ئەگەر سنە دەستپێکی ئەکادیمککردنی پرساژۆی زمان و "بوون"ــە، ئیلام قۆناغی گواستنەوەی پرسیارە لە دامەزراوەوە بۆ پرسیاری بوون و مەعریفە.
بە هاوکاتبوونی ئەو بارە مەعریفییەی کە ئیلام وەک مێژوو و ئارکائیزمی کوردی هەڵی گرتووە و دامەزرانی شاخەی زمان و ئەدەبیاتی کوردی لە زانکۆ، ئیلام ئیتر تەنیا ناوچەیەکی جۆغرافیایی و پەرتەوازە نییە، بەڵکوو تۆپۆلۆژیایەکی مێژووییە کە تێیدا شوێن، زمان، یادەوەری، شوناس و بوون و نەستی گشتیی کورد، بە شێوەیەکی تر لێک گرێ دەدرێن.
بە دامەزرانی شاخەی زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆی ئیلام، ئەوەی ئیلام وەک خۆی دەنوێنێتەوە، تەنیا شار وەک شوێنی نیشتەجێ بوونی حەشیمەت نییە، بەڵکوو ئەو پەیوەندییە مێژوویی و مەعریفییەیە کە لەنێوان سووژە و شوێن دروست بووە. لەو ڕوانگەیەوە، جۆغرافیا تەنیا شوێنی بوون نییە بەڵکوو شێوازێکی بوون و خۆئاگاییە. ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە نەک شوناسی کوردی کە هیچ شوناسێک، لە دەرەوەی زمان و شوێن دروست نابێ بەڵکوو لەو کەلێنەدا سەرهەڵدەدا کە دەنێوان بوونی تاک، مێژوو و جۆغڕافیا و مێژوودا هەیە.
بەو مانایە، زمانی کوردی، نەتەنیا ئامرازی پەیوەندی، کە ئیجابییەت و پاساوی "بوون"ـە. بەو پێیە، خوێندنی ئاکادمیکیی زمانی کوردی لە ئیلام، هاوکات خوێندنەوەی بوونناسانەی کوردستانیشە. لە کانتێکستی مێژووی کوردستاندا، زانکۆی کوردستان، پێشتر ئەو ڕێڕەوە ئانتۆلۆژیکییەی زمانی کوردی هێنا نێو بواری ئاکادیمیکەوە بەڵام، بوونی شاخەیەک لە زانکۆ بە پێویست و هەمیشە، بە واتای بەرهەمهێنانی مەعریفە نییە. ئەگەرچی ماتەوزەی زمانی کوردی دەتوانێ دەنێو دامەزراوەی ئاکادمیکدا بوونی فەرمی هەبێ، بەڵام هێشتا لە ئاستی کۆمەڵایەتی و خوێندەوارییەوە بە ڕادەی پێویست نەبووەتە پرساژۆی خۆئاگایی و بەرهەمهێنان.
سەرەڕای هەموو ئیدعا و مانۆرگەلێک کە دە کۆمەڵگای کوردیدا لەسەر زمانی کوردی دەکرێ، ئەو نامێهرەبانی و پاشگوێ خستنە، تەنیا کەمبوونی خوێندکار نییە بەڵکوو نیشانەی کەلێنێکی قووڵترە لە نێوان بوونی زمان و ناسینی زمان دە شکڵێکی ئاکادمیکدا، لەنێوان شوناس و تیۆریزەکردنی شوناس بە شێوازێکی بوونناسانە، لەنێوان ئەزموونی کوردستان و بەرهەمهێنانی مەعریفەی کوردستان وەک زەروورەتێک بۆ کورد.
گرینگایەتی ئیلام نە وەک جێگرەوە یا تەواوکەری زانکۆی کوردستان، بەڵکوو وەک درێژەدان بە فەزای ئەکادیمیی زمانی کوردی دەو دۆخە ئاوارتەدا لێرە دەردەکەوێ.
ئەگەر سنە دەستپێکی ئەکادیمککردنی پرساژۆی زمان و "بوون"ــە، ئیلام قۆناغی گواستنەوەی پرسیارە لە دامەزراوەوە بۆ پرسیاری بوون و مەعریفە.
ئەگەرچی پرسی سەرەکی، نە تەنیا خوێندن و ئاکادمیککردنی زمانی کوردی، کە بە کانتێکستکردنی زمان و شوناسە بەڵام، ئەوەی لێرەدا گرینگایەتی خۆی دەردەخا، زەروورەتی بەرهەمهێنانی "مەعریفەی کوردستان"ە دە بەستێنێکی ئاکادمیکدا کە تا ئێستا خسراوەتە سەر شانی زانکۆی سنە و ئیلام. لەو سووچەوە، سنە و ئیلام، تەنیا شوێنی خوێندن نین، شوێنی گۆڕانی ئەزموون بۆ پرسیار و پرسیار بۆ مەعریفەی کوردستانن. دەو واتایەدا، پەیوەندیی ئیلام و کوردستان لە ئاستی جۆغڕافیاوە دەچێتە ئاستی ئەپیستمە و مەعریفە، ئەوەش بە واتای گۆڕینی وێژمانی کوردستانە لە بەرناسەوە بۆ پرسیار. لەو ڕوانگەیەوە، کوردستان لە ئەبژێکتی زانست یا شوێنی شیاوی کەشف و دۆزینەوەوە دەبێتە قۆناغی سووژەوانی و سابجێکتیویتە.
ئەگەر جۆغڕافیا، تەنیا شوێنی "بوون" بێ، تۆپۆلۆژی، شێوەی پەیوەندیی "بوون"ە و مەعریفەی کوردستان، ئەو خاڵەیە کە ئەو پەیوەندییە دەخاتە بازنەی خۆئاگایی کورد وەک پێداویستییەکی مەعریفی و زەروورەتێکی ئانتۆلۆژیک. بەو پێیە، وێژمانی کوردستان لە شوناس و یادەوەری و نۆستالۆژی و سانتی مانتالیزمەوە، ڕاگوێزی قۆناغی تیۆر و هزر و ئەندێشە دەکرێ. لەو سووچەوە، گرینگایەتی ئیلام تەنیا دەوەدا نییە کە بەشێکی گرینگ لە مێژوو و کوردستانە بەڵکوو، ئەوەیە کە دەتوانێ کەلێنی نێوان "شوێنی بوون" و "بەستێنی هزر" پڕ کاتەوە. زانکۆ، کاتێ زمانی کوردی دەکاتە بابەتی زانست، زمان لە ناسنامەوە دەگوێزرێتەوە بۆ سووژەبوون. دەو مانایەدا، کوردستان تەنیا ئەبژێکتی ناسین نییە، سووژەی مەعریفیی خۆیەتی.
ئیلام دەو مانایەدا، ریتۆریکی سیاسیکردنی مەعریفەی کوردی و سنە، ماکی مەعریفیکردنی زمان و شوناس. شوێنـ/ـکاتگەلێک کە زمان لە ئامرازی ئاخافتنەوە دەگۆێزنەوە بۆ قۆناغی بوون و خۆنواندنەوەی مەعریفیی کوردستان بە شێوازێکی ئاکادمیک ئەگەر دەو ڕێڕەوە مەعریفییەدا، پاڵپشتیی ورمێ و لوڕستان و کرماشانیش، وەک تەواوکەری ئەو ڕەوتە ئاراستە بکرێن.
آدرس کوتاه خبر: