گۆشەنیگایەک بە سەر ژیاننامەی مامۆ ڕەشید(جەلال فەتحی)
سۆزێک زۆڵاڵتر لە ئاوی کانی چەرموو
ڕۆحێک کە هەر لە منداڵیەوە تێکەڵاوی سۆزی جووزەلە و شمشاڵ بووە و مەرگیش ناتوانی ئەو ئەڤینەی لێ بسێنێ.
لە بناری کێوی سەربەرزی «کۆڕەمیانە»و لە ژێر سێبەری«سەرمەرەز»دا بە خۆڕەی ئاوی»کانی چەرموو» وبەفراوی»هەواری لوەجاڕ» کۆکەنێ پەروەردە بووە، پیاوێک لە ڕەگەزی داربەڕوو کە بە شنەی هەوارگە فرچک دراوەو لە گەڵ داروەنەکانی «چەمی مۆمنایی» باڵایی کردووە و ماندوویەتی لەگەڵ شاخەوانانی ڕێگای کۆڕەمیانە دەرکردوە.
ڕیشێک کە لەگەڵ سروشت و جوانی سپی بووە و پشتێک کە لەگەڵ ڕەنج و زەحمەتدا چەماوەتەوە و دووزەلەی لە قامێشەڵانەکانی بناری کوڕەمیانە بۆخۆی سازکردووە.
پیرە پیاوێک کە زیاتر لە 60ساڵە لە گەڵ چەخماخ و بەرد و زەنگەن و بەرکەن و دار و ئاو و مەینەت و ئەرکدا دەژێ و بە قۆڵەنگێ دڵی شاخ و زنارێک هەڵدەکۆڵێ و زیاتر لە هەزار 1000 نەمامی بەبەر لەو سەخت و شێوونشێوەدا دادەنێ.
فەرەنجی پۆشێک کە زیاتر لە شەست ساڵە وەک هاوڕیێەک بە شمشاڵ و جووزەلەدا دەڕوانێ و ئارەقەی چاوانی بە سۆزی دڵی خۆی ئەدا بە بایا.
سۆزێکی دڵ لاوێن زۆڵاڵتر لە ئاوی کانی چه رموو تێکەڵ بە قاقەبووقاقەبووی شاکەوەکانی ئاسمانی «حەشۆڵێ.»
پیاوێک کە خشپەی پای بۆ گەڵا بە گەڵای دار پەڵکەکانی کانی چەرموو ئاشنایه و ڕەشتیەکەی دەبێتە چۆپی دەستی شەماڵ و بە سۆزی جووزەلەکەی گۆڕاڵەکانی سەرمەرەز دەبووژێنەوە و دڵەکان دێنێتەسەما...
ڕۆحێک کە هەر لە منداڵیەوە تێکەڵاوی سۆزی جووزەلە و شمشاڵ بووە و مەرگیش ناتوانی ئەو ئەڤینەی لێ بسێنێ.
تەمەنێک کە لە گەڵ مووسیقایێ ڕەسەن تێپەڕیوە.
ئەم پیاوە کەسێک نیه بێژگە له مامۆ ڕەشید(لە ناسنامەدا جەلالی فەتحیە)مەیشوور به مامۆڕەشی سەعای فەتە کە تا ئەمڕۆ وەکوو عەشقێکی نەمر بە باڵای هونەر وسەنعەتدا ڕوانیە وساڵەهایه بەگەروویەک پڕله تاسە،به سۆزی جووزەلە دڵی سەدان ڕێبواری خۆش کردووە و لەسەردەمێک دا کە کەرەسته یەک بە ناو ئۆرگ وباند و....نەبووە سەدان زەماوەندی هەر بە جووزەلەیەک گەڕاندووە.
