دوشنبه، 31 اردیبهشت 1403
روژان پرس » اخبار » ئوومێدەوار بم یان ڕەشبین؟

دیمانه‌ی ڕۆژان له‌گه‌ڵ نووسه‌ری لاو «عبداللە دارا»؛

ئوومێدەوار بم یان ڕەشبین؟

0
کد خبر: 1340

ئوومێدەوار بم یان ڕەشبین؟

لەوەتەی هاوڕێیەتی خۆم دەکەم بەخۆم دەڵێم هەرچەندێک ژیایت زیندوو بە، بەرپرسیار بە، مرۆڤ بە. لەوتنی ڕاستیەکان مەترسە گەر دژی خۆشت بوو!
«ئوومێدەوار بم؟ یان ڕەشبین بم»؛ ئەم وتارە پێشەکی نووسەرە لەیەکێک لە کتبێکەکانی خۆی بەناونیشانی (بەئوومێدەوە بەردەوام دەبم) کە هێشتان بەفەرمی بڵاونەکراوەتەوە.
مرۆڤ لە درێژایی ژیانیدا ئەزموونی دوو شت دەکات:
یەکەم جیهانێکی ئاڵۆز و دووەم دەروونێکی هەستیار. ڕوونتر بدوێم، ئێمە بە دەروونێکی هەستیارەوە لە جەنگێکی ئاڵۆزدا دەژین، سەرئەنجام تەمەنێکی بێ ناوەڕۆک بەڕێ دەکەین؛ تەمەنێک کە نەدەتوانین تێیدا بژین، نە جوورئەتی مردنیش دەکەین.
لەنێوان ژیانێکی ناشایستە و ترس لەمردن، مرۆڤ هەموو ڕۆژێکی مەرگێکی نوێییە لە ژێر دروشمی ژیان.
بەگشتی هەموو بیابانێکی دەروون پێویستی بە بارانێک هەیە تاوەکو لەبری فرمێسکی چاو ، پێکەنینی لێو زمانی جەستەبێت، ڕونتر بڵێم مرۆڤ لەبەردەم مەرگەساتی ئازیزانی و پایزی هەڵوەرینی خۆزگە و ئاواتەکانی و نەگەشتن بەو ژیانەی کە بەهەموو وجوودیەوە چاوەڕێی دەکات لەناو هەموو ئەو نەگەشتن و چەرمەسەری و ژیانە ئاڵۆزە مرۆڤ پێویستی بە ئوومێدە. بەداخەوەم ئەمڕۆ کۆمەڵێک نووسەر و چالاکووان لەژێر درووشمی ئەدەب و گەشەپێدانی مرۆیی نابەرپرسیارانە خەریکە ئاڕاستە و هێزی ئوومێد بەلاڕێدا دەبەن، بەتایبەتتر گەشەپێدانی مرۆیی ئەمڕۆ دڕندەترین کووشندەی مرۆڤە لە بەرگێکی ڕازەوەی بێ ناوەڕۆک، چوونکە گەشەپێدەرەکان دەیانەوێ لەسەر پێوەری وەهم و هیواخواستن وزەی ئومێد بەرجەستەبخەین، لەکاتێکدا وەهم و هیوا لەسەر ڕاستە ڕێی واقع دوورمان دەخاتەوە؛ هەر بۆیە لەخۆڕا نییە نووسەرێکی وەک (نیکۆس کازانتزاکیسی) کە ڕۆماننوسێکی یۆنانیە لەسەر گۆڕەکەی نووسراوە:
«هیوا بەهیچ هەڵناچنم، من ئازادم» لەم دێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە هیوا مەترسییە لەسەر ئازادی و مرۆڤ کۆیلەی وەهم و خەیاڵەکانی دەکات کە هەر بەڕاستیش وایە.
لەبەرامبەر گەشەپێدانی مرۆیی و  وەهمفرۆشان، فەلسەفەی پوچگەراییمان هەیە کە مرۆڤ لەڕێگەی قبوڵکردنی چارەنووس و ڕەشبینیەوە ئاڕاستەیەکی واقعیمان دەکات، وە فەلسەفەی پوچگەرای ئەو هەوڵە گرنگەیە کە دەیەوێت مرۆڤ واقعیانە و مەیدانیانە بژی دوور لە وەهم و خەیاڵ و هیوا، وەهەر بەڕاستی مرۆڤ گەر بیەوێت هێزی ڕاستەقینەی ئوومێد بەرجەستەبخات، دەبێت یەکەم جار لەڕێگەی هەوڵەگرنگەکەی فەلسەفەی پوچگەرایەوە ڕەشبین بێت تا وەک و لە خەیاڵ پڵاوی و وەهم پاک ببێتەوە و لە خەیاڵی دەهاتووەوە بگەڕێتەوە دۆخی ئێستای خۆی، پاش گەیشتن بە واقعی ئێستای خۆی ئینجا دەبێت ئومێدی هەبێت!
گەر وردە وردە قوڵ ببینەوه دەبینین چ لایەنگرانی گەشەپێدانی مرۆیی و چ ئەوانەشی کە بەشێوازیکی (ڕەها) بڕوایان بە فەلسەفە پوچگەرای هەیە هیچیان نەیان پێکاوە، چوونکە ئومێدێک لەسەر پێوەری وەهم و خەیاڵ بێت لەدەسدانی ئازادی و خوڕافەگەری لێدەبێتەوە و ڕەشبینیش بەشێوازێکی ڕەها مرۆڤ ناگەیەنێتە ڕاستەڕێگای ژیانێکی شایستە چوونکە گەر مرۆڤ بەتەواوی ڕەشبین بوو ئیتر هیچ شتێک نابێتە پاڵنەر بۆ ئەنجامدانی هەرکارێک یاخوود هیچ بیانویەکیشی نامێنێت بۆ ژیان کردن، لەگەڵ ئەوەی کە هەردووکیان بەشێوازی تەنیا و ڕەها زەرەر و کەلێنی گەورە دەخەنە دەروونی مرۆڤایەتیەوە، هەردووکیشیان بەجیا خاوەنی تایبەتمەندی گەوهەرین!
بۆ نموونە تایبەتمەندی ڕەشبینی لەوەدایە کە مرۆڤ ڕاستەوخۆ وابەستە دەکات بە بارودۆخی ئێستایەوە و لە وەهم و خەیاڵ دەیپارێزێت ، کە ئەمەش بۆ خۆی وادەکات مرۆڤ تێگەشتنەکان و ڕەفتارەکانی مەیدانی و واقعی بێت ، لەبەرامبەریشیدا ئوومێدیش
خاوەنی تایبەتمەندی خۆیەتی، بەشێوازێک من پێم وایە گەر تەواوی ژیانی مرۆڤایەتی بریتیبێ لەوەی کە لەپشتی پەنجەرەیەکەوە سەیری دیمەکانی جیهان بکات، ئەوە ئوومێد ئەو پەنجەرەیەیە کە دیمەکانی بۆ دەگوازێتەوه!
 پرسیارە فەلسەفیەکە ئەمەیە: ئێستا مرۆڤ ئومێدەوار بێت یان ڕەشبین؟
کە ئاماژەمان پێداوە ڕوونە هەردووک پێداویستیە و خاوەنی سوود و تایبەتمەندی گرنگن بۆ مرۆڤ و لەهەمان کاتدا هەردووکیشیان زەرەر و کەلێن دەخاتەوە دەرونی مرۆڤەوە کەواتە لێرەدا مرۆڤ چی بکات؟
دوای خوێندنەوەم بۆ زۆرینەی خوێندنەوەکان پێم وایە (مرۆڤ دەبێت لەنێوان ئومێدەواری و ڕەشبینیدا خاڵی هاوسەنگ بێت!)، تەنانەت خوداش هەمان تەکنیکی لەگەڵ مرۆڤدا بەکارهێناوه نموونەیەکی واقعی، بڕوانە قورئان، سوڕەتی ژمارە پەنجا کە دەکاتە سوڕەتی ق، ئایەتی ژمارە سی و سی و یەک کە دوو ئایەتی یەک لەدوای یەکن خودا تێیاندا دەفەرموێت:
(یَوۡمَ نَقُولُ لِجَهَنَّمَ هَلِ ٱمۡتَلَأۡتِ وَتَقُولُ هَلۡ مِن مَّزِید30)
لەم ئایەتە خودا بەشێوازێکی هەڕەشە ئامێز پەیامێکی ڕەشبین دەخاتە بەردەمی مرۆڤایەتی کە دەڵێت (ڕۆژێک دێت بە دۆزەخ دەڵێین ئایا پڕ بوویت؟ دۆزەخیش لەوەڵامدا دەڵێت ئایا کەسی تر ماوە بیهێنێت؟) ڕاڤەی ئەم ئایەتە مەبەست لەوەیە کە دۆزەخ بەشێوازێک گەورەیە کە جێگای هەموو مرۆڤایەتی تێدا دەبێتەوە، ئەمە بۆ خۆی لوتکەی ڕەشبینیە کە لەقوورئاندا هاتووە ، بەڵام! ڕاستەوخۆ دوا بەدوای ئەم ئایەتە خوودا دەفەرموێت:
(وَأُزۡلِفَتِ ٱلۡجَنَّةُ لِلۡمُتَّقِینَ غَیۡرَ بَعِیدٍ 31)
له‌ولایشه‌وه‌ به‌هه‌شت نزیک خراوه‌ته‌وه‌ له‌خواناس و پارێزگارو باوه‌ڕداران، بێ ئه‌وه‌ی دوور بێت لێیان. ئەگەر بێت و ئایەتەکانی دواتریش چاوپێدا بخشێنین خودا زیاتر باوەڕداران دڵنیادەکاتەوە لەوەی کە بەهەشت بەڕاستی ژیانێکی شایستە و لێوان لێووە لەئارامی و تایبەتکراوە بە باوەڕداران.
کەواتە خودا بە ئەزەلی و حەکیمی خۆیەوە بەم شێواز و تەکنیکە لەگەڵ مرۆڤدا دەدوێ، هەر بۆیە مرۆڤ دەبێت هاوسەنگی بنوێنێت لەنێوان ئومێد و ڕەشبینیدا هەر کامێکیان بێ ئەوی تریان شەل و کوێرە، بەڵام مرۆڤ بە پشت بەستن بە هاوسەنگی لەنێوانی هەردوکیان ئەوسا هەردووک چەمک دەبنە دوو دیوی یەک دراو یاخود درێژەپێدەری یەک ڕێگا.
لە دیمانەی پایزی ئەم جارە، بە گرنگم زانی نووسەرە لاوێکی قەزای چەمچەماڵ بەسەر بکەمەوە، کە ساڵانێکە لەڕێگەی نووسین و چالاکی درێژەی بە کاروانی مرۆڤدۆستی و پەروەردەیی کردووە، لەدوای ئەم وتارە وردە وردە دەست بە دیمانەیەک دەکەم لەگەڵیا و بۆ ساتێک لە ئاسمانی جیهانبینی ئەودا دەفڕین»
دیمامه: مه‌رزیه خاکی
..............................

وەک هەمیشە دەپرسم عبداللە دارا کێیە؟
- لەدایکبووی 9/21/ 2004 لەقەزای چەمچەماڵ و ئێسته لەسلێمانی دەژیم. نووسەر لەبواری فکر و ئاینناسی، خاوەنی چەندین وتار و سیمینارە لەبواری پەروەردە و هۆشیاری تاک.
بەڕێوەبەری گشتی پڕۆژەی گەشتیاری شاری یاری شەهیدان لە چەمچەماڵ؛ بەڕێوەبەر و دامەزرێنەری فێستیڤاڵی سۆزی دایک بۆ ڕۆشنبیری و کلتووری و هوونەری
بەڕێوەبەر و دامەزرێنەری فێستیڤاڵی هیوای باوک بۆ بازاڕسازی و هەلیکار
ساڵانە خاوەنی 60 چالاکی خێرخوازیە بۆ منداڵانی کەمدەرامەت و منداڵی بێسەرپەرشت و منداڵانی نەخۆشی دەروونی و منداڵانی نەخۆشیە درێژخایەنەکان. بڕوانامەی جیهانی و نێودەوڵەتی لەبواری وەرزشدا و یەکەمی سەر ئاستی هەرێمی کوردستان.
لەمیانەی چەندەها چالاکی پەروەردەیی و نووسین و ئەزموون لەچەندین بوواری جیاوازدا، گەورەترین دەسکەوتی عبداللە دارا چییە؟
- گەورەترین دەسکەوتی عبداللە دارا، خوودی عبداللە دارا خۆیەتی.

مرۆڤ چۆن و لە کوێیوە خۆی بناسێت؟
- وەک بوونەوەرێکی ڕێز لێگراو لە زاری دروستکەرییەوە: ولقد کرمنا بنی ادم  الاسرا 70

بە تێگەشتنی تۆ بۆچی خودا مرۆڤی وەک باشترین دروستکراوی خۆی ناوزەند کردووە، لەکاتێکدا بە ملیاران دروستکراوی تری هەن؟
- بڕوانە مێژوو، بڕوانە تەکنەلۆجیا، بڕوانە سەرجەم پێشکەوتنەکان؛ دەبینی لەناو هەموو کارووچالاکیەدا خوودا مرۆڤی کردوەتە جێنشین.
من لە تۆ دەپرسم بۆچی سەگێک یان پشیلەیەک، یان دۆلفینێک یان فیلێک ناتوانن شۆڕشێک بەرپا بکەن؟ یاخوود بۆچی ناتوانن تەکنەلۆجیایەک بدۆزنەوە؟ یاخوود بۆچی ناتوانن لەدەرەوەی غەریزەکانی خۆیان و ژیانە کۆنکرێتیەکەیان داهێنانێک بکەن؟ ئەی بۆچی مرۆڤ دەتوانێت؟
لەکاتێکدا گەر بابەتەکە قەبارە بێت، بەگشتی مرۆڤەکان لە مەترێکەوە تا دوومەترن لەکاتێکدا ئاژەڵەکان لە مایکڕۆ ملیمەوە تێیاندایە تا نزیکی کلیۆمەترێک؛ کەواتە بابەتەکە قەبارە نییە، ئەگەر بڵێیت بابەتەکە هەستە دوبارە هەڵەیت. دەبینی سەگ لەڕووی هەستەوە چەندین جار لەمرۆڤ بەهێزترە، یاخوود پشیلە هەستی بیستنی چەندین جار لە مرۆڤ بەهێزترە. لەهەستەکانی تریشدا لەنێو ئاژەڵاندا بژاردەی زیاتر و باشتر هەیە؛ کەواتە بابەتەکە هەروا سادە و ڕوکەشی نییە بەڵکوو خودا تایبەتمەندیەکی تایبەتی بە مرۆڤ بەخشیووە کە لەهیچ بوونەوەرێکی تریدا نییە کە بریتیە لە (بیرکردنەوە)
هەر بۆیە لەخۆڕا نییە کە فەیلەسووفێکی وەک و دیکارت دەڵێت: «من بیردەکەمەوە، بۆیه هەم!» کەواتە گەوهەری مرۆڤ بریتیە لەبیرکردنەوەی، گەر تایبەتمەندی بیرکردنەوە له مرۆڤ بسەندرێتەوە دەبینیت ئەویش جگە لەئاژەڵێک شتێکی تر نیە!

باشترین جۆری بیرکردنەوە لای تۆ چییە؟
- بیرکردنەوەی ئازاد، چوونکە کاتێک تۆ ئازادی لە مرۆڤ دەستێنیتەوە دەبینیت لە مەقاشێک زیاتر هیچی تر نییە کە بەدەستی ئەم و ئەوەوە یاری پێدەکرێت.
کەواتە پێناسەی مرۆڤی خاوەن بیرکردنەوەی ئازادم بۆ بکە؟
- مرۆڤی خاوەن بیرکردنەوەی ئازاد بریتیە لەو بوونەی کە: 1- هیچ کات بەکارناهێنرێت 2- بەهیچ پلە و پارە و پێگەیەک و بەرژەوەندییەک، خۆی و کۆمەڵگاکەی ناخاتە ژێر مەترسیووە لە پێناوی گەیشتن بە کۆمەڵێک چێژی ماددی و مەعنەویەت.

تۆ بڕوات بە ئازادی ڕەها هەیە؟
- بێگوومان نەخێر، ئازادی ڕەها بێ ئەخلاقی و نامۆڕاڵی لێ دەکەوێتەوە.

ئەی کەواتە باشترین ڕێگە چییە بۆ ئەوەی مرۆڤ سانسۆر بکرێت لە ئازادی ڕەها؟
- باشترین ڕێگە بریتیە لە باوەڕهێنان بە ئاینی ئیسلام.

بۆچی ئاینی ئیسلام؟ پێناسەی ئاینی ئیسلامم بۆ بکە؟
- ئاینی ئیسلام ئەو هەوڵە گرنگەیە کە دەیەوێت مرۆڤ وەکو مرۆڤ بژیت!

مەبەستت چییە لەوەی کە وا لە مرۆڤ دەکات تاکوو وەکو مرۆڤ بژێت؟
- هەموو مرۆڤێک خاوەنی پێداویستی و بۆشاییە لە ناخیدا هەتا ئەگەر مرۆڤ خاوەنی هەمووشێکیش بێت، خاوەنی شتێکە کە نیەتی! بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی و نەبوونیەکانی و غەریزەکانی، تەنها دەستی لە ئیسلام بەربدات لەچۆڵەوانیەک خۆی لێ بزر دەبێت!

دەکرێت ڕوونتری بکەیتەوە؟
- مرۆڤ لەژیانیدا وێڵە بەدوای دوو شت:
یەکەم چێژ، دووەم نەبوونی بەرپرسیارێتی
زیندووترین نموونە بریتیە لە هاوڕەگەز بازی، چوونکە هاوڕەگەز بازی لەئەنجامی بزر بوون لەناوچێژ و ڕاکردن لە بەرپرسیارێتیە، لەئەنجامی ڕاکردن لە بەرپرسیاری و خۆ بزرکردن لەناو چێژدا
مرۆڤانێک دەبینی کە وەکو ئاژەڵ دەژین؛ هەر بۆیە ئیسلام، سنوورێکی ئەخلاقی و مرۆڤایەتی و زانستی بۆ مرۆڤ دادەنێت تا وەکو وەک مرۆڤ بژێت نەک ئاژەڵ!

کەواتە ئیسلام ئازادی لە مرۆڤ وەردەگرێتەوە؟
- بێگوومان بەڵێ! بەڵام چ ئازادییەک؟
با بە نموونەیەکی لۆژیکی عەرزی جەنابتان بکەم.
بیهێنە پێش چاوت دەتەوێت بگەیت بە شووێنێک، بەڕێگادا دەڕۆیت، لەناکاو تابلۆیەکی ڕێنمایی لەسەری نووسراوە (بووەستە، لێرە تەقەمەنی هەیە، ژیانت سەلامەت نابێت!) تۆش بێگومان دەگەڕێیتەوە و ئەسڵەن سووپاس گوزاری ئەو کەسەشیت کە ئاگاداری کردیتەوە لەبوونی مەترسی. ئاینی ئیسلامیش بەهەمان شێوە لە نزیکبوونت لەسنوورە مەترسیدارەکان دەتوەستێنێت لەپێناوی ژیانێکی شایستە!

لەدرێژەی کاروانی ژیانتدا وەک و نووسەر، نووسین چی پێت بەخشی؟
- بەرپرسیارێتی.

بۆچی زۆرینەی وتار و نووسینەکانت بۆ هۆشیارکردنەوەی ئافرەتە؟
- لەبەر چەند هۆکارێک کە دەکرێت بەخاڵ تەنها کەمێکیان بژمێرم:
1- ئافرەت فەزڵی بەسەرمدا هەیە، کە دایکمە، کە خوشکمە، کە خێزانمە، کە کچمە؛ هەر یەکێک لەم پێگانەی ئافرەت گەورەترین سەرمایەی ماڵ و کۆمەڵگایە
2- چوونکە لەمێژوودا هەرچەندێک بگەڕێیتە دواوە، ئافرەت بەشداری مەیدانی لەهەموو جینۆسایدەکاندا کردووە و هەمیشە قووربانی هۆکارە جیاوازەکان بووە
3- ئەمڕۆ هەموو سیاسەتە قێزەونەکان و سەرمایەدارە نا مرۆڤەکان، لەو قومارەی کە بەچارەنووسی مرۆڤی دەکەن ئافرەت کارەکتەری سەرەکی یارییەکەیانە
4- ئەمڕۆ تەواوی هەوڵی سیاسەتی دەوڵەتە زلهێزە نامرۆڤەکان بریتیە لە بە لاڕێبردنی کۆمەڵگا، کە ئەساسی ئەم کارە بە سەر لێشواندنی ئافرەت دەکرێت، لەئەنجامدا دەبینیت لەوەتەی مرۆڤ بوونی هەیە قەت بە ئەندازەی ئێستا ئافرەت کۆیلەی وەهمی ژیانی مۆدێرن و ئێکسسوارات نەبووە، بەجۆرێک ئەمڕۆ گرنگترین هۆکاری بەرەو پێشچوونی بزنسەکەت بریتیە لەوەی کە کاڵاکەت لەڕێگەی ئافرەتێکی سەرگەردانی ڕووت ساغبکەیتەوە. دەبینیت ئافرەتان بۆ ئەوەی بڕێک پارەیان دەستبکەوێت ناچارن لە مارکێت و شوێنەگشتیەکاندا پێکەنینەکانی خۆیان بە هەوەس بازەکان بفرۆشن!
5- چوونکە من مسوڵمانم، ئیسلامە کەپێگە ڕاستەقینەکە ئافرەتم بۆ دەکاتە چوار بێگە: یەکەم کە بریتیە لەدایکێک کە بەهەشت لەژێر پێیەکانیدایە و لەسەرم فەرزە کە خزمەتی بکەم. دووەم هاوسەرەکەمە کەخودا لە قورئاندا بە دەستەواژەی «قەڵایەک دژی تاوانکاری» ناوزەندی دەکات. پێغەمبەریش لە فەرموودەدا بە پۆشاک وەسفی دەکات، کە گرنگی پۆشاک لەوەدایە هەم جوانت دەکات هەم عەیبەکانیشت دادەپۆشێ. سێیەم و چوارەم کە خوشک و کچە لەئیسلامدا خودا وەک حیکمەتێکی خۆی باسی لێوە دەکات. پێغەمبەریش وەک نیعمەتێکی گەورە، لە فەرموودەدا هاتووە کە هەر پیاوێکی دوو کچ یان دوو خوشکی خۆی بەشێوازی جوان پەروەردە بکات ئەوا پێغەمبەر لەقیامەتدا خۆی گرەنتی چوونە بەهەشتی بۆ دەکات.

بۆچی دژی فێمینستەکانیت (ژنسالاری)؟
- چوونکە ئەوان دەیانەوێت بڵێن ئافرەتیش وەک پیاوە. ئەوان هۆکاری وەهمێکی سەر لێشێواوین لەناو دەروونی ئافرەت. کارێکیان کرد کە ئافرەتیش وەک پیاو دەلاکی بکا، کاشێری بکا، بچێتە بەرەکانی جەنگەوە، قژی کورت بکاتەوە،  لەدەرەوە خۆیان نان بۆخۆیان پەیدا بکەن. کارێکیان کرد کە ئافرەتان خۆیان بەپیاو بەراورد بکەن، وە ئەگەر ئافرەتێک خۆی بە پیاو بەراورد بکات ئەوەی کە لەدەسی دەدات خانم بونیەتی! بەمەش دوو ئامانجی گرنگ دەپێکن:
1- ئافرەت دادەبڕێنن لەماڵ
2- کاتێک ئافرەت خۆی بەپیاو بەراورد بکات بێگوومان ئەرکی ئافرەتبوونی بەجێ ناگەیەنێت.

خۆتان وەکو نووسەر بەگشتی لەکام بواره‌دا چ کتێبگه‌لێک دەخوێننەوە؟
- ئاینناسی، فکر و فەلسەفە، مێژوو و ئەدەب بەگشتی

خوێندنەوەی فەلسەفە و مێژوو پێشخانی دەوێت؟
- بێگوومان بەڵێ! گەر پێشەکی زانیاریت لەسەر ژیانی نووسەر و هەلوومەرجی نووسەر نەبێت، خوێندنەوەکەت نابێتە جێی سوود یان ئەسڵەن بە لاڕێیشت دەبات. من بەگشتی باسی ناوەڕۆکی کتێبە فەلسەفی و مێژوویەکان ناکەم، بەڵکوو من پێم وایە کتێبە مێژووی و فەلسەفیەکان پێش وەخت دەبێ نووسەر بناسیت؛ بەتایبەت لەکتێبی مێژودا دەبێت نەژاد و نەتەوە و شوناسی نووسەر بزانیت چوونکە بەشێکی نووسەرە مێژوونووسەکان قۆڕغکارن ڕاستیەکان بە بەرپرسیارێتیەوە ناگەینن، دەکرێت نووسەر کاریگەری نۆرمە کۆمەڵایەتیەکان یاخوود ژینگە یاخوود شووناسی تایبەت بەخۆی لەسەربێ. گەر ڕوونتر قسە بکەم مێژوو نووسێکی جوولەکە باسی مێژووی ئیسلام بکات پێتوایە باسی خاڵە گەوهەریەکانی ئیسلامت بۆ بکات؟ یان پێت وایە باسی قۆناغە گەشەکانی و دەسکەوتەجوانەکانی ئیسلامت بۆ بکات؟ نەخێر باسی خاڵە ڕەش و ناشرینیەکانی ئیسلام دەکات؛ خۆ ئەگەر دەستی نەکەوێت دوور نییە بۆشی زیادبکات! چوونکە بەڕاستی تۆ لەزاری دووژمنێکەوە هەوڵت بۆ ناسینی شتێک داوە.
لە کتێبە فەلسەفی و ئایدۆلۆژیەکانیشدا دەبێت پێش ئەوەی جیهانبینینی نووسەر وەربگریت لەوە تێبگەیت کە چ جیهانێک ئەم جیهانبینیەی بۆ نووسەر فەراهەم کردووە، وەک ژینگە، هەلوومەرجی کۆمەڵایەتی و شووناسنامەی بەگشتی.
بۆ نموونە کارڵ مارکس کە فەیلەسووف و ئابووریناس بووە، من لایەنگیری تێز و کار و نووسین و ئایدۆلۆجیاکەی ناکەم ئەسڵەن قسە و ڕەخنەی زۆریش هەڵەگرێ،  ئەو باوەڕی بەوە هەبووە لە کرێکارێک تا سەرۆکی وڵاتێک دەبێت خاوەنی یەک بڕی مووچەبن. پێش ئەوەی لەسەر هیچ بنامەیەکی لۆژیکی و زانستی ڕەخنە لەم بیروباوەڕەی کارڵ مارکس بگریت دەبێت بگەڕێیتەوە بۆ سەردەمی کارڵ مارکس تا بزانیت چ جیهانێک ئەم جیهانبینیەی بەکارڵ مارکس بەخشیووە؟ یاخوود بۆچی ئەبێ فەیلەسووفێک و ئابووریناسێک ئەم قسەیە بکات؟ لەکاتێکدا گەر هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا خاوەنی یەک مووچەبن ئەوسا کۆمەڵگایەکی فرە کار و فرە چالاکی بوونی نابێت بۆ نموونە گەر من هەر کارێک بکەم 500 هەزار توومەنم بدرێتێ ئەوسا ڕۆبۆتێک دروست ناکەم یاخوود نابمە پارێزەر یاخوود ناچمە بەرەکانی جەنگ ڕەنگە کارگوزارییەک یان ئیشێکی سادە بکەم کە بەرپرسیارێتیەکی ئاسانتری هەبێت، چوونکە کاتێک هەموو کارێک یەک بڕی مووچەی هەبێت هەموو ئاڕاستەی کۆمەڵگا لەبری ئەوەی پڕبێ لەکار و پیشەی فرە جۆر و جیاواز ئەوسا دەبینی خەڵکی هەموویان خەریکی یەک ئیشی سادەی ئاسانن چوونکە ئەوان هەرچیەک بکەن هەر یەک بڕی مووچەیان هەیە. من دەزانم گەر ئەم بیرووباوەڕەی کارڵ مارکس بەراوردبکەیت بەژیانی ئێستا نەک گاڵتەی پێناکرێ ئەسڵەن کەس وجوودیشی نازانێ، ئەمما! تۆ بگەڕێرەوە بۆ خوودی سەردەمی کارڵ مارکس دەبینی لەهیچ سەردەمێکدا بەئەندازەی سەردەمی ئەو ئازاری چینی هەژار نەدراوە، دەبینی لەسەردەمی ئەودا سیستەمێکی سەرمایەداری هەبووە کە هەموو مافەکانی مرۆڤی تێدا قۆرغکراوە مرۆڤ لە کرێکاری زیاتر نەیتوانییوە دەست بۆ شتێکی تر ببات؛ کرێکاریش ژیانێکی کولەمەرگی و پر چەرمەسەری ژیاوە بە بڕە پارەیەکی زۆر کەم، کە لەئەنجامدا ئەو بڕە کەمەشیان پێ نەدراوە و جیاوازییەکی زۆر لەنێوان چینی هەژار و دەوڵەمەندا هەبووە، ئەوسا تۆ تێدەگەیت فەیلەسووفێک چۆن لەو سەردەمە بانگەشەی ئازادی کردووە و لەسەر چ پێوەرێک ئەم ئایدۆلۆجیە ئابووریەی وروژاندووە.

کەواتە بەبڕوای تۆ چۆن بتوانین لە پەیامی زیندووی نووسەر تێبگەین؟
- گەر دەتەوێت لە پەیامی زیندوو و کڕۆکی نووسەر تێبگەیت، دەبێت لەهەمان ئاسمانی نووسەردا بفڕیت!

بۆچی پێویستە مێژوو بخوێنینەوە؟
- مرۆڤ گەر نەیتوانی سوود لە مێژوو وەربگرێ و ئاگاداری مێژوو بێت ئەوا ژیانی کوێرە، با نموونەیەکی لۆژیکی عەرزی جەنابتان بکەم. ژیانکردن شۆفێرییە لەسەر جادەیەکی قەرەباڵەغ، گەرچی تۆ بۆ پێشەوەش بڕۆیت بەڵام هەر دەبێت لەئاوێنە بچووکەکەت ئاگاداری دواوە بیت ئەگەرنا تووشی ڕوداو دەبیت!، هەمان نموونەش بۆ مێژوو ڕاستە گەرچی تۆ لە ئێستادا دەژێی بۆ داهاتوو بەڵام ناکرێ درەختێکی بەرز رەگێکی پتەوی نەبێ! ئەوە جیا لەوەی کە ئەمڕۆ مێژوو وەک و زانستێک هاوکاری هەموو کایەکانی مرۆڤ و سەرجەم زانستەکانی تربووە و بەدرێژای مێژووی خوودی مێژوو خزمەتی کردووە.

بە تێگەشتنی تۆ مرۆڤی تێگەیشتوو کێیە؟
- مرۆڤی بەرپرسیار، ئەسڵەن تێگەیشتنی دروست لەبەرپرسیارێتی خوودی مۆڕاڵە!

ئایە تەمەن هۆکاری تێگەشتووی مرۆڤە؟
- مرۆڤ تا زیاتر بژی زیاتر دەبینێت، ئەمما پێوەرێکی ڕەها نییە بۆ جیاکردنەوەی مرۆڤی تێگەیشتوو. دەبینیت گەنجێک حەڤدە ساڵە و پیرێکی گەڕیدەش حەفتا ساڵ، ڕاستە گەنجە حەڤدە ساڵەکە کەمتر دوونیای بینیووە ئەمما دەکرێت زیاتر لە دوونیا تێگەشتبێت، یاخوود بەرپرسیارانەتر ژیابێت.

مرۆڤ کەی دەبێت به مرۆڤ؟
- لەنێوان لەدایکبوون و مردنی هەرکاتێک پێخەفەکەی ویژدانێکی ئاسوودە بوو!

ڕۆڵی خۆشەویستی چییە له ژیاندا؟
-گرنگترین پێکهاتەی مرۆڤ دەروونە، دەرونیش پێویستی بە دەروونسازییە، باشترین پاڵنەری دەرونسازیش خۆشەویستیە.

خۆشەویستی مرۆڤ دەگەیەنێت بەکوێ؟
- یان دەتگەیەنێتە ڕاستە ڕێگای خۆشبەختی، یانیش لای چوارڕیانەکانی نامۆبوون فڕێت دەدات!

چۆن لەخۆشەویستیدا براوەبم؟
- یاسایەکی خۆشەویستی پێدەزانم کە هیچ کات نایدۆڕێنیت؛ یاساکەش بریتیە لەوەی کە هەر شتێک ڕۆحی هەبوو خۆشت نەوێت چ گیاندارێک بێ چ مرۆڤێک.دەشێت ڕۆژێک ژینگە یان هەلوومەرجی ژیان یاخوود بەرژەوەندیەکان بیگۆڕن، لەبری ئەوە خۆشەویستی خۆت لە کافێیەک یاخوود باخچەیەک یاخود کتێبێک یاخود دەقەێکی شێعری بدۆزەوە، چوونکە دوای سەدان ساڵ سەیربکە شیعرێکی جەمال غەمبار هەمان چێژت پێدەداتەوە، بەڵام دیار نیە چارەنووس بەیانی چ یارییەک بە مرۆڤایەتی دەکات! لەخۆشەویستی مرۆڤەکان دووربکەوە!

خوێنەری ڕاستەقینە کێیە؟
- مرۆڤێکی پشوو درێژە کە لەگەڵ ئازاری مرۆڤایەتیدا دەژیت.

بەتێگەیشتنی تۆ گەورەترین سەرمایەی مرۆڤ چییە؟
- دایک و باوک

چۆن دایک بناسمەوە؟
- پێنج کەسی برسی بکە ژوورێکەوە و تەنها خواردنی چوار کەسیان پێبدە، دەبینی کەسێکیان بە چوارەکەی تر دەڵێت ئێوە نانەکەتان نۆش بکەن من برسیم نییە، ئەوە دایکە!

باوک کێیە؟
- بێ نازترین یاریزانی ماراسۆنە کە هەموو ژیانی ڕایکردووە بۆ پەیداکردنی نان!

سووپاس بۆ بەشداریکردنت لە دیمانه‌ی ئه‌م ڕۆژنامەیە، وەک دوا پەیام ئەگەر داوات لێبکەم بەخاتری ئەم ڕۆژنامەیە شتێک بەخۆت بڵێی چی بەخۆت دەڵێیت؟
- ئەمەوێ بەخۆم بڵێم لە دونیایەکی زۆر سەیردا دەژیم، هەندێک کە لەدایک دەبن دەمرن و هەندێک هەتا دەمرن لەدایک نەبوونە! هەندێک لەماوەی شەوێکدا سەدان ساڵ ئەژێن و هەندێکیش وەک گۆمێکی مردوو دوای سەدان ساڵ ژیانیش هەنگاوێک نەجوڵاون، هەندێک لە چرکەیەکدا بۆ ئەبەد دەمرن و هەندێکیش چەندین ساڵیان دەوێت بۆ ئەوەی لەدایکبن! بەڵام لەناو ئەم مردووخانەیە و بەرزی و نزمیەدا مرۆڤی هاوسەنگ و زیندوو ئەو مرۆڤەیە کە بەرگەی ناخۆشی و قورسایی و ناڕەحەتیەکان و بەرزی و نزمیەکانی ژیان و دڵڕەقی چارەنووس و هەلوومەرجی نەگونجاو و شارستانیەتی مردوو و سایکۆلۆجیای خراپ و گرفتی سیاسی و ژیانێکی پڕ چەرمەسەری بگرێت، هەر بۆیە لەوەتەی هاوڕێیەتی خۆم دەکەم بەخۆم دەڵێم هەرچەندێک ژیایت زیندوو بە، بەرپرسیار بە، مرۆڤ بە. لەوتنی ڕاستیەکان مەترسە گەر دژی خۆشت بوو! دەکرێت لە درێژەی وشکەساڵی بیابانی گۆشەگیریمدا بەقەت پیرێژنێکی چەنەباز قسەی نەوتراوم هەبێ بۆخۆم، ئەمما...
.............
له ڕۆژنامه‌ی ڕۆژان وه‌رگیراوه
دسته بندی: اخبار / کوردی
تبلیغ

نظر شما

  • نظرات ارسال شده شما، پس از بررسی و تأیید در وب سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.
نام شما : *
ایمیل شما :*
نظر شما :*
کد امنیتی : *
عکس خوانده نمی‌شود
برای کد جدید روی آن کلیک کنید