گۆرانیبێژی ئێستا زۆریان دەنگیان کامڵ نییە و بێ ئاستی رۆشنبیری گۆرانی دەڵێن، واته وەک خواردنی موعەلەبات وایە ئەو لەحزەی کە گوێت لێدەبێ دوای ئەوەی کەچویتە ئەو لاوە هیچ شتێک لا نامێنیتەوە و هەڵی ناگری لەگەڵ خۆتا، چونکە لەگەڵ ئیحساسی تۆدا ناگونجێت.

ناوی تەواوی "محەممەد ئەنوەر عومەر محەممەد"ه کە لە ساڵی ۱۹٤٦ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. سەرەتای منداڵی خستویانەتە حوجرەی فەقێیان لە مزگەوتی پاشا، بەڵام زۆر بەردەوام نەبووە، چونکە قوتابخانە کراوەتەوە ئەمیش وەکوو هەموو ئەو منداڵانەی سەردەمی خۆی لە گەڵ براکانی چووەتە نێو قۆتابخانە، بەڵام هەر لەسەردەمی مناڵیەوە خوڵیای میوزیک لە ناو مێشکیدا بووە.
لە ساڵی ۱۹٥٤ ماڵیان باری کردووەتە سلێمانی و لەوێ پۆلی سێیەم لە قوتابخانەی (فەیسەلیە) دەخوێنێت و لەو کاتە لە گروپی سروودی قوتابخانە لە لایەن مامۆستا ولیەم یۆحەننا هەڵبژێردراوە بۆ گروپی سروودی ناوەندی. دواتر خانەی مامۆستایانی لە سلێمانی تەواو کردووە، لە ۲٦ /۱۰ /۱۹٦٤ هەر لەو ساڵەدا بە مامۆستا دامەزراوە. تیپی مۆسیقای (کۆمەڵی خۆشی و بەختیاری) دواتر (تیپی مۆسیقای هیوای) دامەزراندووە. دواتر لە ۲۳ / ۲/ ۱۹٦۷ بوو بە تیپی مۆسیقای سلێمانی لە ساڵی ۱۹٦٦ تا ۱۹۷۱ لە چالاکی قوتابخانەکانی سلێمانی وانەی مۆسیقای وتووەتەوە. ساڵی ۱۹٦۹ دەستەی دامەزرێنەری تیپی نواندن و مۆسیقای سلێمانی بووە. ساڵی ۱۹۷۱ تا ۱۹۷٤ لێپرسراوی بەشی مۆسیقا بووە و لە زانکۆی سلێمانی تیپی زانکۆی دروست کردووە. ساڵی ۱۹۷٤ پەیوەندی بە شۆڕشی ئەیلولهوه کردووە و لەوێ تیپی مۆسیقای شۆڕشیان دروست کردووە؛ دوای گەڕانەوەی لەناو شۆڕش لەساڵی ۱۹۷٥ لە زانکۆ دوور خراوەتەوە و گواستراوەتەوە شاری سەماوە بۆ ماوەی دوو ساڵ ماوەتەوە بەمامۆستا؛ لەو ماوەیەدا تیپی مۆسیقای پەروەردەی سەماوەی بۆ چالاکی قوتابخانەکان دروست کردووە، دواتر گواستراوەتەوە بۆ زانکۆی سلێمانی وەک پێشووی بوەتە لێپرسراوی بەشی مۆسیقا، تاساڵی ۱۹٨۱ کە زانکۆی سلێمانی گۆزاراوەتەوە بۆ هەولێر، ساڵی ۱۹۷۳ لە بەرلین بەشداری ڤیستیڤالی لاوانی جیهانی کردووە؛ هەر لە ساڵی ۱۹۷۳ بۆ یەکەمجار لە تەلەفزیۆن ۹ پارچە مۆسیقا و گۆرانی تۆمار کردووە. لە ساڵی ۱۹۷٤ بەشداری ڤیستیڤالی یەکەمی هونەری کوردی لە بەغدا کردووە.

مەزهەر خالقی گۆرانیپێژی کورد ئەنوەر قەرەداغی بە یەکێک لە شارەزایانی مۆسیقای ڕەسەنی کوردی ناو دەبات.
هونەرمەندی میوزیک ژەن، زیاتر لە نیو سەدەیە کاری میوزیک و ئاوازدانان بۆ گۆرانی و سروودی کوردی دەکات تائێستایش کاری میوزیکی بۆ نزیک لە ٥۰۰ بەرهەمی هونەری کردووە، جێگە و پەنجەی بە ڕوونی دیارە لەنێو هونەر و میوزیکی کوردیدا. ئەنوەر قەرەداغی ئەو هونەرمەندەیە کە خاوەنی بەهرەیەکی هەڵقوڵاوە لەناخیدا، لەگەڵ گوێگرتن لە ئاوازەکانیدا هەست بە هێمنی و بەهرە بێ وێنەی دەکرێت، زۆر زیرەکانه و وەستایانە دەنگ و تۆنی ئامێرە میوزییکیەکان تێکەڵ دەکات. ئەو بەرهەمهی پێشکەشی دەکات پەیامێک هەڵدەگرێت و لەگەڵ هەستەکانی گوێگردا ڕۆح دەچێت.
قەرەداغی لە تەمەنێکی بچووکەوە هۆگری مۆسیقا بووە و کاتێک چووەتە کۆڕی دەروێشەکان لە هەڵەبجە، هێندە بە وردی گوێی لە دەنگی دەف و تەلیلەی دەروێشەکان گرتووە تا ئێستاش ئاوازەکانی لە گوێیدا دەزرنگێتەوە، بووەتە سەرەتایەک تا زیاتر لە هەر شتێک میوزیکی بۆ گرنگ بێت.
ئەنوەر قەرەداغی گەنجینەیەکە لە ئاوازدانانی هونەری کوردی، وەک خۆی ئەڵێت: هونەری کوردی زۆر دەوڵەمەندە، پڕە لە ئاوازی هەمەڕەنگ و جۆراوجۆر، بەڵام سەدمخابن زۆرینەی هونەرمەندانی ئێستا ئاوازی کوردییان شێواندووە و هیچ مۆرکی کوردەوارییان بە ئاوازەکانەوە نەهێشتووە. ئەڵێت: بەبڕوای من میوزیکژەنێک بەئەزموونە کە گرنگترین بەشی کاری هونەری ئەوەبێت، کە گۆرانیبێژ خاوەن ڕۆشنبیری و پاشخانێک لە هونەر بێت، بزانێت بۆچی گۆرانی دەڵێت؟ ئامانجی چییە، پەیامی کارە هونەرییەکانی چین؟ هەروەها گۆرانیەکەی مۆرکی گۆرانی کوردی پێوە دیار بێت، خاوەن ستایل و ئەدایەکی تایبەت بەخۆی هەبێت، لەگەڵ هەستەکانی وەرگێردا تێکەڵ ببێت، بەڵام وەک خۆی دەڵێت گۆرانی ئیستا هیچ یەکێک لەو تایبەتمەندیانەی پێوە دیار نییە؛ تەنیا وشەکانی کوردییە کە ئەویش بە ئاسانی لێیان تێناگەیت.
بەرامبەر بە ئاواز و گۆرانی نوێ دڵی پڕە لە ڕەخنە، لەبەر ئەوەی گۆرانی و ئاوازی کوردی ئێستا بووەتە لاساییکەرەوەی هونەری بیگانە. گۆرانیبێژەکان ناچنە قاڵبی خۆیانەوە تا ستایلی خۆیان وەربگرن و داهێنان بکەن، بەڵکوو ئاواز و دابەشکردنەکانی وڵاتانی دەرەوە دەهێنن و تێکستێکی کوردی بۆ دەنووسن، بێئاگا لەوەی ئەمانە له بیرەوەری خەڵکدا نامێننەوە و هەر زوو لە بیر ئەچنەوە. لەو بارەیەوە زیاتر ئەڵێت: «هونەرمەندی ئەمڕۆ ئەرکی زۆر قورسە، چونکە کورد بەشێکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە نەتەوەکانی عەرەب، فارس و تورک دەورەدراوە، هەموویان دەیانەوێت کلتور و هونەری خۆیان زاڵبکەن بە سەرماندا و هونەری خۆمان لە بیر بکەین، ئێمەش لەبری ئەوەی هەوڵبدەین تاهونەری خۆمان زاڵبکەین بەسەریاندا، ئاوازی بێگانە دەهێنین.
ڕەخنەکانی ئەنوەر قەرەداغی لە هونەری ئێستا زۆر زیاترەلەوەی کە دیانڵێت. ئەو ڕەخنەی تەنانەت لە تازە کردنەوەی و وتنەوەی گۆرانییە کۆنەکانیش هەیە لە لایەن گۆرانیبێژەکانی ئێستاوە، چونکە بە بڕوای ئەو لەگەڵ ئەوەی گۆرانیبێژەکە گۆرانییەکە تازە دەکاتەوە، بەڵام هیچ تایبەتمەندیەک و نوێگەرییەکی تێدا بەدێ ناکرێت؛ بەڵکوو گۆرانییەکەش دەشێوێنێت. لە خەمخۆری خۆی بۆ هونەر و گۆرانی کوردیش دەڵێت: بە لاسایی کردنەوە و شێواندن ناتوانین داهێنان و نوێگەریی بکەین، دەبێت بزانین چی تازە لەناخی هونەرمەندەکاندایە، با بچن لە کەسانی شارەزا بپرسن و فێر ببن ڕێنمایی لە کەسانی بە ئەزموون وەربگرن.
قەرەداغی، دەربارەی وەزارەتی ڕۆشنبیری دەڵێت: وەزارەتی ڕۆشنبیری بوون و نەبوونی وەک یەک وایە، چەند جار ڕووم تێکردووە هیچی بۆ نەکردووم؛ ئەوان بە دەم چەند کارێکەوە دەڕۆن کە هیچ گرنگ نییە، چەندین ساڵە تا ئێستا پلان و ستراتیژیکی نییە کە چۆن مامەڵە بکات لەگەڵ ئەو توێژانەی کە پەیوەندیدارن بەو وەزارەتەوە.
حەزی هونەرمەند ئەنوەر قەرەداغی، بۆ میوزیک و هونەر لەهەر شوێنێک بووبێت ڕەنگی داوەتەوە، زۆر کات هاوکاری دروستکردنی چەندین گرووپی میوزیکی کردووە. تا ئێستا زیاتر لە هەشت گرووپی میوزیکی دامەراندووە، لەوانە: تیپی مۆسیقای سلێمانی ۱۹٦۷، تیپی مۆسیقای شۆڕش ۱۹۷٤، تیپی مۆسیقای پەروەردە لەشاری سەماو، تیپی زانکۆی سلێمانی ۱۹۷۱، تیپی ئۆرکێسترای سلێمانی، گرووپی کیژانی سلێمانی، تیپی پەروەردە و تیپی ئۆرکێسترای هونەرەجوانەکان.
گرووپی کیژان یەکێک لەو گرووپانەیە کە لە لایەن ئەنوەر قەرەداغییەوە ساڵی ۲۰۰۳ دروستکراوە، تائێستا بەردەوامە لە کار کردن و لە زیاتر لە ٤۰ ژن پێکهاتووە. گرووپەکە بەردەوام لە نوێ بوونەوەدایە و تا ئێستا چەندین کاریان ئەنجامداوە و بەزۆربەی شێوەزارەکانی زمانی کوردی گۆرانیان تۆمار کردووە. دەربارەی گرووپەکەش دەڵێت: ژنانیش خاوەن بەهرەی زۆر باشن و جێگەدەستیان لەهەموو شوێنێک دیارە. ئەنوەر قەرەداغی ئەگەرچی لە بنەچەدا باو و باپیرانی خەڵکی قەرەداغن، بەڵام خۆی لەساڵی ۱۹٤٦ لە شاری هەڵەبجەی شەهید لەدایکبووە، لەبنەڕەتدا خەڵکی مەردۆخەن، لەساڵی ۱۹٥۳ هاتوونەتە شاری سلێمانی و یەکێک لەدامەزرێنەرانی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی سلێمانی بووە. ئێستە خانەنشینە و لە ژیانیشیدا لەپاڵ کاری میوزیک و ئاوازداناندا خاوەنی چەند گۆرانی و سروودێکی ئایینیشە و ڕەخنە لە گۆرانى و میوزیك دەگرێت ولە نوێترین پۆستیدا لە ماڵپەری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، ڕەخنە لەگۆرانی و میوزیکی ناو مۆڵەکان دەگرێت. لەناو پەیامەکەیدا ووتەیەکیش ئاراستەی وەزارەتی ڕۆشنبیری حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.
و لە پۆستێکدا نووسیوویەتی: هیچ میللەتێک وەک کورد خواسەری لێ نەشێواندووە، کە خۆت دەکەیت بەمۆڵەکاندا لەهەرشارێک لەشارەکان هەر لە چوونەژورەوەدا دەنگی گۆرانی تورکی و عەرەبی و فارسی بەردەوام ئەدەن بە گوێی خەڵکیدا، لە کاتێکدا هەرچی مۆڵەکانی دەرەوەی کوردستانە؛ لە کەلتووری خۆیان زیاتر نادەن بە گوێی کڕیارەکانیاندا، لێرەوە ئەوەم لا دروست بوو کە ڕێز لە کەلتووری نەتەوایەتیمان ناگرین و بە چاوی نەشیاو سەیری دەکەین، لە کاتێکدا هەموو میللەتێک جگە لە کورد شانازی بە کەلتووری خۆیەوە دەکات، وەزارەتی ڕۆشنبیری لە کوێ نوستوون و کەی خەبەرتان دەبێتەوە.
ئەنوەر قەرەداغی سەبارەت بە نوێژ خوێندن ئەڵێت: ئەوەندەی بیرم بێت ئەگەر خوا لێم نەگرێت نوێژم نەڕۆشتووە و باس لە چەند وێستەگەی جیاوازی ژیانی خۆی دەکات:
قورئان: وەکوو یاسایەک ژیانی ئەم سەردەمەی تیا دەبینم.
هونەر و مۆسیقا: یەکێک لەو جوانییانەی کەخوا بەخشیویەتی بەمرۆڤ.
و زۆر جار شێرکۆ بێکەس دەیگوت بەس تۆ بۆت هەیە دەستکاری شیعری من بکەیت.
و ئەو ساتەی دەستنوێژ دەگرم و دەچم بەرەو نوێژ خۆشترین ساتی ژیانمە.
لەژیانمدا سێ چوار جار گریاوم، بۆ ئاشبەتاڵ کە لەساڵی ۱۹۷٤ ڕوویداوە و هەندێ جار بۆ تەنیایی خۆم چاوم پڕلە فرمێسک دەبێت کە بەراوردی سەردەمی زوو لەگەڵ ئێستە دەکەم و من چۆن ژیاوم و گەنجی ئێستە چون ئەژین. من بۆ شۆڕشی کوردی گریاوم و ئەو سەردەمە لە شاری مەریوان بووم کە لەمەریوانەوە سواری سیارە دەبووم ئەڕۆیشتمە شاری نەغەدە بۆلای منداڵەکانم، بەدرێژایی ئەو ڕێگایە من گریاوم و فرمێسک لەچاومدا ووشک نەدەبووەوە و چ شتێک منی ئەخستە گریان، یەکێک لەناو پاسەکەدا بوو خەڵکی یەکێک لەشارەکانی ڕۆژهەڵاتی ئیران بوو ، شۆڕشی ئەلاواندەوە، ئیتر لەو پاسەدا کەس نەبوو، خۆی بگرێ ونەگریەت، وێنەیەکەم ئەهاتە بەرچاو، و لەخۆمم پرسیار دەکرد ئەم میللەتە بۆ وای لێهات خوایە؟ و زۆر گریاوم بۆ برازایەکەم کە زۆرم خۆشدەویست ئەویش لەدوای فەترەیەک کە هاتینەوە لەدوای شۆڕش، بۆ دایکم زۆر گریاوم، بەداخەوە مەرگی باوکمم لەبیر نیە کە چۆن عەمری خوای کردوە. بۆ کاکم زۆر گریاوم. بۆ براکانم و خوشکێکم زور گریاوم چونکە ژیانێکی پاکم بردووەتەسەر لەگەڵیاندا، ئەوان هەموویان کەسم بوون.
هونەرمەند و موزیک ژەنی ناسراوی کورد، مامۆستا ئەنوەر قەرەداغی، یەکێکە لەناوە دیارەکانی نێو فەزای ڕۆشنبیری و هونەری کورد و جێ پەنجەی کاریگەر و دیارە بە لاپەڕەی ئەدەب و هونەری کوردییەوە. تا ئیستەیش ماندوو نییە، لەماڵەکەی خۆیدا لە ستۆدیویەکی (گچکەدا) واتەبچووکدا هێشتا پەنجەکانی دەبزوێن بۆ موزیک و ئالەتە موزیکییەکان. باوکی ئەنوەر قەرەداغی یەکێک بووە لەو پیاوە ئاینیانەی کە ئەو سەردەمە خزمەتی دینەکەی کردووە، بۆیە ئەنوەر قەرەداغیش ڕێبازی باوکی هەڵگرێتەوەتەوە و تائێستەیش پابەندی ئەو ڕێبازی باوکی بووە، و بە ڕێبازێکی ڕاستی دەزانێت و ئەڵێت کەمن چاوم کردووتەوە لەناو بنەماڵەی خۆماندا پەروەردە کراوم کە باوکیشم عەمری خوای کردووە ئەوکاتە من تەمەنم زۆر مناڵە بووە، بەڵام کاکی گەورەم ( شێخ موحەممەد قەرەداغی) جێگەی باوکی پڕ کردووەتەوە و ئێمەی پەروەردە کردووە، بەهەمان ئەو هەناسەی باوکم ویستویەتی پەروەردەمان بکات کە ڕەفتار و ئەخلاقی جوان لەناو خێزانەکەماندا بەدی بکەین، بۆیە چاومان لەوە نەبووە کە خەڵکی چی دەکات و ئێمەیش لاسایی کەرەوە بین! بەڵکوو ئەو واقعەی کە ئێمە وەکوو مرۆڤێک تیایدا ژیاوین چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو واقعە بکەین لە تێڕوانینێکی ئەخلاقییەوە کە ئەوەش ئیسلامەتی فێرمان دەکات؛ ئەو ئیسلامەتیەیش لەناو بنەماڵەکەی ئێمەدا ڕەگی داکوتی بو. بێگومان بمانەوێ و نەمانەوێ وەکو باب و باپیر کە هاتووە لەسەرمان ڕەنگدانەوەی هەبووە.من ڕەنگە خۆم جیاواز بم لەگەڵ برایەکەم و برایەکەم لەگەڵ ئەوی تردا، بەڵام خۆم ئەوەندە هەست دەکەم لەمناڵییەوە تا ئێستا بەو پابەندییەوە ماومەتەوە و هیچ جۆرێک لە بیروباوەڕی ئیلحادی لای من جێیان نابێتەوە، هەرچەند مەنتقم بۆ بێننەوە من ئەوانە ناچێ بە مێشکمدا، چونکە پێشتریش ئاماژەم پێکرد قورئان وەکو یاسایەک ژیانی ئەم سەردەمە دەبینم، ئەگەر ژیانی مەدەنی هەندێ حاڵەتی تێدا بێ لەگەڵ کۆمەڵگا بگونجێ ئەمە شتێکە زەرەر نادات لەدینەکەش و لە دونیاکەش، لە بەر ئەوه من بەو جۆرە پابەند بووم.

ئەزموونی من لەگەڵ کتێب خوێندنەوەدا لەو سەردەمانە زیاتر لەڕێی خوێندنگەوە بو ، بۆ زیاتر کردنی بۆ ڕۆشنبیری زمانەوانیمان بوو، بەڵام کە هاتینە قوتابخانەی مامۆستایان هاتووچۆی کتێبخانەکانمان دەکرد بە حوکمی ئەوەی کەوا کتێبی مۆسیقاشمان وەردەگرت، لەگەڵ کتێبی مۆسیقاشدا کتێبی پەروەردەییمان دەخوێندەوە.
سەبارەت بەمامۆستا ولیەم ئەڵێت: مامۆستا مەسیحی بوو و هیچ کاتێک ئەو دەرفەت دروست نەبوو کە بانگهێشتی بکەم بۆ ئیسلام، چونکە ئەو هەمیشە ئەیوت مۆسیقا بۆ پێکەوە ژیانە، بۆ ئاشتیە بەس ئەو زۆر بە بڕوا بوو بەوەی کە ئیسلام شتی زۆر جوانی تیایە، بۆ نموونە لەو شتانە کەمن لە بیرمە لە مزگەوتی حاجی حان (قەشە یووسف هەبوو) لەگەڵ کاکمدا ئیلاقەیەکی خۆشی هەبوو، زۆر جار حەزی دەکرد سەر بدات لەمەزگەوت یان کاکم سەربدات لە کەنیسە بۆلای وەکوو پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی و من لەگەڵ مامۆستا ولیەم هێندە پەیوەندیمان بە تین بوو وابزانم لەماڵی کەسدا نەخەتووە لەماڵی ئێمەدا نەبێ.
لەژیانمدا سێ چوار جار گریاوم، بۆ ئاشبەتاڵ کە لەساڵی ۱۹۷٤ ڕوویداوە و هەندێ جار بۆ تەنیایی خۆم چاوم پڕلە فرمێسک دەبێت کە بەراوردی سەردەمی زوو لەگەڵ ئێستە دەکەم و من چۆن ژیاوم و گەنجی ئێستە چون ئەژین. من بۆ شۆڕشی کوردی گریاوم و ئەو سەردەمە لە شاری مەریوان بووم کە لەمەریوانەوە سواری سیارە دەبووم ئەڕۆیشتمە شاری نەغەدە بۆلای منداڵەکانم، بەدرێژایی ئەو ڕێگایە من گریاوم و فرمێسک لەچاومدا ووشک نەدەبووەوە
شێرکۆ بێکەس لەیەکێک لە یاداشتە کانیدا بە وەسفێکی جوان باسی ئەنوەر قەرەداغی دەکات کە یەکەم جار مام جەلال سەرکردایەتی یەکێتی سروودی مەشخەڵانیان پێ دابوو ئەنوەر قەرەداغیش لەوکاتە ترسناکدا ئاوازیشی بۆ داناوە و تەنانەت مناڵەکانی خۆیشی کردووە بە کۆرس و بەم شێوەیە باسی ئەو سەردەمە دەکات و چۆن چۆنی بووە کە بڕیاری داوە سروودێک یان ئاوازێک دانێی بۆ سروودێک کە ببێتە مارشی حیزبێک؟ تەبعەن یەکێکە لە ئاوازە زۆر جوانەکانی هونەری کوردی.
ئەوەر قەرەداغی ئەڵێت: لە حەفتاداکانیش بەملاوە زۆر جار هەبوو لەلایەن پێشمەرگە و شۆڕشەوە (من شۆڕش بەگشتی دەڵێم بەیەک چاو سەیری ئەو حاڵەتەم دەکرد) داوای هاوکارییان لێدەکردم مەسەلەن پێداویستی هێندێک شت بۆ ڕاگەیاندنەکەیان ئێمە بەدەمیانەوە بووین ئالەتیان ویستووە ئەدەواتیان ویستووە لە پارتییەوە هاتون داوای سروودیان کردووە وتویانە ئەو سروودانەی لاتە زەحمەت نەبێ بەشکم بماندەیتێ بۆ ڕادیۆکەمان منیش ووتوومە بەسەرچاو بەبێ دەنگ بۆمان کردون و پاش ئەوەی دیقەتمان داوە شەخێەکەکێ یە ئینجا چوومەتە ژێر باری دوای شۆڕشی تازەش بەهەمان شێوە ڕۆژی برادەرێکمان هەبوو بەناوی شەهاب عوسمان کە پێشمەرگەی (ی.ن.ک) بوو نامەیەکی بۆ هێنام لەپەیمانگای هونەرە جوانەکان بووم یەکەمجار فەڕاشەکە بانگی کردم ووتی یەکێ لەدەرەوە بانگت دەکات لەوێ لەکاتی دەوامدا هەرکە بینیم حەپەسام چونکە شەهاب جۆرێ لەخزمایەتیشی هەیە لەگەڵمدا ووتم تۆ بۆچی هاتووی بۆئێرە ووتی خەمت نەبێ و مەترسە هیچ کێشەمان نییە دوای چاک و چۆنی ووتی: کاک دڵشاد مەریوانی لێرەیە کە برادەرم بوو هەرەوەها نزیک بوو لێمەوە حەز دەکات بتبینێ ووتم با دەوام تەواو بێت تۆ بڕۆ خۆم دێم تەنها ناونیشانەکەم بدەرێ نزیک بوو لەپەیمانگاوە ڕەمەزانیش بوو من بەڕۆژو بووم کە دەوام تەواو بووم ڕۆشتم بۆ ئەوەێ ئیشارەتێکیان پێ دام کە چۆن لە دەرگا بدەم ڕۆشتم ئەوم بینی لەوێ کە چووم بینیم لەگەڵ (دڵشاد مەریوانی) دانیشتین ئەوان نانیان خوارد نیسکێنەیان هەبوو ئیستەیش لەبیرمە فەرمویان لێکردم ووتم : بەڕۆژووم داوای لێبوردن دەکەم : نانیان خوارد و دانیشتین قسە و باس هاتە پێشەوە نامەیەکی مام جەلالی دامێ نووسرابوو سڵاو کاک ئەنوەر ئەم سروودەمان هەیە هیوادارم ئەگەر بتوانی و بەبێ ئەوەی زۆرت لێ بکەین بتوانی ئاوازمان بۆ دابێنێیت (بەداخەوە ئەو کاغەزە زروفێک هاتەپێشەوە سوتاندم) منیش کاغەزەکەم کردووە بیرم کردووە ئەگەر ئەم شۆڕشە پێویستی بە توانایەکی من هەبێت و نەیکەم گوناهم دەگات پێویستیان بە منە ئەمە شۆڕشێکە هی میللەتێکە ووتم بەسەر چاو هیچ کێشەم نییە شیعرەکەم خوێندەوە ووتم ئەگەر مەجاڵ هەبوو دەستکارییەکی بکەم ئاساییە ووتی زۆر ئاساییە ووتم هی کێیە شیعرەکە ؟ پێی نەووتم و ووتی هی هەر کەسێکە پێویست ناکات بزانێت سەرەتا بیرم کردەوە لەوانەیە شیعری مام جەلال بێت بۆیە وادەڵێت شێرکۆ بێکەسم هەر بەخەیاڵدا نەهات کە هی ئەو بێت.
هەتا شیعرێکی تریشی دامێ هی کۆمەڵەی ڕەنجدەران بوو ئەویشم وەرگرت ووتم لە ئێستاوە تا هەفتەیەکی تر بۆت جێبەجێدەکەم و ئەو رۆژە دانیشتین زۆر قسەمان کرد و زۆر باسی شتمان کرد و دواجار هاتمە دەرەوە بەبێ دەنگ و سەیری ئەملا و ئەولام کرد و لە ڕێگا تا گەیشتمە ماڵەوە بە ساتێکی کەم ئەساسیاتەکان هاتنە مێشکم دوای ئەوە بەماوەیەک لەحنەکەم بۆدروست کرد ووتم باشە بەکێ بڵێم بۆم تۆمار بکات و هاوکارم بێت ووتم بەخوا ئەوانەی لە دەوروبەرمن زەحمەتە بیرم کردەوە ووتم بە عودێک تۆماری دەکەم نۆتەکەیان بۆدەنووسمەوە بە تەواوی بۆ ئۆرکێسترا ئەگەر خۆیان توانییان بیکەن نەیان توانی ئیتر کەیفی خۆیانە تەسەورم نەدەکرد ئیشەکە سەرکەوتوو بێت. بەڵام وەکو خودی خۆم هەوڵێکی باشم بۆ دا کە وا چ سروودێک بکەم وەکو لەحن بگونجێ لەگەڵ ئەو ووشەنە کەوا ڕۆحی شۆڕشگێری و سەقافەت سەردەمی تیابێت . لەو کاتەدا بیرم دەکردەوە جێگەیەکی کۆرسم دەوێت کە تیادا ئەم سروودە بێڵێمەوە تارای کچم مناڵدا بوو فێرم کرد لە چ شوێنێکدا وشەکان بڵێ و دەستکاری هەندێ وشەیشم کرد و رێک وپێک دەر هات کەبڕوام نەدەکرد بەوشێوەییە بێت وبەجوانترین شێوە تۆمارم کرد،خستمە سەر کاسێیتێک و نوسخەیەکەم لای خۆم هێشتەوە نۆتەکەیشم نووسییەوە بۆ ئۆرکێسترا وتم بۆ ئەوەی دواتر بیبەن لە ئەورووپا تۆماری بکەن چەند ڕۆژێ دوای ئەوەبرای کاک شەهاب شەهید کاک کەریم عوسمان هات بۆ ماڵەوە لەلایەن شەهابی برایەوە بۆوەرگرتنی سروودەکە و بردی لە گەڵ خوی .دوای ماوەیەک نێوانی حکومەت و یەکێتی تێک چوو تەبعەن من هەردوو سروودەکەم تۆمار کردئەوەی بۆ کۆمەڵەی ڕەنجدەرانم کرد و ئەوەی مەشخەڵانیش جوابیان بۆناردم ووتیان ئیشێکی زۆر باشت کرد ئەوانە کە ڕۆڵیان بینی لێرە لەو پەیوەندییەدا شەهاب عوسمان و دڵشاد مەریوانی و کەریمی برای شەهاب بوون ماوەیەک تێپەری بەسەر ئەوەدا سەیرم کرد لەئێستگەکەوە گوێم لە دەنگی خۆمە زۆرم لا سەیر بوو جوابم نارد ووتم ئەوە بۆ نوسخەی پرۆڤەیە چۆن بڵاویدەکەنەوە.؟! ووتیان تۆ نازانی پێشمەرگە چەندە بە تاسەوەن بۆی. ووتم من قوڕ دەکرێ بەسەرما لێرە؛ ووتیان بەخوا تازە بڵاومان کردۆتەوەو. بەینێکی پێچوو نامەیەکم لە ھەڤاڵ مام جەلالەوە بۆ ھات دەڵێ: خەمت نەبێ ھەر کاتێ دەزانی ناڕەحەتت دەکەن ئاگادارمان کەرەوە ئێمە خەمت دەخوین؛ ئیتر خۆم دایە دەست خوا. دەستنووسەکانیش کە بۆم ھاتبوون من ههموویم لوول کردبوو و لەناو قاچی سیستەمەکەماندا شاردبوومنەوە، لەگەڵ نامەکانی مام جەلال و فەرەیدون عبدالقادر و قادری حاجی علی، ماوەیەکی زۆری بەسەردا ڕۆیشت؛ ڕۆژێک تەلەفۆنێکیان بۆ کردم ووتیان لەڕێکخراوی حیزبی بەعسەوە بانگت دەکەن. وتم خوایە ئیشیان بەمن چییە؟! ڕۆیشتم لەوێ ئێسک قورسێکی لێبوو.وتم: یا اللە خێر ئیشیان پێم نەبێ. ووتی: کۆمەڵێک ھونەرمەند ههن لێرە لەتێکدەرەکانن، ھاوکاری پێشمەرگەن و سروودیان بۆ دەکەن، نازانین هی کێیە، لەدڵی خۆمدا تاسێ گرتمی و گوتم تۆ بڵێی ئیستیدراجم نەکەن بۆخۆم، ووتم: ھونەرمەندی شار ئاگایان لە دونیا نیە، تازە فێری مۆسیقا دەبن، ئەھمییەتی ھەموویانم کەم کردەوە. وتم ھێندە شارەزای بواری مۆسیقا نین؛ وەک من بزانم تا سروود بکەن بۆ ئەوانە ئەمە بۆ ئەوەی گومان نەکەن. وتی: نانا ھەیە و دەزانین کە شتی وا ھەیە، ووتم: نازانم مەگەر گوێ ھەڵخەم ئەگەر شتی وا ھەبوو پێتان دەڵێم بەسەرچاو، من لەسەرخۆو زاڵم لەو جەوانەدا.

لە مامۆستا ئەنوەر قەرەداغیان پرسیوە، کە لە ئەزموونی کارکردنتدا، تۆ کەسێکی ئایینداریت و بەر نوێژیت بۆ کێ کردووە؟ وەک دەڵێ هەر لە بەر تۆ نوێژی لە دواتەوە کردبێ؟ ئەویش لە وەڵامدا ئەڵێت: لەناو گرووپی مۆسیقادا ئێمە گەنج بووین، تەنانەت مەسیحیمان تیابوو مەشروبی نەدەخواردەوە لەبەر دڵی ئێمە، ئەوەندە بە ئەدەب بوو، بەڵام ئێمە کاریگەری ئەخلاقیمان زۆر لەسەری بوو. تیپی مۆسیقای شۆڕشمان هەبوو کە دروستمان کرد زۆربەی زۆری تیپی مۆسیقای سلێمانی بوون؛ لەوێ یەکێکمان کردبوو بەمامۆستای خۆمان بەرنوێژی بۆ دەکردین، ئاییندارمان زۆر تیا بوو الحمداللە، بەو بیرکردنەوە جوانەوە دەهاتینە ناو دونیای هونەرەوە کە هونەر یا مۆسیقا یەکێکە لەو جوانییانەی کە خوا بەخشیوێتی بەمرۆڤ، بەڵام چۆن مومارەسەی دەکەیت، من لەو برادەرانەی خۆم کە زۆر بەیەکەوە بووین، لەو ڕووەوە خالید سەرکار بوو کە وا هەمیشە دەچووین بو نوێژی جومعە. هەر لەناو برادەرانیشماندا بەرنوێژیمان کردووە من یان کەسێکی تر. ئەنوەر قەرەداغی ئەڵێت من بانگهێشتی هەندێکم کردووە بۆ سەر دینەکەی خۆم و لەناو دونیای هونەردا بە زۆر کەسم ووتووە کە نوێژ بکەن و بانگهێشتم کردوون بۆ سەر دینی ئیسلام و وتوومە بۆ نوێژ ناکەیت؟ چی تێدەچێت پێنج خولەکە، یان دە خولەکە. بەڵام ئەوەی کە جێی سەرنج بوو ڕۆژێک بە هونەرمەند بەدیعە دارتاشم ووت: دادە بدیعە تۆ تا بڵێیت ئافرەتێکی ڕێک و پێک و بەڕێزیت، بەس یەک عەبیت هەیە، وتی چییە کاک ئەنوەر؟ وتم خۆزگە نوێژت دەکرد. وەڵامی نەدامەوە، سەیر دەکەم پاش ماوەیەک دادە (ست) بدیعە بوو بە ست بەدیعەیەکی تر، ماشەڵا خوایە هەزار شکور بۆتۆ هێندێ لەو خێرەم بەرکەوت.
ئەنوەر قەرەداغی ئەڵێت: سروودی مرحبا مرحبا لەدوای ڕاپەڕینەوە بوو کە دەرفەتێک دروست بوو، مەراسیمێک هەبوو جاران دەکرا لە مەزگەوتەکاندا (بەخوا زۆر خۆش بوو اللە لەو خۆشیە) کەشەوانی ڕەمەزان دەهات نوور و پاکی یەک ڕووی دەکردە ئەو خەڵکە، هەستت دەکرد ئاسوودەیت، خۆشی یەک لە دڵتایە نەت دەزانی چییە، جەوێک دروست دەبوو هێندێ ئێوارە پێش نوێژی مەغریب زیکر دەکرا، زیکری اللە اللە و لا الە الا اللە و اللە اکبر و (مامۆستا ئەنوەر لە قوڵایی دڵیەوە ئاهێک هەڵدەکێشت بۆ ئەو سەردەمە) ئەو کاتانە مرۆڤ دەچووە کەش و هەوایەک و بۆنێکی خۆش بەگیانتدا دەهات و مێشکت ئیسراحەتی دەکرد ئەو مەزگەوتە گرمەی دەهات لە دەنگی زیکری خوا و پێغەمبەر اللە خوایە کە چەن ئەو شەوانە خۆش و جوان بوو بەداخەوە ئێستە وا نییە و هیچ تامی نەماوە. ئەنوەر قەرەداغی ئاهێک هەڵدەکێشت و ئەڵێت ئێستە گەنجێک بێ و بڵێ مۆسیقا حەرامە و وەکو بیەوێ بانگت بکات بۆ دینەکەی خۆی وا حیساب دەکات کە من و ئەوانی کە مۆسیقا ژەنن کافرین وەکوو چۆن ئەوانەی کە ڕێشیان هێشتووتەوە بتەوێ و نەتەوێ من و ئەوکەسانەیان بەلاوە کافرە مەلای کوردیان بەلاوە کافرە لەبەر ئەوەی کوردە؛ بەس دەچێ شیخی سعودییەت بۆدهێنێت دەیکا بە موفتی بەسەرتەوە و ئیستە مەلا عبدوالکەریمی مودەریس و شێخی موحەممەدی خاڵ و مەلای گەورەی کۆیەیان بەلاوە گومڕان مەحوییان بەلاوە کافرە لەبەر ئەوەی شیعرێکی ووتوە تەێەوفاتە. ومن هەمیشە ووتوومە بە ڕێش نییە بە ئیشە باشە ئەمە لەچ سوورەت و فەرموودەیەکدا هاتووە کە حەرامە بەو جۆرەی ئەوان باسی لێوە دەکەن. مامۆستا ئەنوەر ئەڵێت: راستییهكهی ئەوەنیە من لەمنداڵیەوە حەزم کردبێ ببم به هونەرمەند، بەڵام حەزم لە گۆرانیوتنو چالاکی بوو، بەڵام کە چوومە قوتابخانەی خانەی مامۆستایان لەوێ دەرسی مۆسیقا هەبوو، هەر مامۆستا ولیەم لەوێ بوو دەرسی دەوتەوە، ئیتر وەک دەرسەکان ئەڕۆیشتم لەوێ سەرەتایەکی تیداهەبوو وه چومە پێشەوەو دەستم کرد بەئالەتی مۆسیقاو مامۆستا ولیەم هات بەدەممەوە، کەخوم لەگەڵدا گرتو ئولفەتم لەگەڵدا کرد، لەگەڵ یەکدا ئاوێزانبووینو لەوێش ئەو خولیایە هاتە مێشکمەوە کە خوو بدەمە مۆسیقاو هەوڵی فێربوونی بدەم.و ئەڵێت : خانەوادەی ئێمە خانەوادەیەکی ڕۆشنبیر بوون، لەگەڵ سەردەمدا دەژیان وەزیفەی هەمووشتێکیان دەزانی، چۆنەو چۆن نییە، هەمووجارێك ئەو قسەیە لهناوماندا ئەوترا کە هەمووشتێ خودا وەک نیعمەت داویەتی بەمرۆڤ، بەڵام دهبێت بەلای خراپهدا نەیبەیت، ئەوە نەسیحەتێکی گەورە بوو بەنیسبەت منەوە، بۆیە خێزانەکەم لەو بوارانەدا، هەمیشە لە دایکمەوە بیگرە هەتاوهکو براگەورەکەم کە لەجیاتی باوکم بوو، ئێمەی بەخێوکردووە هەمیشە پاڵپشتیان دەکردین، براکانیشم کە دەیانبینی ئەوان هاوکاریم دەکەن ئەوانیش هاوکارم بوونو پێشتگیرم بوونو بەدەممەوەدەهاتن.
تەنانەت دایکم کەڕۆژێک نائاسای بومایەو دەیوت ڕۆڵە بۆچی ئەمڕۆ تەمرینت نەکردووەو دەنگی مۆسیقاکەت نایهت، واته ڕاهاتبوو کە ڕۆژانە من تەمرینم دەکرد ئەگەر ڕۆژێک من تەمریم نەکردایە ئەی وت بۆچی تەمرین ناکەیت. لەهیچ بەرهەمێکم پەشیمان نیمو شانازیش بەهەموویەوە دەکەم، چونکە هەربەرهەمە لەسەردەمی خۆیدا وتراوە، بە ئیمکانیەتو بەتوانای ئەوسەردەمەو بۆئەو بارودۆخەی کەتێدا ژیاوین، واته هەندێک بەرهەم هەیە ئیستا تۆماری بکەم ئەوجوانییەو ئەوتامو خۆشبەخشیە ناگەیەنێت وەک جاران، جاران وەک نامەیەک هەڵمان گرتبوو مەبەستمان بو نەوعیەتەکەی چۆن بێ، ئەمە چۆن بچێتە ناو خەڵکەوە، چۆن کاری تێدابکەین، شتەکان هەموو بە کۆمەڵ ئەنجام ئەدرا، لە ناو ستۆدیۆ ئەنجاممان ئەدا، بەڵام ئێستا ئیشەکان پەرتوبڵاویەکی تێکەوتووە ئەویش ئەو ئیحساسە نادات بەدەستەوە.

هەموو کاتێک دەڵێم خوایە عومرم درێژتر بکەیت بۆئەوەی عیبادەت زیاتر بکەم، دەڵێم ئەگەر گوناھم ھەبێت لێم خۆشبێت، نەلەمردن ناترسم چونکە شتێکی حەتمیە، شەو دەخەوم پێموانییە بەیانی ھەستمەوە. لە ژیانمدا دڵم بەوە خۆشە کە خوا ئاگادارە کە دەستنوێژ دەگرم دەچم بەرەو نوێژ ئەو ساتە خۆشترین ساتی ژیانمە. ھەر وەھا دڵخۆشم بەوەی دووکەس بەدەم یەکەوە پێدەکەنن. ئەگەر پێناسەی ئەم کەسانە بکەم ئەڵێم؛
عەلی مەردان: بەمانا ھونەرمەندێکی بەتواناو هی سەردەمی خۆی بوو، تا ئێستاش ھونەرەکەی بەردەوامە لەگەڵ ھەموو کەم و کوڕیەکی.
سروودی مەشخەڵان: یەکێک لەئیشە جوانەکانم بوو
ھێمن موکریانی: شاعیرێکی تابڵێی بەرزبوو، بەفکریش و بە شیعریش.
مەحوی: ئیشەکانی ئەو ساڕێژی دڵ و دەروونی من دەکات.
مەولەوی: گەورەیە، زۆر گەورەیە وابزانم ھەقی خۆی نەدراوەتێ.
مام جەلال: یەکێکە لە ھەرەسیاسییە دیارەکانی ئەم سەردەمە.
عەباسی کەمەندی: بەرههمی کەمە، بەڵام ھونەرمەندێکی فرەڕەنگ بوو.
عیشق: بەھرەیەکە خوا داویهتی بەدڵ و دەرونی مرۆڤ.
سهرچاوه: ڕۆژنامهی ڕۆژان ژمارهی 556 چوارشهووه 15ی سهرماوهز
آدرس کوتاه خبر: