پنج شنبه، 6 اردیبهشت 1403
روژان پرس » اخبار » یادێک لە خوالێخۆشبوو دوکتۆر عەلی ڕوخزادی

وتارێکی کاک ناسر کانیسانانی

یادێک لە خوالێخۆشبوو دوکتۆر عەلی ڕوخزادی

0
کد خبر: 1098

یادێک لە خوالێخۆشبوو دوکتۆر عەلی ڕوخزادی

ئەگەر لە نێو ئەو هەموو بەرهەم و نووسراوەی کاک عەلی تەنیا کتێبی "ئاواشناسی زبانی کوردی" لەبەر چاو بگرین بەسە بۆ سەلماندن و دەرخستنی پلەی بەرزی زانستتی ئەو و ڕادەی خزمەتگوزاری بە گەلەکەی.
لەسەر پشتی نەرمی خەیاڵ، دام لە شەقەی باڵ و بە دەشتی مەریواندا گەڕام و چەپکێ گوڵاڵە سوورەم چنی و بە شیناوردەکانی دەوری زرێبار ڕازاندمەوە و بە ئەسرینی شەوق ئاوپرژێنم کردن و لە سەر پەڕە پەڕەی هەر گوڵ و گەڵایەکی سەلامێکی گەرمم دانا تا پێشکەش بە ئێوەی ئازیزی بکەم.
کورد وتەنی دیاری شوان یا شنگە یا هاڵەکۆک؛ منی مەریوانیش هەر گوڵی سوور و گۆلی شین شک ئەبەم، ئارەزوومەندم ئەم دەسە دیاریە شیاوی کۆڕ و کەسایەتیتان بێت.
وەنەوشەو چنوور لەگەڵ گوڵ                  
سەودای دیتنی تۆیان کەوتە دڵ
ئەوا هەر سێکم بەستن بە دەستە            
هێنامە خزمەت بە جەستەی خەستە
هەر یەک بە نەوعێ مەرامی پێتە  
بۆ نیازی دڵ خاکی بەر پێتە
سەرلەبەیانی و چاشتینگای یەکێ لە ڕۆژەکانی سەره‌تای ئەم مانگی گوڵانە بوو کە تەلەکەم زڕایەوە، دەنگی پڕ لە هەستی ئازیزی ئازیزەزا کاک موهندیس ئەمجەدی ڕۆخزادی بوو کە هاتە گوێم.
هام دەردان ئامان ئەرمەنده‌ن هۆشم           سەدای وەشەن مەگنۆ نەگۆشم
چمان زێڵەی زەنگ زەواری مەیۆ              
زرنگەی قافڵەکەی وەهاری مەیۆ
دوای سەلام و من خۆش و تۆ خۆش و ژەندنی چەند قسە بە خوێدا، یادگاری پڕ نگاری دکتۆر ڕۆخزادی خەبەری بەرپا کردنی ئەم ئاهەنگ و کۆڕەی پێدام.
بدین مُژده گر جان ستانم رواست.
باوەڕ بفەرموون ئەم خەبەرە ئەوندە بە لامەوە خۆش بوو کە بە دڵ و دەرونمدا گەڕا و شەپۆله نەرم و نیانەکانی خەمی دونیا و ژیانی پڕ لە سەخڵەتی لە گیان و جه‌سته‌م تاراندوو گە‌رمای ژیانی پێ بەخشیم.
یاوا پێم نامەی شیرین خیتامەت
دەکدەک نەڕێزۆ سەر پەنجەی خامەت
سیا سورمەی خەت نەدیدەم شانا
بادر‌ه‌ۆشەی وەرەق خەمان ڕفانا
مەرهەم بێ پەی زام ئەفعیان گەستەم
دەوا بێ پەی دەرد جەستەکەی خەستەم
بۆ...؟ تێگەیشتم و پێگەیشتم کە لە گەرمەی ژیان لە دونیای پڕ لە دەمەقاڵێ و داخوڕین و هەڵبەزین و دابەزین و هەڵمەت و پەلامار و پەلهاوێشتن و پەلبڕین و داپڵۆسین و داهێنان و وەدەرنان و... هێمان زانست و زانیاری و زانیان هەستیاران و ئەدیبان بایەخیان هەیە و هەر وەک ئەستێرەی گەش لە ئاسمانی ژیانی فەرهەنگی و مەعنەوی گەل ئەدروشێنەوە و پەنجەیان بۆ ڕادەکێشن و هەر وەها ڕێ پیشاندەری کاروانی گەلن و ئاوابوونی هەتاوی عومریان نەیتوانیوە ڕۆشنایی بیری بەربڵاویان لە ژیانی گەلدا بسڕێتەوە.
بە ئەرکی سەرشانی خۆمی ئەزانم کە هەر لێرەدا سپاس و پێزانینم پێشکەش بەو ئازیزانە بکەم کە قۆڵیان هەڵماڵی و چاکی مەردانەیان بە لادا کردوو ئەم ئاهەنگەیان بەرپا کرد.
بەڕێزان دەستان خۆش و ماندوو نەبن. تکایە ئێستا کە نەختێ ئاوتان بە بێڵەو هەس و تواناییتان هەیە ئەم ئەرکە مەعنەویە بە پیرۆز بزانن و درێژەی پێدەن و عالمانمان بناسێننەوە، با هەمووان بزانن کە ئێمەی کورد خاوەن چ پێشینە و مێژینەیەکی پڕ بایەخین. دۆخی لاوازی ئەمڕۆمان نەبێتە هۆکار بۆ مایە پووچ ئەژمار کردنمان، با بڵێین:
خاکساران عالم را به حقارت منگر
تو چه دانی که در این گرد سواری باشد
کۆڕ و کۆبوونەوەمان بۆ ڕێزنان لە یادی خوالێخۆشبوو کاک دکتۆر عەلی ڕۆخزادیە، کەڵە پیاوێک کە ۱۶ ساڵ لەمەوبەر واتە لە ساڵی ۱۳۸۶ کۆچی دوایی کرد. کاک عەلی ۷۶ ساڵ پێش لە ئەمڕۆ لە بنەماڵەیەکی ڕەسەنی عەشایەر لە دایک بوو. لە مەکتەبی باوکی بەڕێز و هێژای وانەی مەردانەگی و زانیاری وەرگرت، و توانیی لە دەبیرستانی ئەلبورز لە تاران درێژە بە خوێندن بدات و دواتریش لە زانستگای ئێسفەهان ئەدەبیاتی فارسی خوێند و پاش وەرگرتنی پلەی دکتورا و تەیاربوون بە زانست و زانیاری گەڕایەوە کوردستان و خۆی بۆ خرمەت بە گەلەکەی تەرخان کرد.
ئەو زانستگای کردە مەیدانی خەباتی زانستیانە و بارهێنانی لاوەکان و ئاشناکردنیان بە فەرهەنگ و ئەدەبیی کوردی.
من بە تۆشەبەرەی، خاڵی لە عیلم و زانستم بە خۆم ئەو ئیزنە نادەم کە سەبارەت بە پلەی بەرزی زانیاری کاک دکتۆر ئەویش لە کۆڕی ئەدیبان و زانایاندا قسە بکەم. لە لایه‌کی تر کەسایەتی عیلمی کاکەی بەڕێز لە کوردستان ئەوه‌ندە ئاشکرایە کە پێویست ناکات کەسێکی وەک من بە قەڵەمی کۆڵ و زمانی ناڕەوان سەبارەت بە ئەو بڵێم و بدوم، فارس وتەنی:
ز عشق ناتمام ما جمالی یار مستغنی‌است
به آب و رنگ و خال و خط چه حاجت روی زیبا را
دایم وتوومە و ئێستایش دووبارە و چەند بارەی ئەکەمەوە کە ئەگەر لە نێو ئەو هەموو بەرهەم و نووسراوەی کاک عەلی تەنیا کتێبی "ئاواشناسی زبانی کوردی" لەبەر چاو بگرین بەسە بۆ سەلماندن و دەرخستنی پلەی بەرزی زانستتی ئەو و ڕادەی خزمەتگوزاری بە گەلەکەی.
کاکەی کۆچکردوو لەم نووسراوەدا بە ڕوونی دەری خستووە و بە بەڵگەی عیلمی و زمانەوانی سەلماندویەتی کە زمانی کوردی زمانێکی سەر بەخۆ و ڕیشەدارە کە لە لایەن گەلێکی خاوەن پێشینە و مێژینە داهاتووە و لە درێژایی مێژووێکی دوور و درێژ بەر دەوام بووە و خۆی بە کەلام و وشەی ڕەسەن و لەسەر یاسای ئەدەبی دەوڵەمەند کردوە و لەگەل سروشتی کوردستان و ژیان و ژینگەی دانیشتوانی تێکەڵ بووە.
ئەم کتێبە لەو نووسراوانەیە کە ئەکرێ لە کۆڕە ئەدەبیەکانی جیهان وەک بەڵگە و سەنەد بۆ سەلماندی سەربەخۆیی و ڕەسەنی زمانی کوردی کەڵکی لێبگیرێت و گەلی کوردی پێ بناسرێت.
دیکەی ئاسەوارە بەردەستەکانی کاک دکتۆر پەل‌هاوێشتنە بۆ بوار و بابەتەکانیتری فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی کە بە جوانی دەوڵەمەندی ئەم میراتە پڕبایەخە ئاشکرا دەکات و بەر لە هەموو کەس بە خۆمانی ئەسلمێنێ کە ئەگەر لە بوارەکانی تری ژیان بێبەش و مایەپووچین بەڵام لە بابەت ئەدەب و فەرهەنگ خاوەن گەنچ و خزنەدارین.
مافی خۆمانە لە نێو گەلانی جیهاندا خۆ ڕادەین و خۆ بادەین و بە شانازیەوە دەرکەوین و خۆ بنوێنین و بە شمشێری تیژی زانست و ئەدەبمان قەید و بەندی دواکەوتوویی و تەنگەتاوی بچڕین و ببڕین و بۆ خۆمان سەرێک لە ناو سەراندا بین.
جا کەڵە پیاوێک کە وەها خزمەتێکی بە گەلەکەی کردوە شیاوی ئەوەیە ڕێزی لێ بگیرێ و لەهەر دەرفەتێکدا شەن و کەوی ئاسەوارەکانی بکرێت و کەڵکی لێ وەر بگیرێت. سەد داخ و ئەسەف لە بۆ  بەرچاو تەنگی و ڕژدی دونیا لە ئاستی ئێمەی کورد کە ئەبێ ئاوا کەڵەپیاوێکی دڵسۆز و زانا ئەوندە دەرفەتی نەبێ تا خۆی باشتر دەربخات و بە گەلەکەی خزمەت بکات.
پیاوێک کە لە 60 ساڵ تەمەنیدا  لانی کەم 50 ساڵی بۆ خوێندن و خوێندنەوە و وانە وتنەوە بوارد و هەر لە کەلاسی دەرسەوە جەستەی خەستەی بۆ خەستەخانە برا و لەوێ ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
لە حاڵێکدا دەیان بابەتی بەنرخی تری هەبوو کە دەیەویست پێشکەش بە گەل و نیشتمانی بکات، بەڵام ئەجەل دەرفەتی پێ ندا. 
فەڵەک بێ فرسەت چەواشەی چەپ گەرد
سوڕ ئەدەی هارە و بەرهەم دێنی دەرد
لە گوڵان گوڵت بردە دوو تۆی خاک
بڕوخێ نەزمت لەت لەت بیت چاک چاک
بەهار ئەکه‌یتە خه‌زانی ناوەخت
ئەپڕوزێنی گوڵ بە دەرد و مێحنەت
ئەمڕۆ 16 ساڵ بە سەر کۆچی دوایی کاک دکتۆر عەلی ڕۆخزادی تێدەپەڕێ، وا ئەزانم چوار 16 ساڵی تریش ناتوانێ یادی کاکەی ئازیز لە دڵاندا دەرکات، بۆ...؟
چوونکە گەلمان لە خەوی غەفڵەت ڕاپەڕیوە وه خۆی داهاتووە، خۆی ناسیوە لە ڕابردووی پڕبایەخی خۆی ئاگادار بووە و شانازی پێوە دەکات، ئەرزشی زمان و  فەرهەنگ و میراتی خۆی بۆی دە‌رکەوتووە، ئەم بەخۆ هاتن و خۆناسین و بەخۆ باوەڕ بوونە لە ئاکامی ڕەنج و زەحمەتی کەڵە پیاوانێک وەک دکتۆر عەلی ڕۆخزادی و دیکەی زانایان و ئەدیبان و هۆنەران و هونەرمەندانی کوردە کە بە دەست و پێنووسی خۆیان و بە تێکۆشانی ماندوونەناسانەیان فەرهەنگ و ئەدەبی کوردیان لە پەستووی فەرامۆشی وەدەر هێناو و بە گەلیان ناساندەوە تا وەخۆ بێتەوە و ئەمەگدارانە ڕێباری پڕ لە شانازی مەزنایەتی ببڕێ.
کە وایە هەزاران سڵاو بۆ گیان و ڕۆخی ئەدیبانی کۆچکردوو، کڕنۆش لە ئاستی زانایانی سەردەمان کە زەنگی پڕ لە زایەڵەی بێداریان زڕاندەوە.
جارێکی تر دەسخۆشی و ماندوو نەبوون لە ئازیزانێک ئه‌که‌م کە ئەم ئاهەنگ و کۆڕەیان بەرپا کرد و بیرمان دێننەوە کە بیر بکەینەوە و بیرمەندانمان بناسین و بیانکەینە ده‌لیلی ڕێگا و بەرەو ئاسۆی ڕوونی تێگەیشتن و پێگەیشتن بڕۆین. سەلام و سپاس بۆ هەمووتان و بەشداری ئەمەگ‌دارانەتان.
مه‌ریوان- ناسر کانی‌سانانی
لاپه‌ڕەی ۳ی ڕۆژنامەی "ڕۆژان"ی ژمارە ۷۴۰
تبلیغ

نظر شما

  • نظرات ارسال شده شما، پس از بررسی و تأیید در وب سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.
نام شما : *
ایمیل شما :*
نظر شما :*
کد امنیتی : *
عکس خوانده نمی‌شود
برای کد جدید روی آن کلیک کنید