دوایین ڕۆژەکانی مانگی سەرماوەزە، ئەڵێی ئەمساڵ زستان بەپەلەیە بەرگی فەقیر دڕاوە و شاخە بەرزەکان تارای سپی یان پۆشیوە.

"نێ" وەکو ڕێبوارێکی شەکەتی سەر ڕێگا پاڵی داوە بە شاخی "میراجی"ەوە ، دەستێکی ناوەتە ژوور سەری و بەدەستەکەی تری کڵاوی ناوە بە نێو چاوانیەوە و دوور ادەڕوانێ و خەیاڵ بردویەتەوە.
زرێبار ئەڵێی نۆ بووکی دەست و پێ بەخەنەی شەرمنە و کراسی پوولەکی شینی پۆشیوە.
قامیش و زەلی قەراخ ئاوی زرێبار و پێدەشتەکانی گوندی "نێ" هەتا کانی سانان و دەرەتفێ تا دەگاتە بەردەڕەشە وشک و زەرد هەڵگەڕاون و پەڵە پەڵە شوێنی سووتان و ئاگر کەوتنەوەیان پێوە دیارە.
شکۆی بڵندی میراجی و گۆلبەن کەوتووەتە باوەشی مەنگی زرێبار و وردە ماسیەکان بە دەوریاندا سەما دەکەن.
مەریوان لەسەر گازی پشت ڕاکشاوە، شانێکی ناوە بە فەیلەقووس و ئەوی تریان بە قەڵای ئیمام و وەختە سەر بنێت بە " قاراوا " وە.
زستانان ئەودەمەی کاری مەزرا و کشتوکاڵ کۆتایی دێت بەشێک لە خەڵکی گوندەکان و تەنانەت کرێکارانی شاریش ڕووئەکەنە کۆڵبەری و لە سنورەکانەوە کاڵا و شمەک ئاڵ و گۆڕ دەکەن.
ئازاد و فەرهاد وەک زۆرێک لە هەواڵانیان بۆ بژێوی ژیانی خێزان دەستیان لە خوێندن هەڵگرتوە و وەرزی بەهار و هاوین له کێڵگەکان تووەفەرەنگی و خەیار دەڕننەوە و شەوانەش بە ناچار دەڕۆن بۆ کۆڵبەری.
بەفری تەمەن لە سەر و ڕیشی کاک عوسمان باوکیان باریوە و هەر لە تەمەن هەرزەکاریەوە کرێکاری دەکات و ئێستە چەن ساڵێکە بە کۆکردنەوەی وردەنان و مقەبا و باغەی شکاو سەرقاڵە، بەڵام هەر نان سوار بووە و ئەوان پیادە!...
چەپۆکی بێ بەزەیی ڕۆژگار هەر لەسەر ئەم خێزانە هەژارە بووە و ڕۆژێکی خۆشیان بە خۆوە نەبینیوە ، ساڵانێکی زۆرە دایکیان تووشی خەمۆکی بووە و وەک باخی خەزان لێکەوتوو زەرد و لاواز هەڵگەڕاوە.
دڵی ئازاد گەورەیە بەقەد زرێبار ، ڕوون و مێهرەبانە وەکو کانی ئەسحاب پشت گوندەکەیان وەک ئەو مریشک و کەڵەشێر و مراویانەی بەخێوی دەکات.
هەرکات دڵی دەگیرێت و لەبەر هەژاری و دەستکورتی وەڕەز دەبێت لە گەڵ کۆترەکانی بەسەر ئاسمانی " نێ " هەتا گۆلە جوانەکەی زرێبار و بەری بەگزادە لە شەققەی باڵ ئەدەن و لەوێوە بەرەو شاخی میراجی هەڵدەکشێن.
فەرهادی برای تازە لاوێکی چواردە ساڵانی ئێسک سووکی بنەماڵە هەر لە مناڵیەوە تا ئەو کاتەی لە قوتابخانەی گوندەکەیان دەیخوێند حەزی لە ڕاکردن و بازدان بوو ، لەگەڵ مناڵانی گەڕەک تا مەغریب بە تۆپی باغە فوتباڵی ئەکرد و دایم سەر ئەژنۆکانی دڕابوون و قۆڵ و مەچەکی ڕەش و شین هەڵگەڕابوون.
لایەنگرێکی سەرسەختی ڕێئاڵ مادرید و بەتایبەت ڕۆناڵدۆ بوو و بە شەوق و زەوقەوە یاریەکانی یانەی ڕێئاڵی دەبینی.
ڕۆژگار هات و مناڵەکان کاک عوسمان و دادە فەریدە هەڵکشان و لەگەڵ خەمەکانیان ڕاهاتن و گەورە بوون.
ئێواران ئازاد لەگەڵ ڕەفێقەکانی لە چایخانەی سەر جادە کۆدەبوونەوە و بە دەم جگەرە کێشان و چا خواردنەوە دۆمینە و قسەی خۆشیان دەکرد.
دەستەکانی دادە فەریدە وەک ساقەتە تەماکۆی " گیاکەڵە " لێدراوی دەشتی نێ لاواز بووە و ئیتر وەک جاران خزمەتی ماڵ و مناڵی پێ ناکرێ و جلەکانی پێ ناشۆردرێ.
نەخۆشینی دادە فەریدە ببوە مەراقی دڵی ئازاد و فەرهاد و بڕیاریاندا کرێی کۆڵی ئەم جارەیان کۆبکەنەوە و بۆ چارەسەر دایکیان ببەن بۆ دوکتۆر.
بۆیە سەفەری ئەمجارەیان بەلاوە زۆر پێویست بوو و خۆیان بۆ ئامادە دەکرد.
ئێوارەی دوشەممە لەگەڵ جەماعەتێک کۆڵبەری گوندەکەیان لە ژێر کەپری چایخانەکەی شۆعەیب دانیشتبوون و باسی دژواری مەرزی " تەتە" یان دەکرد، قەرار بوو هەر ئەو شەوە کاتی خەوتن بە پرایدەکەی شۆعەیب بەرەو مەرزی تەتە ڕێکەون.
لە ئێوارەوە فەرهاد وەک بێچووە مراوی ناو زەلەکان زرێبار هەر دەهات و دەڕۆی، دڵی ئۆقرەی نەدەگرت و بۆ چرکەیەک حەوش حەساری داڕماوی ماڵەکەیانی بەجێ نەدەهێشت.
شەو پێش ڕێکەوتن دەبەی نەوتی هێنا و مەخزەنی عەلادین هاڵە ساردەکەیانی پڕکرد و دەرگای کولانەی مریشک و کۆترەکانی قایم کرد، ئازاد برای خەبەر کردەوە بیسکویتێک و جووتێ کولێرە و دەبەیەک ئاوی بۆ ڕێگا پێچاوە ، بەپەلە خۆیان گۆڕی و بە ئەسپایی لە دەرگای تەنەکەی ماڵە بێ نازەکەیان هاتنە دەر.
کانی گەزنەی لاماڵان وەکو دایکی چاوەڕوان ئاوی بە دوادا ڕشتن و قوڵپی گریانی هەڵدا.
کزە بایەکی سارد لە ناو زەل و قەراخ ئاوی زرێبار و خانەباخەکان خوار ئاوایی هەڵی کردبوو.
هەنگاوەکانیان توند کرد، لە دوورەوە لە پێش چایخانەکەی شۆعەیب ئاگری جگەرە دیار بوو کاک محمود و جەهانگیری کوڕی و زانیار چاوەڕێیان دەکرد.
ـ مەرحەباتان لێ بێت، ئەوە هێشتا نەهاتووە؟...
ـ مەرحەبا سەرچاو، بەخێر بێن، نەوەڵا هێشتا نەهاتووە، ڕەنگە میوانیان بێت.
لەگەڵ ئازاد و فەرهاد تەوقەیان کرد.
ـ دەی هاکا پەیا بوو.
ـ بەخوا شانسەکەی ئێمە هەوا ساردی کرد، تۆ بێژی لە تەتە بەفر نەباریبێت؟!...
فەرهاد جامانەکەی لەملی توند کرد و زنجیر کۆتەکەی هەتا ژێر چەناکەی هەڵکێشا:
ـ جا ئەمشەو سبەی فەرقی چیە؟...ناچارین هەرئەبێ بڕۆین.
گوڵۆپ ماشێنێک لە دوورەوە دەرکەوت.
ـ ئەوە تەشریفی هێنا.
ـ ئەی بەخێر نەیەت ، خستمانیە درەنگ.
کاک محمود لە پێشەوەی پرایدەکەی شۆعەیب دانیشت و ئەوانیش چوار قۆڵی ترنجانە دواوە.
ـ مەرحەبا ، ئەوە بۆ درەنگ هاتی خۆ ڕۆژ بووەوە؟...
ـ کوا درەنگە؟!... خۆ هێشتا مریشک نەنیشتوە.
گەیشتنە بازدیدەکەی "سێ ڕای نێ" شووشەی ناو پرایدەکە هەڵمی کردبوو.
ـ ئەو بوخاریە ڕۆشنکە ، ڕەقت کردینەوە.
جووتێ گەماڵ لە بەر پازگای کانی دینار هاشاوڵیان بۆ ماشێنەکە هێنا و بە حەپەحەپ تا دەور فەلەکەی ناوەڕاست شارۆچکە دوایان کەوتن.
جارجار کاک محمود بە یادی جاران سۆزی دڵ هەڵی ئەگرت و دەستی ئەنایە بناگوێی و بەکەیفی دڵ گۆرانی ئەوت.
ئازاد بەگاڵتەوە جەهانگیری ئەدوان:
ـ بەخوا کوڕەکان ئەمە "دوا سەفەر مانە" و ئەمجارە بە سەلامەت ناگەڕینەوە.
ـ کورە قسەی قۆڕ مەکە ، ئیشەڵا هیچ نابێ.
ناو ماشێنەکە گەرم داهاتبوو ، نەفەرەکان دواوە لەشیان خاو بووەوە و خەویان لێ کەوتبوو.
ڕەشەبای دەربەن دزڵی وەک دەستەی مارشی سەرباز دوای جەنگێکی سەخت سەمفۆنیای ماتەمینی دەژەند.
لە دوورەوە گوڵۆپەکان گوندی دەرەکێ دەبریسکانەوە و پانکی چادر کێشراو وەک پزیسک بە ناو جادەدا لە هاتوچۆ بوون و پراید و پەیکان کۆڵبەرەکانی بۆ پازگای ژاڵانە سەردەخست.
جارجارە فەرهاد جگەرەیەکی دادەگیرساند و بە حەسرەتەوە چاوی لە شاخ و ئەستێرەکان ئاسمان نەدەتروکاند.
شۆعەیب بۆ گەڕانەوە زۆر بەپەلە بوو، لەبەر خۆوە لەگەڵ پەخشی ناو ماشێنەکە گۆرانی دەگوت و هەر ورتەی دەهات.
شوێنی فەرهاد و نەفەرەکان لە سەندەڵی دواوە زۆر زەحمەت و تەنگەلان بوو، فەرهاد مۆبایلەکەی دەردەهێنا چاوێکی پیادەخشاند و دەیخستەوە گیرفان کۆتەکەی.
دەمێک بوو ئازاد سەری نابوو بە شان فەرهادەوە و خەوی لێکەوتبوو.
پاش سەعاتە ڕێگەیەک گەیشتنە پازگاکەی ژاڵانە، لە بارخانەی "گەناو" وچانێکیاندا و شۆعەیب لەگەڵ خاوەن بار قسەی کرد و ئامانەتی دایە دەستیان.
لە پێچی خوار پازگای ژاڵانە دابەزین ماڵاواییان لە شۆعەیب کرد و کەوتنە ناو ئاپۆڕەی کۆڵبەرەکانەوە.
تاریکە شەوێکی زۆر سارد و سامناکە ، قەتاری کۆڵبەرەکان بەڕیز بەرەو کەل تەتە ملی ڕێگایان گرتوە.
کۆڵبەرەکان زنجیرەکانیان لە پێ بەستووە ، ئازاد لە پێشەوە کەوتە ناو ڕیز و فەرهاد و هاوڕێکانی بە دوایەوە بوون.
ئاسمان سایەقە و شاخ یەکسەر بەفر و سەهۆڵە، ڕەشە بای توند هەڵیکردوە و جگە لە خیسەی سەر سینگ و کۆکەی کۆڵبەرەکان هیچ دەنگێکی تر نابیسرێ.
فەرهاد بە جامانەکەی سەر و ملی داپۆشیوە ، ئازاد کیسەی گوریس و تەنافەکانی لەگەڵ پێخۆری ڕێگای لە پشت بەستوە.
لە دوورەوە لە سەر تەتە چایخانە چۆڵەکەی غازی دیارە ئاخر زستانان کە بەفر دەبارێ جادەی تەتە دادەخرێ و ڕێگەی هاتوچۆ بۆ هەورامان دەبەسرێ.
ناوە ناوە کۆڵبەرەکان بەقەد جگەرە کێشانێک لە ڕیز لائەدەن و پشوویەک وەرئەگرن و بە قومێک ئاو گەرویان تەڕ ئەکەن.
ئەڵێن جوانترین گوڵەکان لە سەخت و ناهەموارترین شوێنەکان دەڕوێت، تەتەش ئاوایە!...
کاتێ لەو سەرەوە دەڕوانیتە دیمەنی جوانی پێدەشت و شاخە بەفراویەکان، هەناسەیەکی قووڵ هەڵدەکێشی و بزەی ڕەزامەندی لە لێوت ئەنیشێ.
لەو شەوە تاریکەدا گوڵۆپەکان هەورامان و کەماڵە و مەریوان هەتا هەڵەبجە و شارەزوور وەک ملوانکەی زیوین ئەبریسکێنەوە.
کاک محمود و جەهانگیر لە ڕیز دوا کەوتوون ، لە ناو بەردەکان خوار بورجەکەکە یەکیان گرتەوە.
ـ کاکە ئێوە بڕۆن چاوەڕێی ئێمە مەکەن ، بەخوا چڕاین.
ـ ئاخر چۆن ئەبێت ، پەلە ناکەین بە یەکەوە ئەڕۆینە خوارەوە.
ـ نە برا خەمی ئێمەتان نەبێ ، ئێمە وردە وردە دێینە خوارەوە.
ـ باشە، مادام وایە لە خوارەوە چاوەڕێتان ئەبین و کۆڵەکانتان بۆ ئامادە ئەکەین.
ـ ئاگاتان لە خۆتان بێت ، خواتان لەگەڵ.
شوێن پێ و سەر بەردەکان سەهۆڵی بەستووە ، لەم کاتانەدا ئەبێ کۆڵبەرەکان زنجیر و قایش لە پێڵاوەکانیان ببەستن.
هەتا چاو بڕ ئەکات قەتاری کۆڵبەرەکان وەک دەنکە تەزبێحی قەزوان لەکەل بەرەوخوار دەبنەوە ، هەنگاو بە هەنگاو ڕێگە سەخت و دژوار ئەبێت.
ئازاد خەمی فەرهادی برایە ، خێرا خێرا ئاوڕی لێی ئەداتەوە.
ـ فەرهاد گیان وریابە هەورازێکی سەختە قاچت نەخزێ باوانم.
ـ نە کاکە گیان خەمت نەبێ تۆ ئاگات لە بەرپێی خۆت بێت، من زنجیرم بەستوە.
توولە ڕێگەیەکی پڕ هەڵدێر و سەخت بەناو بەردەکانا ئەڕواتە خوارەوە، بۆ یەک چرکە خافڵ بوون یەعنی کۆتایی بە ژیان و پارچە پارچە بوون.
هێز و توانا لە لەشی کۆڵبەرەکان نەماوە فەرهاد دەمی وشک هەڵگەڕاوە و داوای ئاو ئەکات.
دەبە ئاوەکەی لە کیسەی پشت ئازاد دەرهێنا، لەگەڵ زانیار قومێکیان لێ خواردەوە و خستیە ناو کیسەکە.
فەرهاد و ئازاد شارەزای ڕێگای ئەم مەرزە نین، بۆیە جارجارێک سۆراغی ڕێگە و ماوەی گەیشتن تا بارخانە لە کۆڵبەرەکان ئەپرسن.
بەتەواوی هیلاک و شەکەت بوون ، پێدەچێ دوو سەعات بەڕێوەبن.
کۆڵبەرەکان خەڵک هەورامان و گوندەکان ئەو ناوە لێهاتوو و بە تاقەتن و وەک لەپی دەستیان شارەزای ئەو مەسیرەن.
لالۆی فەرەنجی پۆش مێشێ میوانی نیە، وڵاخەکەی داوەتە بەر و لەبەرخۆوە هەوای سەحەری دەچڕێ.
هەورێکی ڕەش ئاسمانی شارەزوری داپۆشیوە و بەرەبەرە خەریکە توند بێتە سەر شاخی تەتە.
سەعاتێک پێش تاریک و ڕوون و نوێژی بەیانی دەگەنە بارخانەی "هانەی تێ" و ناوچەی خورماڵ.
قەرەباڵغی و هەرایەکە سەگ ساحێب خۆی ناناسێت ، خاوەن بارەکان کاڵاکانیان لە خورماڵەوە بە وڵاخ دێننە ئێرە و لەناو خێمەکان کۆگای ئەکەن.
پیرە پیاوێکی ڕیشنی بەساڵاچوو ڕەشتیەکەی لەسەرو ملی پێچاوە ، کۆڵێکی گەورەی ناوە لە کۆڵ و ئەژنۆکانی ناوەتە عەرز بۆی بەرز نابێتەوە.
لاوێکی کەڵەگەتی چوارشانە جگەرەکەی ناوە بەلای لچیەوە و لە پشتەوە لەنگەری بۆ گرتوە و خەریکە بەرزی ئەکاتەوە.
لێرە و لەوێ خاوەن بارەکان ئاگریان کردوەتەوە ، کتری و قۆری خراوەتەسەر و چای ئەخۆنەوە.
بەشێک لە کۆڵبەرەکان لە دەور ئاگردان هەڵترووشکاون ، جلەکانیان وشک ئەکەنەوە و ژەمی خواردنیان لەسەر بارەکانیان ئەخۆن.
کاک محمود پیاوێکی دونیا دیدەیە ، ئەو شەوە لەگەڵ جەهانگیری کوڕی نەهاتنەوە و لە بارخانە مانەوە.
ئەمانیش دوای ئیسراحەتێکی کورت گوریس و قەیاسەکانیان دەرهێنا و بارە کەوشەکانیان توند کرد ، جامانە و ملپێچەکانیان لەسەر و ملیان پێچا و دیسان بەرەو کەل تەتە ملی ڕێگایان گرت.
کاتێ لە داوێنەوە بەرەو لووتکەی شاخ سەر هەڵدەبڕی قەتارێک شریف ڕەنگ پرتەقاڵی و خۆڵەمێشی وەک مێرولە دەنکە گەنم و دانەوێڵە بگوێزنەوە دێتەپێش چاو....
ـ فەرهاد گیان حاڵت چۆنە ، سەرمات نیە ، کۆڵەکەت قورس نیە باوانم؟...
ـ نە ئازاد گیان، من زۆر باشم.
ـ دەی ئەونەمان نەماوە گەیشتینە سەرەوە لە ناو بەردەکان وچان ئەدەین و ئیسراحەتی بۆ ئەکەین.
ئەم شوێنە باشترە کەمتر هەوا ئەیگرێت ، بۆ چارەکە سەعاتێک لەبن بەردەکان وچانێکیاندا و نەختێ بیسکویت وقومێ ئاویان خواردەوە.
دیسان کەوتنەڕێ ، هەوای ئەوسەرە زۆر سارد و سەخڵەت بوو گابەردەکەیان بەجێ هێشت ، ئیتر کڕێوە و بۆرانی ئەکرد و چاو چاوی نەدەبینی.
ئازاد زۆر شەکەت دیار بوو ، کۆڵەکەی نا بە بەردێکەوە و دیسان وچان و پشوویەکیاندا.
تادێ هەوا ناخۆشتر دەبێت و کەس لەکەس ناپرسێت ، هەرکەس هەوڵ ئەدات خۆی لەم کڕێوە و بۆرانە ڕزگار بکات.
ـ هەستن برا ئێرە جێی ئیسراحەت نیە ، ئارەقمان کردوە لەشمان سارد ئەبێتەوە.
بەقەد گوریسێک ڕۆشتن ، حاڵ ئازاد باش نەبوو ئەژنۆکانی شل و بێ هێز بوون ، هەر دەکەوتە ناو بەفرەکە و هەڵدەسایەوە.
ـ ئەوە چیتە شێرە گیان ، بۆ ئاوا شپرز بووی؟...
ـ بەخوا نازانم زانیار ، قاچەکانم هێزی تیانەماوە ، هەمو گیانم لەرزی کردوە.
ـ کورە هیچ نیە غیرەتت بێ ، ئەوە سەرمات بووە بجووڵە لەشت گەرم دادێ و باشتر ئەبیت.
کۆڵبەرێک لەولاترەوە نووشتاوەتەوە ، لەسەرپێ گۆچانەکەی ناوە بە چەناکەیەوە و لەنگەری گرتوە و پشوو ئەدات.
کڕێوە و بۆران سەری لێ شێواندوون و بەفرێکی قورس هەتا سەرئەژنۆی کۆڵبەرەکان باریوە.
سەرما و کڕێوە سەری لێ شێواندون ، هێسری وڵاغارێک شێت بووە ڕێگە نادۆزێتەوە و بە چواردەوریدا چەپۆکان ئەکات.
کابرای وڵاغار هەوساری هێسرەکەی توند گرتوە ، هەر ئەپاڕێتەوە و جارجاریش جنێو ئەدات و بە مستەکۆڵ لە سەرو پۆزەی هێسرەکە ئەدات.
ئازاد هەردو دەستی بەرداوەتەوە هەنگاوەکانی شل و بێ هێز بوون ، جارێکی تر لەناو بەفرەکە دائەنیشێ.
فەرهاد گەڕاوە دواوە و بە پەلە خۆی گەیاندە لای ئازاد.
ـ ئازاد گیان ئەوە چیتە باوانم، دەی ئەونەمان نەماوە لەم کەلە بڕۆینە خوارەوە ئیتر کڕێوە و بۆران نامێنێت.
لە دواوە لەنگەری بارەکەی گرت و هەستایە سەرپێ، گوریسێک نەڕۆشتبوون دیسان خۆی پێ نەگیرا و کەوتەوە ناو بەفرەکە.
ـ نازانم بۆ وام لێهاتووە ، ئەژنۆکانم نایەن بە شوێنما.
بەر چاوم ڕەش بووە هیچ نابینم.
ـ مۆبایلەکەتم پێ بدە با خەبەر بدەم بە بێهزاد ، بەڵکو فریامان کەون.
ـ نازانم ، ژمارەی بێهزادم نیە.
فەرهاد ژمارەکەی پێدا و تەلەفوونی بۆکرد، کاک عوسمان باوکی هەڵی گرت.
ـ ئەلۆ.
ـ ئەڵۆ، کاک عوسمان فریامان کەون، کڕێوە ئەکات و حاڵ ئازاد باش نیە خەریکە ڕەق ئەبینەوە.
ـ باشە ئەلعان بێهزاد خەبەر ئەکەمەوە.
تەلەفون قەتع بوو.
بێهزاد تەلەفونی کردەوە:
ـ ئەلۆ زانیار گیان چیتانە ، چی ڕوویداوە؟...
ـ کورە بێهزاد فریامان کەون، ئازاد لە پێ کەوتووە لە عەرز و ئاسمان کڕێوە ئەبارێت.
ـ ئەی هاوار بەڕاستە ، دەی بگەڕێنەوە دواوە بۆ بارخانە.
ـ بێهزاد گیان دەسمان لە هەمو شوێنێک بڕاوە ، لەگەڵ بورهان بێن بە شوێنمانا.
تەلەفون پچڕا.
هەرچۆن بوو قەیرێکی تر ڕێگە ئەبڕن ، لە عەرز و ئاسمانەوە کوولاک هەڵی کردوە و سەرما هەتا مۆخی ئێسقان ئەگەزێ.
ئازاد لە پێ کەوتووە و بە زۆر لەشی خۆی ڕائەکێشێ.
دیسان جارێکی تر دانیشتە ناو بەفرەکە.
بێهزاد تەلەفونی کردەوە:
ـ ئەلۆ ، زانیار گیان وریابن خۆتان بگەیەننە پازگاکەی ژاڵانە منیش دو سێ جار بەسەرم هاتوە.
ـ کورە ڕێگە نادۆزینەوە هەر جۆر بووە فریامان کەون ، فەوتاین.
چوار پێنج هەنگاوی تر ڕێگە ئەبڕن و ئازاد بە ئەژنۆوە چۆک ئەداتە ناو بەفرەکە و دائەنیشێت.
ـ ئیتر تەحەمولم نەماوە، بەخوا جارێکی تر کۆڵ بۆ باوکیشم هەڵ ناگرم.
بەفرێکی زۆر لە سەرومل و کۆڵەکەی نیشتوە و هەناسەی توند بووە.
فەرهاد لە پێشەوەیە و لە ناو گێژڵووکە و کڕێوەدا بە زەحمەت چاو ئەکرێ.
کۆڵەکەی زانیار سووکە و قەیاسەی سەرشانی پانە، لەگەڵ ئازاد ئەیگۆڕن و زانیار لەدواوە لەنگەری کۆڵەکەی ئەگرێ و ڕێ ئەکەون.
پاش ماوەیەکی کورت حاڵ ئازاد شپرزتر ئەبێت، بە ناچار زانیار کۆڵەکەی خۆی لە ئازاد ئەسێنێتەوە و کۆڵەکەی ئازاد لەکەل ئەخاتە خوارەوە.
ـ ئازاد گیان خەمت نەبێ ئێمەش لەولاترەوە کۆڵەکانمان فڕێ ئەدەین و خۆمان ئەگەیەنینە پازگاکە.
ـ دوایی هەوا خۆش کاتەوە خاوەن بارەکان دێن بەلای بارەکانیانەوە.
بەڵام ئازاد بەو حاڵەشەوە هێشتا بێ هێزە و چاوی ڕێچکەوپێچکە ئەکات و هیچ نابینێ.
هەنگاوەکانی کورت و لاواز بوون، کڕێوە و سەرما بڕستی لێ بڕیوە برژانگەکان و برۆی زووقم و بەفری لێ نیشتوە ، دڵی خاو ئەبێتەوە و هێڵنج ئەدات.
فەرهاد وەک چۆلەکەی سەربڕاو ئۆقرەی نەدەگرت و ئەکەوتە پێشەوە و بە پەلە ئەگەڕاوە ، لەو وەزعە تووڕە بوو کۆڵەکەی خستە خوارەوە و هاواری کرد:
ـ بەزیادم نەکرد ئەم ژیانە، زانیار کۆڵەکەت فڕێدە خێراکەن با خۆمان بگەیەنینە پازگاکە.
زانیاریش کۆڵەکەی فڕێدا، ئیتر قسەکانیان ئاسایی نبوو بەسەر یەکتردا هاواریان ئەکرد.
ـ دەی ئازاد گیان دەی تۆ خوا بجووڵە ، دەستە کانت بخە ژێر کۆتەکەت با سەرما نەیبات.
بەشێک لە ڕوومەت و لووت ئازاد سەرما بردبووی و شین و مۆر هەڵگەڕابوو کەوشەکانی پڕ بوون لە بەفر.
ئازاد لە بەر خۆوە بە زانیار دەڵێ:
ـ دەی کوا، خۆ وتت پازگاکە نزیکە، بۆ نەگەیشتین؟...
ـ ئەوەتا، بەخوا زۆرمان نەماوە، دە دەقێقەی تر ئەگەین.
زۆپای تیایە، خۆمان گەرم ئەکەینەوە و تەلەفون ئەکەین نەجاتمان ئەبێ.
کاتێ گەیشتنە نزیک بورجەک ئیتر ئازاد لە پێ کەوتبوو، بن باڵیان ئەگرت شل ئەبوو ئەکەوتەوە ناو بەفرەکە.
ئێرە بەرزترین لووتکەی شاخی تەتە، لێرە ئاسمان و زەوین بە یەک ئەگەن، کڕێوە و بەفری هەمو دونیا لێرە ئەبارێ.
لەشی ئازاد هێز و تینی تیانەماوە دەستەکانی بوون بە پارچەیەک سەهۆڵ و چاوەکانی سۆمای لێبڕاوە.
فەرهاد بە گریانەوە کۆت و جامانەکەی لەبەرخۆی دەرهێنا و لەگەڵ زانیار کردیانە بەر ئازاد و سەرومل و دەستەکانیان داپۆشی.
زانیار بە گریانەوە هاواری کرد:
ـ فەرهاد گیان بەگوێمکە با بڕۆینە خوارەوە قاترێک دێنین و ئازاد ئەبەینە خوارەوە.
ـ نا، نا، من نایەم زانیار، من ئازاد بەجێ نایەڵم.
من براکەم بەجێ نایەڵم، تۆ بڕۆ هێسرێک بێنە.
هەردو مشتومڕیانە و دڵیان ڕازی نابێت، ناچار زانیار ڕازی ئەبێت:
ـ باشە فەرهاد گیان من ئەڕۆم قاترێک دێنم، تۆ ئازاد بەجێ مەیەڵە.
فەرهاد شیوەن ئەکات و لەسەر بەفرەکە دانیشتووە، سەر ئازادی خستوەتە سەر ڕانی ماچی ئەکا و بە هەمو هێزیەوە هاڵاوی دەمی ئەکات بە دەستەکانیا.
ـ ئازاد گیان، ئازاد.
ـ تۆخوا مەخەوە، هەڵسە بابڕۆین.
ـ ئەوە پازگاکە ، ئەها چاوت لێیە، ئەونەمان نەماوە.
ـ زانیار ڕۆشتوە هێسر بێنێت، دەی باوانەکەم تۆ خوا چاوت هەڵبڕە.
پەلامار ئەدات بیکاتە کۆڵ ، باوەش ئەکات بە ناوقەدیا بۆی بەرز نابێتەوە لەش ئازاد بووە بە سەهۆڵ و نانوشتێتەوە.
بەفر بە تەوژم ئەبارێ و بۆران ئەکا، زانیار بەرەو "قەتڵگا" ڕێگە هەڵە ئەکات و بەرپێی خۆی نابینێ.
"قەتڵگا" ئەو شوێنەیە کۆڵبەرەکانی هەورامان و هەمو ناوچە ئەیناسن و خۆی لێ ئەدزنەوە.
ساڵ نیە کۆڵبەر لەم شوێنە نەکەوێتە خوارەوە، نەکوژرێت یان بۆ هەمیشە نەکەوێتە سەر جێگە.
پەنجەکان دەست و قاچی زانیار هیچ هەست و تینی تیا نەماوە، تەنها و ناشارەزا بەناو بەفردا ڕادەکات.
لە دوورەوە تارمایی چەن کەس دەبینێت.
دڵی خۆش ئەبێت و بە هەمو هێزیەوە هاوار ئەکات:
ـ کاکە مەڕۆن فریامان کەون، تۆ خوا بێسن.
ئەگاتە لای کۆڵبەرەکان، ئەوانیش حاڵیان لە زانیار خراپترە ، کۆڵەکانیان فڕێ داوە و لەپێ کەوتوون.
ـ خاڵۆ گیان بەساقەتان بم، ئەو ڕەفێقمە لەویا کەوتووە.
خەریکە ڕەق ئەبێتەوە، تۆخوا بگەنە فریای.
ـ ئەوەتا، ئەها، چاوتان لێیە، لەودیو ئەو پێچە کەوتووە.
ـ براکەی هابەلایەوە، ئەویش پەکی کەوتووە.
کۆڵبەرەکان هیچ گوێیان نەدا و نەوەستان ، هەروا شەکەت و هیلاک بەڕێدا دەڕۆشتن.
ـ مەڕۆن، تۆ قورئان تۆ غەوس فریامان کەون، بەخوا پووڵتان پێ ئەدەم ، یەک ملیۆنتان پێ ئەدەم ، مەڕۆن.
زانیار ئەگریا و هاواری ئەکرد.
ماوەیەکی تر ڕۆیشت، دو نەفەر وڵاغار دەرکەوتن.
تروسکەی خۆشی کەوتە دڵیەوە.
بەپەلە خۆی گەیاندە لایان، لە پێشدا کەمێک خۆفی کرد و سڵەماوە.
ئەتوت قاترەکان لە سەهۆڵ دروست کراون ، یەخ بە هەمو لەش و کلک و یاڵیان شۆر ببوەوە.
وڵاغارەکان دەسکێش و پشتوێنی شاڵیان لە پشت بەستبوو ، تەنها چاویان لە ژێر دەسماڵی سەریانەوە دەبینرا.
ـ لالۆ گیان ، تۆ خوا ئەو ڕەفێقمە پەکی کەوتووە ، خەریکە ڕەق ئەبێتەوە ، فریای کەون.
ئەوانیش زۆر شپرز و بێ دەرەتان بوون ، تا ناوقەد و شاڵی پشتیان تەڕ و جلەکانیان وەک تۆڵاش ڕەق هەڵگەڕابوو ، لە تاو سەرما دەمیان لە گۆی نەدەکرد.
لەگەڵ یەکتر تووڕە بوون و زانیار لێیان حاڵی نەدەبو ، ئەگریا و پەلاماری دەستیانی ئەدا ماچیان کات.
ئەوانیش قاترەکانیان بەجێ هێشت و ڕۆشتن.
ئیتر زانیار هێزی لێ بڕابوو ، نائومێد و پەرێشان بەڕێدا دەڕۆی و دەگریا.
لە بەردێکەوە کەوتە خوار و وەک گوڵۆڵە بەن بەناو بەفردا تلێر بووەوە.
لە پڕێکا گیرسایەوە، دەستی هێنا بە ڕوومەتیا بەفرەکە لابات هەستی بە هیچ نەدەکرد.
ـ حەزرەت غەوس، پیران تەرێقەت.
ـ کۆڵبەر هۆۆۆۆو کۆڵبەر، کێ لێرەیە فریامان کەوێ....
لەم کاتەدا مۆبایلەکەی ناو گیرفانی زەنگی لێدا، کابرای خاوەن بار بوو.
ـ ئەلۆ، ئەلۆ....
ـ ئەلۆ زانیار، ئێوە لە کوێن؟
بۆ ڕەزای خوا چیتان بەسەرهات؟...
ـ ئەلۆ ، کورە بۆ خاتر خوا فریامان کەوە، ڕەفێقەکانم لەو شاخە بەجێ ماون.
ـ لە کوێ، ئێستە لە کوێن؟...
ـ دوو بران، لە دووڕێیان نزیک بورجەک کەوتوون خەریکە ڕەق ئەبنەوە.
ـ خەمت نەبێ خەڵک ئەنێرم بە دوایاندا، براکەیان ڕۆشتوەتە سەرەوە، تۆ خۆت بگەیەنە ئێرە.
جارجار بەفرەکە هەڵی ئەگرت و لە هەڵدێرەکان ئەکەوتە خوارەوە، بەڵام بەو حاڵەوە خۆی گەیاندە بارخانەی گەناو...
خاوەن بارەکە لەوێ چاوەڕێی ئەکرد، خێرا زانیاری خستە ناو توێتاکە جل و بەرگ و پێڵاوە سەهۆڵ بەستوە کانی لەبەر دەرهێنا و بوخاری ناو ماشێنەکەی هەڵکرد.
دەمێک بوو باوک و مامی لەوێ بوون، خێرا خواردنی گەرم یان بۆ هێنا و جلەکانیان گۆڕی و بردیانە ناو ماشێنەکەی خۆیان.
هەواڵی ون بوونی کۆڵبەرە "نێ" ییەکان خێرا وەک کڕێوە سەختەکەی تەتە لە مەریوان و هەمو ناوچە بڵاو بووەوە.
لە تلوعی بەیانیەوە هەمو خەڵکی "نێ" و باوک و براو کەس و کاری ئازاد و کۆڵبەرەکان خۆیان گەیاندبووە تەتە.
زۆرێک لە خەڵک مەریوان و هەورامان و گوندەکان ئەو دەورە هاتبوون بە هانای کۆڵبەرەکانەوە.
پێش نیوەڕۆی هەرئەو ڕۆژە لەشی نیوە گیانی ئازاد دۆزرایەوە و هێنایانە خوارەوە، کاتی گەڕانەوە لە نزیک گوندی دەرەکێ بۆ هەمیشە دڵی لە لێدان کەوت.
خەڵک و کۆڵبەرەکان تا مەغریب بەناو بەفر و کڕێوەدا گەڕان بەڵام هیچ ئەسەرێک لە فەرهاد نەبوو.
بۆ ساتێک کڕێوە و بۆران ناوەستێ و وەک گورگی هار پەلامار ئەدات و ئەلوورێنێ.
فەرهاد هەر چاوەڕێیە زانیار بگەڕێتەوە ، بەسەر ئازاد برایدا نووشتاوەتەوە ، ئەگری و شیوەن و هاوار ئەکات.
چەنجار هەوڵ ئەدات بیکاتە کۆڵ بەڵکوو تووش وڵاغارێک بن ، لە باوەشی ئەکات و بە سنگیەوە ئەنێت دیسان بە جووت ئەکەون.
ـ ئازاد گیان ، ئازاد برا جوانەکەم دەی جواب بدەرەوە، تۆ خوا.
ـ زانیار درەنگ کەوت و نەهاتەوە، با لێرە نەمرین ئەڕۆم وڵاغارێک دێنم و خێرا ئەگەڕێمەوە.
کاکە ئازاد گیان ، بەخوا زوو دێمەوە، بەخوا زوو...
ڕوومەت و ناوچاوانی سەهۆڵبەستووی ئازاد ماچ ئەکات و بەجێی دێڵێ...
کڕێوە و سەرما بڕستی لێ بڕیوە، نائومێد و ناشارەزا بۆ ڕزگار کردنی گیانی ئازادی برای لە مردن ڕچەی تازە ئەشکێنێت و تا ناوقەدی ئەڕواتە ژێر بەفرەوە.
کاتی مەغریب و خۆرئاوا بوونە و هەوا ئەوەندە ساردی کردووە تف هەڵخەیت ئەبستێ.
هێسری کۆڵبەرەکان لە شوێن خۆیان بوون بەژێر بەفرەوە و ڕەق هەڵگەڕاون.
لەشی ماندوی ڕادەکێشێ و بەرەو هەورازی سەخت و پڕمەترسی قەتڵگا و "بارخانەی گەناو" خوار دەبێتەوە.
شەو دادێت و دنیا سارد و كڕێوەیە، ڕێگەی دەکەوێتە "کۆڵیت"ێکی چۆڵ و ترووسکەی خۆشی بەدڵیدا دێت.
دەرگا و دەلاقەی کۆڵیتەکە توند داخراوە ، بە مست و پێ لەقە لە دەرگا ئەدات و زۆر هەوڵ ئەدا بۆی ناکرێتەوە.
ـ خاڵۆ ، برا ، کاکە ، کێ لێرەیە.
ـ ئەی هاوار فریامکەون ڕەق بوومەوە.
ئیتر ئەژنۆکانی لەشی پێ هەڵناگیرێ، هێز لە لەشی بڕاوە و دەستەکانی وەک سەهۆڵ بەستوویانە و لە گۆ ناکەن و بیشیبڕن بەخۆی نازانێ.
پاڵ بە بەردێکەوە ئەدات و پێڵووی زووقم بەستووی چاوەکانی قوورس دەبن...
لە نێو چرکەساتی مەرگ و ژیاندا خەیاڵ هەڵی دەگرێ:
نیوەڕۆی گەرمی بەهار خۆرەتاو بە تاقی ئاسمانەوە ئەدرەوشێتەوە ، فەرهاد و ئازاد لە دەشتی "نێ" بژاری تووەفەرەنگی دەکەن و هەمو گیانیان ئارەقی لێ دەچۆڕێ.
ـ ئەڵێم ئازاد ، زۆرجار بیر ئەکەمەوە خۆزگە هەژاری و نەبوونی وەک بژاری ئەم تووەفەرەنگیە بوایە، لە ڕەگەوە دەرم ئەهێنا و نەم ئەهێشت سەرهەڵبدات.
ـ دەست لە دەردم مەدە فەرهاد گیان، برینم مەکولێنەوە.
ـ ئازاد گیان ماندونەبی، ئەڵێم ئاخۆ ئەم تووە سوورە ئەڕواتە ماڵ کام خواپێداو؟...
بێ پشوو گەڕان بە دوای فەرهاد بەردەوامە، ژمارەیەکی زۆر کۆڵبەر و گروپە شاخەوانەکان و ڕێکخراوە مەدەنیەکانی مەریوان و زۆربەی شارەکان کوردستان بۆ دۆزینەوەی فەرهاد هاتوون بۆ شاخی تەتە.
تیمەکانی خەڵک بە هەمو جۆرێک لە تەتە ئامادەن و لە چەن شوێنێکی مەسیری هاتوچۆی کۆڵبەرەکان ئاگریان کردوەتەوە و چای و خۆراکی ئەگەیەنن بەو خەڵکەی لە ناو بەفر و بۆراندا بەشوێن فەرهادا ئەگەڕێن.
دوانیوەڕۆی هەینی دوای سێ ڕۆژ گەڕانی بێ وچان مقۆمقۆیە ، تەرمی بێ گیانی فەرهاد لە بارخانەی گەناو، کۆڵیتەکەی حەمە خەرامان دۆزرایەوە.
فەرهاد وەکو گوڵە لیلوپەڕەکانی لێوار ئاوی زرێبار ملی نابوو بە لارەوە، پرچە ڕەشەکەی وەک چەپکە ڕێحانەی شاخی میراجی ڕژابوونە سەر ڕوومەتی سەرمابردوی وەک چڵە نێرگزی تەزیوی بەهاران.
هەر ئەو شەوە ئازاد بە بەرگی کافووریەوە بۆ پێشواز هەستابووە سەرپێ و چاوەڕێی براکەی دەکرد.
ئیتر شەخسەکەی شێخ جەلال بوو بە دواسەفەر و دوامەنزڵی ئازاد و فەرهاد و بۆ هەمیشە کۆڵیان نایە ژێر گڵ و ئۆقرەیان گرت...
دسته بندی: کوردی
آدرس کوتاه خبر: