جا کاکەی خاوەن پێنووس ئافەرینت لێبێ و دەست و پەنجەت خۆش، هەر قەڵەمت لە کار، کارت پڕ بار، سەرکەوتنی زۆرترت بۆ بە ئاوت دەخوازم کە سەرکەوتنت سەرخستنی کوردستانە.
کاکەی خاوەن پێنووس، بەڕێز سولهیمان ئەڵامورادی
سەلامت لێ بێ و سەلامەت بی
لەم ڕۆژانی دوایی ڕێم کەوتە شاری سنە؛ لە شەقامی کوردستان تێدەپەڕیم لە پڕ دەنگی «قریوە» و «قرمە»م هاتە گوێ، سەرم هەڵبڕی ڕوانیم لە تەکیە و چەمەن سڕنا و دەهۆڵ ئەیکوتێ و ئاویەریش تاقەداری وەک سەرچۆپی بە دەستەوە گرتووە و بە بەزمی «فەتاح پاشایی» هەڵئەپەڕێ. لە سەر ملەی «سهڵواتاوا»یش «سەی ئەسکەر» ئەچریکێنێ کە:
ڕۆژی جەژنە چاوەکانم مووسمی ئازادیە
دهک بەڵا گەردانی باڵات قۆچی قوربانم وەرە
لە سنەدژ پرسیارم کرد کە بۆچ پاڵپشتە پاڵەوانەکەت ئاوەها شایی و زەوق ئەکا؟ وتی مەگەر نازانی، ڕۆڵەیەکەی زانا و دانای کوردستان لە «کەتخانە»ی وڵات وەک ڕۆژنامەوانی بەئەزموون ناسراوە و خەڵاتی لێهاتوویی پێبەخشراوە؟ جا «دەماوەند» بە هەڵسووڕانی «مێزەرە بەفرینەکەی»، «هێگمەتانە»ی ناوەندی دەسەڵاتداری «ماد»ەکانی ئاگادار کرد و ئەویش «ئەڵوەند»ی ڕاسپارد کە دەسە براکەی ئاویەر خەبەردار کات تا لە شار و دێ جاڕ بدات و هەمووان لە سەرکەوتنی ئەم ڕۆڵە کوردە ئاگادار بکات.
لە «ماڵ کورد»م پرسی ئەو ڕۆڵە ڕوو سوورە کێیە؟ «قوڵێک»ی بە حەوزەکەی نێو حەوشەکەیدا و وتی: ئەو خامەدارە، بەرپرسیی ڕۆژنامەی ڕۆژانە و شەو و ڕۆژی بۆ نووسین و ڕاگەیاندن تەرخان کردووە.
جا کاکەی خاوەن پێنووس ئافەرینت لێبێ و دەست و پەنجەت خۆش، هەر قەڵەمت لە کار، کارت پڕ بار، سەرکەوتنی زۆرترت بۆ بە ئاوت دەخوازم کە سەرکەوتنت سەرخستنی کوردستانە.
مهریوان- ناسر کانیسانانی
1402/12/05
آدرس کوتاه خبر: