سه شنبه، 3 تیر 1404
روژان پرس » اخبار » نۆستالۆژیای دەنگێک

شیلان گەیلانی

نۆستالۆژیای دەنگێک

0
کد خبر: 2631

نۆستالۆژیای دەنگێک

کتێبی شارەکەم سنە دەبێ باری ئابووری بۆ بڕەخسێ و پولینبەندی بکرێ و سەدان بیرمەند و کۆوریا بیکە‌نە ئەلقەیەکی تەلەڤیزیۆنی یان دەیان کورتە فیلم، هەتا ئەو سەر بووردەیە ببێتە پاڵنەرێ بۆ وەچە و بەرەی نوێمان بەشکەم بیر لە ڕچەڵەک و بنچینەی خۆیان بکەن و خاڵە جوانەکانی نوژەن بکەنەوە.
نازانم لە کوێوە دەستی پێ بکەم. چامە و بە یازی شارەکەم سنە بە قەڵەمی مامۆستای کۆچکردوو مەحیەدین ھەقشناس هێندە بە پێز و بە تام و چێژە، دەیانجار بیخوێنیتەوە لێی تێر نابی.
هەر بابەتێکی ئەدەبی توێکڵ و کاکڵەی خۆی هەیە کە دەبێ لاپەڕە بە لاپەڕە بیپشکنی. مامۆستا مەحیە نازناو و ناوی خوازیاری بۆ خۆی دانەناوە. ڕاستەوخۆ باسکی لێ هەڵماڵیوە و بێ پەراوێز چووەتە سەر کاکڵەی بیرۆکەکانی. بابەتەکەی یەکە و سەر و بێ خاڵی بەر پەنا و بە ڕاشکاوی چووەتە سەر نێواخنی دەقەکانی و خۆی وتەنی، بە سیداقەتەوە باسی کەلەپووری شاری سنەی کردووە وەک قەفی زنجیر گشت نەریت و یاسا و ریساکانی ئەم شارە جوانەی وێنا کردووە. شیعرەکان هەستی کۆن و نۆستالۆجیمان دەبزوێنێ و خاشەی خەیاڵمان دەباتە لای دایە و باپیرانمان، لای خەم و خۆشی وداب و نەریت و حورمەتە جوانەکانیان.
مێژوونووسان هەمیشە باسی سەرکەوتن و ئازایەتی شەڕ و شۆڕی حاکم و پاشایانیان کردووە یان بە باڵایانا هەڵیان داوە. بەڵام مامۆستا مەحیە بەوپەڕی ئەمەگناسییەوە باسی مێژوو و جوگرافیا و زانایانی شاری سنەی کردووە. کۆڵان بە کۆڵان و باخ بە باخ و مزگەوت بە مزگەوت و چایخانە بە چایخانە گەڕاوە. چووه‌تە سەر کارێز و کانییەکانی سنە، پاشان سەردانی دوکتۆر و هونەرمەند و دۆم و دوڕاجی و تەونگەر و پیشەساز و گۆرانیبێژ و ڕۆشنبیرانی کردووە. ئازایەتی و پیاوەتی جاری جارانی بە زمانێکی ساکار و سادە  بە خۆشاوی فولکلۆرەوە شێلاوە. لە پەرتووکی شارەکەم سنەدا بۆمان دەردەکەوێ کە ئەدەبیاتی زارەکی و وێژەی سەرزاران هەر لەمێژە خزمەتی بە ئەدەبی نەتەوەکەمان کردووە. مامۆستا پێمان دەڵێ: بۆ زیندوو کردنەوەی سوننەت و نەریتەکانمان، ڕێچکە ببەستین و هەوڵی بۆ بدەین.
 هەموو ساڵێ ئەنستیتۆ و زانیارستانی جیهانی پێمان دەڵێن زمان و کەلەپوورەکەمان بپارێزین، کە بەداخەوە هەر لە قاڵب و چوارچێوەی دروشمێکدا زیاتر گەشەی نەکردووە. بۆیە زاراوەی سنەییش لە فەوتاندایە.
کتێبی شارەکەم سنە دەبێ باری ئابووری بۆ بڕەخسێ و پولین بەندی بکرێ و سەدان بیرمەند و کۆوریا بیکە نە ئەلقەیەکی تەلەڤیزیۆنی یان دەیان کورتە فیلم، هەتا ئەو سەر بووردەیە ببێتە پاڵنەرێ بۆ وەچە و بەرەی نوێمان بەشکەم بیر لە ڕچەڵەک و بنچینەی خۆیان بکەن و خاڵە جوانەکانی نوژەن بکەنەوە.
مامۆستا لە بەیازەکەیدا وشەی فارسی زۆر بە کار هێناوە و بڕگەبەندی هەندێک لە شێعرەکان لارەسەنگە، بەڵام بابەتەکانی هێندە شیرین و بەتامن کە کەمتر هەست بەو لاوازییە دەکرێ. جوانیەکەی ئەم دەقە لەوەدایە کە مامۆستای کۆچکردوو لەم باسنامەیەدا خۆی لە قەرەی سیاسەت و سیاسەتبازان نەداوە و قسە نەستەقەکانی ڕێک لەسەر هونەر و حورمەتی گەورە بە بچووک و داب و نەریت  و زانایان و ناودارەکانی شاری سنەیە. لەم هەگبەیەدا مامۆستا ئەگەر باسی تەوەق فرۆش و گەشت و سەیران و سارا و جوولەکەکان و سەدان شتی تری نەکردایە زۆرینەی ئەو داب و دەستوورە و شتە باوانەی ئەو سامان لە بیر دەکرد و بەشێک لە کەلەپوورەکەمان دەفەوتا. کاک مەحیەدین لە لاپەڕەی 204ی ناودارەکان دا ئاماژەی بە ژنێکی کوێر کردووە.
باجی گوڵاوەتوون لە ناو ژنگەلا
 گۆرانی ئەوت دایرەی لێ ئەدا.
با وجوو چاوی نەو تا ئەو ڕۆژە مرد
 لە گۆرانییەکا تاریف چاوی ئەکرد.
هەر خوەم بە سەرگەرد ئەو جفتە چاوە
 ئەیژی نەرگسە و بێخی لە ئاوە.
مامۆستا لە باڵی سێیەم و چوارەمی ئەم شیعرەدا بڕگەی زیادی نووسیوە دیارە ژنی کورد سەرەڕای بەزم وڕەزمە دزێوەکەی شووبەزۆر و پیاو سالاری بە چڕینی گۆرانی دەنگی سەربەستی و یەکسانی ھەڵبڕیوە، جا بۆیە کاک مەحیە لە باسی ژنانی قاڵیکەر و هەوریشمچنا ناوی ژنە هونەرمەند و ئازاکانی لە بیر نەکردووە کە نەک هەر لە هونەری تەون و قاڵی کردندا بێ وێنە بووگن لە هونەری هەڵپەڕکێ و چۆپی کێشانیشدا مەنشوور بوونە و ناویان دیار بووە. وەک سانیە خانم و ئەوانی تر کەبێجگە لە هونەری دەستکرد و هەڵپەڕکێ و چێشت لێنان و منداڵ بەخێو کردن و خۆشەو یستی و ئەو هەموو کار و ماندوو بوونە،بیریشیان لە شیعر و ئەدەبیات کردووەتەوە. بۆیە لە سایەی تێکۆشان و ماندووبوونی ئەو نەمرانەو دەستی کاک مەحیەدینیشەوە بووینە خاون ئەدەبی زارەکی. مامۆستای کۆچکردوو وەک تاق تاق کردە (مرغ حق) هەقی خۆی بەجێ هێناوە و بەشێکی زۆر لە ئەدەبی زارەکیمانی نووسیوە.
لاپەڕەی 119:
ئەی باجی ئیساف دڵسۆزم کوانێ
 مناڵگەل بڕۆن بۆ گڵەخانێ
لە بان یەخەچاڵ خاک هەڵرژێنن
بە کوگا دایکەن نەیپژێنن
بیکاتە هەڕگ بیشێلێ بە پا
 جا با نەترەکێ مووی بزنی تێکا
باجی ئیساف بەر لە خاتووزینی سەقزی سواڵەتکەر (سوفاڵگر) بووە. ئەوسا هەموو چەشنە قاپ و کەوچکێ نەبووە بۆیە دەیان لە نموونەیە باجێ ئیساف بە سەبووری و هەستی ناسکی ژنانەوە لەپیان لە قوڕ داوە و دەفر و دۆڵەی گلێنەیان ساز کردووە.
لە باسی سانیە خانمی تەونگەردا مامۆستای تەڕفام دەڵێ:
سانیە ڕۆحی شاد بوو قالیگەلی
 ماسی دەرهەم و گوڵ میرزا عەلی
 وشەی شوڕەبی- تورنج- کڵاوفەرەنگ- گوڵوەکیلی و گوڵجرسەی قەشەنگ ئەمانە، پلان و نەخش و نیگاری تایبەت بەو ھونەرمەندە قاڵیکەرانەیە کە بە ئەڤین و خەیاڵ و دەستڕەنگینییەوە جوانییان بە ماڵان پێشکەش کردووە. لێرەدا شارەزایی ژنێکی نەخوێندەوار دەبینین کە بە تەون کردن هونەری شاری سنەی بە دنیا نیشان داوە کە ئێستا بووەتە قوتابخانەیەک بۆ هونەری فەرش لە شارەکەماندا.
لە بەشی ناو دارەکانا باسی کابرایەک دەکا کە لە لەیلاخەوە هاتووە بۆ سنە و بە شەلە شەل ماڵەو ماڵی کردووە و گۆرانی بۆ ژنان گوتووە.  
ئایای ئایای گیان برای کاکەم
پاکەت هەڵوڕنە بیخە بان پاکەم.
لە لەیلاخەوە بە سنە هاتوو
پایکی دار هەلووک پایکی هەلووک بوو.
وشەی، لوول، هەڵوڕنە، دار هەلووک، هەلووک و سەدان وشەی ڕەسەنی سنەیی کە داخەکەم ئێستا لە بیر کراوە. دەشێ بچنە خانەی زانیارستانەوە و تەنانەت ئەم بەیازە بکرێتە زمانی فارسی، هەتا فارسەکان بزانن کورد خاوەن چ کولتوورێکی بەرز و پڕ لە سەروەری بووە. بەو دواییانە دەنگوێک ھەبوو،گوایە باسی خوێندن و نووسین بە زمانی زگماگی کرابوو، لەوانەیش کوردی. ھەندێ ڕووناکبیر دنیایان لێ ئاخر ببوو، گوایە ھەروا بڕوات زمانی کوردی زمانی فارسی دەفەوتێنێت، خۆیشیان گوتەنی زمانی کوردی بنزارێکی زمانی فارسییە، مەگەر وا دڵی خۆیان بدەنەوە.
لە لاپەڕەی 185 شارەکەم سنەدا دەڵێ:
ڕۆژگەل شەممە خێڵ مووساییەکان
بازاڕیان ئەبەست ئەڕۆین بۆ سەیران
و چەند بەیتی تریشی بە زمانی جوولەکانەوە نووسیوە. باسی مووسایی و عیسایی و تێکڵاویان لەگەڵ ئێمەی کورددا دەکات. دیارە کورد هێما و پێوەری، هەر ئاشتی و ئارامیە و لەمێژە مانای سکولاریسمی زانیوە و بە کردەوەیش سەلماندوویەتی، و هەرکەس لە بەر دینەکەی دەریانپەڕاندبێ، لە ناو کورددا گیرساوەتەوە وسەقامگیر بووە و دین و ئایینەکەی خۆی بەڕێوە بردووە وبە تەباییەوە لای کورد ژیاوە.
لاپەڕەی 217 باسی دۆمەکان دەکا:
 چەند تیرە دۆم بوون تیرەیکیان لووتی، تیرەیەک کڵاش چن وەلێ پاپەتی.
 کارگەل دەسیجیان دایرە و نانیشان
 کڵاش هەوانە مەشکە و تۆراغان
 یەکێ لەوانە کەریمە دۆم بوو
بوێژی ئەکرد ماڵەو ماڵ ئەچوو
جا کەریم وەختێ رەفێقێک دۆمی
سەخت ناخوەش کەفتوو خراوی لێ قومی
وتی: هەی ڕۆ دۆم خاسم ڕۆ
دۆم پاپەتی و بێکراسم ڕۆ.
 لە ناو دۆمگەلا دۆمە باشم ڕۆ
 دۆمە کڵاشکەر بێ کڵاشم ڕۆ.
 من چەندین جار ئەم شیعرەم خوێندەوە، پڕ بە دڵ گریام بۆ دۆمەکان، چونکە کورد هەر لەمێژە بە هەژاری و نەداری ئابلۆقە دراوە، وا دیارە کولوڵی و بێدەنگی بە چارەنووسیەوە ڕسکاوە و بەم چەشنە ژیانە پێمل بووە. دۆمەکان کاتی خۆی زەحمەتی زۆریان کێشاوە. ماڵەوماڵ دەگەڕان هەتا جلە کۆن و نیمداشتێکیان دەس کەوتایە، لە باتی پەڕوە کۆنێک بنێشت و نوقلە کوردی (گەنمە شامی) و شتی خواردنیان دەدا بە خەڵک. ئێستا لە سایەی فڕۆکە و کەشتیەکانەوە جلی تاناکورای وڵاتان، هەژارانی کوردی پوشتە کردووەتەوە.
لاپەڕەی 71
با یادێکیچ کەم لە دەور ماڵ خوەمان
لە بان یەخەچاڵ ژوور قەتارچیان
من منداڵ بووم وەبیرم دێتەوە ئەو وەختە یەخچاڵ(ساردکەرەوە) نەبوو زستانان بەفریان دەخستە بەفرەچاڵەکان بۆ ھاوینان. کوڕانی ھەرزەکاریش لەو وەرزەدا بەفریان دەکردە ناو دەفرێکی گەورە و کەمێ شەکر و گوڵاویان تێکەڵ دەکرد و دەنگیان ھەڵدەبڕی: یەخ دەر بەھەشتمان ھەس پیاڵەی قەرانێ. یان توویان دەکردە سەر تەوەقێک( مجمعە) و ھاواریان دەکرد:
چایگە و شیرینە تووەکە
کەنیشک بیخوا زوو شوو ئەکا.
بەم جۆرە بزەیان دەخستە سەر لێوی کڕیارانەوە.
چامە و ھەڵبەستی شارەکەم سنە ھێندە زمانەکەی سادە و بە پێز و شیرینە، پێت خۆشە دەیان جار بیخوێنیتەوە. کاک ھەقناس گشت کون و قوژبنەکانی سنەی بە سروشت و خەڵکەکەیەوە پشکنیوە. دەمانباتە ناو باخ و باخاتی سنە، دەمانھێنێتەوە لای در و دراوسێکانی ئەو سەردەمە و بیری کاسەھاوساییمان دەخاتەوە. دەیانگوت: کاسەھاوسای ماڵان دڵ تێر ئەکا سک تێر ناکا وەک خۆیشی دەفەرموێ:
ھاوسای ئەو وەختە لە ھاوسا ئەچوون
  لە شایی و شیوەن یەکا شەریک بوون
وایکردگە پێمان ئیسە ڕۆزگار
چەن ساڵ دوو ھاوسای دیوار بەدیوار
خەوەرمان نییە لە یەک تا ئەمرین
ھاوسایک وەختێ مرد حورمەتی ئەگرین
ئەم شیعرەی مامۆستا شیعرێکی قەدیمی وەبیر ھێنامەوەکە دایک و باوکەکان ھەمیشە بۆ منداڵ و ھەرزەکاران دووپاتیان دەکردەوە ھەتا ببێتە شاوشەی زەینیان و پشتاو پشت بەڕێوەی ببەن .
ئەوەڵ ئەپرسن ھاوساوزەنی   
دووم ئەپرسن دایک و فەرزەنی
ئەو کاتە دراوسێ ڕێزێکی تایبەتی بوو، گەورەی ماڵ دەیگوت دایک و منداڵ ڕۆژێک لە یەک دوور دەکەونەوە و جیا لە یەک دەژین  بەڵام ئەگەر دەرد و ڕەنجێکت بێ دراوسێکەت ڵێت نزیکە و خێرا فریات دەکەوێ. ئێستا زۆرینەی خەڵک ناوی دراوسێکانیان نازانن.
مامۆستا ھەقناس ڕۆحی بە جەننەت شاد بێت، کاتی خۆی پیاوەتی پیاوان و مەزنایەتی ژنانی زۆر دیوە. بە بڕوای من زۆربوونی جەماوەر بووەتە ھۆکاری دانەمەزراندنی لاوەکانمان، سەرباری ئەمانە بەرپرسانی نەخوێندەوار و نابەرپرس و کاڵفام، مرۆڤایەتیان تێک دا و  خەسارێکی گەورەیان بە وڵات گەیاند.
قەدیم ئەو گشتە کوڵۆڵی و بێ ئەنواییە هەبووە، بەڵام خەڵکی سنە  بە پێچەوانەی ئێستا یەکتریان خۆش ویستووە و یارمەتیدەر و خەمخۆری یەکتر بووگن.
فەرهەنگی ڕۆژئاوایش تەشەنەی کردووەتە ناومان، لەم بگارەدا عاوقەی نوێخوازی و پاشکەوتەخوازین و لەو دوڕییانەدا قەتیس ماوین و خۆشەویستی ڕاستەقینەیش لێمان گوم بووە.
مامۆستا مەحیە نەک هەر باوکێکی خەمخۆرە بۆ شاری سنە، دایە ڕەحمەیەکی دڵاوایە و تەنگە تاو،  پاپوڕەوانێکی بە دڵەڕاوکێ‌یە کە لە پاش خۆی ئەم شارە چی لێدێت.
ئەو بەڕێزە بە گەورەیی و دەست ڕەنگینییەوە ماڵاوایی لێ کردین و بە سۆز و خۆشەویستییەوە ئامانەتی شاری سنەی پێماندا بەو ھیوایە لاوەکانمان ئامۆژگارییەکانی لە بیر نەکەن و بیکەنە ھەوێن و دەسپێکێ بۆ ژیانیان. دروود و سڵاو لە ڕۆحی پاک و نەمری باوکی شارەکەم سنە، خوای گەورە سەبووری بە ئەدیبان و کوردانی دنیا و  بنە ماڵە بەڕێزەکەی مامۆستا ھەقناس بدات. مامۆستا بە وشەی نەستەق و سمفۆنیای دەنگە ڕەسەنەکەیەوە دەڵێ:
 سنە شارەکەم ئەوە من ئەڕۆم
ھەر چەند دڵەودوای بێ حورمەتی تۆم
خوەرەتاوەکەی لچ پاسارم
تا لا ئەکەیتەو نییە ئاسارم
بە ئومێد ڕۆژێک جوانگەل ژیرت
بۆ گەشەپێدان بکەفنە بیرت
بۆ ڕێگەی زانین چرا ھەڵگر بن
ئێمە خڵافیاین ئێوە مەخڵافنا
مامۆستا ھەقناس، باوکی شارەکەم(سنە)، تۆ سنەت بووژاندەوە سروشتی سنەیش بە ئەمەگناسییەوە ساباتێکت بۆ دەڕازێنێتەوە و بای بسکانیش دێتە ھاناتەوە، گوڵەشەوی گۆڕستانیش سەرت بۆ دائەنوێنێ، ئەستێرۆکەکان وریشە وریش سەر مەزارەکەت ڕووناک دەکەنەوە، گوڵەکانی ئاویەر دەبنە مەکۆی خۆشەویستیت و مێخەکبەندێک بە کێلەکەت دا ھەڵدەواسن. ژنانی شارەکەت بە شیعرەکانی خۆت دەتلاوێننەوەو زایڵەیان ئاویەر دەھەژێنێ. بنوە باوکی شارەکەم، لاوەکانی سنە ئاویەر دەپارێزن و ناھێڵن قەڵاچۆ بێت و داوڕ بکرێ، بە ساڵاچوانیش بە تەسبێحی لائیلاھەئیلەڵڵا دۆعای بە خێرت بۆ دەکەن. تیڕۆژی سەر لە بەیانی بە مەقامی ھیجرانی و شمشاڵەکەی قالەمەڕەوە سترانت بۆ دەبێژێ. باوکی شارەکەم، ئارخەیان بە تەحر و سیمای سنە کە بە کۆچی تۆ بە ھەژاڵی خەم ڕسکاوە، وردەوردە تەمتۆمانی دەسڕین و بەرەو پێشکەوتن ھەنگاو ھەڵدەگرین. بنوە باوکی شارەکەم بنوە.
فەرھەنگۆک
تەوەق فرۆش= ئەوسا زوو دەسگێڕەکان وردەواڵەکانیان دەخستە سەر مجمعەیەکی ڕۆحی یان داری کە پێیان دەگوت تەوەق
باوجوو= ئەگەرچی
گڵەخان= گڵەجان
ھەڵوڕنە= ھەڵبڕە
دارھەلووک= ئەوسا زوو مناڵان ھەلووکێنیان دەکرد بە دوو دار دارێ درێژەکە ناوی ھەلووک، دارە کورتەکەیش ناوی دار ھەلووک بوو.    
لۆتی= شایەر گۆرانیچڕ
نانیشان= سەبەتە - ‌ئاوکێش
تۆراغان= کیسەیەکی بچووکە پێستی خۆشەکراوی مەڕ وەک مەشکە، ماستی تێدەکەن و دەیخەنە ناو دۆڵەیەکی گڵێنەوە، پێدەڵێن ماست تۆراغ
بوێژی = حەقایەتخوان
ئاوقە = تووش
خڵافیاین = ھەڵخڵەتاین – لە کیسمان چوو
ڕەشەمەی ١٤٠٣

نظر شما

  • نظرات ارسال شده شما، پس از بررسی و تأیید در وب سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.
نام شما : *
ایمیل شما :*
نظر شما :*
کد امنیتی : *
عکس خوانده نمی‌شود
برای کد جدید روی آن کلیک کنید