.
مامۆستا ئەسعەدی ڕیازی بە کەسایەتیەکی لە خواترس، ڕاستبێژ، بێباک، بوێر، حەقبێژ، خزمەتگوزار و میواندار ناوبانگی دەرکردووە.
دستنوسە چاپ‌نەبووەکانی بە ناوی کتێبی «تهذیب»ە و نامەگەلێکی لەگەڵ  ناودارانێ وەکوو شێخ حێسامەددین، مەلا مەعرووفی علیزادەی نسڵ و... ئاڵوگۆڕ کردووە.
ئەم بەڕێزە لە ماوەی ژیانیدا سێ ژنی هێناوە و پێنج کوڕ و دو کچی بووە کە مەلا عەبدوڵڵای ڕیازی (هاوڕێی مەلاموستەفا بارزانی) کوڕی گەورەی مەلا ئەسعەد بووە کە ئەویش ڕێبازی ئەجدادی بەرنەداوە و زۆربەی تەمەنی لە کوردستان بۆ خزمەت بە ئایین و وڵات بە سەر بردووە.
مەلا عەلی ڕیازی کوڕی مەلا ئەسعەد ڕیازی
چرای ژیانی ئەم کەسایەتیە گەورە لەساڵی 1334ی هەتاوی ئەکوژێتەوە و (لە تەمەنی 89 ساڵیدا) لە ئاوایی پایگەلان لە مەزارگەی حاجی قاسمی پایگەلان ڕاسپاردەی خاک کراوە.
ژیاننامەی ئەم کەسایەتیە پایە بەرزە ئەمڕۆکە لە کتێبگەلی وڵاتانی ئیسلامی سەرجەم جیهان بە زمانگەلێ جۆراوجۆر لە چاپ ئەدرێ و وەک کەسایەتیەکی جیهانی لە زانکۆ و گەورەکانی دنیا ناوی لێ ئەبەن و داستانگەلێکی وەکوو ڕەخنە لە تفەنگدارانی حەسەن خانی ڕەزاو لە خزمەت خودی خاندا لە مەراسمێکی مەولوودنامە وێردی زاره کە نەترسانە قسەی دڵی خۆی لە لایا کردووە و هەروەها بە سەرهاتێکی تری کە لە زمانی بەڕێز مەلا عەبدولڕەحمانی ڕیازی لە سەوڵاوا بیستوومە ئەمە بوو کە:
ئەڵێن ڕۆژێک فەرماندەیەکی باڵادەستی نیزامی دەعوتی ئەکات کە مەلا ئەسعەد بێت بۆ دیداری، بەڵام بە پێچەوانەوه مەلا ئەسعەد داخوازەکەی ڕەد دەکاتەوە، هەر بۆیە فەرماندەی نیزامی ئەوکاتی پایگەلان تووڕە دەکات و دەستوور ئەدا بە سەربازەکانی کە بەزۆر بیهێنن بۆ لای و مەعموورەکانیش ئەچن بۆلای مەلا ئەسعەد و تکای لێ ئەکەن کە بە بۆنەی ئەوەی لە دەرەجەیان کەم نەبێتەوە لەگەڵیانا بێت بۆ لای فەرماندە و... ئەمیش ناچارەن ئەچێت و لە هۆدەی فەرماندەکەدا پرسیاری لێ ئەکەن ئەڵێن: ناوت چیە؟
- ئێژی مەلائەسعەدی ڕیازی
- ئەویش بە پێکەنینەوە ئێژێ: ڕیازی؟
- ئەڵێ: ئەرێ ڕیازی
- ئەڵێ پێ چەند پرسیارت لێ ئەکەم سەبارەت بە ڕیازی ئەگەر بزانی ئازادت دەکەم و بچۆرەوە ناو خەڵک و ماڵ و مناڵی خۆت، بەڵام ئەگەر نەزانی لە پێش چاوی خەڵکدا بەرگی مامۆستایی لە بەرتا دائەماڵین و...
مەلا ئەسعەدیش قەبووڵی ئەکا و پرسیارەکان دەسپێدەکەن.
چەند پرسیاری لێدەکەن و ئەمیش وڵامی درۆستی زوو ئەداتەوە و پرسیارەکان زۆر ساده ئەبێ بەلایەوە و فەرماندەکە سەری سۆڕ ئەمێنێ و ئەڵێ بچۆ تۆ ئازادیت و کەسیش حەقی نیە ئازارت بدات تاماوی.
مەلا ئەسعەدیش ئەڵێ ناڕۆم و دەبێ منیش پرسیارێکت لێ بکەم و وڵامەکەی بیریتەوە بۆم.
فەرماندەکە ئێژێ فەرموو.
- ئەویش یەک پرسیاری ڕیازی لێ ئەکا و ئەڵێ پێی بیبە بۆ ڕیازیدانە گەورەکانی پایتەخت و سەرجەم ئەوکەسانەی کە لە بیرکاریدا شارەزان  و وڵامەکەم بۆ بهێنەوە!
- ئەڵێن پاش ماوەیێ فەرماندەی نیزامی دێتەوە لای و ئێژێ وەڵڵا  زۆر گەڕام کەس وڵامی ئەم پرسیارە نازانێ خۆت نەبی؛ هەر بۆیە کەسایەتیەکی باڵادەستی ئەو کاتی پایتەخت نامەی بۆ دەنێرێ کە لە زانکۆی «دار الفنون»ی پایتەخت دایدەمزرێنن و تەشریف بهێنێ بۆ تاران بەڵام مەلا ئەسعەد هەر خزمەتکردن بە خەڵکی لە ئاواییەکەی خۆیدا خۆش ویست و ئەو بڕیارەشی قەبووڵ نەکرد و نەچووە ژێرباری دەسەڵات.
وێنەی مەلا موحەممەدی ڕیازی کوڕی چوارەمی مەلا ئەسعەد

سەرچاوەکان: وتووێژ لە گەڵ بەڕێز مەلا عەبدولڕەحمان ڕیازی کۆڕی
کتێبی سلسەی نور
کتێبی سراج السالکین
دەسنوویس لە کتێبخانەی شەخسی مەلا موحەممەد علیزادە
کتێبی «علماء النافی فی خدمەعلم ودین

له ڕۆژنامه‌ی ڕۆژان وه‌رگیراوه
تبلیغ

نظر شما

  • نظرات ارسال شده شما، پس از بررسی و تأیید در وب سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.
نام شما : *
ایمیل شما :*
نظر شما :*
کد امنیتی : *
عکس خوانده نمی‌شود
برای کد جدید روی آن کلیک کنید