مامۆ ڕەشید لە 22ی ڕەشەمەی 1329ی کۆچی هەتاوی لە ئاوایی هونەردۆستی نسڵ له کەمەرەچەمی شامیان سەربە شارستانی سەوڵاوا لە دایک بووە و هەر لە منداڵیەوە هۆگری ئیش وسەناحاتی ئاسنگەری[بەچاوبڕی له حەڵەبی سازی و ئاسنگەری، چەکسازی مەیشوور لە ئاوایی نسڵ ئۆسا ئەحمەدی عەزیزی، کە ئەبێته باوای نووسەر(باوکی دایکم بووە ئۆسائەحمەد)فێری ئاسنگەریش بووە] و باخداری وکشت وکاڵ بووە و خەم ونەهامەتیەکانی ژیانی بە سۆزی شمشاڵ و جووزەله داوەتە دەم با و ماندوویەتی خۆی داوەتەدەمی نەوای شمشاڵ ودووزەلەیێ.
مامۆ ڕەشی له تەمەنی 73ساڵیشدا و هەر بەو تەمەنەوە وەک هاوڕێیەکی وەفادار به دووزەلە و شمشاڵدا دەڕوانێ و ئاخی بۆ زەمانی زوو هەڵدەکێشت و ئەیگووت:
«لەوەو بەر خەڵک شێوی شەوی نەبوایی وەووە کوڕە پاشا وەلێ ئیسە....؟؟؟؟»
بە دانیشتن وگوێی گرتن لە قسەکانی مامۆڕەشی بۆمان دەردەکەوێ کە زانکۆیەکە پڕله وشەی ڕەسەن و پەتی کوردی، بەجۆرێ کە له کاتی ئاخافتن لەگەڵیا ناتوانی یەک وشەی بیانی له قسەکانیا بدۆزیتەوە و دڵی بووەتە خەزانەیەک بۆ هەڵگرتن ونەفەوتانی سەدها وشەی پەتی و جوانی کوردی و قسەی نەستەق و مەسەل ومەتەڵی باوی زووی کوردەواری.
زۆرێک لە زەماوەندە قەدیمیەکانی ناوچەی شامیان و ئاواییەکانی نسڵ و گۆشخانی و تەرخان ئاوا و ڕەزاو و لاوێسان وگڵیەو ناوچەی کۆماسی بە شمشاڵ وجووزەلەی مامۆ ڕەشی گەڕاوە و لەگەڵ سیاچەمانەوێژی بەناوبانگ مامۆستا عوسمان هەورامی و چەندگورانیبێژێکی تری ناودار چەند شریت وکاسێتیان تۆمار و پڕەو کردووەتەوە کە یەکیان لە شوێنێک بە ناوی کانی موشتەرەک له داوێنی کوڕەمیانەدا بووە و بەزم و پلگەلێ وەکوو سەحەری، بەزمی حەمەشوان، پلی هەڵپەڕکێ وچەپڵەڕێزان، یاران، بەرزی بەرزی و...بەجوانی زانیوە و چەندکەسێک وەکوو کاک موحەممەدی موحەممەدی ناسراو بە حەمەی جافر و کاک جەمیلی گۆشخانی وچەندکەسێکی تر لەلایا فێری ژەندنی ئامێری شمشاڵ وجووزەلە و...بوونە.
شایانی باسە باوکی بەڕێزیان مامۆ سەعیدی فەتحی ناسراو بە سەعای فەتە ئەویش یەکێ بووە لەو کەسانەی کە لە ژەندنی شمشاڵ و جووزەلەدا دەستێکی باڵای هەبووە بەڵام هەردەم بە مامۆ ڕەشیدی وتووە کە پێمخۆش نیە خۆت فێری جووزەله ژەندن بکەیت تا چاوەکانت کەم حۆکم نەبیت و مەترسی نەبینی له سەر چاوەکانت نەبێ.
هەربۆیە هەوڵ ئەدا بچێ لە سەر زەویەک بەناوی خوێڕزیە کە لە مەودای ئاواییەکانی نسڵ و گۆشخانی هەڵکەوتووە، کاربکات کە دوواتر ئەو زەویەی لەگەڵ زەوییەک بە ناوی کانی چەرموو لە چەمی مۆمنایی دەگۆڕێتەوە و ژیان وتەمەنی هەر لەو زەوییەدا تێپەڕ دەکات وئاوەدانی دەکاتەوە.
سەرچاوەکان:لێدوانێ لەگەڵ مامۆڕەشی فەتحی لە ئاوایی نسڵ.
کۆکراوەی: ساسان مۆنفەرێد[بێوەر]
دسته بندی: کوردی
آدرس کوتاه خبر: