هاوخەمی خۆشەویستانی دوور و نزیک توانیویە بەشێکی بەرچاو لە باری خەمەکانمان سوک بکات، کە جێگەی ڕێز و پیزانینە.
دە ساڵ لەمەو بەر و لە ئێواری وەها ڕۆژێکدا (١٣٩٢/٣/٨) هەواڵی کۆچی دوایی گەورە هونەرمەند و سینەماکاری کورد، لاوێکی هۆشیار، بیرمەند و نیشتمانپەروەر، شەقامەکانی شاری سلێمانی هەژاند، ئەم هەواڵە دڵ تەزێن و گورچکبڕە سەری بە درگای هەموو ماڵەکانەوە نا و نەک شاری سلێمانی هەموو باشور، ڕۆژهەڵات و کوردستان و ئێران و ئوروپای گرتەوە و بو بە سەردێڕی یەکەمی هەواڵە ناوچەیی و عالەمیەکان.
تەها بە تەمەنی کەم(٣٨ساڵ) و ماوەی کورتی کاری هونەری و سینەما، توانی وەها کاریگەریەکی قووڵ دابنێت کە بۆ ساڵان و نەوەکانی دوای خۆی ڕێچکە و ڕێنوێن بێت. تەنانەت ئەتوانێ بەردی بناغەی دانانی زانکۆی شیاوی سینەمای کوردیش بێت.
ئەمە بەمانای بێڕێزی و چاو بەستن لە دەیان و سەدان هونەرمەندی کورد لە بواری سینەمای پێش تەها و دوای ئەو، نیە و هەرکام لە جێگە و پێگەی خۆیاندا جێی ڕێز و پێزانینن. بەڵام کورد وتەنی، هەر پەنجە و خۆێنی خۆی لێ دێت. سینەمای کوردی لە چاو سینەمای وڵاتانی تر، ساوایە و پێوێستی بە یارمەتی زۆر زیاترە. ئەگەرچی لە ناوچوونی هونەرمەند لە هەر وڵاتێک خەسارە بۆ سینەمای ئەو وڵاتە و بەگشتی خەسارێکی عالەمیە، بەڵام نابێ ئەوە لە بەرچاو نەگرین کە لەناوچوونی سینەماکاری وڵاتی پیشکەوتوو لەناوچوونی دڵۆپێک لە دەریایەک و لە ناوچوونی سینەماکاری کورد وەک دەرهێنانی بەردی چینی دیوارە و ڕۆیشتن و لە ناو چوونی هەرکام، کەلێنێک دەخاتە ناو ماڵی سینەمای کوردیەوە. هەرچی کەسایەتێکە گەورەتر بێت کەلێنەکە گەورەتر و پڕ کردنەوەی دژوارتر و ئەستەمتر دەبێت.
تەها بە بیری قووڵ و خوێندنەوەی وردی لە سەر ژانەکان و داستانە نەوتراوەکانی کۆمەڵگای کوردی و شارەزایی زانستیانە و ئاکادیمیکی لە سەر سینەما توانیبووی ڕیچکەی دروستی پێکەوە گرێدانی ئەم دوانە وەدۆزێت و بەکاری بهێنێت. بەداخەوە بە هەر هۆکارێک بێت مەرگ مەودای کاری زیاتری پێنەدا تا لەوە زیاتر ئێش و ئازاری گەلەکەی لە دەلاقەی کامێرا و لە ڕێگەی سینەما بە دوکیۆمێنت بکات و پیشانی بینەرانی کورد و غەیری کوردی بدات.
زامیی بنەماڵەی کەریمی و خەمخۆرانی دوور و نزیک کاتێ قووڵتر بوەوە کە بە یەک ساڵ دوای تەها کۆچی لاوی تازە پێگەیشتوو وەک کامێرامان و وێنەگر لە مەکتەبی تەها، لە ڕۆژی ١٣٩٣/٣/٢٩ لە تەمەنی ٢٨ ساڵی کۆچی دوایێ کرد. گەردوون بەوە نەوستا و هاوڕێی تەمەن ٣٣ ساڵ، ڕۆژنامەنوس و خۆێندکاری بواری فەلسەفەی سیاسی لە ئاستی ماستر کە لە زانکۆ لە شاری بەمبەئی هند دەیخوێند، لە ڕۆژی ١٣٩٥/٧/٢ کۆچی دوایی کرد. ئەم هەواڵە لە ڕادەبەدەر ناخۆشانە برینی قووڵی لێ قۆڵتر کردین. لە دەست دانی سێ شۆڕە سواری بوواری ئەدەب و هونەر، سێ لاوی تازە پێگەیشتووی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر بۆ هاوڕێیان و خۆشەویستانی دوور و نزیک و بەتایەبەت بنەماڵە، هێندە قورس بو کە تا دوا ڕۆژی تەمەن، سەر هەڵدەداتەوە و دەکولێتەوە.
کاک ئەحمەد باوکی جگەر سوتاوی ئەم سێ نەونمامە لە هەڵگرتنی خەمە یەک لەدوای یەکەکان، لە تەنیایی خۆیا دۆشی دادەبرد و خەفەتی دەخوارد. تووشی خەمۆکی بو. رۆژ لە دوای ڕۆژ وەک مۆمێکی داگیرساو توایەوە و گڕی بەرەو کەمی ڕۆیشت و لە ڕۆژری ١٤٠١/٥/١٤ لە تەمەنی ٦٩ ساڵیدا، بۆ هەتاهەتایە چرای مۆمی کوژایەوە و لە تەنیشت سی جگەرگۆشەکەی لە گۆڕستانی سڵێمان بەگی بانە بە خاک سپێردرا.
کاک ئەحمەد لەگەڵ ئەوەی کە هەموو جمگەکانی لەشی لەکار کەوتبوو، تا دوا هەناسەی ژیانی مێشکی بە باشی کاری دەکرد و هاتنی شاعیران و نوسەران و هونەرمەندان بۆ دیداری، شادی دەکرد و ڕێزی تایەبەتی لێ دەگرتن.
تەها، هاوڕێ و ئۆمێد لە بنەماڵەیەکی زەحمەتکێش، نیشتمانپەرور، باوکێکی وردبین و وریا و هۆگری شاعیران و نوسەران....، لە داوێنی دایکێکی پاک و بێگەرد، لە ئاوی شەو ڕوونتر و لە بەفری کۆێستانی سپی سپیتر هاتبوونە دی. دایکیان لە کۆی خەمەکان پشکی شێری بەر کەوتووە. دایە عەیڵێ سەرەڕای جەرگ سوتاووی و خەمباری، دڵخۆشی کەس و کار و دەوروبەری داوەتەوە و بەشی زۆری خەم و خەفەت و نەخۆشی و کۆچی هاوژین و ڕفیفی لە مێژینەی هاتوەتە سەرشانی.
ئەمڕۆ ساڵیادی کۆچی دوایی تەها بیانویەکە بۆ ئەوەی ڕۆژە ناخۆشە یەک لە دوای یەکەکانمان بێنینی بەر باس. بە هەموو تاڵیکەوە کە کۆچی ئەم ئازیزانە بۆیان بەجێ هێشتوین، سەربەرزین بەوی کە ئەگەرچی کەم ژیاون بەڵام دڵسۆزانە، نیشتمانپەروەرانە و سەربەرز ژیاون.
هاوخەمی خۆشەویستانی دوور و نزیک توانیویە بەشێکی بەرچاو لە باری خەمەکانمان سوک بکات، کە جێگەی ڕێز و پیزانینە.
* مامی کۆچ کردوانی ئازیز
بەرواری ١٤٠٢/٣/٨ هەتاوی
آدرس کوتاه خبر: